ھەوڵێک بۆھەڵسەنگاندنی ئێستای میدیای کوردیی

پرۆسەی ھەڵسەنگاندن و حوکمدان کارێکی ئاسان نییە، ھەڵسەنگاندن بۆ بابەتێک کە مامەڵە لەگەڵ ھەست و نەستی مرۆڤەکان دەکات و لە خانەی زانستە مرۆڤایەتیەکانە، ھەمیشە ڕێژەییە و ئەگەری ئەوەشی ھەیە کە نەتپێکابێت، ھەربۆیە کاتێک داوات لێ دەکرێت ھەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی میدیای کوردی بکەیت و نمرەی بۆ دانێیت، پێویستە ئیستێک بکەیت و حساب بۆ زۆر شت بکەیت و کۆمەڵێک پرسیاری جەوھەری لە خۆت بکەیت. ھەڵسەنگاندن بۆ کوێی میدیای کوردیی، بینراوی؟ بیستراوی؟ نوسراوی؟ ماڵتیمدیای؟ کوێ بە دیاریکراوی؟ ھەڵسەنگاندن بۆ کام جۆر لە میدیای کوردی؟ حیزبیی؟ حکومیی؟ ئەھلیی؟ ھەڵسەنگاندن بۆ فۆرم ؟ بۆ ناوەرۆک؟ ھەڵسەنگاندن بۆ میدیای کوردی بەبەراورد بە میدیای تورکیی و قەتەریی و بەریتانیی؟ یان ھەڵسەنگاندن بۆ ئەم میدیایە بە بەراورد بە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە پێویستە لە زیھنمان ئامادەییان ھەبێت کاتێک دەمانەوێت حوکم بدەین و تەوسیفی دیمەنە میدیاییەکە بکەین و ژمارەی بدەینێ.
PM:04:57:08/09/2018
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا
كێشه‌كانی میدیای كوردی..بۆچی میدیای كوردی ناتوانێ داهێنه‌ر بێت؟

دكتۆر یه‌حیا عومەر ڕێشاوى
مامۆستاى میدیا لەزانکۆى پۆليتەکنیکى سلێمانى


 
 

 زۆر جار لە وتار و نوسین و دیمانە و کۆنفراس و دیبەیتەکاندا حوکمدانێکی ڕەھا و گشتگیر بەسەر میدیای کوردیدا دەدرێت و خاوەن قەڵەم یاخود ڕۆشنبیر و تەنانەت ئەکادیمییەک وەسفێکی ڕەھا دەداتە میدیا و دەستەواژەکانی وەک: (پاشاگەردانیی و شکستی میدیایی و پاشەکشە) و زۆر دەستەواژەی دیکە، دەداتە پاڵ کۆی دیمەنە میدیاییەکە و دەگاتە درەنجامی کۆتایی ! کە (بەڕای من) ئەم جۆرە لە تەوسیفکردن و ھەڵسەنگاندن لەگەڵ پرنسیبە زانستییەکان و حوکمدانی مونسیفانە نارێکە. 

ئەم پێشەکیە بۆ ئەوەبوو کە ھاوسەنگییەک بۆ ئەو گوتار و ئاڕاستەیە بگەڕێتەوە کە ھەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە میدیای کوردیی (لە خراپترین بارودۆخیدایە) و (دۆخەکە چارەسەر نەکراوە) و (فەوزایەکی بێ سنوور) ھەیە، تەنانەت ئەمە بووەتە کولتوری پرسیارکردنی ھەندێک لە پێشکەشکاری بەرنامە میدیاییەکان و ڕۆژنامەنوسان بە شێوەیەکی گشتی، کە کاتێک پرسیار ئاراستە دەکەن و قسە لەسەر میدیای کوردی دەکەن، پێشوەختە حوکمەکەیان دەرکردووە و پرۆسەکەیان کۆتایی پێھیناوە و شتێک ناھێڵنەوە بۆ ھەڵسەنگاندن و بینینی دیوەکەی تر. 

کە ئەمە دەڵێم ھەرگیز مەبەستم ئەوە نییە خەوش و کەموکورتی و تەنانەت قەیران لە نێو سێکتەرە جۆراوجۆرەکانی میدیای کوردیدا نیە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بارودۆخەکە زۆر تەندروستە و لە تاقیکردنەوەی ئەزمونی کاری میدیاییدا ئێمە سەرکەوتووین و نمرەی باشمان ھێناوە! بە دڵنیاییەوە ئەزمونی میدیای کوردیی لەسەروەستان و پشکنینێکی باش و دەستنیشانکردنێکی وردی خەوشەکانی دەوێت، میدیای کوردی ئاتاجی کەسانێکە کە نەنگیەکانی دەستنشان بکەن و پەنجە بخەنە سەر برینەکانی، بە ئاراستەی ھەڵسەنگاندنێکی بابەتییانە و گەشەکردنێکی نەوعیانە. 

دیارە لەم نێوەندەدا پسپۆرانی میدیا و ئەکادیمیستانی کورد، پێویستە رۆڵێکی باشتر لەم ھەڵسەنگاندن و تەوسیفکردن و حکومدانە ببینن، ئەگەرچی ئەوەش ھێشتا ھەر تاکە پێوەری ھەڵسەنگاندن نییە، بەڵام تا رادەیەکی زۆر لە راستیی نزیکمان دەخاتەوە، ئەگەرچی لەم دەیەی دواییدا چەند توێژینەوەیەکی زانستی بۆ وێناکردنی بارودۆخی میدیای کوردیی ئەنجام دراوە و چەند کۆنفراسێکی زانستی لێ کەوتۆتەوە، بەڵام ھێشتا بۆشاییە زانستیەکە گەورەترە و ئاتاجی کاری زیاترە، ھەموو ئەمە بەندە بە پشتیوانی و ھاوکاری زانکۆکان و ناوەندە زانستییەکان و خودی دەزگا میدیاییەکان، کە پێویستە ئەوان ئەم جۆرە توێژینەوانە بە ھەند وەرگرن و زانیاریی و داتا بخەنە بەردەست توێژەران و تەنانەت وەک ھەندێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکان ھاندانی مادی و مەعنەوی توێژەران بکەن. وێرای ئەمە ناکرێت رۆڵی رۆشنبیران و چاودێرانی بواری میدیا بە ھەند وەرنەگرین، کە بە دڵنیاییەوە بەسەرنج و نوسین و وردبونەکانیان لە رەوشی میدیایی دەتوانن پەنجە بخەنە سەر نەنگیەکان و ھەڵسەنگاندنەکە دەوڵەمەندتر کەن، کە ھەندێکی کراوە و بینراوە.

جا بۆ ئەوەی بابەتیانە و زانستیانە لەسەر ئەم بابەتە بدوێین و ئەوەی رەنگە لەم نوسینەدا بواری باسکردن و شرۆڤەکردنی ھەبێت خستنە رووی دیوە ئیجابی و دیوە سلبیەکانی میدیای کوردییە، کە دەکرێت ھەریەک لەم خاڵانە ببنە بنەمایەک بۆ ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی زانستی و بوارێک بۆ نوسین و شیکردنەوەی فراوان و قوڵتر و ئەنجامدانی کۆنفراسی زانستی.

یەکەم: دیوە ئیجابیەکان 
١-ئەوەی دەکرێت وەک خاڵی پۆزەتیف و دڵخۆشکەر بیبینین بە بەراورد کردن دروست دەبێت، کاتێک ئێستای میدیای کوردی بە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر بەراورد دەکەین، بە دڵنیاییەوە ھەنگاوی بەرچاو لە زۆر بواردا دەبینین. کە رەنگە لێرەدا بواری باسکردنیان نەبێت و ئەوانەی چاودیری میدیای کوردیان کردووە ئەم راستیە دەبینن.

٢-لەم ماوەیەدا میدیای کوردیی توانی بەشێک لە رۆڵی چاودێر و دەسەڵاتی چوارەم ببینێت، و بەشێک لەو فشارەی کە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتەکانی دیکە دروستبووە رۆڵەکی دەخرێتە پاڵ میدیای کوردیی بەتایبەت میدیای ئەھلی و ئەوەی وەک کەرتی تایبەت و سەربەخۆ خۆی دەناسێنێت. 

٣-دەرھاویشتەیەکی دیکەی گەشەکردن و لایەنی ئیجابی میدیای کوردی خۆی لەو ژمارە زۆر و بەرچاوەی میدیاکار و رۆژنامەنوسدا دەبینێتەوە کە لەماوەی ئەم چارەکە سەدەیە دروست بوون، ئەمرۆ بە سەدان میدیاکار دروستبوون کە لە نێویاندا دەیان کەسانی دیار ھەن کە جێپەنجەیان بەسەر رەوشی میدیایی و تەنانەت سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەیە. 

٤-خاڵێکی دیکە کە لەم دیوەدا دەکرێت ئاماژەی پێبدرێت زیادبونی بەشە میدیاییە ئەکادیمیەکان و دەوڵەمەندبونی بواری توێژینەوەی زانستیە بە دەیان توێژینەوەی زانستی بە دەیان توێژینەوەی بواری میدیا، جگە لەوەی دەیان پسپۆری بواری میدیا پەیدا بوون کە جێپەنجەیان بەسەر رەوشە زانستی و میدیاییەکەوە دیارە. 

٥-ئەوەی دیسان دەکرێت وەک خاڵی ئیجابی لێرەدا باسی کەین، گەشەکردنی بواری کەناڵە ئاسمانییەکان و گەرانەوەی بینەری کوردە بۆ موتابەعەی کەناڵە ئاسمانیە کوردییەکان، کە پێش نزیک لە ١٥ ساڵ لەمەوپێش ئەولەویەتی بایەخدان و موتابەعەی بینەری کورد بۆ کەناڵە عەرەبیەکان بوو. 

دووەم: دیوە سلبیەکان 

١.تێکەڵبونی شێوازەکانی کاری میدیایی لە نێوان حزبی و حکومی و ئەھلی و سەربەخۆ و کەرتی تایبەت، بەجۆرێک زۆر بە زەحمەت دەتوانی پۆلێنیان بکەیت و جیایان بکەیتەوە، میدیای کوردی بەدەست ئەجێندای حزب و دەسەڵات و سەرمایەداری خاوەن ئەجێندا و کەسەکانەوە دەناڵێنێت، دیارە ئەم تێکەڵیە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی کوردستانە و میدیا قوربانیی ئەو فەوزا سیاسیەیە کە لە کوردستاندا ھەیە، کە حزب تێکەڵ بە حکومەت و بزنس تێکەڵ بە سیاسەت و دەزگای تەشریعی تێکەڵ بە تەنفیزی بووە و ئەو واقیعە سیاسیەی ھەرێمی کوردستانی لێ کەوتۆتەوە، ھەر بۆیە میدیاش نەیتوانیوە سەربەخۆیانە مامەڵە بکات و بەردەوام ئەجێندا و ئاراستەیەکی تایبەت کە (خەرجیی کردووە و پشتیوانی لێ کردووە) ئەم میدیایەی جوڵاندووە، ئەمرۆ ھەندێک دەزگای میدیایی خەرجی بێشوماری بۆ دەکرێت و بودجەی کراوەی ھەیە و لە سەرچاوەی نادیارەوە پشتیوانی لی دەکرێت و ھەندێک دەزگای میدیاییشبەھۆی کەمی بودجە و ئیمکاناتەوە دادەخرێن و ماڵئاوایی لە کاری میدیایی دەکەن. دیارە وەک لەسەرەتاوە وتمان ئەم بابەتەش رێژەییە و حوکمی رەھای بەسەردا نادرێت. 

٢.خاڵێکی دیکەی نیگەتیڤی میدیا لە ھەرێمی کوردستاندا لاوازی گوتاری میدیای کوردیە بۆ دەرەوەی خۆی، نە حکومەت و نە دەزگا میدیاییە دیارەکانی ھەرێمی کوردستان بە درێژایی ئەم چەند ساڵە نەیانتوانی خۆیان بگەیەننە خێزان و دەستەبژێری کۆمەڵگە و ناوەندەکانی بریار (لانی کەم) لە وڵاتانی عەرەبی دراوسێ و تورکیا و ئێران، ھاوڵاتیەکی عەرەب یا تورک یا فارس زۆر بە کەمی ئاگای لە واقیعی ھەرێمی کوردستان ھەیە و ئەوەی پێی دەگات زۆرینەی لە رێگەی میدیا جیھانیەکانەوەیە، نەک لە رێگەی میدیای کوردی، گوتاری میدیای کوردی بە زمانەکانی دیکە ونە، دیارە دیسانەوە ونبونێکی رێژەیی. 

٣.ئەگەرچی رۆژنامەنوسان ومیدیاکارانی ھەرێمی کوردستان قەرزاری میدیای نوسراو و رۆژنامەگەری چاپکراون، بەڵام ئەمرۆ بازاری رۆژنامە و گۆڤارەکان لە داکشانێکی بەرچاودایە و رۆژنامە و گۆڤارەکان بە ئاستەم ھەناسە دەدەن ! راستە دیاردەی کەمبونەوەی خوێنەری رۆژنامەی کاغەزیی دیاردەیەکی جیھانییە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان قەیرانەکە قوڵترە و رێژەی خوێنەری رۆژنامەی کاغەزیی بە بەراورد بە دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان و بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ زۆر زۆر کەمە، ئەم دیاردەیە لەسەر وەستان و قسەلەسەرکردنی جیددی دەوێت.

٤.نەبونی یاسای رێکخستنی بۆ کاری میدیایی بەتایبەت میدیای بینراو و بیستراوو تۆرە کۆمەڵایەیتیەکان جۆرێک لە فەوزای میدیایی لە ھەرێمی کوردستاندا دروست کردووە، ئەوەی وەک یاساش بۆ ریکخستنی کاری رۆژنامەگەریی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ھەم زەمەنی بەسەرچووە و ھەم کاتێکی زۆری ویست تا لە دادگا و دەسەڵاتی سیاسیەوە لێی بگەن و جێبەجێی بکەن و لەم نێوەندەدا رۆژنامەنوسان و دەزگا میدیاییەکان بوونە قوربانیی و دەیان کەیس و کێشەی گەورەی لێ کەوتەوە. جگە لەوەی تا ھەنوکەش بەشێک لە دەزگا ئەمنیەکان لە حەقیقەتی کاری میدیایی ناگەن و رۆژنامەنوس وەک تاوانبار سەیر دەکرێت تا ئەو کاتەی دەیسەلمێنیت کە بێتاوانە ! تا ئەو کاتەش رەنگە کار لە کار ترازابێت و میدیاکارەکە کەوتبێتە بەر رەحمەتی ھەرەشە لێکردن و لێدان و سوکایەتی پێکردن، ئەوە ئەگەر جەستەی نەکرێتە ئامانج و بە فیشەکێک گیانی سارد نەکرێتەوە. 

٥.زۆری کەناڵەکان (بە تایبەت تەلەفزیۆن) و نەبونی گوتارێکی میدیایی رون لە زۆرێک لەو کەناڵانە و رەچاونەکردنی واقیعی کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان جۆرێک لە پاشاگەردانی دروست کردوە، ئەمرۆ ژمارەی دەزگا میدیاییەکان و ژمارەی رۆژنامەنوسانی ھەرێمی کوردستان بە بەراورد بە دانیشتوانی ھەرێم بە ناسروشتی سەیر دەکرێت، زۆرێک لە چاودێرانی رەوشی میدیایی پیێان وایە کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بەم ژمارە زۆرە لە کەناڵی میدیایی و رۆژنامەنوس نییە. 

٦.ئەوەی وەک دیاردەیەکی نوێ و وەک خاڵی نێگەتیڤ ئاماژەی پی دەکرێت، دیاردەی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و پەیدابونی ھاوڵاتی رۆژنامەنوسە، کە شڵەژانیکی لە کاری میدیاییدا دروست کردووە و دیمەنە میدیاییەکەی شێواندووە، بەجۆرێک ئەمرۆ خەریکە متمانە بە کاری میدیایی کز دەبێت و جۆرێک لە فەوزای میدیایی دروستبووە، ئەم رەوشە کاریگەری سلبی لەسەر رەوشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەش دروست کردووە و بێ متمانەییەکەی خەستر کردوەتەوە.

ئەم خاڵانەی ئاماژەیان پێدرا رەنگە نەچنە خانەی توێژینەوەی ئەکادیمیەوە و تەنھا وەک سەرنج خرانە روو (ئەگەر چی سەرنجدان و تێبینیکردن خۆی لە خۆیدا بە ئامرازی توێژینەوەی زانستی دادەنرێن) بە تایبەت بۆ کەسانێک کە باگراوندی زانستیان لەسەر بابەتکە ھەبێت و چاودێری رەوشەکە بکەن. 




ئه‌م بابه‌ته 1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر