ڕۆڵی زمانی دایک، سروود و ئاڵا لە نەتەوەسازیدا

هەر نەتەوە و گەلێک بۆ ناساندن و پێناسەی خۆی، کۆمەڵێک هێما و سیمبۆلی نەتەوەیی هەیە کە یەک لەوان ئاڵایە، کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاڵای فەرمیی خۆی هەیە
PM:07:41:25/03/2020
دۆسیە: نەتەوەسازی
سروودی نه‌ته‌وه‌یی "ئه‌ی ڕه‌قیب"، له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباددا، بوو به‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی و تا ئێستاش هه‌ر سروودی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی کورد له‌ چوارپارچه‌ی کوردستانه‌.

بێهزاد قادری
ڕۆژنامەنووس

زمانی دایک
زمان هۆیەکە لە هۆیەکانی لە یەک گەیشتن و گواستنەوەی بیروڕا لە نێوان تاکەکانی نەتەوە و بڕبڕەی پشتی هەموو نەتەوەیەکە.

زمانی دایک و فێربوونی زمانی دایک، کاریگەرییەکی پڕبەرهەم لەسەر کەسێتیی هەر کەس دادەنێت. زمانناسان، ژینگەناسان و دەروونناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئاهەنگ، ڕەنگ و جوانیی دەنگی دایک، تەنانەت کاتێکیش کە منداڵ لە سکی دایکیدایە، بۆ ئەو ڕادەگوێزرێتەوە. واتە بەشێک لە میراتێک کە منداڵێک لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتە دونیاوە، خەزێنەگەلێک لە زمانی دایکیشی لەگەڵە. بەم پێیە کۆرپەکان، بەنیسبەت دەنگی دایکیانەوە زۆرتر  لە هەر کەسێکی تر لە خۆیانەوە هەڵوێست پیشان دەدەن.

زمانەکان ڕۆحی مرۆڤایەتین. زمانەکان میراتی دەروونیی مرۆڤایەتین. لەدایک دەبن. گەشە دەکەن. هەندێک جاریش مەحکووم بە لەنێوچوونن.

مرۆڤەکان بە قسەکردن، لەیەک تێدەگەن. ڕەوتی کامڵبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگە، لە ڕێگەی زمانەوە دەگاتە بەرەکانی داهاتوو. ئەگەر زمان لە کۆمەڵگەی مرۆیی وەربگیرێت، ڕەوڕەوەی کۆمەڵایەتی ڕادەوەستێت.  زمان سامانی فەرهەنگییە.

کاتێک باسی پاراستن، گەشە و بەهێزیی فەرهەنگی کۆمەڵگەیەک دێتە گۆڕێ، ئەوە زمانە کە ڕابردوو و هەنووکەی ئەو کۆمەڵگەیە پێکەوە گرێ دەدات. وەرگرتنی مافی قسەکردن بە زمانی دایکیی هەر قەوم و نەتەوەیەک، مەترسییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەیەکدابڕانێکی هەوسارپچڕاو دروست دەکات و کەلێن لەنێو تاکە جیاوازەکانی نەتەوەکان دروست دەکات. فەرهەنگی ئاشتی کاتێک پەرە دەستێنێت کە خەڵک مافی سروشتیی کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایکیی خۆیان هەبێت و هیچ کۆسپێک لەم ڕێگەیەدا بوونی نەبێت. 

زمان یەکێک لە ئەندامە زۆر گرینگەکانی ژیان، بیرەکان و هەڵسوکەوتی ئێمەیە. کەمتر کەسێک بوونی هەیە کە بڵێت لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا کەیفی بە قسەکردن بە زمانی دایکیی خۆی نایەت. هەر یەک لە ئێمە، تا هەر ڕادەیەکیش بەسەر زمانەکانی تردا زاڵ بین و شارەزاییمان لێ هەبێت، زمانی گرینگ و کاریگەر بۆ دەربڕینی هەست و تێگەیشتنمان، هەمان زمانێکە کە یەکەمجار لە ڕێی ئەوەوە پەیوەندیمان بە دەوروبەرمانەوە گرت، واتە زمانی دایکیمان.

زمان لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی بوون و نەبوونی نەتەوەکانە. زمان هەڵگری بیر و فەرهەنگی هەر نەتەوەیەکە. دروستکردنی کۆسپ و بەربەست لەهەمبەر پێشکەوتنی هەر زمانێک، بە مانای بایکۆتکردنی بیر و هزرە.

ئەگەرچی فێربوونی زمانێکی تر وەکوو پەنجەرەیەکی نوێیە بۆ سەیرکردن و وتادان بە ژیان، بەڵام زمانی دایکی بۆ خۆی پەنجەرەیەکی جیاوازترەوە و کلیلی کردنەوەی پەنجەرەکانی دیکەیە.

جیهانییان سەبارەت بە زمانی دایکی چی دەڵێن؟
ڕێکخراوەی جیهانیی یونیسکۆ: "هەر تاکێکی کۆمەڵگە کە نەتوانێت بە زمانی دایکیی خۆی بخوێنێت و بنووسێت، نەخوێندەوار دێتە ئەژمار".

کۆمەڵناسان: "زمانی دایکی لەگەڵ شیری دایک دەڕژێتە نێو گیانەوە و بە مردن لە لەش دەڕواتە دەرەوە و سەپاندنی زمانێکی تر بەسەر منداڵێک کە تازە فێری قسەکردن بووە، وەک تاوان دێتە ئەژمار".

دەروونناسان: "یەکەمین چەمکسازییەکانی منداڵان لە خۆیان و جیهانی دەوروبەریان، لەسەر ئەساسی زمانی دایکییان شکڵ دەگرێت. بەم هۆیەوە، منداڵان یەکەم ئەزموونی دەروونی و ناسیینیی خۆیان لە جیهان، بە زمانی دایکیی خۆیان دەردەبڕن".

هایدیگێر: "ئەگەر زمانی نەتەوەیەک لەنێو بچێت، ئەو نەتەوەیە بەگشتی لەنێو دەچێت".

میلان کۆندێرا: "یەکەمین هەنگاو بۆ لەنێوبردنی نەتەوەیەک، سڕینەوەی یادەکەیەتی. دەبێ کتێبەکانی، فەرهەنگەکەی و زمانی لەنێو ببەیت.

دەبێ کەسانێک دابنێیت کە کتێبی نوێی بۆ بنووسێت، فەرهەنگێکی دەسەتکردی بۆ دابنێت، مێژوو و زمانێکی نوێی بۆ دابهێنێت، پاش ماوەیەکی کورت، ئەو نەتەوەیە، چییە و چی بووە، لەبیری دەکات. هەروەها دونیای دەوروبەر، هەموو شتێک بە خێراییەکی زۆرترەوە لەبیر دەکات".

ماهاتما گاندی: "کەسێک کە زمان و ئەدەبیاتی خۆی نەخوێندبێت، مێژووی خۆی نازانێت و ئەوەی کە مێژووی خۆی نەزانێت، داهاتوویەکی نابێت".

قسەی نەستەقی فەرانسەوی: "کەسێک کە زمانی دایکیی خۆی نەزانێت و فێری نەبووبێت، وەحشییە".

ویتگنشتاین: "زمانی من جیهانی منە و جیهانی من زمانی منە".

جۆرج برادون: "ئەگەر دایکان و باوکان باوەڕیان هەبێت و بزانن کە زمانەکەیان چەندە گرینگ و پڕبایەخە، ئەگەری ئەوەی کە بە زمانی دایکیی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیان قسە بکەن، زۆرتر دەبێتەوە".

ئێمێ سێ ڕێز، شاعیری ڕەش پێست: "هەر فەرهەنگێک بۆ ئەوەی شکۆفە بکات، پێویستی بە چوارچێوەیەکە و زمان لەم چوارچێوەدایە".

جان ئێستوارات: "ئەگەر کۆلۆنیاڵیست بییەوێت نەتەوەیەک بە خۆیەوە بەن بکات، سەرەتا هێرش دەکاتە سەر شوناس و زمانی و هەوڵی ئاسمیلەکردنی دەدات. نەتەوەیەک کە فەرهەنگ و زمانی خۆی  لەدەست بدات، لە نەتەوەیەکی دیکەدا دەتوێتەوە".

دەیوید کریستاڵ: "جۆراوجۆریی زمانی بە واتای جۆراوجۆریی مرۆڤەکانە. هێزی ئاوەزی زمانی موعادڵی توانای بیۆلۆژیکیی مرۆڤە و لەنێوچوونی هەر زمانێک بە واتای لەنێوچوونی جیهانبینییەکە".

ماندێلا: "ئەگەر لەگەڵ کەسێک بە زمانێک قسان بکەیت کە لێی تێبگات، ئەو وتانە ڕەنگە لە زەینیدا جێ بگرێت. ئەگەر لەگەڵ ئەودا بە زمانی خۆی قسان بکەیت، ئەو وتانە لە دڵیدا جێ دەگرێت".

هیتلێر: "بەگشتی بۆ لەنێوبردنی نەتەوەیەک، بە هەموو باوەڕ و فەرهەنگیەوە، تەنیا پێویستە کە زمانی ئەو نەتەوەیە لەنێو ببرێت".

سروودی نەتەوەیی
"سروودی نەتەوەیی" لە هەر وڵاتێکدا، پیشاندەری "شوناسی نەتەوەیی" لەو وڵاتەدایە؛ سروودی نەتەوەیی بە واتا و چەمک و مۆسیقاکەی، باس لە شوناسی نەتەوەیەک دەکات.

سروودی نەتەوەیی یان سروودی نیشتمانی، پارچە مۆسیقا یان سروودێکە کە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە وەکوو سروودی نەتەوەیی و فەرمیی وڵات، دادەنرێت.

لە ئەمڕۆدا و لە جیهاندا، هەر وڵاتێک سروودی نەتەوەیی تایبەتی خۆی هەیە. سروودە نەتەوەییەکان، ئاواز یان مۆسیقاگەلێکن کە لە دۆخگەلێکی تایبەت لە وڵاتەکاندا، دەژەنرێن یان دەخوێنرێنەوە. ئەم سروودانە ئاوازگەلێکی نیشتمانپەرستانەیە کە وەکوو ڕێز لە ئۆگری و ئینتماکانی هەر وڵاتێک دەژەنرێت. ئەم ئاوازانە لە ڕاستای بزاوتنی هەستی نیشتمان پەرستی لە خەڵکدا، دەخوێنرێتەوە.

لە سروودی نەتەوەیی هەر وڵاتێکدا، شوناسی هەر وڵاتێک بەرچاوە کە نیشانەی ئارمانەکان و ئامانجەکانی منداڵان و خەڵکی ئەو وڵاتەیە، ئارمان و ئامانجگەلێکی وەکوو ئازادی، یەکگەرتوویی و سەربەخۆیی خەڵکی ئەو وڵاتە.

بۆ نموونە ئەم یەکگرتووییە لە سروودی نەتەوایەتیی وڵاتی ئاڵمانیادا ئاماژەی پێ کراوە: "ئاڵمانیا، ئاڵمانیا سەرووتر لە هەموو شتێک، سەرووتر لە هەموو شتێک لە دونیادا کە هەمیشە کاتی بەرخۆدان و پاراستن، برایانە یەکپارچە ڕادەوەستێت".

لە سروودی نەتەوەیی هەر وڵاتێکدا، بە بوونناسیی خەڵک و ئیدئۆلۆژیی نیزامی سیاسیی وڵات، بە مێژوو، شکۆ یان سەرکەوتنەکان و بەزاندنی دوژمنەکان، ئاماژە دەکرێت.

لە سروودی نەتەوایەتیی وڵاتی سیندا بە جیددییەتەوە ئاوا باس لە نەترسان لە دوژمنانی سین دەکرێت: "هەزار هەزار دڵەکانی ئێمە وەکوو دڵێک لێدەدات، لە ئاگری دوژمن مەترسن، بڕۆنە پێشەوە، لە ئاگری دوژمن مەترسن، بڕۆنە پێشەوە، بڕۆنە پێشەوە و بڕۆنە پێشیوە".

نیشتمان، وڵات، مەڵبەند، بەرخۆدان و هەرمانی، هیوا، ئازادی، ئاشتی، شکۆ، دلێری، سەربەرزی و گەورەیی و...، یان چەمکە هاوتاکانی ئەو وشانە، لەو وشانەیە کە بە زۆری و جیددییەتەوە لە سروودە نەتەوەییەکاندا خۆیان دەنوێنن.

بۆ نموونە، "ئازادی ئاوەها لە سروودی نەتەوایەتیی وڵاتی برازیلدا خۆی دەنوێنێت: "وەدیهاتنی ئەم بەرابەرییە کە بە باسکی بەهێزی خۆمان بەدەستمان هێنا، لە ئامێزی تۆدایە ئەی ئازادی، سینگمان لە بەرامبەر مەرگ ڕادەوەستێت".

هەروەها، بەشگەلێک لە هەندێک لە سروودە نەتەوەییەکان، لەسەر یەکگرتوویی، یەکدەنگی و یەکڕیزیی نێوان خەڵک جەخت دەکاتەوە.

لە سروودی نەتەوەیی وڵاتی وێنێزۆئێلا، یەکگرتوویی خەڵک ئاوەها سنوورە جوگرافیاییەکان دەبەزێنێت: "یەکپارچە بە ڕشتەیەک کە لە ئاسمانەکاندا بوو بە ڕشتە، قاڕەی ئامریکا، هەر وەکوو یەک نەتەوەیە".

لە هەندێک لە سروودە نەتەوەییەکان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە مێژینەی شۆڕش یان خەبات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆییان هەبووە، بەشگەلێکی پڕسۆز بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکگرتوویی و پاراستنی ورەی موبارزە، دانراوە.

لە سروودی نەتەوایەتیی وڵاتی ئەرمەنیادا ئەم بابەتە بە جوانی دیارە: "نیشتمانی ئێمە، ئازاد و سەربەخۆیە کە سەدەهایە زیندووە، لە ئێستادا ڕۆڵەکانی خۆی بانگهێشت دەکات بەرەو ئەرمەنیایەکی ئازاد و سەربەخۆ".

لە بەشە جیاوازەکانی سروودە نەتەوەییەکان، بینەر و بیسەری جۆرەکانی بەردەنگین. لە زۆربەی ئەو بەشانەدا، مەبەست لەو بەردەنگانە، ڕاگەیاندنی وەفاداری بە نیشتمان یان ڕێبەرە و هەندێک جاریش خەڵک بەردەنگن. هەروەها لە هەندێک لە سروودەکاندا، دۆعا بۆ نیشتمان و خەڵک دەکرێت و ئاواتەخوازی باشترینەکانن بۆ وڵاتەکەیان.

بۆ نموونە لە بەشێک لە سروودی نەتەوەیی وڵاتی کۆریای باشووردا، ئاوەها لەسەر وەفاداریی خۆیان بۆ نیشتمان، جەخت دەکەنەوە: "بەم ڕۆحیە و بەم بیرەوە، چ لە ڕەنج و چ لە شادیدا، وەرن هەتاکوو هەموو وەفاداریی خۆمان پێشکەشی مێهری نیشتمان بکەین".

لەم نێوانەدا، ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەیەک کە خاکمان داگیرکراوە و وێڕای ئەوەی کە هێشتا وڵاتی سەربەخۆی خۆمان نییە، بەڵام سروودی نەتەوەیی و ئاڵای تایبەتی خۆمان هەیە کە هەردەم دوژمنان لەم ‌هێمایانە کە گەورەیی بە شوناسی نەتەوەییمان دەبەخشێت، ترساون.

سروودی نه‌ته‌وه‌یی "ئه‌ی ڕه‌قیب"، له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباددا، بوو به‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی و تا ئێستاش هه‌ر سروودی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی کورد له‌ چوارپارچه‌ی کوردستانه‌.

سروودی "ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی كوردزمان"، لە لایەن "یوونس ڕەئووف، ناسراو بە "دڵدار"‌، لە ساڵی ١٩٤٠دا، بەرامبەر بە شۆڤێنیزم و ئەو زوڵم و زۆرەی كە دەرحەق بە كورد دەكرا، هۆنراوەتەوە‌‌.

ئەم ‌سروودە،‌ باس لە بوونی كورد دەكات، بۆیە بوو بە سروودێكی نەتەوەیی. 

لە سەردەمی دوو سەركردەی ناودار و نەمری كورددا: "پێشەوا قازی محەممەد" لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا و دواتریش مەلا "مستەفا بارزانی" لە شۆڕشی ئەیلوولدا، برەوی پێدرا و لە مێشكی نەتەوەی كورددا چەسپێندرا. ئەم سروودە بووەتە بەشێكی جیانەكراوە لە مێژووی كورد و ئەمڕۆكەش بووەتە سروودێكی فەرمی لە هەرێمی كوردستاندا.

ناوئاخنی "ئەی ڕەقیب"،‌ ئاڵا، نیشتمان و كوردە‌، ئەم سێ چەمكانەش‌ باس لە ناسیۆناڵیزم و پاتریۆتیزم واتە نیشتمانپەروەری دەكەن. 

ئاڵا، نیشتمان و كورد، سێ كۆڵەكەی سەرەكیی ئەم سروودە پێكدێنن. لە بارودۆخی ئەمڕۆكەی كوردستان و ناوچەكە‌دا، ئاڵا و سروودی نەتەوەیی كورد، سەیوانەیەكە لە پانتایی كوردستاندا، كە دەوری ڕێكخستنی نەتەوەیەک لە نیشتمانێكدا دەگێڕێت.

ئاڵا
وەک چۆن "سروودی نەتەوەیی" لە هەر وڵاتێکدا، پیشاندەری "شوناسی نەتەوەیی" لەو وڵاتەدایە، ئاوەهاش "ئاڵا" پیشاندەری "شوناسی نەتەوەیی" لەو وڵاتەدایە؛ ئاڵا بە ڕەنگ و نەخشەکانی باس لە شوناسی نەتەوەیەک دەکات.

هەر وەکوو ناوی وڵات، ئاڵا و هێماکانیشی، لە ناسینی هەر وڵاتێکدا زۆر گرینگە و پیشاندەری بوونناسی، باوەڕەکان، ئارمانەکان، ڕوانگەکان و ئیدئۆلۆژی و لە هەندێک نموونەشدا، تەنانەت باس لە مێژینەی نەتەوەیەک دەکات. 

ئاڵا ڕەنگە باس لە دۆخی جوگرافیایی، فەرهەنگی و تەنانەت پیشە و جووتیاریی وڵاتێک بکات. ئاڵا گرینگترین بەڵگەی شوناس و هێمای نەتەوەیی وڵاتێکە لەنێو کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا و بە شێوەیەکی جیاواز، نەتەوەیەک و باوەڕەکانی، بە جیهانییان دەناسێنێت.

قەومەکان، لایەنگرانی ئایینەکان و دەوڵەت- نەتەوە جۆراجۆرەکان، لە درێژایی مێژوودا، بۆ جیاوازیی نێوان شوناسی خۆیان لەگەڵ دەوروبەر، لە ئاڵایەک کەڵکیان وەرگرتووە کە پیشاندەری باوەڕەکانی ئەوان بووە. یەکەمین ئاڵا فەرمییەکان، لە وڵاتی چیندا بەکار براوە تا بەشە جیاوازەکانی ئەرتش دیاری بکەن.

زۆرترین گۆڕانی ئاڵاکان، پەیوەندیدار بە کارامەیی ئەوان لە دەریاکاندا بووە. پاپۆڕەکان ئاڵاکانیان بۆ ناساندن لە مەودای دوورەوە و زۆر ئامانجی دیکە، بەکار دەبرد. هەندێک لە ئاڵا بەناوبانگەکان وەکوو ئاڵای وڵاتانی هۆلەند و ئێسپانیا، تایبەت بۆ کاروباری دەریایی، تەڕاحی کرابوون.

بە دەرکەوتنی دەوڵەت- نەتەوەکان، ئاڵاکان ڕۆڵ و گرینگییەکی زیاتریان پەیدا کرد و پێگەیەکی تیلتریان لە بواری سیاسەت و نێونەتەوەییدا بەدەست هێنا. زۆرێک لە وڵاتانی سەربەخۆ، ئاڵایان بەپێی ئیدئۆلۆژی و ڕوانگەی حیزبە سیاسی یان گرووپگەلێک کە سەربەخۆییان بۆ ئەو وڵاتانە بەدەست هێنا، تەڕاحی کران.

لە ئەمڕۆدا، ئاڵای هەر وڵاتێک وەکوو هێمایەکی پڕواتا دێتە ئەژمار کە باس لە شوناس، مێژوو، فەرهەنگ و فەلسەفەی هەر وڵاتێک دەکات. ئاڵا لە دروستبوونی یەکگرتوویی، یەکدەنگی و یەکیەتیی نێوان هاووڵاتییان، لایەنگرانی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان و کەمینە نەتەوەییەکان، لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا ڕۆڵێکی هەرەگرینگی  هەیە. هەروەها لە هەندێک لە وڵاتاندا، ڕۆژێک لە ساڵ بۆ ڕێزگرتن لە ئاڵای نەتەوەیی دیاری کراوە.

لە ئاڵاکاندا، هەندێک هێما بە مەبەستێکی تایبەت بەکار هێنراون. 
بۆ نموونە "خاچ" نیشانەی مێژینەی فەرمانڕەوایی فەرهەنگی مەسیحی و فەرمانبەری لە ئایینی مەسیحییەت لە وڵاتێکدایە. لە ئاڵای وڵاتەکانی "یۆنان، دانمارک، فنلاند، ئیسلەند، نۆروێژ و سوئێد" و زۆر وڵاتی تردا، "خاچ" بەکار براوە.

هیلالی مانگ و ئەستێرەش، لە هەندێک ئاڵادا بەکار هێنراون. ئەم دووە لە تەنیشت یەکتردا، واتە هیلالی مانگ و ئەستێرەی پێنج گۆشە، بە نیشانەی ئایینی "ئیسلام" و مێژینەی فەرمانڕەوایی فەرهەنگی ئیسلامی و فەرمانبەری لە ئایینی ئیسلام لە وڵاتێکدا بەکار هێنراوە. بۆ نموونە ئەم شکڵانە لە ئاڵای وڵاتانی "تورکیا، پاکستان، ئەلجەزایەر، کۆماری ئازەربایجان، مالێزیا و توونێس" بەکار براوە. 

ئەستێرەی پێنج پەڕی سوور، بە نیشانەی حاکمییەتی حیزبی "کۆمۆنیست" دێتە ئەژمار و لە ئاڵای وڵاتانێکی وەکوو "چین"  لە بەر هۆکاری فەرهەنگیی تایبەتی خۆیان، کۆمۆنیزمی چینییان لە کۆمۆنیزمی ڕووسی جیا کردەوە و ڕەنگی ئەستێرەکانی کۆمۆنیزم لە سین کران بە زەرد و لە ئاڵای سیندا بەکار براون. لە ئاڵای ڤییەتنامیشدا نیشانەی پێنج گرووپ لە کرێکارانە کە "سوسیالیستـ"ـیان لەو وڵاتەدا دامەزراند.

واتای ئەستێرەکان لە ئاڵای هەندێک لە وڵاتاندا جیاوازە؛ وەکوو "هێندووراس" و "فیلیپین" کە سێ ئەستێرەیە و "تورکەمەنستان" کە پێنج ئەستێرەیە و نیشانەی ڕێژەی ویلایەت یان پارێزگا یان ناوچە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتانەن. 

لە هەندێک لە وڵاتەکاندا، وەکوو "قرقیزستان"، ڕێژەی تیشکەکانی خۆر وەها کارامەییەکیان هەیە؛ ٤٠ تیشک لە ئاڵای قرقیزستاندا، بە نیشانەی ٤٠ قیبلە و ٤٠ قارەمانی ئەم وڵاتەیە.

لە ئاڵای هەندێک لە وڵاتاندا، ڕێژەی "نەوار"ەکانی سەر ئاڵاکان، هۆکارێکی تایبەتی هەیە. بۆ نموونە ١٤ نەواری سوور و سپی لەسەر ئاڵای وڵاتی مالزیادا، بە نیشانەی ١٤ پارێزگا یان ویلایەتی ئەو فێدراسیۆنەیە. لە ئاڵای یۆناندا، ٩ نەواری سپی و شین، باس لە ٩ بڕگەی هاواری "ئازادی یان مەرگ" لە زمانی یۆنانیدا دەکات کە لە درێژایی شەڕ بۆ سەربەخۆیی ئەم وڵاتەدا دەیانهێنایە سەر زمان.

نیشانە پیشەیی یان جووتیارییەکانیش لە ئاڵاکاندا، باس لە پیشە یان جووتیاری دەکەن، یان مەبەست لێی، سەرنجدان بە چینی جووتیاری کۆمەڵگایە. بۆ نموونە ئەم نیشانانە لە ئاڵای وڵاتانی "بێرمە و ئانگولا"دا دەبینرێت.

وێنەی گیا و ڕوەکیش لە ئاڵاکاندا، پیشاندەری گیا و ڕوەکی تایبەتی ئەو وڵاتانەیە. لە ئاڵای وڵاتی لوبناندا، داری "سەدر" و لە ئاڵای کانادادا، گەڵای "ئەفرا" خۆیان دەنوێنن.

وێنەی ئاژەڵانیش نیشانەی حەز یان باوەڕی ئایینیی خەڵکە بە ئاژەڵان. شێر لە ئاڵای سەریلانکا و ئیژدیها لە ئاڵای بووتان لەو نموونانەن.

هەروەها هەڵۆی دوو سەری ڕەش بە نیشانەی هێز و تیژبینی لە ئاڵای ئالبانی، ئاڵای نیزامییەکانی ئەو وڵاتە بووە لە شەڕ لەگەڵ وڵاتی تورکیەدا.

جگە لەوانەی باسیان لێوە کرا، شکڵ، وشە و ڕستەگەلێکی جۆراجۆری دیکە، لەسەر ئاڵای هەندێک لە وڵاتاندا بوونیان هەیە؛ وەکوو ئەو ڕستەیەی کە لەسەر ئاڵای وڵاتی عەرەبستاندا هەیە کە نیشانەی ئایینی ئیسلامە لەو وڵاتەدا. هەروەها وێنەی "چەرخ" لە ئاڵای وڵاتی هینددا کە نیشانەی باوەڕی "بوودایی" لەو وڵاتەدایە. وێنەی پەرستگەیەکی بەناوبانگ لە ئاڵای کامبووجدا، نموونەیەکی تر لەوانەیە کە باس لە باوەڕە ئایینییەکانی ئەو وڵاتە دەکات.

وێڕای هەموو ئەمانە، هەر نەتەوە و گەلێک بۆ ناساندن و پێناسەی خۆی، کۆمەڵێک هێما و سیمبۆلی نەتەوەیی هەیە کە یەک لەوان ئاڵایە، کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاڵای فەرمیی خۆی هەیە.

ئاڵای کوردستان کە لە سێ ڕەنگ پێکهاتووە و خۆرێک بە ٢١ تیشکەوە لە نێوەڕاستیەتی، هاوشانی هێما نەتەوەییەکانی دیکەی وەک: سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و پێشمەرگە، بە ڕەمزی هەرمانیی نەتەوەیی کورد دەژمێردرێت و لە لای زۆربەی هێز و پارتە سیاسییەکانی چوار پارچەی  کوردستان بە فەرمی ناسراوە و لە بۆنە فەرمییەکاندا هەڵ دەکرێت.

بۆ یەكەمجار لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری کوردستان لە ڕێكەوتی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٦٤٦ی کوردیدا، بە بۆنەی لابردنی دوایین دامودەزگا و ئاسەواری حکوومەتی پاشایەتی بەدەستی هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان کە شارەوانیی مەهاباد بوو، لەوێ بە فەرمی و لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا، ئاڵای کوردستان هەڵکرا و لە ڕۆژەوە تاكوو ئێستا، وەک ئاڵای كورد و کوردستان ماوەتەوە.

بەڵام ئەم ڕەنگانەی کە لە ئاڵای کوردستاندا و لە هەندێک ئاڵای وڵاتانی تردا بەکار براون، لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە بە چ واتان؟

ڕەنگی سوور نیشانەی شۆڕش، دلێری، هێز، شەهامەت و چەمگەلێکی لەم بوارانەیە. بۆ نموونە هەندێک لەو وڵاتانەی کە لە شەڕە جیهانییەکاندا بەشدار بوون، بۆ ڕێزگرتن لە گیانفیدایی سەربازەکانیان لە شەڕەکاندا، لە ڕەنگی سوور لە ئاڵاکانیان کەڵکیان وەردەگرت.

هەروەها ڕەنگی سوور نیشانەی دلێری و گیانفیداییەکانی سەربازانی وڵاتێکە لە شەڕەکانی وەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتەکەیان. ڕەنگی سوور لە ئاڵای ئەرمەنیادا، بەم واتایەیە. سوور لە ئاڵای ڤییەتنامدا نیشانەی ڕوودانی شۆڕشێکە لەم وڵاتەدا. لە هەندێک وڵاتیشدا ڕەنگی سوور بە واتای باوەڕی کومونیستییە. ڕەنگی سوور لە ئاڵای کوردستانیشدا بە واتای: شۆڕش، خوێنبەخشین لە جەنگ دژی دوژمنان، ئازایی، هێز و یەکسانییە.

ڕەنگی سەوز نیشانەی ئاسایش، هیوا، سەرسەوزی و ئارامییە. سەوز لە ئیسلامدا بە واتای ئیمان و باوەڕ بە ئایینە و باس لە هەرمانی دەکات و هێمایەکە لە جیهانەکەی تر. ڕەنگی سەوز بە شێوە کلاسیکەکەی، ڕەنگی ئایینی ئیسلامە و لە ئاڵای وڵاتانی عەرەبستان، کۆماری ئازەربایجان و ئەفغانستان و... خۆی دەنوێنێت. هەروەها لە ئاڵای وڵاتانی جامائیکا و ئۆزبەکستاندا، باس لە سەرسەوزی و دارستانی ئەو وڵاتانە دەکات. ڕەنگی سەوز لە ئاڵای کوردستانیشدا بە واتای: سەوزایی، ئاوەدانیی وڵات و پاراستنە.

ڕەنگی سپی لە ئاڵای زۆرینەی وڵاتاندا، وەکوو ئۆزبەکستان و هیند، بە واتای ئاشتییە. بەڵام لە هەندێکی تردا، واتای شتی تریش دەدات. لە ئاڵای وڵاتی فنلانددا، باس لە بەفر لە زستاندا دەکات، یان لە ئاڵای کانادادا نیشانەی ناوچە بەفرییەکانی باکووری ئەم وڵاتەیە. لە ئاڵای تاجیکستاندا نیشانەی پیشەی گرینگی ئەم وڵاتەیە، واتە "لۆکە". ڕەنگی سپی لە ئاڵای ئەندنۆزیدا بە واتای ڕۆحە کە بەرامبەری ڕەنگی سوورە کە باس لە لەش دەکات. سپیبوونی خاچ لە ئاڵای یۆناندا، بە نیشانەی پاکیی شەڕی سەربەخۆیی یۆنانە. ڕەنگی سپی لە ئاڵای کوردستانیشدا بە واتای: ئاشتی، ئارامی و ئاگربەستە.

ئاڵا بۆ ئێمەی کوردیش دەبێ زۆر گرینگ بێت، چونکە نیشانەی شوناسی نەتەوەیی ئێمەیە و بە ڕەنگ و نەخشەکانی، باس لە نەتەوەیەک بە ناوی کورد دەکات کە سەدان ساڵە دوژمنان دەیانەوێت ئەم شوناسە ئاسمیلە بکەن و لەنێوی بەرن.


ئه‌م بابه‌ته 98 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر