كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان

کۆمەڵی ئیسلامی پارتێکی ئیسلامیە کە لە هەناوی ناکۆکیە قوڵەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیەوە لە دایکبووە، لە رووی مەنهەجەوە ئەهلی سونە و جەماعەن،وەک خۆیان دەڵێن سیاسیەتیان ئەوەیە کە برایەتی و هاوکاریان لەگەڵ سەرجەم گروپە ئیسلامیەکان هەبێت.
PM:03:23:21/06/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - حیزب و رێکخراوەکان
بەمەبەستی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیایەكی ئەلیكترۆنی، چاوی كورد هەرجارەو زانیاری لەسەر حیزب و لایەنێك لەم پەنجەرەوەیە بڵاو دەكاتەوە..

وشیار جەمال
نوسەر و توێژەر


کۆمەڵی ئیسلامی پارتێکی ئیسلامیە کە لە هەناوی ناکۆکیە قوڵەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیەوە لە دایکبووە، لە رووی مەنهەجەوە ئەهلی سونە و جەماعەن،وەک خۆیان دەڵێن سیاسیەتیان ئەوەیە کە برایەتی و هاوکاریان لەگەڵ سەرجەم گروپە ئیسلامیەکان هەبێت.

 دامەزراندن

لە ٣١/ ٥/٢٠٠١ لە بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی و لەدەرئەنجامی لەت لەتبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووە لە ژێرناوی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەسەر پەرشتی مامۆستا عەلی باپیر ڕاگەیەندرا.

لە شەوی ٢٢/ ٣ /٢٠٠٣ بارەگاکانی مووشەکباران کرا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، کە لە ئەنجامدا (٤٣) پێشمەرگەی کۆمەڵ شەهیدبوون(٥٥) پێشمەرگە برینداربوون.

هەروەها لە ١٠/ ٧/ ٢٠٠٣ مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و چەند سەرکردەیەکی تری کۆمەڵ و پاسەوانەکانی لەلایەن ئەمریکاوە لە نزیک گوندی قەمچوخە دەستگیرکرا، پاش (٢٢) مانگ زیندانی ئازادکرا.

مێژووی کۆنگرەکانی کۆمەڵی ئیسلامی

تا ئێستا ٣ کۆنگرەی بەستووە.

کۆنگرەی یەکەم ١١/١٢/٢٠٠٥ بەڕێوەچوو.
کۆنگرەی دووەم لە ١٥/١٦/١٧/٧/٢٠١٠ بەڕێوەچوو.
کۆنگرەی سێیەم لە   ٣٠/٣١/٥ و ١/٦/ ٢٠١٥بەڕێوەچوو.

لەسەرجەم  کۆنگرەکاندا عەلی باپیر بە ئەمیر هەڵبژێردراوە، کە ناوی تەواوی (عەلی باپیر وەتمان)ە لە عەشیرەتی (میراودەلی)یەو لە هاوینی ساڵی (1961)ی زایینی لە گوندی (كەنجاڕە)ی سەر بە ناحیەی (سەنگەسەر)ی سەر بە قەزای (پشدەر) لەدایك بووە و تائێستا کەسی یەکەمی حیزبەکەیەتی بێ ڕکابەر.

مێژووی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکان

یەکەم بەشداری دوای دامەزراندنی لەساڵی ٢٠٠٥ بوو، کەتوانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (٦)کورسی ، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (٢) کورسی بەدەستبهێنێت.

لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ دا کە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەیەک لیست و لەژێرناوی لیستی چاکسازیدا بەشداریانکردبوو، (١٣) کورسیان بەدەستهێنا کە (٤) کورسی پەرلەمانی کوردستان بەر کۆمەڵی ئیسلامی کەوت.

لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣دا لە پەرلەمانی کوردستان توانی (٦)کورسی و لە پەرلەمانی عێراقدا (٣)کورسی بە دەستبهێنێت.

لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا لە پەرلەمانی کوردستان کۆمەڵی ئیسلامی (٧) کورسی پەرلەمانی کوردستان و (٢)کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.

بەشداری لە کابینە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمدا

لەکابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن بوو.

بەڵام لەکابینەی هەشتەمدا بەشداری کرد، وەزیری کشتوکاڵ، وەزیری حکومەت بۆکاروباری ژینگە، سەرۆکی دەزگای مین بەشداربوو.

لە کابینەی نۆیەمدا کۆمەڵی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژارد. 

(تێبینی: وێڕای ئەوەی لەئاستی ئەنجومەنی وەزیرانی كابینەی 9 بەشداری نەكرد، بەڵام لە لیڤڵەكانی خوارەوەی حكومەتدا بەشدارە و چەندین بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناحیە و قائیمقام و ڕاوێژكاری هەیە. بۆردی ئەكادیمی)


ئه‌م بابه‌ته 222 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر