هەڵسەنگاندنی سیاسه‌تی هه‌رێم له‌ پرسی ڤایرۆسی كۆرۆنادا

مه‌ترسی كۆڤید-19 له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌هه‌ند وه‌رگیرا وده‌سپێشخه‌ری گونجاو ئه‌نجامدرا، حكومه‌تی هه‌رێم له‌مبواره‌دا پێشه‌نگ بوو چونكه‌ ئاستی مه‌رسییه‌كه‌ی به‌ هه‌ند وه‌رگرت و لێی تێگه‌یشت.
PM:10:28:19/03/2020
دۆسیە: دەوڵەت سازی
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌ت وه‌ك رێككار له‌سه‌رئاستی باڵا له‌ قۆناغی ئاماده‌كارییدا رۆڵی گرنگی بینی له‌ زوو ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی روبه‌ڕووبوونه‌وه ‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ڤایرۆسی كۆڤید-19.

سامان صالح
رۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆ-ماسته‌ر له‌سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كاندا

پێشه‌كی:
له‌ دوای ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، له‌ ویلایه‌تی "وهان"(1) له‌ وڵاتی چین له‌ كۆتایی ساڵی 2019، كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی"WHO‌" به‌ "كۆڤید 19" ناسراوه‌ و له‌ هه‌مانكاتدا بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرا و كاریگه‌ریی ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ كه‌، به‌ ڤایرۆسێكی "كوشنده‌" ده‌ناسرێت، حكومه‌ته‌كانی وڵاتانی جیهان هه‌ریه‌كه‌و به‌ گوێره‌ی سروشت و تواناكانی به‌رده‌ستی، زنجیره‌یه‌ك سیاسه‌تی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ڤایرۆسه‌كه‌ خسته ‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
 له‌م بواره‌‌شدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دوای ده‌ركه‌وتن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه به‌ تایبه‌ت‌ له‌ وڵاتی ئێرانی دراوسێی به‌شێوه‌یه‌كی خێرا، بۆ رووبه‌ڕووبووونه‌وه‌ و رێگریكردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسه‌كه‌ سیاسه‌تی گشتیی خۆی راگه‌یاند و به‌ چه‌ند قۆناغێك خستیه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، چه‌ندین به‌رنامه‌ی كرده‌یی له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م ده‌زگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندیی هه‌ولێر و حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان له ‌پارێزگه‌ و كارگێڕییه‌ سه‌ربه‌خۆكان (ئیداره‌كان) داناوه‌ كه‌ لێره‌دا به ‌"سیاسه‌تی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم" له‌ بواری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناوی ده‌به‌ین.
مه‌به‌ستمان له‌ سیاسه‌تی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا؛ بریتییه‌ له ‌سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیار و راگه‌یاندن و رێنمایی و روونكردنه‌وه‌ و پلان و هاوكاریی و رێكه‌وتن و به‌گه‌ڕخستنی كه‌رته‌ جیاوازه‌كان و به‌كارهێنانی سه‌رمایه‌ی مادی و مرۆییه‌ كه،‌ له‌ ماوه‌ی نێوان كۆتایی مانكی شوباتی/2020 تا ئێستا؛ واته‌: مانگی ئازاری 2020 جێبه‌جێی ده‌كات.
له‌م په‌یپه‌ره‌دا، شیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سیاسه‌تی گشتیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆسیه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كرێت. 


یه‌كه‌م: ساسه‌تی گشتی حكومه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ
 لێره‌دا به‌ پشتبه‌ستن به‌ تێڕوانین و میتۆدی "تۆماس دایT.Dye " ده‌مانه‌وێت شیكردنه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین له‌ڕێگه‌ی؛ ئه‌م پرسانه‌وه‌ ‌: "زانینی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت چی ده‌كات؟ بۆچی ده‌یكات؟‌ ئه‌و كارانه‌ی حكومه‌ت ده‌یانكات، چ جیاوازیی و گۆڕانكارییه‌ك دروست ده‌كه‌ن؟"(2).
1- كێشه‌كه‌ چییه‌، سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ بۆچی داده‌نرێت؟

 رۆژی 31/ی دیسه‌مبه‌ری 2019 رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند؛ كه‌ "ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتی چین رایانگه‌یاندووه‌:‌ بارێكی ناهه‌مواری ته‌ندروستی تۆماركراوه‌ كه،‌ بریتییه‌ له‌ هه‌وكردنێكی توندی سییه‌كانی مرۆڤ، كه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌وكردن و نه‌خۆشییه‌كه‌ نه‌زانراوه‌ و له ‌ناوچه‌ی ووهان، له‌ بازاڕی فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌ ده‌ریاییه‌كان هه‌ستی پێكراوه‌ و رێككاری دابڕینی تووشبووان گیراوه‌ته‌به‌ر(3). هه‌تا ئه‌م قۆناغه‌ش پرسه‌كه‌ هێنده‌ نه‌ببووه‌ جێی سه‌رنجی جیهان و به‌ نه‌خۆشییه‌كی ناوچه‌یی ناو وڵاتی چین ده‌درایه‌ قه‌ڵه‌م، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه‌، وه‌ك "په‌تا" مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌ ده‌كرا، ناڕوونی سه‌رچاوه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌و تازه‌یی جۆری ڤایرۆسه‌كه‌ "كۆرۆنا" وایكرد ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ ناوببرێت به‌ "كۆڤید 19" كه‌ كورتكراوه‌ی ناوه‌كانی: كۆرۆنا، ڤایرۆس، disease دزیس؛ واته:‌ نه‌خۆشی" بوو.

له‌ 11/ی جه‌نیوه‌ری/2020 ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتی چین، یه‌كه‌م باری مردنیان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆڤید 19 راگه‌یاندو دوو رۆژ دواتریش واته‌ له‌ 13/1/2020 یه‌كه‌م توشبوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی چین كه‌ به‌ لانكه‌ی (Homeland) ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌ردایه‌ قه‌ڵه‌م له‌ تایلاند تۆماركرا(4).

له‌ 2/1/2020 شاره‌زایه‌كی بواری ته‌ندروستی له‌ وڵاتی چین رایگه‌یاند كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌  گوازه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ مرۆڤێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌و له‌ 21/1/2020 یه‌كه‌مین باری توشبوو به‌ ڤایرۆسی كۆڤید 19 له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا تۆماركرا(5).

له‌دوای ئه‌م ژمارانه‌ی تووشبوو كه‌ له‌ جیهاندا، به‌تایبه‌ت وڵاتانی كیشوه‌ری ئاسیا تۆماركران، ترس و دڵه‌ڕاوكێ جیهانی گرته‌وه‌و وڵاتانی جیهان هه‌ریه‌كه‌ به‌ گوێره‌ی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی و زانستیی خۆی رێككاری پێوستی بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبونه‌وی ڤایرۆسه‌كه‌ گرته‌به‌ر.

به‌ڵام به‌گشتی له‌به‌ر ناڕوونی سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ و تازه‌یی جۆری ڤایرۆسه‌كه‌ و بیربۆچوون و لێدوانه‌ سیاسییه‌كان، ده‌توانین بڵێین هاوڕایی له‌ جیهاندا به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه‌كانی وه‌ك یه‌ك نه‌بوو، سه‌ره‌تا جۆرێك له‌ رای ناوچه‌یی له‌ وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌مه‌ نه‌هامه‌تییه‌كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆ سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی كۆمۆنیستی له‌ چین ناردووه‌ به‌هۆی ئه‌و سته‌مه‌ی له‌ موسڵمانانی چینی ده‌كات و چه‌ندین تۆماری ڤیدیۆیی بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ گوایه‌؛ موسڵمانانی چین توشی نه‌خۆشییه‌كه‌ نابن!.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ تۆمه‌ته‌كانی نێوان چین و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام بوو. به ‌بڕوای ئێمه‌ به‌ سیاسیكردنی بابه‌ته‌كه ‌و تۆمه‌ت ئاڕاسته‌كردنه‌كان‌ وایكرد پێشگرتن به‌ مه‌ترسی ڤایرۆسه‌كه به‌تایه‌بت له‌ ئه‌وروپا‌ خاوتر بێت، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی جیاوازیی گه‌وره‌ له‌ سیاسه‌ت و رێبازی وڵاتانی رۆژئاوا و ئه‌مریكا له‌ پرسی چاره‌سه‌ر‌ی ته‌ندروستی بۆ هاوڵاتیان كه له‌گه‌ڵ‌ رێبازی رۆژهه‌ڵاتیی، به‌ رێبه‌رایه‌تی چین، جیاوازیی زۆریان هه‌یه‌،‌ لێره‌دا ده‌توانین به‌ پشتبه‌ستن به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ڤایرۆسه‌كه،‌ رێبازی رۆژهه‌ڵاتی - چینی، بۆ  رێگرتن و چاره‌سه‌ر به‌ سه‌ركه‌وتووتر له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین. 

كاتێك ڤایرۆسه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئێران و مه‌ترسی له‌لای هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌ دروستكرد، ئیتر زه‌نگی خۆئاماده‌كردن له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ لێدراو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌رووی سیاسی و كارگێڕیی و دارایی و ئاسایشیی، چه‌ند هه‌نگاوێكی گرته‌به‌ر، له‌وانه‌:
1- دروستكردنی لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌رئاستی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
2- ته‌رخانكردنی داهات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌.
3- پێدانی ده‌سه‌ڵات به‌ پارێزگا و كارگێڕییه‌ سه‌ربه‌خۆكان بۆ جێبیه‌جێكردنی كاره‌ پێویستیه‌كان.
4-  هێزه‌كانی ناوخۆ و ئاسایش خراونه‌ته‌ باری ئاماده‌ باشییه‌وه‌. 
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌ت وه‌ك رێككار له‌سه‌رئاستی باڵا له‌ قۆناغی ئاماده‌كارییدا رۆڵی گرنگی بینی له‌ زوو ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی روبه‌ڕووبوونه‌وه ‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ڤایرۆسی كۆڤید-19.

له‌ رووی زانستی رامیارییه‌وه‌ "لانیكه‌م له‌ڕووی تیۆرییه‌وه‌" حكومه‌ت، وه‌ك تاكه‌ ده‌زگای به‌هێزی ناو كۆمه‌ڵگه‌ داده‌نرێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كۆی ده‌زگاكانی تردا هه‌یه‌ و خاوه‌نی هێزی ڕه‌وایه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و رێكخستنی هێزه‌كانی دیكه‌. ئه‌م پێگه‌یه‌ی حكومه‌ت كه‌ به‌هێزتره‌ له‌ سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی دیكه‌ و له‌ هه‌مانكاتدا خاوه‌نی ره‌وایه‌تیشه‌، رۆڵی ئه‌وه‌یشی پێده‌دات كه‌ خاوه‌نی زانیاری زیاتر بێت به‌راورد به‌ ‌سه‌رجه‌م لایه‌ن و كه‌س و ده‌زگا خۆماڵییه‌كانی ناو وڵاته‌كه‌ی خۆی، كه‌دیسان زانیارییه‌كه‌ش دۆخێكی تری هێزه‌ بۆ حكومه‌ت. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڤید-19 به‌ تازه‌یی و نه‌دۆزراوه‌ییه‌كه‌ی جیهانی تووشی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك كردووه‌ كه‌ پێشتر و لانیكه‌م له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌ "به‌ ئه‌گه‌ری زۆر به‌هۆی سیسته‌می جیهانگیرییه‌وه‌" جیهان رووبه‌ڕووی دۆخێكی زانراو و ئاشكرای له‌مجۆره‌ نه‌بۆته‌وه‌.

هه‌ربۆیه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بازرانی: له‌ وتارێكیدا له‌ 17/3/2020، وتی: "هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی تری دنیا، رووبەڕووی هەڕەشەیەکی چاوەڕواننەکراو بووەوە"(6).

له‌م روانگه‌یه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی توانای حكومه‌تی هه‌رێم و به‌سوود وه‌رگرتن له‌ میتۆدی چینی و ژینگه‌ و سروشتی كۆمه‌ڵی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند رێككار و به‌رنامه‌یه‌كی وه‌ك سیاسه‌تی گشتی بنچینه‌یی بۆ ئاماده‌كردن و پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان، له‌ مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڤید-19، گرته‌به‌ر، وا‌ له ‌خواره‌وه‌ ده‌یانخه‌ینه‌ڕوو(7):
1- راگرتنی هاتووچۆ له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا.
2- راگرتنی هاتووچۆ له‌ ناو هه‌ردوو شاری هه‌ولێر و سلێمانی.
3- راگرتنی هاتووچۆ له‌ نێوان شارۆچكه‌كانی هه‌ردوو شاری هه‌ولێر و سلێمانی.
4- دیاریكردنی دوا مۆڵه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كه،‌ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانن.
5- خۆناساندنی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی كه‌ به ‌ڕێگه‌ی نا قانوونیی له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.
6-هه‌ریه‌كه‌ له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، تیپه‌ ته‌ندروستییه‌كان و هێزه‌كانی ئاسایش، ده‌خرێنه‌ باری ئاماده‌ باشییه‌وه‌.
7- هاوێركردن (كه‌ره‌نتینه‌كردن‌)ی ئه‌و هاوڵاتییه‌ عێراقی و بیانییانه‌ی كه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌ دێنه‌وه‌ به‌گوێره‌ی لیستێك كه‌ له‌ 33 ده‌وڵه‌ت پێكدێن*.
8- راگرتنی هێڵی گواستنه‌وه‌ی گشتیی له‌نێو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
9- سنوورداركردنی جموجوڵ و هاورده‌كردنی بازرگانیی له‌ ده‌ر‌وازه‌ سنوورییه‌كان.
10- داخستنی سه‌رجه‌م شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان و راگرتنی سه‌رجه‌م چالاكییه وه‌رزشییه‌كان.
11- راگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان‌ جگه‌ له‌ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و دیپلۆماتكاران و هاوپه‌یمانان.
12- چاودێری پزیشكیی له‌ هه‌موو خاڵه‌كانی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی وشكانی و ئاسمانی.
13- راگرتنی پێدانی ڤیزای هاتنه‌ناوه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ هاوڵاتیانی 8 وڵاتی كیشوه‌ری ئاسیا**و ئیتالیا.
14- راگرتنی كاری حكومه‌ت له‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان جگه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌، ناوخۆ، هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی. 
15- دابینكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ پارێزگه‌كان و ته‌رخانكردنی چه‌ند سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت له‌ پارێزگه‌كان بۆ مه‌به‌ستی دیاریكردنی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چاره‌سه‌ر وچاودێریكردنی تووشبووان.
16- رێكخستنی ناوبازاڕ و شوێنه‌كانی فرۆشتنی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان و چاودێریكردنی نرخ.
17- چاودێری ته‌ندروستی له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران.
18- راگرتنی بۆنه‌ و رێوره‌سمی سه‌رجه‌م ئاینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
19- راگرتنی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌ و زانكۆكان.
20- پێدانی ده‌سه‌ڵات به‌ وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت بۆ كارهاسانی و ده‌ركردنی رێككاری قانوونی پێویست بۆ بارسوككردنی ئه‌و شوێنه‌ بازرگانییانه‌ی كه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا، زیانیان به‌رده‌كه‌وێت.

هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت رۆڵێكی به‌رچاوی بینی بۆ خۆ ئاماده‌كردن له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست، وه‌ك:
1- له‌ ئاستی حكومیدا بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی حكومه‌ت، سه‌رچاوه‌كانی به‌رده‌ست بۆ كاره‌كان خرانه‌گه‌ڕ.
2- له‌ ئاستی كۆمه‌ڵدا هاوكاریی و كۆمه‌كی سه‌رمایه‌داران پێشكه‌شكرا، به‌ نموونه‌: دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 65 ته‌ختیی، تایبه‌ت به‌ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ پارێزگه‌ی سلێمانی له‌ ماوه‌ی 10 رۆژدا كه‌، له‌ مێژووی 29 ساڵی فه‌رمانڕه‌واییی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نموونه‌یه‌كی تاك و ناوازه‌یه‌ له‌ ڕووی خێرایی له‌ جێبه‌جێكردن و گونجاویی بۆ مه‌به‌سته‌كه‌ی و دواتریش ئه‌م پرۆژه‌ له‌ گه‌رمیان و راپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ولێر و چه‌مچه‌ماڵ دووباره‌ كرایه‌وه‌.
3- بڵاوبوونه‌وه‌ی هۆشیاری و تێگه‌یشتنی هاوڵاتیان و خۆ رێكخستن بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌رێگه‌ی كڕینی كه‌ره‌ستی پاككه‌ره‌وه‌ و ده‌سكێش و ده‌مامك و په‌یڕه‌وكردنی زانیارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.

حكومه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا هه‌بووه‌ له‌ ڕوی ته‌ندروستی و به‌گه‌ڕخستنی كه‌رته‌ نزیكه‌كانی وه‌ك هێزه‌كانی ناوخۆ و لیژنه‌كانی چاودێری قایمقامیه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌م قۆناغه‌دا كه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ باری نا ئاسایی ئه‌نجامیداوه‌ و چه‌ندین هێڵی په‌یوه‌ندی بۆ مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و پشكنین دانراوه‌ و ژماره‌ 122 وه‌ك هێڵی گه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی خراوه‌ته‌گه‌ڕ.

ده‌توانین تا ئێره‌ ئه‌م قۆناغه‌، به‌ قۆناغی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا‌ ده‌ستنیشان بكه‌ین وه‌ك سیاسه‌تی گشتی. له‌مه‌ودوا پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ حكومه‌ت بۆ وا ده‌كات؟.

دووه‌م: ئامانجی  له‌ سیاستی گشتی حكومه‌ت ‌به‌رامبه‌ر كۆڤید-19
 دوای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌لایه‌ن رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه‌ وه‌ك "په‌تا" یه‌كی جیهانی ناسێنرا، ترس له‌ بڵاوبوونه‌وه‌و له‌ ده‌ستده‌رچوونی زیاتر بوو، به‌جۆرێك كه‌ ببێته‌هۆی رووخاندنی ته‌واوی توانای حكومه‌ته‌كان و نه‌توانینی به‌ڕێوه‌بردنی، به‌تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان له‌بارودۆخێكی دژواری ئابووری و سیاسی و خزمه‌تگوزاریدایه‌.

مه‌ترسی كۆڤید-19 له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌هه‌ند وه‌رگیرا وده‌سپێشخه‌ری گونجاو ئه‌نجامدرا، حكومه‌تی هه‌رێم له‌مبواره‌دا  پێشه‌نگ بوو چونكه‌ ئاستی مه‌رسییه‌كه‌ی به‌ هه‌ند وه‌رگرت و لێی تێگه‌یشت.

د. ئومێد ره‌فیق، مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌كان، له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی كاریگه‌ریی و هه‌ڕه‌شه‌ی كۆڤید-19 وه‌ ده‌ڵێت: "كۆرۆنا هه‌ر سیسته‌می به‌رگری مرۆڤ تاقیی ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو سیسته‌می ئابووری و سیاسی تاقیده‌كاته‌وه‌، رۆژانی داهاتوو ده‌رهاویشته‌و لێكه‌وته‌كانی زیاتر به ‌گه‌وره‌یی ده‌رده‌كه‌ون... ."(8).

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین؛ توندكردنی رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزیی حكومه‌تی هه‌رێم له ‌كاتێكدا هه‌تا ئێستا ته‌نها 39 تووشبوو له‌ناو سنووری كارگێڕیی حكومه‌تی هه‌رێم جگه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی دیكه‌ به‌ كۆڤید-19 هه‌یه‌، هه‌نگاوێكی جێی سه‌رنجه‌، چونكه‌ ده‌كرێت بڵێین؛ ستراتیژی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئامانجه‌ گشتییه‌ جیهانییه‌كان یه‌كانگیر بووه‌ له‌ رێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسه‌كه‌، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم بۆته‌هۆی (9):
1- رێگرتن له‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان و رێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه‌. هه‌تا ئاستێكی باش له‌م قۆناغه‌دا.
2- پاراستنی سیسته‌می ته‌ندروستی هه‌رێم له‌ بێ توانایی و ناكارایی و كه‌مكردنه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر سیسته‌مه‌كه‌.
3- هێنانه‌دی هاوئاهه‌نگی نێوان خه‌ڵك و حكومه‌ت.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ تێگه‌یشتن له‌ توانا به‌رده‌سته‌ مرۆیی و مادییه‌كانی و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ له‌م قۆناغه‌دا‌ په‌یڕه‌وی ده‌كات كه‌ دۆخێكی دژواره‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی توانای به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ته‌كانی جیهان، توانی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی پاراستنی گیانی هاوڵاتی له‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌رده‌م به‌رزبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌رباری كه‌میی پسپۆڕی پزیشكی له‌ بواره‌كه‌دا‌ و كه‌ره‌سته‌ و پێداویستی چاره‌سه‌ركردن، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین؛  سیاسه‌تی ژیرانه‌ له‌ڕێگه‌ی كارگێڕییه‌وه‌ توانی متمانه‌ بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی به‌رزبكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ گه‌شه‌پیدانی ئه‌و كه‌رته‌ و پێشخستنی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا تاببێته‌ جێی ره‌زامه‌ندی.

سێیه‌م: ده‌رهاویشته‌كانی سیاسه‌تی گشتی حكومه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڤید-19

 هه‌ر حكومه‌تێك كاتێك كه‌ سیاسه‌تێكی گشتیی داده‌نێت، مه‌به‌ستیه‌تی گۆڕانكارییه‌ك له‌ ژینگه‌ی سیاسی و كارگێڕیی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا دروست بكات و له‌ كۆتاییدا به‌ سوود بۆی بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌م باره‌دا ده‌كرێت بڵێین كه‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی فیدڕاڵ و تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، جێی سه‌رنجه‌ كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ بۆی ده‌بێت به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ و هانده‌ری زیاتره‌ بۆ نا ناوه‌ندێتی و به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵیی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ عێراق و حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدادا. 

 هه‌روه‌ك له‌ ڕوانگه‌ی هێزی مرۆیی و سه‌رمایه‌ی مرۆیی زانستییه‌وه، گروپی ته‌ندروستی وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وت به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ پشكنیندا پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن.

ده‌رهاویشته‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ت، گۆڕینی فاكته‌ری خه‌ڵك - هاوڵاتی بوو له‌ مه‌ترسییه‌وه‌ بۆ هێز، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ زۆر جێگه‌ی بایه‌خ پێدانه‌ له‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستاندا، چونكه‌ به‌پێی سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ هزرییه‌كان و له‌نێویشیاندا قوتابخانه‌ هزرییه‌ كارگێڕییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی مرۆیی، باشترین و كاریگه‌رترین هێزی هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه‌، له‌م دۆخه‌دا هۆشیاریی به‌رزی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و هاوكاریی حكومه‌ت له پابه‌ندبوون به‌‌ بڕیاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕ و دوكان، سه‌رباری ژیانی قورسی هه‌ژارن و كرێكاران، بۆته‌ هۆكاری هێز و به ‌دیوێكی دیكه‌دا ده‌توانین به‌ "سیسته‌می به‌رگری نیشتمانیی ناوی ببه‌ین"، كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان درك به‌م (نه‌رمه‌هێز- Soft power) "هێزی هۆشیاریی تاكی كورد"ه‌ بكات، ئه‌وا جێگه‌ی گرنگیپێدان و وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانه‌ بۆ به‌كارهێنانی له‌ دۆخی هه‌موار و ناهه‌مواری دیكه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌ێته‌وه.

هه‌روه‌ك ده‌توانین بڵێین؛ كاریگه‌رییه‌كی دیكه‌ی سیاسه‌تی گشتی حكومه‌ت له‌ مبواره‌دا یه‌كخستنی به‌های كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بوو كه‌ بریتییه‌ له؛‌ "به‌های به‌ ته‌نگه‌وه‌بوونی ته‌ندروستی و خۆشویستنی ژیان" ئه‌مه‌ش نیشانده‌ری بوونی كۆمه‌ڵێكی هۆشیاری گه‌نجی خاوه‌ن وزه‌ ده‌دات، كه‌ ده‌ بێت وا له‌ حكومه‌ت بكات، ئاستی تواناكانی بۆ ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك به‌رزبكاته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا، مه‌به‌ستمه‌ بڵێم؛ سیاسه‌تی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڤید19، ته‌واو و بێ كه‌موكورتی نییه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ناوچه‌كه‌ و جیهان و تواناكانی به‌رده‌ست، ده‌گه‌ینه ‌ئه‌وه‌ی بڕیاری دروست له‌م قۆناغه‌دا دراوه‌و تواناكان به‌شێوه‌یه‌كی باش وه‌گه‌ڕخراون.

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:
 (1) وهان، پایته‌ختی هه‌رێمی هوبی و گه‌وره‌ترین شاری ئه‌و هه‌رێمه‌یه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی به زیاتر‌ 11 ملیۆن كه‌س ده‌خه‌مڵێنرێت و حه‌وته‌مین شاری وڵاتی چینه‌ له‌ڕووی چڕی دانیشتوانه‌وه‌و ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی وڵاتی چین، وهان، له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئێستا ناوچه‌یه‌كی گرنگ بووه‌،له‌ئێستادا ناوچه‌یه‌كی گرنگی گه‌شه‌پێدانی زانستی و ته‌كنۆلۆجیه‌و زیاتر له‌ 350 په‌یمانگه‌ی توێژینه‌وه‌و 1470 دامه‌زراوه‌ی ته‌كنۆلۆجی پێشكه‌تووی تێدایه‌ و زۆرترین چالاكی پیشه‌سازی و ته‌كنۆلۆجیای نوێی تێدایه‌ و ده‌توانرێت بوترێت وهان، پێشكه‌وتوترین شاری بازرگانیی كیشوه‌ری ئاسیایه‌. و سێیه‌مین شاری چینه‌ له‌ڕووی هێزی زانستی و فێركاری گشتگیره‌وه‌.
www.tradecommissioner.gc.ca/eng/document.jsp? 
(2) فهمي خلیف الفهداوي، السیاسة العامة، منظور كلي في البنیة والتحلیل، دار المسیرة، عمان، ط4، 2016، ص103. 
(3) https://www.who.int/ar/emergencies/diseases/novel-coronavirus-2019 سه‌ردانكردن له‌: 18/3/2020 و الانصات المركزی، العدد 783 له‌ 27/1/2020.
(4) الانصات المركزی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
(5) الانصات المركزی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو
(6) https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2020/march/، سه‌ردانكردن: 18/3/2020.
(7) پێگه‌ی فه‌ڕمیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م به‌سته‌ره‌ له‌ 18/3/2020 وه‌رگیراوه‌: https://gov.krd/coronavirus/situation-update/#what-the-KRG-is-doing
* بەلجیكا، هه‌نگاریا، كرواتیا، قوبرس، دانیمارك، ئەستۆنیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، یۆنان، ئەلبانیا، لیتوانیا، لۆكسەمبۆرگ، ماڵتا، هۆڵەنده‌، چیك، پۆڵەنده‌، پرتوگال، رۆمانیا، سلۆڤاكیا، سلۆڤینیا، فینلاند،سویسرا، ئیسپانیا، سوید، بۆسنیا وهەرزەگۆڤینا، به‌ریتاینا، ئیرلەند، ئیسكۆتله‌ندا، نەرویج، سربیا، مۆنتینیگرۆ، بولگاریا، نه‌مسا.
** چین، ئێران، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلەند، سەنگاپورە،کوێت، بەحرێن، ئیتاڵیا.
 (8) د. ئومێد ره‌فیق، كۆرۆنا له‌دوای مرۆڤ، سیسته‌می به‌رگریی ئابوری و سیاسی تاقیده‌كاتەوە، له‌ پێگه‌ی میدیایی دره‌و، له‌ 18/3/2020، له‌م به‌سته‌ره‌وه‌، وه‌رگیراوه‌: http://drawmedia.net/page_detail?smart-i 
(9) د. دلاوه‌ر عه‌لادین، تۆماری ڤیدیۆیی له‌ كه‌ناڵه‌ فه‌ڕمی دامه‌زراوه‌ی مێری له‌ یوتیوب، له‌سه‌ر ئه‌م به‌سته‌ره‌ له‌ 18/3/2020 وه‌رگیراوه‌  https://www.youtube.com/watch?v=tFOrYd2-8bQ.


ئه‌م بابه‌ته 1888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر