بۆچی نرخی نەوت هاڕەی کرد؟

PM:08:27:20/03/2020
دۆسیە: شیکار


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

رۆژی‌ (9)ی‌ مارسی‌ ئه‌مساڵ‌ هه‌موو جیهان له‌ "زه‌مین له‌رزه‌یه‌كی‌ ئابووری‌" خه‌به‌ری‌ بۆیه‌وه‌، ئه‌ویش دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت بوو به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ساڵی‌ (1991)وه‌‌و دوای‌ داگیركردنی‌ كوێت له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌، نه‌وت ئه‌و نرخه‌ی‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیبوو.

بازاڕی‌ نه‌وت له‌جیهاندا ترسی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنای‌ هه‌بوو كه‌ كاریگه‌ری‌ بكاته‌ سه‌ر ئابووری‌ جیهان‌و خواستی‌ نه‌وت، ئه‌وه‌بوو له‌ 9ی‌ مارسدا نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ برێنتی‌ خاو له‌كاتی‌ داخستنی‌ بازاڕدا به‌ڕێژه‌ی‌ (22%) دابه‌زی‌‌و گه‌یشته‌ (35.45) دۆلار‌و نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وتی‌ ئه‌مریكی‌ به‌ڕێژه‌ی‌ (20%) دابه‌زی‌‌و گه‌یشته‌ (33.15) دۆلار.

له‌مانگی‌ شوباتی‌ 2014 دا نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ خام (برێنت) "كه‌ له‌كێڵگه‌كانی‌ ده‌ریای‌ باكور ده‌رده‌هێنرێت‌و به‌پێوانه‌ی‌ نرخه‌كانی‌ نه‌وتی‌ خاو له‌جیهاندا داده‌نرێت"، گه‌یشته‌ (110) دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌، به‌ڵام له‌ئێستادا نرخی‌ ئه‌و به‌رمیله‌ نه‌وته‌ ته‌نها (25) دۆلاره‌.

ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌ نرخی‌ نه‌وت له‌سه‌روو سه‌د دۆلاره‌وه‌ بوو له‌ساڵی‌ 2011 ه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌وه‌ كۆتایی پێ‌ بێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ بۆچوونه‌ مێژووییه‌كان ئاسایی‌ نییه‌، بۆ نمونه‌ له‌ساڵانی‌ هه‌شتا‌و نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت ته‌نها (20) دۆلار بوو.

بۆچی‌ نرخی‌ نه‌وت دابه‌زی‌؟
سعودیه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین وڵاتی‌ جیهانه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتدا، له‌دوو هه‌فته‌ی‌ رابردوودا شه‌ڕی‌ نرخه‌كانی‌ به‌رپاكرد، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ سعودیه‌ له‌وه‌وه‌ دێت كه‌ له‌گه‌ڵ روسیادا شكستیان هێنا له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی‌ (ئۆپیك)دا هه‌یان بوو.

ساڵی‌ 2016 دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت بۆ (30) دۆلار دابه‌زی‌، سعودیه‌‌و روسیا یه‌كیانگرت بۆ دروستكردنی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێت "هاوپه‌یمانی‌ ئۆپیك"، هه‌ردوو وڵات رۆژانه‌ (2.1) ملیۆن به‌رمیل نه‌وتیان به‌رهه‌مهێنا‌و سعودیه‌ خوازیار بوو كه‌ ئه‌و بڕه‌ بۆ (3.6) ملیۆن به‌رمیل رۆژانه‌ زیاد بكات‌و تا ساڵی‌ 2020 یش به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام فلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی‌ روسیا هه‌ستی‌ به‌دڵه‌راوكێ‌ ده‌كرد له‌وه‌ی‌ سازشی‌ زۆر بۆ به‌رهه‌مهێنه‌رانی‌ نه‌وتی‌ ئه‌مریكا بكرێت، هه‌ربۆیه‌ ره‌زامه‌ند نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و پلانه‌، ئه‌وه‌ش وای‌ له‌(ئه‌لسكه‌نده‌ر نۆڤاك) وه‌زیری‌ وزه‌ی‌ روسیا كرد له‌لێدوانێكدا بڵێ‌: "هه‌ر وڵاتێك چه‌ند بتوانێت نه‌وت به‌رهه‌م بهێنێت".
 
بۆچی‌ سعودیه‌ شه‌ڕی‌ نرخی‌ به‌رپاكرد ؟
ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر باشترین رێگه‌ بۆ ئیداره‌ی‌ بازاڕی‌ نه‌وتی‌ جیهانی‌ له‌دوا كۆبونه‌وه‌ی‌ نێوان روسیا‌و ئۆپێك كه‌ له‌ڤێنا به‌ڕێوه‌چوو درێژه‌ی‌ كێشا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ روسیا رایگه‌یاند كه‌ ده‌سبه‌رداری‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ ده‌بێت، سعودیه‌ش ترسی‌ له‌وه‌ هه‌بوو كه‌ روسیا له‌بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌شیمان بێته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیاریدا پشكی‌ خۆی‌ له‌رێگه‌ی‌ دابه‌زاندنی‌ نرخه‌وه‌ زیاد بكات، كه‌ هه‌ندێك پێیانوایه‌ سعودیه‌ پلان بۆ ئه‌وه‌ دائه‌نێت كه‌ رۆژانه‌ (10) ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌مبهێنێت.

كۆرۆنا چ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌؟
ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر خواستی‌ وزه‌ له‌هه‌موو جیهاندا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت وڵاتی‌ (چین) كه‌ له‌ئێستادا گه‌وره‌ترین كڕیاری‌ نه‌وتی‌ خاوه‌ له‌جیهاندا‌و رۆژانه‌ نزیكه‌ی‌ (10) به‌رمیل نه‌وت ده‌كڕێت، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌رچی‌ كارگه‌ گه‌وره‌كان‌و هه‌زاران گه‌شتی‌ ئاسمانیی بۆ جیهان به‌هۆی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆناوه‌ "ئه‌و ڤایرۆسه‌ی‌ له‌شاری‌ وۆهانی‌ چینه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداو بووه‌ په‌تایه‌كی‌ جیهانی‌" وه‌ستاوه‌.

ئه‌و وڵاتانه‌ كامانه‌ن كه‌ زۆرترین زیان ده‌كه‌ن؟
بێگومان هیچ وڵاتێك نییه‌ له‌م روداوانه‌ سوودمه‌ند بێت، ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ زۆر زیان ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ نه‌وتن، له‌و باره‌یه‌وه‌ روسیا رایگه‌یاند كه‌ كه‌مترین به‌ركه‌وته‌ی‌ ئه‌بێت له‌دابه‌زینی‌ نرخدا، چونكه‌ میزانییه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ پشتی‌ به‌ نرخی‌ ناوه‌ڕاست به‌ستووه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ (40) دۆلاره‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك.

وڵاتانی‌ كه‌نداویش نه‌وت به‌كه‌مترین تێچوو به‌رهه‌مده‌هێنن كه‌ به‌نزیكه‌ی‌ (2 بۆ 6) دۆلاره‌ بۆ هه‌ربه‌رمیلێك، به‌تایبه‌ت له‌ (سعودیه‌‌و كوێت‌و ئیمارات)، به‌ڵام به‌هۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌ت‌و گوێنه‌دانی‌ هاوڵاتییه‌كانی‌، پێویستی‌ به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت (70) دۆلار بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر میزانییه‌كه‌ی‌ هاوتا بكات.

ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ پشتیان به‌نه‌وت به‌ستووه‌ بۆ ئابوری‌ وڵات‌و ساڵانێكه‌ به‌ده‌ست ململانێ‌‌و راپه‌ڕین‌و سزاكانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، كاریگه‌ری‌ زیاتریان له‌سه‌ر، وه‌ك (عیراق، ئێران، لیبیا‌و فه‌نزوێلا).

كاریگه‌ری‌ ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكاش هه‌یه‌، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ خێراییانه‌ی‌ له‌نه‌وتدا هه‌یه‌ سوپرایزێكی‌ ئابوری‌ بۆ هه‌ندێ‌ له‌ویلایه‌ته‌كانی‌ په‌لكێشده‌كات‌و زیان له‌نرخی‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت ده‌دا.

ئایا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر به‌كارهێنه‌ران ده‌بێت؟
كڕیاره‌ گه‌وره‌كانی‌ نه‌وت وه‌ك (چین‌و هند‌و ئه‌ڵمانیا) سوودمه‌نترین وڵاتن له‌دابه‌زاندنی‌ نرخی‌ سوته‌مه‌نیدا، هاوكات به‌كارهێنه‌رانیش به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ سوودمه‌ند له‌دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وتدا، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا.

ئا/ کاوان بەکر
ژێدەر/ CNN, DW


ئه‌م بابه‌ته 93 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر