كوردستان لە جەنگی جیهانی دژی كۆرۆنا

PM:10:59:21/03/2020
دۆسیە: دەوڵەت سازی


بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

كرۆنا.. دوژمنێكی سامناكی نادیار.. تێكشكاندنی مرۆڤ و ئابوری و شارستانیەت.. هێرشێكی لەناكاو.. خورپەیەك بۆ هەموو جیهان.

پەتایەك وەك ئاگری ناو كا، هەموو جیهانی تەنی.. دەوڵەتانی خاوەن سەدان ساڵ ئەزمون . ئابورییە زەبەلاحەكانی جیهان.. دووچاری ڕاوەستان و شۆك بوون.

لەدوای شەڕی دژ بەداعش، ئەمە دووەم ئەزمونی گەورەی جیهانییە بۆ كورد كە لەكاتی هەڵایسانی قەیرانەكەدا، خۆی خاوەنی بڕیاری خۆیەتی.. مامەڵەی حكومەتی كوردستان لەگەڵ ڤایرۆسەكە، گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی، هەنگاوبەهەنگاو مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كێشە جیهانییەدا، بۆ پاراستنی هاوڵاتییان  بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەكان، هەمووان بەڕێزەوە لێی دەڕوانن.

بەرلەوەی كێشەكە تەنگ بە كۆمەڵگەی كوردستان هەڵچنێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم هاتە سەر شاشەكان و بەڕوونی گوتی: "پاراستنی گیانی هاووڵاتییان ئەركی ئێمەیە".

ئەوە لەكاتێكدابوو، زۆرێك لەوڵاتانی جیهان هێشتا ملیان نەدابوو بەوەی بەناچاری ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی پێرەوبكەن، تەنانەت پەیامی خۆئامادەكردن بۆ مەرگی ئازیزانیان لەهاووڵاتیانی خۆیان ئەدا.

هەربۆیە هەنگاوەكانی حكومەتی كوردستان، بوونە جێگەی ستایش و دەستخۆشی  زۆربەی میدیاكان و ناوەندە فەرمییەكان و نێردە دیپلۆماسیەكانی بیانی لەكوردستان.

كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە پۆستێكدا دەنوسێت: "ڕێوشوێنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مایەی دەستخۆشیی ودڵخۆشیین".

كوردستان كە ئێستا بووەتە سەنگەرێك بۆ نوسینەوەی ئەزمونێكی دەوڵەمەند لەجەنگێكی جیهانی گەورەدا دژی كۆرۆنا،  نەلەدەرك كردن بەكێشەكە، نەلە گرتنە بەری ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی، دوانەكەوتووە، تا ئەو ڕادەیەی وڵاتانی گەورە، دوای ماوەیەك لە ملنەدان دەگەڕێنەوە بۆ پێڕەوكردنی ئەو هەنگاوانەی كە كوردستان لەسەرەتاوە پێڕەوی كرد.

خەڵكی كوردستان چەندین نەخۆشخانەی تایبەتیان دروستكرد. دەزگاكانی تەندروستی بەلێبڕاوییەوە كەوتنە كار، پۆلیس و ئاسایش هاوكاریی راستەقینەی بڕیارەكانی پاراستنی خەڵكی كوردستان بوون.. بازرگان وبازاڕەكان نەشڵەژان و خواردەمەنی و كەلوپەل لەبازاڕدا  زیاتر بوو نەك كەمتر.

لەكاتێكدا لە چەندین وڵاتی گەورەی جیهان بازاڕەكان خاڵی بوون لەخواردن و پێداویستی ڕۆژانە و ئەوەش شڵەژانی كۆمەڵایەتی لەو وڵاتانە دروستكرد.

لەكوردستان ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، بەشدارن لەهەڵمەتی جەنگان دژی كۆرۆنا.. چاوی كورد درێغی نەكرد لەبڵاوكردنەوەی وشیاری تەندروستی و بەسەدان پرۆشەر و بابەتی پاكژكاری بڵاوكردەوە.

سەركەوتنی مرۆڤ بەسەر كۆرۆنادا، لە ووهان، لە كوردستان، لە ئەورووپا و تەواوی جیهان، دەبێت ئەزمونێك كە حكومەتی كوردستان بەهاوكاری خەڵكی  دڵسۆز، تیایدا بەشداری ڕاستەقینەن، لەسەنگەری پێشەوەن..بۆیە ئەزمونی كۆرۆنا، حكومەتی كوردستان چەندین هەنگاو لەحوكمی ڕەشید نزیك دەكاتەوە.



ئه‌م بابه‌ته 122 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر