ڕوسیاو تورکیا: (٣٠٠) ساڵ شەڕو ململانێ

ساڵی ١٧٣٥ هەردوو ئیمپراتۆریەتی ڕوسی و نەمسایی بوونە هاوپەیمان و لەدژی تورکیا کەوتنە شەڕ، سەرەنجام روسیا کۆنترۆڵی مۆڵداڤیای کرد کە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەری تورکەکاندا بوو.
PM:08:50:20/03/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
بەگوێرەی پەیمانی سان ستیڤانۆ، تورکیا دەستبەرداری رۆمانیاو سربیاو مۆنتینیگرۆ بوو، ئیدی ئەو وڵاتانە سەربەخۆ بوون. هەروەها بۆسنەو هێرزەگۆڤین مافی ئۆتۆنۆمی وەرگرت. بولگاریاش لەژێر پارێزگاریی روسیادا ئۆتۆنۆمی وەرگرت.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

پەیوەندیی نێوان ڕوسیاو تورکیا کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەردەستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاو ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بنیات نراوەتەوە، ئێستا بە قۆناغیکی نالەباردا تێدەپەڕێت، سەرباری ئەوەش هەردوولا دەستیان گرتووە بە تاڵە مووەکەی مەعاویەوە. 

بە ڕوانێنێکی خێرای پەیوەندیی نێوان هەردوولا، دەردەکەوێت کە هەر لە سەردەمی هەردوو ئیمپراتۆریەتی ڕوسی و عوسمانلییەوە ململانێ و بەرەنگاربوونەوەی سەربازی، سیمایەکی زەقی پەیوەندیی نێوانیان بووە.  

هەوڵیکی چر
پێش چەند سەدەیەک کە روسیا لە سایەی قەیسەرەکاندا بووە هێزێکی گەورە، هەوڵیدا بگاتە دەریاکان، بەتایبەت ئاوە گەرمەکان و تێپەڕاندنی گرێکوێرەی بێکاربوون و لەنگەرترتنی کەشتییەکانی لە کەناراوەکانی بەڵتیک بۆ ماوەی چەندین مانگ، بەهۆی بەستنی ئاوی دەریاکەوە. بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە ستراتیجییەش، ڕوسیا لەماوەی سێ سەدەدا پانزە جار لەگەڵ تورکیا کەوتووەتە جەنگ.   

ساڵی ١٩١٤، واتە یەکەم ساڵی جەنگی یەکەمی جیهانی، نزیکەی ٥٠٪ی تەواوی هەناردەی ڕوسی و ٩٠٪ی هەناردە کشتوکاڵییەکانی لەڕێی هەردوو بەندەری بۆسفۆرو دەردەنیلی تورکییەوە تێپەڕین. ڕوسیا چنگی گەیشتە کەناراوەکانی دەریای ڕەش، ئەوە بوو لە کۆتایی جەنگی یەکەمی کرێما لەنێوان ساڵانی ١٧٦٨و١٧٧٤دا ئەم ئامانجەی پێکا. لەو کاتەوە ڕوسیا بووەتە هێزێکی گەورەی دەریایی لە دەریای ڕەشدا. پێشتر خەمی ڕوسیا ئەوە بوو کە دەسەڵاتی بەسەر هەردوو تەنگەی دەردەنیل و بۆسفۆردا بشکێت. یان لانیکەم جووڵەی ئوستوڵی ڕوسی و کەشتییەکانی مسۆگەر بکات، ئەوەش لەسەرووی ئەولەویات و ئامانجەکانیەوە بووە. هەڵبەتە ئەم خواستەی ڕوسیا ساڵێک پێش پەیمانی سایکس بیکۆ بەپێی ڕێکەوتننامەی قوستەنتینە جێگیر کرا.  

بەپێی ڕێکەوتننامەی نهێنی قوستەنتینە، بەریتانیاو فەرەنسا قایل بوون هەردوو تەنگەی دەردەنیل و بۆسفۆرو تەنانەت شاری قوستەنتینەی پایتەختی ئەوکاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی روسیا، لەحاڵێکدا ئەگەر هەرسێ هاوپەیمانەکە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا سەرکەوتن، بەڵام هەڵگیرسانی شۆڕشی روسیاو لەناوبردنی دەسەڵاتی قەیسەرەکان لە ساڵی ١٩١٧دا کۆتایی بە ڕێکەوتننامەکە هێنا! 

وانەیەکی مێژوو
ساڵی ١٥٢٩ دەوڵەتی عوسمانلی توانیی بگاتە دەروازەکانی ڤیەننا، بەڵام نەیتوانی شارەکە داگیربکات، تێکشکا و ئیدی دوای ئەوە قۆناغی پاشەکشێکردنی لە زیاتر لە بەرەیەکەوە دەستی پێکرد.

لە بەرەی باکوورەوە زنجیرەیەک شەڕ لەنێوان روسیاو عوسمانییەکان بەرپابوون، کە هەموویان بە زیانی عوسمانلییەکان کۆتاییان پێهات و خاکێکی زۆریان لەدەستدا کە پێشتر داگیریان کردبوون. ئیتر ئیمپراتۆریەتی روس گەیشتە دەریای ڕەش. 

یەکەم جەنگی نێوان ڕوسیاو تورکیا لەنێوان ساڵانی ١٦٧٦و١٦٨١دا بوو لەسەر خاکی ئۆکرانیای ئێستا، روسیا نەیتوانی کۆنترۆڵی نیمچە دورگەی کرێما بکات کە دەکەوێتە سەر دەریای ڕەش. لەنێوان ساڵانی ١٦٨٧و ١٦٨٩دا روسیا جارێکی تر هەوڵی دایەوە، بەڵام دیسان شکستی خوارد. بەڵام لەنێوان ساڵانی ١٦٩٥و ١٦٩٦ قەیسەری روسیا پوتروسی یەکەم بە زەبری هێزێکی بێشووماری سەربازی توانیی قەڵای ئازۆف-ی سەر دەریای دۆن بگرێت.  

ساڵی ١٧١١ تورکیا توانی قەیسەر ناچار بکات بۆ گێڕانەوەی ناوچەی ئازۆف دوای ئەوەی کە هەوڵەکانی قەیسەر بێهوودە بوون بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری تورکیا لە ناوچەی باڵکان و دۆڕاندنی شەڕی گەورەی کەنار دەریای برۆت کە ئێستا هەردوو وڵاتی مۆڵداڤیاو ڕۆمانیا لەیەکتر جیادەکاتەوە. 

ساڵی ١٧٣٥ هەردوو ئیمپراتۆریەتی ڕوسی و نەمسایی بوونە هاوپەیمان و لەدژی تورکیا کەوتنە شەڕ، سەرەنجام روسیا کۆنترۆڵی مۆڵداڤیای کرد کە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەری تورکەکاندا بوو. پاشان تورکیا هەردوو ئیمپراتۆریەتەکەی تووشی شکست کردو بەهۆی گۆڕانی هاوکێشەی هێزەوە ڕوسیا هیچ دەسکەوتێکی ئەوتۆی لە پەیماننامەی بەلگرادی ساڵی ١٧٣٩ نەچنیەوە. 

ساڵی ١٧٦٨ سوڵتانی عوسمانی داوای لە ئیمپراتۆری ڕوسیا خاتوو کاترینی دووەم کرد کە دەست هەڵبگرێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی پۆڵۆنیا. جەنگێک لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرسا کە شەش ساڵی خایاند، روسیا سەرکەوتنی گەورەی تێدا بەدەستهێناو بە یەکجاری دەستی گرت بەسەر نیمچە دورگەی کرێما و دەریای ئازۆف و ناوچەی بیسارابیا. 

هێزی تایبەتی مارشاڵی ڕوسی رۆمیانتسیێڤ توانیی مۆڵداڤیا کۆنترۆڵ بکات. پاشان گەیشتە بولگاریاو لەوێش زیانێکی گەورەی بە هێزەکانی تورک گەیاند. تورکیا ناچاربوو داوای رێکەوتننامەیەکی نوێی ئاشتی بکات. ساڵی ١٧٧٤ ڕێکەوتننامەی "کوچک کاینارچی" مۆر کرا -کە شارۆچکەیەکی بچووک بوو، ئێستا کەوتووەتە بولگاریاوە-. 

دیارترین بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە ئەوە بوو کە تورکیا دانی بەوەدا نا کرێما ناوچەیەکی سەربەخۆیەو هەروەها سنووری ئیمپراتۆریەتی روسیاش گەیشتە ڕووباری (بۆ) کە دەکەوێتە ئۆکرانیای ئیستاوە. گرنگترین دەستکەوتی تورکیا ئەوەبوو کە مافی ئەوەی هەبێت ئوستوڵی دەریایی لە دەریای ڕەشدا هەبێت. 

پێگەیەکی بەهێزتر
کار گەیشتە ئەوەی ڕوسیا بووە خاوەن پێگەیەکی بەهێزتر لە جاران، لە بەرامبەردا سوڵتاننیشنی عوسمانلی لە چەندین بەرەوە دووچاری کۆمەڵێک شکست و پاشەکشێ بووەوە. خاتوونی ئیمپراتۆر کاترین بە یەکجاری ناوچەی کرێمای خستە سەر ڕوسیا. 

ساڵی ١٧٨٧ جەنگێکی دیکە لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرساو ئیمپراتۆریەتی نەمسایی پشتیوانیی روسیای دەکرد. هێزی ڕووس بە فەرماندەیی ژەنەراڵ سۆفۆرۆڤ توانیی هەردوو ڕوباری دنیستەرو دانوب کۆنترۆڵ بکات، بەهۆی سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی روسەوە تورکیا ملکەچ بوو بۆ پەیماننامەی "لاشی" ساڵی ١٧٩٢، لەسەر بنەمای ئەو ڕێکەوتنەش دەوڵەتی عوسمانلی بەتەواوەتی دەستبەرداری کەناری خۆرئاوای ئۆکرانیا بوو لەسەر دەریای ڕەش.  

ساڵی ١٨٠٦ سوڵتانی عوسمانلی هەستا بە لابردنی فەرمانڕەواکانی ڕووس لە مۆلداڤیاو ڤالاشیا. جەنگ لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرسایەوە، بەڵام ئەمەیان زیاتر خۆنمایشکردن بوو، چونکە ڕوسیا بەگومان بوو لە نیازەکانی ئیمپراتۆری فەڕەنسا ناپلیۆن پۆناپارت لەوەی کە بەرەو خۆرهەڵات بەتایبەت بەرەو روسیا مل بنێت.

ساڵی ١٨١١ لەکاتێکدا کە روسیا ئامادەکاری دەکرد بۆ جەنگێکی وێرانکەر دژی هیزەکانی ناپلیۆن، ژەنەراڵی ڕووس کۆتۆزۆف هێرشێکی بروسکە ئاسای کردە سەر بەرەی تورکیاو توانیی تاڵاوی شکستی گەورە بە سوپای عوسمانلی بچێژێت و ناچاری کردن بۆ مۆرکردنی پەیماننامەی بوخارستی ساڵی ١٨١٢، کە بەگوێرەی ئەو پەیمانە تورکیا دەستی لە تەواوی ناوچەی بیساربیا هەڵگرت بۆ ڕوسیا. 

دوای ئەوەی ڕوسیا کۆنترۆڵی تەواوی کەناراوەکانی باکووری دەریای ڕەشی کرد، ئامانجی شەڕەکانی داهاتووی بریتی بوو لە پتەوکردنی نفووزی خۆی لە ناوچەی باڵکان و سنووردارکرنی نفووزی تورکیاو کۆنترۆڵکردنی تەنگەی دەردەنیل و بۆسفۆرو پەلهاوێشتن بۆ ناوچەی باڵکان. 

لە جەنگی نێوان هەردوولا لەماوەی نێوان ساڵانی ١٨٢٨و ١٨٢٩، ڕوسیا کۆنترۆڵی بولگاریای کردو گەیشتە باکووری خۆرئاوای ناوچەی ئەنادۆڵ. تورکیا هەر ئەوەندەی پێکرا داوای ڕێکەوتنی ئاشتیی کرد، ئەوەبوو ساڵی ١٨٢٩ پەیماننامەی ئەدرنە مۆرکراو لەسەر بنەمای ئەوەش ڕوسیا کەناری خۆرئاوای دەریای ڕەشی خستە ژێر ڕکێفی خۆی، هەروەها تورکیا دانی نا بە سەروەریی ڕوسیا لە جۆرجیاو بەشێک لە ئەرمینیای ئێستا.   

ساڵی ١٨٥٣ جەنگی یەکەمی کرێما هەڵگیرساو سێ ساڵی خایاند، پاشان بە پەیماننامەی پاریس ١٨٥٦ کۆتایی پێهات. جەنگەکە بەهۆی ئەوەوە سەریهەڵدا کە ڕوسیا داوای (وصایه‌)ی دەکرد بۆ ئەرسەدۆکسەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و لەسەرووی هەموویانەوە مەسیحییەکانی فەلەستین. بەریتانیاو فەرەنسا بوونە پشتیوانی تورکیا لەدژی ڕوسیا. سەرباری دۆڕانی ڕوسیا لە جەنگەکەدا، بەڵام پەیماننامەی پاریس ئەو مافەی پێدا کە زۆربەی ناوچەکان لەژێر ڕکێفیدا بهێلیتەوە کە پێشتر لە چنگی عوسمانلی دەرهێنابوو.  

دوای بیستودوو ساڵ، جەنگی دووەمی کرێما هەڵگیرسا، کە دواهەمین و گرنگترین جەنگی نێوان هەردوولا بوو، ئەنجامەکەشی شکستێکی قورسی عوسمانلی بوو. 

ساڵی ١٨٧٧ ڕوسیا لەگەڵ سربیای هاوپەیمانیدا بوونە پاڵپشت بۆ یاخیبووەکان لەدژی عوسمانلی لە بۆسنەو هێرزەگۆڤین و بولگاریا، ئەوەبوو ڕووسەکان هێرشیان کردە سەر بولگاریاو گەیشتنە شاری ئەدریناپول (ئەدرنەی ئێستا)ی سنووری نێوان یۆنان و بولگاریاو تورکیا. وەک هەمیشە تورکیا لە پێگەی شکست و دۆڕانەوە پەیماننامەی سان ستیڤانۆ-ی مۆرکرد.  

بەگوێرەی پەیمانی سان ستیڤانۆ، تورکیا دەستبەرداری رۆمانیاو سربیاو مۆنتینیگرۆ بوو، ئیدی ئەو وڵاتانە سەربەخۆ بوون. هەروەها بۆسنەو هێرزەگۆڤین مافی ئۆتۆنۆمی وەرگرت. بولگاریاش لەژێر پارێزگاریی روسیادا ئۆتۆنۆمی وەرگرت.

و/ سیڤەر
ژێدەر/ BBC


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر