کێشمە کێشم لەسەر کوردستان

PM:10:39:21/02/2019
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

د.مۆردەخای کەدار 


وەرگێڕانی لە عیبرییەوە : ڕۆچەڵ سیلڤەتسکی



وەگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : کۆسار وەڵەدبەگی


ئەم ڕاپرسییە زۆر گرنگە بۆ هەردوولا، ئەوانەی کە پاڵپشتی دەکەن و ئەوانەشی کە دژی دەوەستنەوە.


ئەم دوشەممەی ڕابردووە نزیکەی ٧ ملیۆن هاوڵاتی کورد لە عێراقدا دەنگی خۆیان دا لە ڕاپرسییەکدا کە پێک هاتبوو لە تەنها یەک پرسیار؛ ئایا پاڵپشتی دەکەیت لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ناو ئەو بەشەی کورد کە لەعێراقدان ؟ دەنگدانەکە زۆر بەربڵاو بوو بە جۆرێک کە ٨٠% ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو چوون بۆ بنکەکانی دەنگدان. ئاشکرایە کە ئەم پرسیارە بەلای زۆرینەی کوردەکانەوە گرنگە بۆیە وای لێکردن بچن بۆ دەنگدان.


لە گۆشە نیگای ڕامیارییەوە، کوردەکان لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان داوە کە سەربەخۆیی بەدەستبهێنن، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە جیهان ڕێگری کرد لەوەی هێزی ئاسمانی سەددام حوسێن بە سەر ناوچەکەیاندا بسوڕێتەوە. حکومەتێکی یاسایی و دیموکراتی و دادپەروەر و ڕێکخراویان پەرەپێداوە لەگەڵ سوپایەک کە ئاستێکی بەرزی دیسپلینی هەیە و لە شەڕی دژی داعش لە موسڵ توانای خۆی دەرخست. میدیایەکی بەرپرسیارانەیان هەیە کە هەردوو دیوی ناکۆکی و گفتوگۆکان دەخاتە ڕوو، بە گشتی کۆمەڵگایەکی ئارامە کە توندو تیژیی ناوخۆیی تێدا نییەو ئابورییەکی باشیان هەیە بە پشت بەستن بە نەوت و بەرهەمەکانی.


ئەم ڕاپرسییە زۆر گرنگە بۆ هەردوولا، ئەوانەی کە پاڵپشتی دەکەن و ئەوانەشی کە دژی دەوەستنەوە.ئەوانەی کە پاڵپشتی دەکەن، لە قوڵایی دڵەوە دەیانەوێت لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی کورداندا بژین وەکو فەرەنسی و ئەڵمانی و میسری و ئیسرائیلیەکان و هەموو نەتەوەکانی تری جیهان. دەیانەوێت سەربەخۆیی یاسایی بەدەست بهێنن لەو سەربەخۆییە دیفاکتۆیەی کە هەیانە لەگەڵ دانپێدانانی نێودەوڵەتی. هاندەری سەرەکییان بۆ ئەمە شانازیی نەتەوەیی و ئەو دەستکەوتانەن کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، بەڵام یادەوەری ئەو جەنگانەش کە لە سەدەی ٢٠ دا لایەن عێراقەوە لە دژیان ئەنجام دراوە ڕۆڵیکی گرنگی هەیە. هەروەها توندوتیژیی مێژوویی نێوان کوردەکان و عەرەبەکان هۆکارێکی ترە.


ئەوانەی کە دژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیین بە شێوەیەکی سەرەکی نیگەرانن لەو باجەی کە کوردستانی عێراق ناچار دەکرێت بیدات ئەگەر ئەو کارە بکات. لەبەر ئەوەی کە دراوسێکانی کوردستان ، تورکیا لە باکورەوە و ئێران لە ڕۆژهەڵات وسوریا لە ڕۆژئاوا و عێراق لە باشورەوە ناڕازی بوونی خۆیان بەرامبەر بە ئەنجامدانی ڕاپرسی نیشان داوە، چ جای ئەوەی سەربەخۆیی ڕابگەیەنن. تورکیا سەرەڕای هەبوونی هاوکاری ئابوری لەگەڵ کوردەکان بۆ چەند ساڵێک، هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕ دەکات و هێزی لەسەر سنوری خۆی لەگەڵ کوردەکان کۆکردووەتەوە. کوردەکان لە ڕێگەی تورکیاوە نەوتەکەیان هەناردە دەکەن و بۆ ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆر دەدەن. ڕاگەیاندنی شەڕ دژی کوردەکان ئەو هاوکارییە کۆتایی دەهێنێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئابووری ئاڵۆزی کوردەکان خراپتر بێت.

باجیکی تری بە ئازار کە دەکرێت بدرێت بریتییە لە ئابڵوقەی ئاسمانی و دەریایی. کوردستانی عێراق دەرچەی بۆ سەر دەریا نییە و هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە (خەڵک و شمەک و کەل و پەل ) لە ڕێگەی ئاسمانی و دەریایی تورکیاو ئێران و سوریاوەیە.  ئەگەر ئەو وڵاتانە بڕیاری گەمارۆ و ئابڵوقە بدەن و بۆ ماوەیەکی دیاری کراو پێیەوە پابەند بن ، ئەوا زۆر سەختە کە بزانریت کوردەکان چۆن لە ژیانی نەتەوەیی خۆیان بەردەوام دەبن، ئەوە هیچ کە ژیانی ئابورییان بەردەوام نابێت.

 

ئەو هۆکارەی وا دەکات ئەو وڵاتانە دژی سەربەخۆیی کوردەکان بن ئەوەیە کە هەر یەک لەو وڵاتانە و بە تایبەتیش ئێران کەمینەی کورد و گروپی ئیتنیکی تریشیان تێدایە. ئەگەر کوردەکانی عیراق سەرکەتوو بن لە دروست کردنی دەوڵەتێکی کارا، ئەوا کەمینەکانی تریش داوای سەربەخۆیی دەکەن و لەنێوانیشیاندا کوردەکان کە لەوانەیە هەوڵ بدەن فیدراسیۆنێکی گەورە یان دەوڵەتێک دروست بکەن کە لەگەڵ کوردستانی عێراقدا یەک بگرێت.

 

تورکەکان ئەم داواکارییە وەکو مەترسییەکی ستراتیژی لەسەر هەبوونیان دەبینن. کوردەکان جگە لەوەی کە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەژین، لە زۆربەی گەڕەکەکانیشیاندا هەن. بۆ ماوەی سەدەیەکە جەنگێکی ناوخۆیی لە نێوان زۆرینەی تورک و کەمینەی کورد بەردەوامە. هەندێک جار تا ئەوپەڕی توندوتیژە و پەلاماری تیرۆریستی لە ناوچە شارنشینەکاندا لێدەکەوێتەوە و زۆر جاریش وەکو ئاوی گەرم وایە کە لەسەر ئاگرێکی کز قوڵپ دەدات. ئەردۆگان چەند ساڵێک لەمەوبەر ویستی کۆتایی بەو ناکۆکییە بێنێت بەلام هەوڵەکەی بووە هۆی توڕەکردنی تورکە ڕەگەزپەرستەکان کە دەتوانن تەختی بخەنە مەترسییەوە، بۆیە دەستی کردەوە بە وتار و لێدوانی نەرێنی لەسەر کوردەکانی تورکیا.


ئەردۆگان لەوە دەترسیت کەوا ڕاگەیاندنی شەڕ دژی کوردەکانی عێراق ببێتە هۆی هەڵایسانی تیرۆر لە لایەن کوردەکانی تورکیاوە لە دژی، لا کاتێکدا ڕانەگەیاندنی دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوردەکانی تورکیا داوای سەربەخۆیی بکەن. ئەگەریش ملکەچ بێت وە یاخود ملکەچی داواکەیان نەبێت لەوانەیە شەپۆلێک لە تیرۆر لە دژی ڕژێمی تورکیا بەرپا بکەن. ئەردۆگان وا هەست دەکات کە گیری خواردووە و ئەمەش شێتی دەکات بۆیە بەردەوام وتار و ڕاگەیاندن بڵاو دەکاتەوە و بە زۆریش دژی ڕاپرسی.

 

کوردەکانی ئێران داوا دەکەن لە دوای ڕاپرسی وڵاتەکەیان دان بنێت بە دەوڵەتێکی کوردی لە عێراقدا. بە دڵنیایەوە دەزانن کە ئێران ئەوە ناکات چونکە داننان بە دەوڵەتێکی کوردی جگە لە کوردەکانی ئێران دەبیتە هۆی بە ئاگاهێنانەوەی هەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە.کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە ئازەری و عەرەب و بەلوچ و زۆری دیکە لە خۆ دەگرێت و لەوانەیە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی دەوڵەتی دەستکردی ئێران چونکە تەنیا نیوەی خەڵکی ئێران فارسن. شتێکی سەیر و چاوەڕوان نەکراو نییە کە ئەم هەفتەیە ئێران داخستنی ئاسمانی خۆی بەڕووی هاتوچۆی فڕۆکە بۆ ناوچە کوردییەکانی عێراق ڕاگەیاند. لەوانەیە خەڵکی دیکەش ئەم کارە بکەن.

 

سوریاش کە بۆ ماوەیەکی زۆرە لە شەڕ و ململانێوە تێوەگلاوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە لەژێر حوکمی نا یاسایی ئەسەد بە یەکگرتوویی بمێنیتەوە دژی دەوڵەتێکی کوردییە و بە هەنگاوێکی نەرێنی دەبینێت کە کاریگەریی لەسەر سوریا دەبێت. عێراقی عەرەبی دژی سەربەخۆییە بۆ کوردەکان لە وڵاتەکەدا لەبەر ئەوەی کە زۆربەی سامانی نەوت لەو ناوچەیەدایە.

 

هەڵوێستی دژ و هەڕەشە ناوچەییەکان بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی کوردەکانی عێراق وای لە وڵاتە ئەورووپییەکان و ئەمەریکاو ڕوسیا کردووە نیگەران بن لەوەی کە لەوانەیە جەنگێکی بێ کۆتایی ڕووبدات ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەموو جیهان هەوڵ دەدات ئەوەی لە پاشماوەی دەوڵەتەکەی داعش ماوە لە ناوی ببەن و سوود لە توانا و ئەو ئەزمونەی هێزی پێشمەرگە وەربگرن کە لە ماوەی جەنگی موسڵ بەدەستیان هێناوە.

 

بە پێچەوانەی هەموو جیهانەوە وا دیارە ئیسرائیل تاکە وڵاتە کە پاڵپشتی دەوڵەتێکی کوردی لە عێراق و لەسەر پاشماوەی ڕوخاوی ئێران دەکات.  بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل دژی پێوەلکانی کوردەکانی سوریاو تەنانەت ئەوانەی ئێرانیش نابێت بە دەوڵەتێکی تازەی کوردییەوە. دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بریتییە لە دادپەروەرییەکی مێژوویی بۆ گەلێک کە دابەشکراوە بەسەر سێ بەشدا لە لایەن هێزە ئەورووپییەکانەوە بۆ مەبەستی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان نەک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ڕەسەنی هەر ناوچەیەک کە ئەو هێزانە حکومەتێکیان لێ داناوە بۆ بەڕیوەبردنی کارەکانیان.

 

لەم سەکۆیەوە، هیواخوازم کوردەکانی عێراق سەرکەوتووبن لە بەدەست هێنانی سەربەخۆیی و بە ژیرییەوە مامەڵە بکەن لەگەڵ دراوسێکانیاندا بە جۆرێک کە سوودی هەموو لایەکی تێدا بێت.هەمان هیوا و ئاواتم هەیە بۆ کوردەکانی تورکیا و سوریا و ئێران. ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت.

د.مۆردەخای کەدار وانەبێژی پێشکەوتووە لە بەشی عەرەبی زانکۆی بار-ئیلان. بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لە هاوڵگریی سەربازیی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل خزمەتی کردووە و پسپۆڕە لە گفتوگۆی ڕامیاری عەرەبی و میدیای گشتیی عەرەبی و گروپە ئیسلامییەکان و گۆڕەپانی کێشمەکێشمی ناوخۆیی سوریا. زۆر بە ووردی شارەزای میدیای ئەوڕۆی عەرەبی یە و لە زۆر پرۆگرامی جیاوازی تەلەفزیۆنی لە ئیسرائیل چاوپێکەوتنی لەگەڵ ساز دەدریت.  

سەرچاوە : Israel national news



ئه‌م بابه‌ته 438 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر