هەرێمی تامیل_ئیلام

PM:06:46:31/05/2020
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


چۆمان تەقیەدین

ناوی فەرمی: هەرێمی تامیل_ئیلام ، هەرێمێکی نا فەرمییە و سەر بە  کۆماری سۆشیالیستی دیمۆکراتیکی سریلانکایە.

پایتەخت: ترینکۆمالی.

ژمارەی دانیشتوان: 4.000.000 کەس.

ڕووبەر : 21.952 کیلۆ مەتر چوار گۆشە.

دابەشی کارگێری: هەرێمەکە دابەش کراوە بە 3 پارێزگا کە ئەوانیش پێکهاتوون لە 9 شارۆچکە (قەزا) و 95 شاردەێ (ناحیە) و 2.554 دێ.

نەتەوە: تامیل 52.3% ، سنیهالی 28.6% ، مۆۆر 19.1%.

شوێنی جوگرافی هەرێمی تامیل_ئیلام: ئەم هەرێمە ، دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵات و باکوور و باکووری خۆرئاوای وڵاتی سریلانکا ، کە لە باکوور و خۆرهەڵات و خۆرئاواوە بە زەریای هیندی و لە باشوورەوە بە پارێزگاکانی باکووری ناوەند و ئۆڤا و  ساباراگامۆا و خۆرئاوا و شارۆچکە (قەزا) ی کورونیگلای پارێزگای باکووری خۆرئاوا دەورە دراوە.

شارە گرنگەکانی: جاففینا ، کیلینۆچچی ، ماننار ، موللایتیڤو ، ڤاڤونییا ، ئامپارای ،باتتیکالۆا ، پوپالام.

کێشە لەگەڵ وڵاتی سریلانکا
بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام لە ڕێکەوتی (5_5/ئایار_1976) دامەزرا بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ فیلۆپیللای پرابهاکاران کە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی تامیل_ئیلام خەباتی دەکرد و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو بۆ نەتەوەی تامیل لە باکوور و خۆرهەڵات و خۆرئاوای سریلانکا کە سێ ناوچەی تامیل نشین بوون ، و یەکەم کارەیان کۆشتنی ئەلفرید دۆرابیاه پارێزگاری جاففینا بوو لە ساڵی (1976ز) و دواتر لە ساڵی (1977ز)  کوشتنی ئەندام پەرڵەمانی تامیلی لە شاری کاراگوتنام ، لە مانگی ئازاری ساڵی (1981ز) چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام کەوتنە سوتاندنی نووسینگەکانی پارتی دەسەڵاتدار و هەروەها پۆلیس و هێزە ئەمینییەکان کەوتنە لە ناوبردنی نزیکەیی (90) کتێب لە ژێر ناوی (لە ناوبردنی کاغەزی خورما) ، لە ڕێکەوتی (7_23/یولیو_1983) هێزەکانی سوپای سریلانکا کۆمەڵکۆژی نەتەوەی تامیلی دەستی پێکرد کە بە یولیوی ڕەش ناسرا کە تێدا نزیکەیی (3.000) کەسی تامیل کۆمەڵکۆژ کران و لە هەمان ڕێکەوتدا جەنگی ناوخۆیی سریلانکا دەستی پێکرد لە نێوان هێزەکانی سوپای سریلانکا و چەکدارەکانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ، و دواتر چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام نزیکەیی نزیکەیی (13) سەربازی هێزەکانی سوپای سریلانکایان کۆشت لە تۆڵەی کۆمەڵکۆژییەکە.

لە ساڵی (1984ز) چەکدارەکانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بە شێوەیەکی فراوان هێرشییان کردە سەر چەندین کێلگەی کشتوکاڵی کە بووە هۆی کۆژرانی چەندان ئافرەت و منداڵ و پیاو ، لە ساڵی (1985) کۆمەڵکۆژی ئانورادهاپورا لە لایەن چەکدارەکانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ئەنجام درا بووە هۆی کۆژرانی (146) کەسی سینهالی و هەروەها سوپای سریلانکی لە تۆڵەی کۆمەڵکۆژی کۆمۆدینی ئەنجام دا کە تێدا نزیکەیی (23) کەسی تامیلی کۆژران و دواتر زنجیرەێک کاری توند و تیژی لە نێوان هەر دوولا بەرپا کرا ، هەر لەو ساڵەدا کۆمەڵەێک کۆبوونەوەی ئاشتی لە شاری پیمفوی پایتەختی شانشینی بۆتان لە نێوان حکومەتی سریلانکا و بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ئەنجام درا و سەرکەوتوو نەبوو و شەڕ بەرپا بووە و لە ساڵی (1986ز) کۆمەڵکۆژی ئەنجام درا و لە ساڵی (1987ز) هێزەکانی سوپای سریلانکا هێرشیان کردە سەر چەکدارنی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام لە شاری جاففینای باکوور ، دواتر لە مانگەکانی ئازار و یونیوی هەمان ساڵدا ، هێزەکانی سوپای سریلانکا هەڵمەتی ڕزگار کردن یان (ڤاداراماچی) بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی نیمچە دوورگەی جاففینا کە لە ژێر دەستی چەکدارنی بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل دا بوو ئەنجامدا ، و هەروەها چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام یەکەم تەقینەوەی خۆکۆژی ئەنجام دا کە بووە هۆی کۆژرانی نزیکەیی (40) سەربازی سریلانکی و پاشان تەقینەوەکان بەردەوام بوون کە نزیکەیی (378) تەقینەوەی خۆکۆژییان ئەنجام دا.

 
هیندستان دەستێوەردانی کرد لە کاروباری ناوخۆیی سریلانکا و هەروەها سەربازە کۆنەکانی ویلایەتی تامیل نادۆ چوونە پاڵ چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بۆ یارمەتی دانیان بۆ هەستی هاو نەتەوەیی بۆ دەست هێنانی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی تامیل_ئیلام.
 حکومەتی ناوەندی و حکومەتەکانی ویلایەتەکانی هیندستان ، لە مانگی ئاگوستۆسی ساڵی (1983) تا مانگی ئازاری ساڵی (1987) لە ڕێگەی بەشی توێژینەوە و شیکردنەوەی دەزگای هەواڵگیرەکەی یارمەتی سەربازی و پێدانی چەک و ڕاهێنانی پێشکەشی بە شەش کۆمەڵەی چەکدارەی هەرێمی تامیل_ئیلام کردووە ، وەکو (بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ، ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی ئیلام_تامیل ، ڕێکخراوی میللی بۆ ڕزگاریی ئیلام_تامیل ، ڕێکخراوی قوتابیانی شۆڕشی ئیلام ، بەرەی شۆڕشی میللی بۆ ڕزگاریی ئیلام ، سوپای ڕزگاریی ئیلام_تامیل) ، دواتر هێزی ئاشتی پارێزی سوپای هیندستان لە ڕێگەی فرۆکە دەستیان گرت بە سەر بەشێکی باکووری وڵاتی سریلانکادا گرت پاش ئەوەی سوپای سریلانکا لێی کشایەوە . لە ڕێکەوتی (6_5/یونیو_1987) هێزی ئاسمانی هیندستان هێرشیان کردە سەر شاری جاففینا کە لە لایەن سوپای سریلانکا گەمارۆ درا بوو ، هەروەها نزیک بوون لە شکست پێهێنانی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بەڵام سوپای هیندستان نزیکەیی (25) تەن پێدوایستی خوارکی و دەرمان و چەکی دایە چەکدارنی بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل بەوەش توانیان لە جەنگەکە سەرکەوتوو بن.

لە ساڵی (1987) واتا لە ڕێکەوتی (7_29/یولیو_1987) کۆتایی بە قۆناغی یەکەم جەنگی ناوخۆیی سریلانکا کە بە جەنگی یەکەمی ئیلام ناسراوە ، هەروەها پاش ئەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام هێرشیان کردە سەر شاری جاففینا لە باکووری سریلانکا و ئەوەیش بە ڕێکەوتننامەی هیندی_سریلانکی کۆتایی کە لە ڕێکەوتی (7_29/یولیو_1987)  لە شاری کۆلۆمبۆی پایتەختی سریلانکا لە نێوان سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی سریلانکا جونیوس ریچارد جایواردینی (1989_1978ز) و سەرۆکی وەزیرانی ئەوکاتەی هیندستان ڕاجیڤ گاندی (1989_1984ز) ، کە پێی ڕێکەوتننامەکە دەستووری  سریلانکا لە بەرژەوەندی تامیلییەکان گۆڕانکاری تێدا کرا و زمانی تامیلی بووە زمانی فەرمی و دەسەڵات بە پارێزگا تامیل نشینەکان دران واتا ناوچەێکی نا ناوەندی و سوپای هیندستانیش یارمەتییەکانی ڕاگرت بۆ گروپە چەکدارییەکانی هەرێمی تامیل_ئیلام و دواتر هێزی ئاشتی پارێزی سوپای هیندستان لە باکوور و خۆرهەڵات جێگیر کران و بەڵام بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ڕەت کردووە کە چەکەکانیان ڕادەست بکەن ، بۆیە سوپای هیندستان ویستیان لە ڕێگەی سەربازی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ناچار بکەن چەکەکانیان ڕادەست بکەن ، بەوەش کێشە و شەڕ کەوتە نێوان سوپای هیندستان و سوپای نیشتمانی تامیلی سەر بە هیندستان لەگەڵ بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو ، سریلانکا ڕایگەیاند دەبێت سوپای هیندستان لە وڵاتەکیان دەبێت بچنە دەرەوە ، هەروەها هیندستان و بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل بە نهێنی ڕێکەوتن لە سەر وەستاندنی شەڕی نێوانیان ، بەڵام دووبارە شەڕ لە نێوانیان بەرپا بووە ، و لە مانگی ئەپرێڵی ساڵی (1989ز) بە فەرمانی سەرۆک کۆماری سریلانکا راناسینگ پریماداسا (1993_1989ز) سوپای سریلانکا چەندین کامیۆنی سەربازی بە نهێنی ڕادەستی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بۆ بەردەوامی دان بە شەڕیان لەگەڵ سوپای هیندستان و سوپای نیشتمانی تامیلی و هەروەها سەرۆکی وەزیرانی ئەوکاتەی هیندستان ڕاجیڤ گاندی (1989_1984ز) ڕەتی کردووە کە سوپای هیندستان لە سریلانکا بچێتە دەرەوە و دواتر سەرۆکی وەزیرانی ئەوکاتەی هیندستان ڤیشوانپ پراتاپ سینگ (1990_1989ز) ڕازی بوو بە کشانەوەی سوپای هیندستان ، ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (3_24/ ئازار _1990) دوا کەشتی سەربازی هێزی دەریایی هیندستان لە سریلانکا کشایەوە.

پاش وەستانی قۆناغی یەکەمی جەنگی ناوخۆیی سریلانکا ، بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام کەوتە گیانی گروپە چەکدارانی تامیل و توانی بیانخاتە ژێر دەستی خۆی و هەروەها تەکنیکی نوێ تیرۆریستی بەکارهێنا بۆ ترساندنی جوتیارانی سینهالی و موسڵمان لە باکوور و خۆرهەڵات و هەروەها پاش کشانەوەی سوپای هیندستان دەستی گرت بە سەر حکومەتی خۆجێی ئەو ناوچانەدا گرت کە لە ژێر دەسەڵاتی دا بوون ، چەند ئاگربەستی وەستاندنی تەقەی بەست  لە ساڵی (1990ز) و حکومەتی ناوەندی ویستی بە ڕێگەی هێرشی دەست بگرێتەوە بە سەر دوورگەی جاففینا ، بەوەش قۆناغی دووەمی جەنگی ناوخۆیی سریلانکا کە جەنگی دووەمی ئیلام ناسراوە دەستی کردووە لە ڕێکەوتی (6_11/یونیو_1990) کە چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل هەڵستان بە ئەنجام دانی کۆمەڵکۆژیێک لە ناوچەی خۆرهەڵات پاش ئەوەی نزیکەیی (600) پۆلیس خۆیان ڕادەست کرد بەڵام کۆمەڵکۆژ کران ، دواتر فرۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی سریلانکا بنکەکانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام و هەروەها ئەوانیش هێرشیان کردە سەر گوندنشینەکانی سینهالی و موسڵمانان.
لە ڕێکەوتی (5_21/ ئایار _1991) سەرۆکی وەزیرانی ئەوکاتەی هیندستان ڕاجیڤ گاندی (1989_1984ز)  لە تەقینەوەیەکدا کۆژرا لە شارۆچکەی سریپیروبودور لە پارێزگای کانچیورامی سەر بە ویلایەتی تامیل نادوی وڵاتی هیندستان ، کە تەقینەوەکە لە لایەن کەسێکی سەر بە چەکدارەکانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ئەنجام درا بە فەرمانی ژەنەڕاڵ فیلۆپیللای پرابهاکاران سەرکردەی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام و بەوەش بزووتنەوەکە پشتیوانی هیندستانی لە دەستدا و کەوتە دژایەتی کردنیان. 

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (1991ز) موسڵمانانی لە پارێزگای باکوور ناچار کرد کە ناوچەکە بە جێ بهێڵن کە ژمارەیان نزیکەیی (72.000) کەسی موسڵمان بوو . لە مانگی شوباتی ساڵی (1992) سوپای سریلانکا زنجیرەێک هەڵمەتی شکستخواردووی کرد بۆ داگیر کردنەوەی نیمچە دوورگەی جاففینا هەروەها لە مانگی یولیوی ساڵی (1992ز) گەورەترین شەڕ ڕوویدا کە (5) هەزار چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بنکەی ڕاڕووی فیلی سوپای سریلانکایان گەمارۆ دا و کۆنترۆڵیان کرد لە پێناوی زاڵ بوون بە سەر نیمچە دوورگەی جاففینا کە لە شەڕەکەدا نزیکەیی (2.000) سەرباز و چەکدار سەر بە سوپا و بزووتنەوەی کۆژران ، ئەوەش پێش گەیشتنی نزیکەیی (10) هەزار سەربازی سریلانکی بۆ شکاندنی گەمارۆکە ، و لە ڕێکەوتی (8_8/ئاگوستۆس_1992) کۆمەڵێک ژەنەڕاڵ و ئەفسەری پلە باڵای سوپای سریلانکی کۆژران بە لۆغمی زەوی لە لایەن چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ، و چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام لە ڕێگەی خۆکۆژێکەوە لە ڕێکەوتی (5_1/ئایار_1993) توانیان سەرۆک کۆماری سریلانکا راناسینگ پریماداسا (1993_1989ز) بکۆژن ، و دواتر چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام لە شارۆچکەی پاللییاگۆدیللا لە پارێزگای باکووری ناوەند نزیکەیی (166) بۆ (285) کەسی موسڵمانان کۆمەڵکۆژ کرد لە ڕێکەوتی (10_15/ئۆکتۆبەر_1992)  و موسڵمانان بە هۆکاری سوپای سریلانکا لە گوند تامیل نشینەکان کەوتنە کۆمەڵکۆژی لە تۆڵەی ئەوەی بە سەریاندا هات ، پاشان چەندین کۆمەڵکۆژی کرا کە سوپای سریلانکا و چەکدارانی موسڵمانی سەر بە حکومەت و هەروەها چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام و چەکدارانی ڕێکخراوی میللی بۆ ڕزگاریی ئیلام_تامیل ئەنجام دا لە بەرامبەر بە خەڵکی یەکتری ، و پاشان چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل توانیان شکست بە سوپای سریلانکا لە شەڕی بونیرین کە تێدا نزیکەیی (667) سەرباز کۆژرا و بێ سەروشوێن بوون ، هەروەها جەنگ تا سەرەتای ساڵی (1995ز) بەرەدوام بوو.

قۆناغی سێیەمی جەنگی ناوخۆیی سریلانکا کە جەنگی سێیەمی ئیلام ناسراوە دەستی کردووە لە ڕێکەوتی (4_19/ئەپرێڵ_1995) ئەوەش پاش ئەوە دێت کە حکومەتی ناوەندی سیاسەتی شەڕی لە پێناو ئاشتی کۆتایی پێهێنا کە (2) هەزار چەکداری تامیل کۆژران و هەروەها لە مانگی ئاگوستۆسی ساڵی (1995ز) هێزی ئاسمانی سریلانی کلێسای ساینت پیتیری لە شاری ناڤاڵی بوردومان کرد کە بووە کۆژرانی (65) ئاوارە و (150) کەسی تر و لە هەمان ساڵدا کۆمەڵکۆژی لە شاری ناگیرکۆڤیل کرد کە تێدا نزیکەیی (40) کەس کۆمەڵکۆژ کران ، هەروەها چەندین کۆمەڵکۆژی لە نەتەوەی تامیل ئەنجام دا وەکو کۆمەڵکۆژی کوماراپورام ، تامپالاکامام ، پوپوکودییرپو ، چەندین کۆمەڵکۆژی تر  کە ئەوانە لە لایەن سوپای سریلانکاوە ئەنجام درا ، هەروەها لە پاش حەوت هەفتە لە هێرشی سوپای حکومەت بۆ ناوچەی باکوور توانرا دەست بە نیمچە دوورگەی جاففینادا بگرێتەوە ئەوەش ساڵانێک هات کە دەسەڵاتی نەما بوو بە سەریدا ، لە ڕێکەوتی (12_5/کانوونی دووەم_1995) وەزیری بەرگری سریلانکا سەردانی شاری جاففینای کرد ، کە لەو هێرشەی سوپای حکوت کردی نزیکەیی (2.500) کەس لە چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل و نزیکەیی (7) هەزار کەس لە خەڵکی سڤێلی تامیل کۆژران و هەروەها نزیکەیی (350) هەزار کەس بە زەبری هێزی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام ئاوارە بوون.
شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەی باکوور بەردەوام بوو ، چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام چەندین هێرشی خۆکۆکی ئەنجام دا بە بۆمبی دەستی لە شوێنە گشتییەکان و ناوچە نیشتەجێ بووەکان لە باشووری وڵات کە بووە کۆژرانی سەدان کەسی سڤێل ، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی (1996ز) چەکدارێکی تامیلی هێرشێکی خۆکۆژی کردە سەر بانکی ناوەندی لە شاری کۆلۆمبۆی پایتەختی سریلانکا کە بووە کۆژرانی (90) کەس و بریندار بوونی (1.400) کەسی تر.

چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بەڕەنگاری هێرشەکان بوونەوە و چەندین چالاکی سەربازیان دژی سوپای سریلانکا ئەنجام و لە شەڕی مولایتیڤۆ لە ڕێکەوتی (7_18/یولیو_1996) چەکدارانی بزووتنەوە هێزەکانی سوپایان شکست پێهێنا کە بووە هۆی کۆژرانی (1.173) سەربازی سریلانکی ، هەروەها سوپای حکومەت لە کۆتایی مانگی ئاگوستۆسی ساڵی (1996ز)  هێرشی کرد کە بووە هۆی ئاوارە بوونی نزیکەیی (200) هەزار کەسی سڤێلی تامیلی و ڕێکەوتی (9_29/ئەیلول_1996) سوپای سریلانکی هەوڵی دا کە شارۆچکەی کیلینۆچچی بگرێتەوە و سەرکەتوو بوون.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی (1997ز) جەنگ بەردەوام بوو لە تەواوی ناوچەی بانپان و ڕاڕووی فیلی کە بووە هۆی کۆژرانی (223) سەربازی سوپا ، لە ڕێکەوتی (5_13/ئایار_1997) نزیکەیی (20) هەزار سەربازی سوپای سریلانکی هەوڵی دا کە شارۆچکەی ڤانی بگرنەوە کە لە ژێر دەستی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بوو بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (1997ز) چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بوردومانی ناوەندی بازرگانی جیهانی سریلانکی کرد.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی (1998ز) کامیۆنێکی بۆمبڕێژ کراو لە شاندی کاندی لە نزیک پەرستگایەکی بوزی تەقییەوە و بووە کۆژرانی دەیان کەس و هەروەها چەندین هێرشی خۆکۆژییان کرد ، لە ڕێکەوتی (27_12/کانوونی یەکەم_1998) پاش چەندین پێکدادان ، چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام توانیان لە شەڕی کیلینۆچچی شکستیان بە سوپای حکومەت هێنا کە تێدا نزیکەیی (1.206) سەرباز کۆژران و شارۆچکەی کیلینۆچچییان کۆنترۆڵ کرد.

لە مانگی ئایاری ساڵی (1999ز) چالاکی راناگۆسا و سوپای حکومەت شەڕی ڤانی لە باشوور دەست پێ کرد و هەندێ شوێنی گرت و هەوڵی دا کە کۆنترۆڵی ئۆدۆسودان و مادهو بکات و چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام لەو ناوچانە و هەروەها چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام کۆمەڵکۆژییان لە شاری گوناگولا کرد کە تێدا نزیکەیی (50) کەسی سینهالی کۆژران ، چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام چالاکی سەربازی لە ڕێکەوتی  (11_2/تشرینی دووەم_1999) ، و لە تەواوی ناوچەی ڤانی نزیکەیی (17) هێرشی سەرکەوتوویان ئەنجام دا و بوردومانی بنکەی کیمیاوی لە بانپان و بنکەی کۆراکان کادۆکولام ، و ژمارەی کۆژراوان گەیشتە نزیکەیی (516) سەربازی سوپا و بریندار بوونی نزیکەیی (4) هەزار سەرباز و چەکدارانی بزووتنەوە پێشڕەوییان کرد بە ئاڕاستەی ڕاوڕووی فیلی و جاففینا ، و سەرکەوتوو بوون لە داگیرکردنی تەواوی زەوییەکان لە باکووری شارۆچکەی کیلینۆچچی و تێکشاندنی بەشێک لە هێزی دەریایی سریلانکی و هەوڵ دان بۆ کۆشتنی سەرۆک کۆماری سریلانکا چاندریکا کوماراتونگا (2005_1994ز) لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی (1999ز) بەڵام سەرکەوتوو نەبوو ، هەروەها شەڕ و پێکدادانەەکان بەردەوام بوو تا ڕێکەوتی (22_2/شوبات _2002) لە وڵاتی نەرویژ گەیشتنە ڕێکەوتن و بۆ ماوەی (30) ڕۆژ شەڕ ڕاوەستا و دواتر هەر دوولا بە ڕاستەوخۆیی دانوستاندیان کرد و ئەوە بوو لە نێوان ساڵانی (2006_2002ز) ئاشتی لە وڵاتی سریلانکا و هەرێمی تامیل_ئیلام بەرپا بوو و بەشێکی زۆری ئاوارەکان گەڕانەوە بە قۆناغ.

جارێکی تر ناوچەکە گرژی و ئاڵۆزی بە خۆیەوە بینی ، ئەوە بوو قۆناغی چوارەمی جەنگی ناوخۆیی سریلانکا کە جەنگی چوارەمی ئیلام ناسراوە دەستی کردووە لە ڕێکەوتی (7_26/یولیو_2006) ئەوەیش بە هێرشی فرۆکە جەنگەکانی هێزی ئاسمانی سریلانکی دەستی پێکرد بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان ڕێگریان کردووە لە جوتیارانی سینهالی و موسڵمانان لە نزیکەیی (15) هەزار گوند بۆ ئاودانی کێگلەکانیان و هەروەها کۆشتنی ڕۆژنامەنووسێک و جێگیری سەرۆکی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل لە لایەن هێزەکانی سوپاوە و بە دەیان هەزار سەربازی سوپای حکومەت و میلیشیاکان گەیشتنە بۆ ئامادەکاری بۆ هێرش کردن و هەروەها لە ڕێکەوتی  (26_5/ئایار_7200) هێرشی فرۆکە جەنگەکانی هێزی ئاسمانی سریلانکی دەستی پێکرد بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام کە ژمارەیەکی زۆر چەکدار کۆژران ، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی (2007ز) کۆمەڵێک شەڕ لەنێوان هەر دوولا بەرپا بوو و چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام شکست هاتن و لە ڕێکەوتی (22_12/کانوونی یەکەم_2007) شەڕێکی گەورە کرا و سوپای سرئلانکا گورزێکی گەورەی دا لە چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل و لە ڕێکەوتی (29_12/کانوونی یەکەم_2007) پشێنەیی ئەمنی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام تێکشا و سوپا پێشڕەویی کرد لە ناوچەی پاراپاکاندال و ماننار کە (3) هەزار چەکداری تامیلی کۆژران ، هەروەها لە ڕێکەوتی (5_1/کانوونی دووەم_2008) عەقید چارلزی بەرپرسی دەزگای هەواڵگیری چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام لە کەمینەکدا کۆژرا و هەروەها لە تەواوی مانگەکانی ساڵی (2008ز) سوپای حکومەت لە هەموو بەرەکانی شکستی بە چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام هێنا و دەستیان بە سەر ناوچەێکی زۆردا گرت و چەکداران لە کشانەوەدا بوون ، و سەرکەوتنی سوپا بە یارمەتی هێرشەکانی هێزی ئاسمانی سریلانکا بەدی هات و لە (22_5/ئایار_2008) هێزی دەریایی سریلانکا شکستی بە هێزی دەریایی چەکدارانی بزووتنەوە هێنا و لە ڕێکەوتی (2_8/ئاگوستۆس_2008) سوپا لە ناوچەی ڤیللانکولام  توانی شارۆچکەی ماننار لە چەکدارانی بزووتنەوە پاک بکاتەوە و دواتر تەواوی ناوچەکەی کۆنترۆڵ و چەکداران لەو ناوچەیە دەرکران.

لە ڕێکەوتی (19_5/ئایار_2009) سوپای سریلانکا دوا پێگەی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام کۆنترۆڵ و ژەنەڕاڵ فیلۆپیللای پرابهاکاران سەرکردەی چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی تامیل_ئیلام لەگەڵ لە سەرکردە باڵاکان و چەکدارێکی زۆری بزووتنەوەکە کۆژران و بەشێکی زۆرتریشی چەکداران بە دیل گیران و لە ڕێکەوتی (22_5/ئایار_2009) گۆتابایا زاجاپاکسا وەزیری بەرگری سریلانکا کۆتایی هاتنی جەنگی  ناوخۆیی سریلانکای ڕاگەیاند کە ماوەی (25) ساڵ و (9) مانگ و (3) هەفتە و (4) ڕۆژی خایاند کە تێدا نزیکەیی (51.527) سەربازی سریلانکی و هیندی و چەکدارانی بزووتنەوە کۆژران و نزیکەیی (60) هەزار سەربازی سریلانکی بریندار بوون و نزیکەیی (11.644) چەکدارانی بزووتنەوەی پڵنگەکانی ئیلام_تامیل بە دیل گیران ، و تەواوی هەرێمی تامیل_ئیلام لە لایەن سوپاوە کۆتنرۆڵ کرا و جارێکی تر ئاوارەکان گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان ، تا ئێستە هیچ شەڕ لە تەواوی وڵاتی سریلانکا و هەرێمی تامیل_ئیلام بوونی نەماوە و دۆخ وڵات هێمن بووە.

سەرچاوەکان:
1_یاسین صابرصاڵح: ئینسایکلۆپیدیای گشتی -سلێمانی2005ز.
2_عه‌لی که‌ندی: فه‌رهه‌نگی ڕووداوه‌کانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-هه‌ولێر2005ز.
3_هاوڕێ ره‌ئووف حه‌سه‌ن: ئه‌تڵه‌سی جیهان-سلێمانی2010ز.
4_رواج حاجی: وڵات ناس-هه‌ولێر2011ز.
 http://www.aljazeera.net/news/pages/35f147a1-67d0-4224-b613-52e788fa9831_5 21 ی تشرینی دووەمی 2013 ، لە وەیبەک مەشین.
6_ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس وۆچ یان ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ دەربارەی پێشێڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جەنگی ناوخۆیی سریلانکا.


ئه‌م بابه‌ته 433 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر