لێکۆلینەوەیەک لە ناحیەی بازیان

ناحیەی بازیان دەکەوێتە باکوری خۆرهەڵاتی "عێراق!"ەوە، هەروەها ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باشوری خۆرئاوای پارێزگای سلێمانی، هەرچوارلای بە چیا دەورە دراوە، بەشی ڕۆژهەڵاتی بە زنجیرە چیای تاسڵوجە و بەشی خۆرئاوای بە زنجیرە چیای هەنجیرە دەورە دراوە، لە باکورەوە چیای توکمە، دەکەوێتە سەر ڕێگای شارەکانی (سلێمانی- کەرکوک) واتا کەوتۆتە نێوان دوو مەڵبەندی نیشتەجێبوونی دانیشتوانەوە.
PM:04:02:16/06/2020
دۆسیە: نیشتمانسازی
دۆسیەی نیشتمانسازی چاوی كورد، هەرجارە و سەبارەت بە ناوچەو شارێكی كوردستان توێژینەوەیەكی كورت بڵاو دەكاتەوە. بەهیوای ئەوەی لەم ڕێگەیەوە یتوانین خزمەتێك بە ناساندنی ناوچەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان بكەین. چاوەڕوانین توێژەرانی ناوچەكانی دیكەی كوردستانیش، دەستپێشخەری بكەن و توێژینەوە لەسەر ناوچەكانیان بۆ چاوی كورد بنێرن.

هۆشیار جەمال
نوسەر و توێژەر

هەڵكەوتەی ناحیەی بازیان

ناحیەی بازیان دەکەوێتە باکوری خۆرهەڵاتی "عێراق!"ەوە، هەروەها ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باشوری خۆرئاوای پارێزگای سلێمانی، هەرچوارلای بە چیا دەورە دراوە، بەشی ڕۆژهەڵاتی بە زنجیرە چیای تاسڵوجە و بەشی خۆرئاوای بە زنجیرە چیای هەنجیرە دەورە دراوە، لە باکورەوە چیای توکمە، دەکەوێتە سەر ڕێگای شارەکانی (سلێمانی- کەرکوک) واتا کەوتۆتە نێوان دوو مەڵبەندی نیشتەجێبوونی دانیشتوانەوە.

ئەگەر زیاتر وردی بکەینەوە ئەم ناوچەیە پێی دەوترێت حەوزی بازیان، چونکە بە زنجیرە شاخێک دەورە دراوە، شاخی بەرانان کە لە بەرانانەوە دەست پێدەکات لە شاخی تۆکمە کۆتایی دێت، لێرەشەوە بۆ دەربەند بازیان بەرەوە خۆرئاوا  درێژ دەبێتەوە، پێی دەوترێت زنجیرە شاخی کوونە گورگ و خەربەنەلوو، لە دەربەندی بازیانەوە کە ناسراوە بە بەردە قارەمان تاسەر بەندەری باسەرە کە پێکەوە ناسراون بە زنجیرە شاخی هەنجیرە و دەربەندی بازیان لەوێشەوە بە زنجیرە شاخی قەڵای پەخش و ڕێحانە، زنجیرە شاخێکە کە دەشتی بازیان دەکات بە دووبەشەوە ، دەشتی هەیاس، دەشتی کۆیک.

شوێنی ئەرستۆنۆمی

ناحیەی بازیان دەکەوێتە نێوان هەردوو بازنەی پانی (٣٥،٢٨- ٣٥،٤٣)ی باکوری و دەکەوێتە نێوان هەردوو هێڵی درێژی (٤٤،٥٨-٤٥،١٩)ی خۆرهەڵات، ئەم شوێنە گەردونیەی سنوری ناحیەکە کاریگەری هەیە لەسەر دەرکەوتنی هەرچوار وەرزەی ساڵ ، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ڕووەکی سروشتی و خاک و دەرامەتە سروشتیەکان بەشێوەیەکی گشتی و پاشانیش چالاکیە ئابووریەکان و مرۆیەکانی ناوچەکە.


پێگەی کارگێری 

ئەم ناحیەیە سەر بەپارێزگای سلێمانیە و بە چەند یەکەیەکی کارگێری دەورە دراوە، سنوری هاوبەشیان لەگەڵیدا هەیە بەم شێوەیە: لە ڕۆژهەڵاتەوە ناحیەی بە کرەجۆ، لە ڕۆژئاواوە ناحیەی تەکیە و قەزای چەمچەماڵ لە باکوری ڕۆژهەڵاتەوە ناحیەی پیرەمەگرون لە باشوری ڕۆژهەڵاتەوە قەزای قەرەداغ، لە باکوری ڕۆژئاواوە ناحیەی ئاغجەلەر و لە باشوری خۆرئاواوە ناحیەی سەنگاو، لە ئێستادا ناحیەکە لە (53) گوندی بوونی هەیە کە (٤٠) گوندیان ئاوەدانە (١٣) گوندیش چۆڵە ناحیەکە لە(٥) شارۆچکە پێکهاتووە، کە ئەمانەن (گۆپاڵە، بەردەقارەمان، ئەڵایی، تەیناڵ، بازیان) کە لە ڕێگای سێ دەربەندەوە بەناوچەکانی ترەوە دەبەسترێنەوە کەوانیش (دەربەندی  تاسڵوجە لە خۆرهەڵات ، بازیان لە خۆرئاوا و باسەرە لەباشوری خۆرهەڵات) کە ئەمەی کۆتایی بازیان بە ناوچەی گەرمیان دەبەستێتەوە.
 
ڕووبەر

ڕووبەری ئەم ناحیەی بازیان پێکهاتووە لە (١٤٧١٤٧) دۆنم کە دەکاتە (٣٦٨)کم، هەروەها بەرزیەکەی بە تێکڕا (٥٥٠)م لە ئاستی رووی دەریاوە.

پێکهاتە جیۆلۆجیەکانی خاکی ناوچەکە

١/ پێکهاتەی کولۆش
٢/ پێکهاتەی سنجار
٣/ پێکهاتەی چەرکەس
٤/پێکهاتەی پیلاسپی
٥/پێکهاتەی فەتحە
٦/ پێکهاتەی ئیجانە
٧/ نیشتەنیە نوێیەکان

دوان لە پێکهاتانەی خاکی ناوچەکە زۆرگرنگن کە بریتین لە پێکهاتەی سنجار/ کە ئەم پێکهاتەیە بەسەرچاوەی گرنگی  بەردی چەو دادەنرێت، بەشە سەرەکیەکەی ئەم پێکهاتەیە  لەدەروبەری شاری سلێمانی دەردەکەوێت، کە ئەم پێکهاتەیە لە ئەستوریەکەی لە بازیان (٤٠٠ -١٠٠٠ )م٣، کە ئەم پێکهاتەیە لە دورگەی مەرجانی و قەوزییەکاندا نیشتووە پاشماوەی بە بەرد بووی زۆر لە ناویدا دەبینرێت و بەردەکەی لە ڕووی ئابوریەوە سودی هەیە بۆ چەندین کارگەی چیمەنتۆ کە لەناوچەکە دروستکراوە،هەروەها خاکی نیشتەنیە نوێیەکان کە ئەم پێکهاتانە ناوچەیەکی بەرفراوانی کشتوکاڵی دەگرێتەوە لە باکوری ناوچەکە.

تایبەتمەندیەکانی ئاو  و هەوای ناحیەی بازیان

ئاو هەوای ناوچەکە تاڕادەیەک هاوشێوەی پارێزگای سلێمانیە، لەگەڵ ئەوەی تابەرەو باکور بڕۆین پلەی گەرما نزم دەبێتەوە، پلەی گەرما لەمانگەکانی هاویندا لەناوچەکە بەرزدەبێتەوە، مانگەکانی بەگەرمترین مانگ دادەنێین هەردوو وەرزی بەهار و پایز بە ڕاگوزەر نادەبرین کە پلەی گەرما تاڕادەیەک هاوسەنگە، مانگەکانی زستانیش نزمترین پلەی گەرمی تۆمار دەکرێت. هەروها شێ و دابارین لە مانگی ئەیلولەوە دەست پیدەکات تا سەرەتای مایس، خێرای باش بە بڕی جیاواز  و بە پیی جیاوازی وەرزەکان لە ناوچەکە بوونی هەیە.

سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە

١/ ئاوی سەرزەوی

لەسنوری ناحیەی بازیان سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی پێکدێت لە چەندین چەم کە ئەوانیش بریتین لە (چەمی لازیان، چەمی گۆپاڵە، چەمی دەرگەزێن و بابە علی و هەمەوەند، چەمی تەیناڵ، چەمی هەیاس، چەمی خاڵدان، چەمی هۆرمزیار، چەمی هەرکین).

٢/ ئاوی ژێر زەوی

١/کانی: شوێنێکە ئاوی ژێر زەوی لێ دێتە دەرەوە بە پێی سیستەمی ئاوی ژێر زەوی گەنجینەی ئازاد کە لە شوێنێکدا توێکڵی زەوەی  دەبڕێت و دێتە سەرزەوی، بەشێوەیەکی گشتی کانیاوەکان لە کەناری جۆگە و دەریاچەکان و لە نزمایی ناوچە تۆبۆگرافیە جیاوازەکان دێنە دەرەوە. لە سنوری ناحیەی بازیان (١٧٣) کانی تێدایە کە نزیکەی (٧٥)یان وشکی کردوە (٨٣)کانی کەمی کردوە و تەنها (١٥) کانی ئاوی باشی هەیە

٢/کارێزەکان: ئەمیش دانیشتوان هەر لە کۆنەوە بەکاریان هێناوە بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی کە بریتیە لە لێدانی کۆمەڵێک بیر بە قوڵای جیاواز  و بەستنی بنکەی بیرەکان بەیەکەوە لە سنوری بازیان  نزیکەی (١٤)کارێزبوونی هەیە لەم ژمارەیە (٦) کارێزیان وشکی کردوە (٧)کارێزیان کەمی کردوە  تەنها (١) کارێزیان ئاوەکەی باشە، کەم ئەم ڕێژانە ساڵانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت بە هۆی جیاوازی لە بڕیی دابارین لە ناوچەکە.

بیرەکانی ناوچەکە

١/ بیرە کەم قوڵەکان: ئەم بیرانە قوڵی دەگاتە (٣٥ )مەتر کە لە ناوچەی بازیاندا زیاتر لە (٧٠)ی لەم شێوەیە بوونی هەیە، کە (٤١)یان وشکی کردوە (٢٩)یان ماوەتەوە کە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی باران و لێدانی بیری ئیرتیوازی.

٢/بیرە قولەکان: ئەم بیرانە قوڵی لە (٣٥) مەتر زیاترە، کە لە ناوچەی بازیاندا زیاتر لە (٩١)ی لەم شێوەیە بوونی هەیە، کە (٢٨)یان وشکی کردوە (٦٣)یان ماوەتەوە ، ئاوی باشی هەیە.

دەشتی بازیان

ئەم دەشتە کەوتۆتە کەوتۆتە نزمایی بازیانەوە، کە لەوڕگا و کێڵگەی بەپیتی تێدایە،هەرچەندە لەبەشی خۆرئاواوە ڕێرەوە ئاوە سەرەکیەکان زەلکاوی دروستبووە،بەڵام بەشە بەرزیەکەی خاکی بەپیتی هەیە، درێژی دەشتی بازیان نزیکە(١٥)کم و پانیەکەی (١٠)کم، ئاوی بازیان و سەرچاوەکانی تر ئاودێری دەکەن.


دارستانەکانی ناوچەکە

بازیان نزیکەی (٢٣٨٣٩) دۆنم کە دەکاتە (١١%)ی رووبەری دارستانی قەزای سلێمانی، بەڵام ئەم ڕێژەیە کەمی کردوە بۆ (١٨٦٦٣) لەساڵی (٢٠١٠)دا کە ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەگرێتەوە بۆ ساڵانی دوای راپەڕینە مەزنەکەی گەلەمان کە بەهۆی دۆخی خراپی ئابوری خەڵک دارستانەکانی دەبڕیەوە بەمەبەستی خۆپارێزی لە سەرما یاخود بۆ فرۆشتن، کە دارستانەکانیش پێیان دەگوترێت (دارستانە کراوەکان، دارستانە مامناوەندە کەم چڕەکان، دارستانە چرەکان.

رووەکی سروشتی ناوچەکە

پشتێنەی گژوگیای کورت ( لەوڕگا) گژوگیای ئەم ناوچەیە بە ئەستێپسی شێدار دادەنرێت، کە پشت دەبەستێت بە ڕادەی باران بارین ساڵانە لە نێوان (٤٠٠-١٠٠٠)ملم دایە، وە ئەم ناوچەیە زیاتر لەوەڕگای  سروشتی بەکاردەهێنێت بۆ ئاژەڵ بەخێوکردن، تێکڕای ڕووبەری گژوگیای گەرمەسیر لەناوچەکەدا بریتیە لە (٦٢٦٩٨) دۆنم، کە لە کاتەکانی پایزدا دەڕوێت و لەکاتەکانی هاویندا  لەکاتی نەمانی  باران وشک دەکات.

کشتوکاڵ لە بازیان

بەگۆی ئەوەی ناوچەی بازیان زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ کرد و  بەرهەم هێنانی دانەوێڵە ساڵانە بەبەردەوامی جوتیارانی سنورەکە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدەن کە بڕبڕەی پشتی ئاسایشی خۆراکە ، لەرووی بوونی (بەیت) خانووی پلاسیکیەوە کشتوکاڵی بەگوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٤ – ٢٠١٥ (٢٣٩٢)خانووی پلاسیکی بوونی هەبووە لە ناحیەی بازیان کە ئەم ڕێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ (٨٥٠٠)خانووی پلاسیکی بۆ ساڵی ٢٠١٨ و زیاتر لە (١٠٠٠٠) خانووی پلاسیکی بەرزبۆتەوە لە ئێستادا.

هەروەها ڕووبەری چینراو بۆ بەروبوومی دانەوێلە لە ساڵی ٢٠١٤ بریتیبووە لە (٣٣٤١٠)دۆنم کە جۆری دانەوێڵەکە بریتی بوو لە گەنم و جۆ ، تور و شێلم، نۆک نیسک، پاقلە،سڵ و سەوزەی زستانە.

پەلەوەر و ئاژەڵداری لە بازیان

ناحیەی بازیان بەهۆی بوونی لەوەڕگای زۆر و کێڵگەی بەپیتەوە دانیشتوانی گوندەکانی بەردەوامن لەسەر  ئاژەڵداری لەناوچەکە، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لەساڵی ٢٠١٤ دا (٢٧) کێڵگەی پەلەوەر و (٤١) هۆڵ بوونی هەبووە، هەروەها هەر لە هەمان ساڵدا (٤٥٨٥٣)سەرمەڕ (٧٨١٤) سەربزن (٧٤٠٠) مانگا بوونی هەبووە، ئەمە جگە لە بوونی (١٠١) هەنگەوان و کۆلی کۆن (٤٨٤)بوونی هەیە.

دانیشتوانی بازیان

بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی  ١٩٥٧ دانیشتوانەکەی بریتیبووە لە (٥٤٧٩) کەس لەساڵی ١٩٦٥ دانیشتوانەکەی گەشەی کردوە بۆ (٨٤٤٧) لەساڵی ١٩٧٧ دانیشتوانی ناحیەکە بووە بە (١٠٦٠٦)کەس، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە بووە بە (١١٥٤٦) کە مەش نیشانەی کەمی گەشەکردنی دانیشتوانە بەراورد بەسەرژمێری دە ساڵی پێشوو تر کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سیاسی وەک جەنگی عێراق- ئێران، هەروەها سیاسەتی ڕەگەز پەرستی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن دژی گەلی کورد کەوای کردبوو چەندین کەس بێ سەروشوێن بن.

بەڵام بە گوێرەی ئەو خەمڵاندانەی کە لەساڵی ٢٠٠٩ کراوە ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە بووە (٣٦٧٢٣) کەس، بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی کردویەتی بۆ ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی بازیان(هەر پێنج شارۆچکەکەی) دەکاتە (٤٩٩١٥)کەس هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتوانی دەکاتە (٥٠٨٣٣) کەس.

پیشەسازی بازیان

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە ناوچەی بازیان بەتەواوەی سیمای گۆڕاوە و بووە بە ناوچەیەکی پیشەسازی کە لە ئێستادا ڕێژەی (٣٠%)پیشەسازی عێراق لەم ناوچەیە کە خۆی لەدامەزراندنی چەندین کارگە دەبینێتەوە کە بەهۆی بوونی کەرەستەی خاوو و ئاوو هەوای گونجاو شوێنی جوگرافی لەبار وپاڵپشتی  حکومەت بۆ سەرمایەدارەکان بۆ ئەوەی ڕوو بکەنە ئەم ناوچەیە و سەرمایە گوزاری بکەن چەندین پرۆژەى پیشەسازی لە ناوچەکەدا بنیات بنێن و، لە ئیستادا  نزیکەی ٢٠٠ پرۆژەی ئابووری جۆراو جۆر لە سنوری بازیاندا هەیە ، کە هەندێکیان پرۆژەی عیملاقی گەورەن و شایەنی ئەوەن تیشکیان بخریتە سەر لەوانەش زیاتر لە (٣٠) کارگەی جۆراو جۆرن وەک :

١/چوار کارگەی چیمەنتۆى گەورە بە ناوەکانی ( ماس – بازیان – وڵوبڵاخ - گاسن  )
٢/پالیۆگەی نەوتی بازیان کە رۆژانە بڕێکی باش لە نەوت لەم پاڵێوگەیەدا دەپاڵێوریت.
٣/دوو کارگەی درووستکردنی گازی شل بە ناوەکانی : کارگەی گازی سروشتی ( ساتیار  و بازیان).
٣/سێ کارگەی دروستکردنی بیبسی و ئاوی کانزایی .
٤/دوو کارگەی گەورەی ئاسن .
٥/کارگەیەکی گەورە بۆ دروستکردنی ( کێبڵی کارەبایی و سۆندەی ئاوو  و بۆری ئاو )
٦/کارگەیەک بۆ دروستکردنی ستیل بەناوی کارگەی ( سوپەر ستیل).
٧/کارگەی دروستکردنی دەرمان.
٨/کارگەی بەرهەمهێنانی قیر .
٩/کارگەی دروستکردنی ئارد.
١٠/کارگەی دروستکردنی کیسی چیمەنتۆ بەناوی کارگەی مۆند کاسۆ.
١١/کارگەی دروستکردنی بەردی مەرمەڕ.
١٢/کارگەی کلکان بۆ دروستکردنی خانووی پلاستیکی 
١٣/دوو کارگەی دروستکردنی سەهۆل.
١٤/شەش کارگەی دروستکردنی بلۆک.
١٥/کارگەیەکی دروستکردنی کەلەبستۆن.
١٦/کارگەی خویی یۆد.
 17/کارگەی سەربرینی  مریشک.

18/کارگەی هەڵکەندنی کانەبەرد لەبەر ئەوەی بەردی بەشێکی زۆرى شاخەکان زۆر گەنجاوون بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ هەر بۆیە چوار کارگەی گەورەی چیمەتۆ دەست بەکارن و لەبەرنامەشدایە کارگەی تری چیمەنتۆ لە سنورەکەدا بکریتەوە.

ئەمانە لەگرنگترینەکانن بەڵام جگە لەمانە ژمارەیەکی زۆرى کارگە و پرۆژەی بچووک لە سنوری بازیاندا خەریکی بەرهەمهێنان بەشێکی کەمی ئەم کارگەو پرۆژانە پرۆژەىی حکومین و بەشی هەرە زۆیان سەربەکەرتی تایبەتن.

کە لەم کارگانەدا زیاتر لە  ٥٠٠٠هەزار کەس وەک کارمەند لە کارگەکانی سنورەکە کاردەکەن کە زیاتر لە ٣٠٠٠ هەزار کەسی دانیشتووی سنووری بازیانە.

مێژووی بازیان

ئومێد خه‌تاب، توێژه‌ری مێژووی و مامۆستا له‌ زانکۆی چه‌رموو وتویەتی سەبارەت بەناوی بازیان بیروبۆچوونی جیاواز هه‌یه‌ بۆ نمونه‌ مامۆستا مه‌سعود محه‌مه‌د نوسەر پێیوایه، کە‌ بازیان له (‌باجیان)ه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ربه‌نده‌که‌ یاخود ناوچه‌که‌ شوێنێک بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی باج له ‌خه‌ڵک، به‌ڵام مامۆستا که‌ریم زه‌ندی و جه‌میل ڕۆژبه‌یانی پێیانوایه‌ بازیان له‌ (باسیان)ه‌وه‌ یان سیانه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ ناوی دوو هۆزی کۆنی کوردن پێش هۆزه‌کانی هه‌مه‌وه‌ند و کافرۆش له‌ناوچه‌که‌دا جێگیربوون پاشان کۆچیان کردووه‌ به‌ره‌و یه‌مه‌ن و دورگه‌ی عه‌ره‌بی".

هەروەها مامۆستا شاکر فه‌تاح مێژوونوس، پێیوایه‌ بازیان له ‌(بێت زیان)ه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌وه‌ش ناوێکی سریانییه‌، وه‌ک چه‌ند ناوێکی دیکه‌ی سریانییمان هه‌یه‌ باعه‌زرا (بێت عه‌زرا)، باتۆڤا (بێت تۆڤا)، هه‌روه‌ها له‌ کتێبی مورشید-یشدا ناوی بازیان له‌ (زیان)ه‌وه‌ هاتووه‌، چونکه‌ به‌شێک له ‌مێژوونووسان پێیانوایه‌ ئێره‌ شوێنێک بووه‌ بۆ کورده‌کان تووشی زیان و دۆڕاندن بوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ربه‌ندی بازیان چه‌ندین ناوی دیکه‌شی پێوتراوه‌ وه‌ک (ده‌ربه‌نده‌ وشکه) ‌و (ده‌ربه‌نده‌ ڕووته)‌، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌ی که‌ زۆر نزیکه‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌ (باز) به‌واتای (هه‌ڵۆ) یان‌ به‌واتای (هێلانه)‌ دێت که‌ واتا ئێره‌ شوێنی یاخود هێلانه‌ی هه‌ڵۆ بووه‌ و کاتی خۆی بوونیان هه‌بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌رده‌می ئیسلام-یشدا مامۆستا تۆفیق وه‌هبی به‌گ پێیوایه‌ ئاماژه‌یه‌کی کۆن که‌ پێی کرابێت له‌ کتێبی (نسهه‌ت لقلوب) ئێره‌ به‌ (ده‌ربه‌ند خه‌لیفه)‌ ناسێرنراوه،‌ ئه‌وه‌ش ناوێکی باتن-ییه‌ و ئاماژه‌یه‌که‌ بۆ ئیماندار".

یەکێک لە شوێنەوارە مێژوویەکانی بازیان دەبەندی بازیانە کە میژوویەکی کۆنی هەیە ده‌بێت بگه‌ڕێیینه‌وه‌ بۆ ئه‌و نوسینه‌ بزمارییانه‌ی که‌ مێژووی پێنوسراوه‌ته‌وه‌، تێیدا باس له‌وه‌ ده‌کرێت له ‌ساڵانی ٨٠٤- ٨٠٥ پێش زایین، ئاشور ناسر پاڵی دوو هێرشی هێناوه‌ بۆ سه‌ر مه‌مله‌که‌تی زاموا و هه‌زار و ٤٦٠ که‌سیان لە خه‌ڵکی ئه‌و مه‌مله‌که‌ته‌ کوشتووه‌، له‌ناوچه‌که‌ ١٠٠ گوند بوونیان هه‌بووه‌.
 
له‌سه‌رده‌می سوڵتان سلێمانی قانوونی دووه‌م، کاتێک هێرشیان هێناوه‌ بۆ سه‌ر به‌غدا و به‌و ده‌ربه‌ندەدا تێپه‌ڕیوون، له‌سه‌رده‌می نادر شای ئه‌فشاری ئێران له‌ ٩ی تشرینی دوومی ساڵی ١٧٣٤دا کاتێک له‌شکرکێشی کردووه‌ بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه،‌ لێره‌ سوپای جه‌مشید پاشا به‌ره‌نگاری بووه‌ته‌وه‌، دیاره‌ سوپای تۆباڵ عوسمان پاشا ١٢ هه‌زار چه‌کداره‌وه‌ هاتووه‌ بۆ ناوچه‌که ‌و ده‌ربه‌نده‌که‌ی به ‌ده‌ربه‌ندی سپی ناوبردووه،‌ وه‌ک دیاریشه‌ چوارده‌وری ده‌ربه‌نده‌که‌ به‌رده‌کانی سپین.

‌مێژووی دروستکردنی شواری ده‌ربه‌ندی بازیان

له‌ساڵی ١٨٠٥ به‌دواوه،‌ عه‌بدولڕه‌حمان پاشای بابان، کاتێک سلێمان پاشای مه‌مالیک له‌ به‌غدا دێته‌ سه‌ر ته‌خت و ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست، عه‌بدولڕه‌حمان پاشای بابان پیرۆزبایی لێناکات، بۆیه‌ ئه‌ویش به‌ سوپاوه‌ هێرش ده‌کاتە ‌سه‌ری، له‌به‌ر ئه‌وە پاشای بابان بڕیاری دروستکردنی ئه‌و دیواره‌ ده‌دات له‌نێو ده‌ربه‌ندی بازیان، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سوپای مه‌مالیک زیاتر له ١٠٠ هه‌زار که‌س ده‌بێت، هێزی بابانییه‌کان ٢٠٠ هه‌زار چه‌کدار ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ سوپای مه‌مالیک تێک ده‌شکێت، به‌ڵام دواجار به‌هۆی چاوساغی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌وه‌، سوپای بابانییه‌کان تێکده‌شکێن و عه‌بدولڕه‌حمان پاشای بابان په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئێران.

شەڕی دەربەند بازیان

له ‌١7ی مایسی ساڵی ١٩١٩ کاتێک ژه‌نه‌راڵ فرایزه‌ری ئینگلیز  په‌لاماری شێخ مه‌حمودیان داوه‌ و شه‌ڕێک له‌نێوانیان ڕووده‌دات، شێخ به ‌دیلی ده‌که‌وێته‌ ده‌ست ئینگلیزه‌کان و شێخ ڕه‌وانه‌ی هیندستان ده‌کرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نابه‌رانبه‌ری هێز و چه‌ک و ژماری سوپا لەلایەک و  ناکۆکی لە نێوانی سەرۆک هۆزەکان بۆنموونە بابەکر ئاغای پشدەری لە ناوچەی پشدەر  و عادیلەخانمی جاف لە هەڵەبجە و تاڵەبانیەکان لە لیوای کەرکوک و تەنانەت کەسایەتی دیاری هۆزی هەمەوەند مشیر حەمەی سڵیمان کە لە نەیارەکانی شێخ مەحموود هەژمار دەکرا هۆکاربووە بۆ بەدەستەوەدانی شێخ مەحموود، ئەمەش واتای هەڵەی ئەوکەسانە نیە بەڵکو هەریەکەیان خاوەنی پێگەی خۆی بووە لە ناو هۆزەکەیدا، بەڵام ناکۆکیان لەگەڵ شێخ مەحموود هەبووە لەسەر دەسەڵاتداری باشوری کوردستان، جیاوازیان هەبووە بۆ سیاسەت و تێروانینیان بۆ مامەڵەکردن  لەگەڵ ئینگلیزەکان.

لە ساڵی ٢٠١٣ دەربەندی بازیان نوێ کرایەوە کە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی ناوچەکە و بە سێ قوناغ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بنیادنرا و دروستکرایەوە وەک شوێنێکی گەشتیاری و شوێنەواری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

 بەناحیە بوونی بازیان

لە رووی مێژووییەوە دەتوانین بڵیین میژوویەکی دێرینی ى هەیە و تەنانەت لەلایەنی کارگێڕیەوە لە ساڵی١٩٢٧ وە بوەتە ناحیە و سەرەتا شارۆچکەی تەیناڵ مەرکەزی ناحیەى سنورەکە بووە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە مێژووی بوون بە ناحیەی بازیان لەوە کۆنترە و دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی بابانەکان و دواتر لە سەردەمی شیخ مەحمودیشدا هەر ناحیە بووە و سەر بە قەزای ناوەندی سلێمانی بووە و پاشان  لەسالی ١٩٢٨ دا بەڕیوەبەرایەتی ناحیە لە گوندی مۆرتکەی نزیک تەیناڵ دانرا و ( محمود فەقێ محمد هەمەوەندی) کراوە بە بەڕێوەبەرى ناحیە و بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی ناحیە لە تەیناڵدا دامەزراوە وبەردەوام بووە دواتر کاتێک کە ڕژێمی بەعس لە نیوان ساڵانی ١٩٨٧- ١٩٨٨دا چەند کۆمەڵگایەکی زۆرەملێی  لە سنورى بازیاندا دروست کرد و دانیشتوانی گوندەکانی لەچەند شوێنێکی جیاوازەوە ڕاگوێزا بۆ ئەو کۆمەڵگایانە، ئیتر گۆڕانکارى بەسەر یەکەی ئیداری ناوچەکەدا هات و لە سالی ١٩٨٨ بە فەرمانی حکومەتی عێراق  شارۆچکەی بازیان کراوە بە مەرکەزی ناحیە بۆ سنورەکە و تائیستاش هەر بەو شێوەیە.

خەڵکی ناحیەی بازیان لە ٦/٣/١٩٩١ وەک دووەم شوێن دوای قەزای رانیە راپەڕینی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەعس و سەددام حوسێنی دیکتاتۆر ئەنجامدا و ناوچەکەیان  بەیارمەتی هێزی پێشمەرگە لە هێزەکانی ڕژێمی بەعس پاک کردنەوە و ناوچەکەیان ئازادکرد.


لیستی سەرچاوەکان

کتێب
١/ د،هاوڕێ یاسین محمەد ئەمین، لێکۆلینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی کوردستان،ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە،چاپی سێیەم، سلێمانی،٢٠١٤.
٢/ حیسم عوسمان/ ئالان بەکر، دیاردەی بە بیابان بوون و ڕووبەڕوو بوونەوەی لەناحیەی بازیان، چاپخانەی سیما/ سلێمانی،چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٢.
٣/ شیروان عومەر ڕەشید،بنەماکانی جوگرافیای سروشتی و گەشەپێدانی گەشتوگوزار لە پارێزگای سلێمانی، سەنتەری لێکۆلینەوەی ستراتیجی کوردستان،ساڵی،٢٠٠٧.
سەرچاوەی حکومی
١/سایتی ڕەسمی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی، http://sulamar.com/ku/publications.php?cat_id=1
2/ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز زانیار تۆفیق ، بەڕێوبەری کشتوکاڵی ناحیەی بازیان.
سەرچاوەی ئیتەرنێت
١/ سایتی ڕۆژنیوز چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستای زانکۆ ئومێد خه‌تاب، توێژه‌ری مێژووی و مامۆستا له‌ زانکۆی چه‌رموو، https://rojnews.news/%DA%A9%D9%84%D8%AA%D9%88%D9%88%D8%B1-%D9%88-%D9%87%D9%88%D9%86%D9%87-%D8%B1/%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%DB%8C-%D8%AF%D9%87-%D8%B1%D8%A8%D9%87-%D9%86%D8%AF%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B2%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D8%A8%DB%95%D9%88%DB%8E%D9%86%DB%95-21262
٢/سایتی مێژووی کورد،شەڕی دەربەندی بازیان لە دیدی میژووە د.کەیوان ئازاد، http://www.historyofkurd.com/2016/11/01/%D8%B4%D9%87%E2%80%8C%DA%95%D9%89-%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D9%86%D8%AF%D9%89-%D8%A8%D8%A7%D8%B2%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%D8%AF%DB%8C%D8%AF%D9%89-%D9%85%DB%8E/
٣/مەریوان ابراهیم، چەند زانیاریەک لەسەر ناحیەی بازیان،سایتی مەودا میدیا، https://mewdamedia.com/articles/3589
٤/ سایتی پیوکەی میدیا، کردنەوەی شورای دەربەند بازیان، https://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=8685



ئه‌م بابه‌ته 527 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر