پاشەکشەی ئیسلاميی سیاسی، هۆکار و ئەنجام و ئاییندە

PM:10:52:19/02/2019
دۆسیە: شیکار


سۆران سێوکانى
نوسەر وڕوناکبیر

بەرایی

 

لەوانەیە باسکردنی بابەتێکی لەم شێوەیە هەر وابە سادەیی تەواو نەبێت، بەڵام دەشێت هەوڵ بدەین تیشکێک بخەینە سەر بابەتەکە.


پاشەکشەی ئیسلامیی سیاسی لە کوردستاندا، دەبێت لەسەرەتاوە لەڕووی مەعریفیيەوە باس بکرێت، نەك لەڕووی سیاسییەوە، واتە خوێندنەوەیەکی  مێژوویی سایکۆلۆژی سۆسیۆلۆژیانەی پێویستە، پێش ئەوەی لەڕووی سیاسی و فاکتەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت.


ئاشکرایە ئیسلام وەك ئایینێکی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا قوڵاییەکی مێژووی و کۆمەڵایەتی و دەروونیشی هەیە، واتە ئیسلام وەك ئایینێکی کۆمەڵایەتی بۆتە بەشێکی دانبەڕاو لە فەرهەنگ و ڕوحی کۆمەڵگەی کوردەواری. بەڵام ئایا ئیسلامیی سیاسی هەمان پێگەی هەیە؟


ئەمە وەك ئایینی سادەی خەڵک، واتە ئەو ئاییندارییەی لەسەرەتاوە گەلی کورد وەریگرتووە و پەیڕەوی لێکردووە. بەڵام ئیسلامیی سیاسی وەك ئایدیۆلۆژیایەک شتێكی نوێیەو لەکوردستاندا بەتایبەتی تەمەنێکی کەمی هەیە وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، ئەوەڕاستە کەلەسەرەتای پەنجاکانەوە، ئەم ئایدیۆلۆژیایە لەکوردستاندا هەبووە، بەڵام هەر وەك ئایدیای چەند کەسانێکی کەم بووە و لە ژوورە تاریکەکاندا بووە و نەبۆتە دیاردەیەکی جەماوەری.


لێرەدا مەبەستمان لە ئیسلامیی سیاسی. ئەو ئایدیۆلۆژیایەیە کە دەیەوێت وەك چەکێکی ئایدیۆلۆژی ئایین بەکاربهێنێت لە ململانێ سیاسیيەکاندا تا دەگاتە دەسەڵات، جۆرێكە لە گەیشتن بەدەسەڵاتیش بەگوێرەی هەلومەرجەکان گۆڕانی بەسەردا دێت.


واتە لێرەدا چیتر ئیسلام ئایینێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو چەکێکی ئایدیۆلۆژیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو، جا ئەو ئامانجە چەند ڕەوایە، یان ناڕەوایە؟ ئەوەیان بابەتی ئەم پەیپەرەی ئێمە نییە.

 

 

باسی یەکەم
بۆچی ئیسلامی سیاسی گەشەناکات

 


١-لەڕاستیدا کورد وەك نەتەوە بەدرێژایی مێژووی خۆی خاوەنی دەوڵەتێک نەبووە بەناوی ئایینەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی ئیسلامدا، واتە مێژووی گەلی کورد، خاڵیە لە شتێك بەناوی دەوڵەتی ئایینیەوە، تەنانەت ئەو میرنشینانەش کە لە ناوچە کوردنشینەکاندا دامەزرێنراون، وەك بابان و سۆران و بۆتان و ئەردەڵانییەکان و...هتد، هیچیان میرنشینی دینی نەبوون، بەڵکوو میرنشین بوون بەمانای دونیایی، هەرچەندە شەریعەت لەلایەن زانایانی ئایینیەوە لەنێو خەڵکدا پیادەکراوە، واتە لە کاروباری تاکە کەسیدا، وەك ژن و ژنخوازی وتەڵاق و مامەڵەی بازرگانی و... هتد. ئەم ڕەوشە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی لە خەیاڵگەی تاکی کورددا شتێک نەبێت بەناوی ئایین و سیاسەت، بەڵکو هەمیشە ئایین وابەستە بووە لەگەڵ مزگەوت وکۆمەڵگە وئاشتەواییدا، ئەمەش بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی بیرکرنەوەی تاکی کوردی لەسەردەمی ئێستادا. واتە وێنەی ئایین لە خەیاڵگەی تاکی کوردیدا وێنەیەکی سیمبوڵییە، ئەو وێنەیە بەئاسانی لەناو ناچێت.


بەدرێژایی مێژوو؛ کورد وەك نەتەوە کێشەیەکی نەبووە بەناوی ئایینەوە، نە لەگەڵ خۆی نە لەگەڵ دەرەوەی خۆی، واتە هەر ململانێیەکی ناوخۆیی لەگەڵ موسوڵماندا بووە، دراوسێکانیش و ئەوانەش کە بەسەریدا دابەش بوون،  عەرەب و تورک وفارس بوون، کەهەموویان موسوڵمان بوون، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین تەنانەت ئەو خەلافەت و ئیمپراتۆریایانەش کە کوردیان بەسەردا دابەش بووە بەناوی دینەوە، یان لەڕووی دینییەوە لەگەڵ کوردا کێشەیان نەبووە، بەڵکو کێشەی نێوان کوردو ئەوانیتر هەمیشە یان نەتەوەیی بووە یان جوگرافی بووە یان شەڕی دەسەڵات و دابەشکردنی سەروەت بووە.


کورد نزیکی دەسەڵاتی ڕۆم و ڕووس نەبووە تاوەکو دەرگیرییەکی ئایینی هەبوبێت لەگەڵ غەیرە موسوڵماندا، ئەمەش وایکردووە لەخەیاڵگەی تاکی کوردیدا شتێك نەبێت بەناوی ململانێی ئایینیەوە.


لەلایەکی ترەوە بەدرێژایی مێژوو؛ گەلی کورد سەروەرییەکی نەبووە بەناوی ئایینەوە، واتە بێجگە لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی، ئیسلام نەبۆتە فاکتەرێک بۆ سەروەریی کوردان، نەبۆتە هەوێنێک بۆ یەکخستنی کورد، نەبۆتە هەوێنێک بۆ دەرکەوتنی کورد  چ لەڕووی مەعریفیەوە بێت یان ژیاریەوە، نەبۆتە فاکتەرێك بۆ بنایتنانی دەوڵەتێک بۆ کورد. تێبینی دەکرێت تەنانەت ئەو زانایانەش کە لە ناو کوردا هەڵکەوتوون، ئەوانییش هەر بەزمانی عەرەبی نوسیویانەو بوونەتە بەشێك لە ماشێنی ئەدەبیاتی عەرەبی.


٢-لەم سەردەمەشدا ئایین دیسان بۆ گەلی کورد نەبۆتە جێگەی پرسیار، ئاخر کاتێک تۆ پرسیارت لەسەر شتێک بۆ دروست دەبێت کە ببێتە بابەتی خۆت، واتە ئایین نە کێشەی بۆ کورد دروست کردووە ونە چارەسەری کێشەی بۆ کردووە لە سەردەمی نوێدا. لەم سەردەمەدا کورد کێشەیەکی هەیە بەناوی کێشەی نەتەوەییەوە. ئەم کێشەیە لەلایەن ئایینەوە بۆی دروست نەبووە، بەڵکو لەلایەن ئینگلیزو فەرەنسیەکانەوە بۆی دروست کراوە، ئەوانەش کە دواتر ستەمیان لە کورد کردووە چ فارس بن یان تورك یان عەرەب، ئەمانە هیچیان بەناوی دینەوە ستەمیان لێنەکردووە، بەڵکو هەموویان (تا شۆڕشی ئیسلامیی ئێران)  لەژێر ناوی نەتەوەییدا ستەمکارییان بەرامبەر کوردان کردووە. کوردیش کاتێک شۆڕشی کردووە، یان تەنانەت کاتێک بیریشی کردۆتەوە یان نوسیوێتی، هەرگیز لەڕووی دینییەوە نە باسی کێشەکەی کردووە تا چارەسەری دینیی  بۆ دابنێت، نە بەرامبەرە نەیارەکانیشی وەك لایەنێکی ئیسلامیی سەیر کردووە، واتە وەك لایەنێک کە بەهۆی ئایینەوە یان بەناوی ئایینەوە بیچەوسێنێتەوە. بۆیە دیسان لەم سەردەمەشدا مەسەلەی ئایین نەبۆتە جێگەی پرسیاری تاکی کورد. بەڵکو تاکی کوردی هەمیشە ئایینی وەك بەهایەکی بێلایەن سەیر کردووە و تێکەڵی نەکردووە لەگەڵ ململانێکاندا، بۆیە دەبینین هەمو شۆڕشەکان یان شێخانی تەریقەت هەڵیانگیرساندوە، وەك شیخی شەمزینان و شێخی پیران و شێخ تەهای نەهری، قازی موحەمەد. یان پیاوانی ئایینی دەوریان تێدا بینەوە، وەك شۆڕشی ئەیلولی باشور و کۆماری مهاباد و... هتد. بەڵام هیچیان بەناوی دینەوە شۆڕشیان هەڵنەگیرساندووە، بەڵکو دیسان بەناوی مافی نەتەوەییەوە شۆڕشیان کردووە. واتە تەنانەت پیاوانی ئایینیش لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئایین بەلایانەوە بابەتێکی سیاسی نەبووە، یان تەنانەت چەکێکیش نەبووە تا دژی دوژمنەکانیان بەکاری بێنن.


٣- وەک باسمان کرد ئیسلام لە خەیاڵگەی تاکی کوردا بریتییە لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، نەک سیاسی وئابوری ژیاری، هەر بۆیە دەبینی لەلایەنی کۆمەڵایەتییەوە ئەوان توانیویانە کاریگەرییان هەبێت، واتە بڵاوکردنەوە ئیلتزامی ئایینی وەك زیاتر بوونی دیاردەى حیجابی ژنان. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ئەوان کاریگەرییەکی سنورداریان هەیە، ئەوەش واتە خەڵکە گشتییەکە لەڕووی دینیەوە گوێ لە بانگخوازو گوتاربێژ و ڕاگەیاندیان دەگرێت، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ،باوەڕی بە تێزەکانیان نییە.

 

باسی دووەم

هۆکارەکانی گەشەنەکردن و پاشەکشە


پاش ئەوەی ئیسلامیی سیاسی سەریهەڵداو گەیشتە عێراق، بەهەمان شێوە لەڕێگەی عەرەبەوە بەرەو کوردستان کشا، ئەم ستایلە لە ئیسلام لەڕاستیدا هەر لەسەرەتاوە وەك ئایدیۆلۆژیایەکی سادە دەرکەوت، ئەوانەش کە گەیاندیان و ئەوانەش کەبەدەوریدا کۆبوونەوە، تاساڵانی ڕاپەڕینیش ژمارەیەکی کەم بوون.


کاتێک ئیسلامی سیاسی گەیشتە کوردستان، واتە لە شەستەکانی سەدەی ڕابووردودا؛ لەو کاتەدا  دوو ئاڕاستەی بەهێز لەکوردستاندا دەجوڵان:


١-ئاڕاستەی یەکەم ئاراستەی نەتەوەیی بوو، کە لەپێناوی کێشەی کورددا تێدەکۆشاو ئاڵای نەتەوەیی هەڵگرتبوو. لەو کاتەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەرایەتی ئەم ئاڕاستەیەی دەکرد.


٢-ئاڕاستەی دووەم چەپەکان بوون، بەتایبەتی حزبی شیوعیی کوردستان، ئەوان دژە نەتەوەی بوون و خۆیان بەنوێنەری چینی چەوساوە دەزانی و لەو پێناوەدا خەباتیان دەکرد. ئەوان باوەڕیان وابوو دەبێت کورد وەك بەشێك لەعێراق سەیری خۆی بکات و باسی نەتەوەیی نەکات.


بەڵام دواتر کاتێک شۆڕشی گەلی کورد ساڵی ١٩٧٤ توشی شکست دێت، بزووتنەوەی چەپگەرایی، مارکسی لینینی و سوسیالیستەکان بەگشتی، دیسانەوە دەبنە فاکتەری هەڵگیرسانەوەی شۆڕش لە باشوردا. بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەر لەو ساتە وەختەوە جارێکیتر دەست دەکاتەوە بەشۆڕش کردن، بەڵام لێرەدا مەبەست ئەوەیە چەپەکانیش ڕوحێکی ناسیۆنالیستی لەبەر دەکەن و شۆڕشێکی نەتەوەی چینایەتی دەست پێدەکەن. لەڕاستیدا لەکاتێکدا کۆمەڵەی مارکسی لینینی( کە لەدواییدا ناوەکەی دەگۆڕێت بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) ژەمارەیەکی کەم و کەسانێکی کەم تەمەن وکەم ئەزموون بوون، کاتێک شۆڕشیان دەست پێکرد، بەڵام توانییان ببنە خاوەنی دەنگی شۆڕش و  توێژێکی گەورەی گەلی کورد بەدەوری خۆیاندا کۆبکەنەوە. بێگومان لەو کاتەدا حزبی سۆسیالیستی کوردستانیشهەمان ڕەوتی چەپگەرایی بوون، ئەمانە هەموویان شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند.


١- بێهەڵوێستی ئیسلامی لەهەمبەر مەینەتییەکانی نەتەوە

لە هەموو ئەم ڕوداوە گەورانەدا- کە تیایدا ئاڵایەک بەناوی شۆڕشی گەلی کوردستانەوە هەڵدەکرا- دەنگێکی ئسیلامیی نابیستین، کە لەو کاتەدا لەژێرناوی ئیخوان موسلیمیندا بوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەڵوێستی فەرمیی ئیخوان موسولیمینی عێراق- کە ئیخوانی کوردیش بەشێک بوون لەوان- دژایەتی کردنی شۆڕشی گەلانی کوردستان بوو، بەڵکو بەفیتنەو خراپەکاری و نەفرەتی دەمارگیری و نەتەوەیی وجاهیلیەت ناویان دەبرد. ئیخوانی کوردیش لەئاستی هەموو ئەوانەدا بێدەنگ و بێهەڵوێست بووەو نەیتوانیوە خاوەنی هەڵوێستێکی ئیجابی بێت بەرامبەر کێشەی نەتەوەکەی، لەکاتێکدا کوردستان دەسوتاو تەرحیل و تەبعیس و کوشت وبڕین و سوتاندن لە لوتکەدا بوو، کەچی ئیسلامییەکانی کوردستان – بەلایەنی کەمەوە وەك هەڵوێستی ئاشکرایان- تەواو سەلبی بوون. ئەڵبەت لێرەدا مەبەستم هەست و سۆزی تاکی ئیخوانی نییە، بەڵکوو مەبەستم هەڵوێستی گشتی و فەرمییە.


ئەم بێباکییە بەرامبەر بەخەونی میللەت بێگومان باجی گەورەی دەبێت و لە دواجاردا زەبری کوشندە لە هەر ئایدیۆلۆژیایەک دەدات نەتوانێت لەگەڵ خەیاڵگەی ئەو فەزایەدا هەڵبکات کە تێیدا دەژی، دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی کۆمۆنیزمیش هەر ئەو خاڵە بووە.

 

٢-ئیسلامیی سیاسی وەك میوانێکە نەک خاوەن ماڵ


لەڕاستیدا ئیسلامیی سیاسی هەر وەك کۆپییەکی عەرەبی و بە خەیاڵگەی عەرەبییەوە لە کوردستانیشدا هەڵسوڕاوە، بۆ نمونە تاکێکی ئیخوانی لە کوردستاندا بەدیار منداڵێکی فەلەستینەوە دەگریا، بەڵام لەهەمبەر ئەنفالدا بێباك بوو. تاکی ئیخوانی کە باسی مافی نەتەوەت لەگەڵ دەکرد پێی دەوتیت(دعوها فانها منتنة) وەک ئەوەی گەلی کورد باسی شەڕی عەشایەری وخێڵەکی بکات. چونکە ئەو گوتەیە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕاستیش بێت لە هەمبەر کەسێکدا وتراوە کە بەبیلالی ووتوە کوڕی قولەڕەش، کەچی ئەوان دەهاتن و مافی گەلێک و چارەنووسی گەلێکیان یەکسان دەکرد بەجنێوێکی لەو شێوەیە.


ئەمە وای کردووە ئیسلامیی سیاسی لەکوردستاندا وەك میوانێک دەربکەوێت نەك خاوەن ماڵ، چونکە ئەو لە ماوەی دەرکەوتنیدا نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی کێشەی نەتەوەکەی، تەنانەت کاتێک بزووتنەوەی ئیسلامیش چەک هەڵدەگرێت دیسان وەك موجاهیدێک دژی دەسەڵاتێکی جاهیلی دەردەکەوێت، نەك  وەك گروپێک کە هەوڵ دەدات بۆ سەندنی مافە نەتەوەییەکان. هەرچەند سەردەمی دەرکەوتنی بزووتنەوەی ئیسلامی ئیدی کاتی ئەنفال و کیمیاباران و شکستی شۆڕش بوو.


٣- بەسەرچوونی سەردەمی ئایدیۆلۆژیا


یەکێک لەو خاڵە گرنگانەش کە بۆتە هۆی شکستی ئیسلامیی سیاسی ئەوەیە کە ئیسلامیی سیاسی خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکە دەیەوێت جێگەی خۆی بکاتەوە لە پانتاییەکی جوگرافی- نەتەوەییدا، کە ئەو پانتاییە پێی نامۆیە، ئەمە بێجگە لەوەی هەر سەردەمی حیزبی ئایدیۆلۆژی خۆی بەسەرچووە، لە ئێستادا خەڵک حیزبی دەوێت بەرژەوەنییەکانی بێنێتە دی، نەك ئەم خۆی ببێتە قوربانی بۆ حیزب و ئایدیۆلۆژیا، واتە خەڵک دەیەوێت حیزب بەرژەوەندییەکانی بۆ دەستەبەر بکات، نەك ئەم بەرژەوەندییەکانی حیزب و سەرانی حیزب دەستەبەر بکات، بەڵام ئیسلامییەکان هەر لەخولگەی ئایدیۆلۆژیادا دەسوڕێنەوە.


٤-جیانەکردنەوەی ناسنامەکان

 
ئیسلامیی سیاسی لەسەرەتاوە کەدەرکەوت خۆیان وەك یەك پاکێج دەرخست وێڕای جیاوازی قووڵی نیوانیان لەڕووی سیاسی و تێڕوانین بۆ کاری ئیسلامیی، ئەوەش بووە هۆی لەلای خەڵک هەموو ئیسلامییەك وەك یەک پاکێچ سەیر بکرێت، هەڵەی هەر تاکێکیان بەسەر هەموویاندا بشکێتەوە، لێرەدا تێکەڵکردنی ناسنامەکان بووە هۆی ئەوەی کاتێك بزووتنەوەی ئیسلامی شکست دێنێت، یەکگرتووش بەهۆی تێکەڵاوی کارتەکانیانەوە، زیانی پێ بگات، کاتێك ئەنسار و جوندو ئەمانە تیرۆر پەیڕەو دەکەن، لەملاوە یەکگرتووش بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە شەڕەکانی ئەنسارولئیسلام و جوندولئیسلام  بەهەمان شێوەی خۆیان زیانەکانی بەر ئیسلامی میناڕەویش دەکەوت، چونکە ناسنامەکانیان یەك ناسنامە بوو، ئەوەی سەیرە یەکگرتوو لەم زیانە تێنەدەگەیشت، تەنانەت لە دوا هەڵبژاردنیشدا دیسان پاکێجی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیدا تێکەڵکردەوە بەناوی کاری ئیسلامییەوە، ئەمەش بە پاشەکشەیەکی گەورە بۆ یەکگرتوو لەقەڵەم درا، هەر بۆیە شکستی یەکگرتوو لە دوا هەڵبژاردندا زۆر گەورە بوو.


٥-دەرکەوتنی داعش


دەرکەوتنی داعش گورزێکی کوشندەی دا لە  ئیسلامیی سیاسی لە هەموو دونیادا بەتایبەتی کوردستان، چونکە کوردستان بەتەواوەتی لەو ماوەیەدا کەوتە بەرمەترسی شاڵاوەکانی داعش،  پرسی یەزیدییەکان کە بەکورد لەقەڵەم دەدرێن، زەبرێکی کوشندەبوو بەر ئیسلامییەکانی کوردستان کەوت، بەتایبەتی مەسەلەی کەنیزەک و  دابەشکردنی کچانی یەزیدی، وەك غەنیمەتی جەنگ. لەڕاستیدا داعش هەموو دەمامکەکانی نەک تەنیا ئیسلامیی سیاسی، بەڵکو ئیسلامیی فیقهیشی دەرخست، بەجۆرێك هەموو دنیای توشی شۆک کرد، تەنانەت ئیسلامییەکان خۆیشیان توشی شۆك بوون، لەکاتێکدا هەرچییەک داعش ئەنجامی داوە، لە دەقەکانی بیرمەندان و فیقهناسەکانی ئیسلامییدا باسکراون، بەڵام کاتێک خۆیشیان وەك فاکت بەرهەمی دەستی خۆیان بینییەوە، ئیدی پێش هەموو کەس هاواریان لێ هەڵساو ئیدانەی کارەکانی داعشیان کرد، چونکە دەیانزانی خۆیان پاکێجەکانیان تێکەڵکردووە لەگەڵ ئەو دیدەدا. بۆیە لە خەیاڵگەی خەڵکی ئاساییدا داعش و  ئەوانیتر جیاوازیان نەدەکرا، ئەمەش شکستێکی تری بەسەر ئیسلامییەکاندا هێنا. لەڕاستیدا داعش ئەجیندای هەموو ئیسلامیی سیاسی دەرخست، ئەوەش ئەو ترسە بوو کە ئیسلامییەکان لێیان نیشتبوو.

 

٦-بەشداریکردنی ئیسلامییەکان لە حکومەتدا


حکومەتداری ئەو بوارەیە کە زۆر ڕاستی ئایدیۆلۆژیاکان و بانگەشەی  سیاسییەکان کەشف دەکات، چونکە بمانەوێت یان نا دەسەڵات خۆی بۆ خۆی هەمیشە لەبەر چاوی ڕەخنەی کۆمەڵگەدایە، جا ئەم چاوی ڕەخنەیە بۆ کەسێک کە بانگەشەی پاکیزەیی دەکات گەلێک تیژترە. چونکە کەسێکی ئیسلامیی ماوەی سەد ساڵە دژ بەدەسەڵاتی عەلمانی قسە دەکات و خۆی وەك فریشتەیەك نیشان دەدات، ئەو باسی زوهدی عومەرەکان دەکات و عەدالەتیان دەکاتە نمونەی باڵا، بەڵام کاتێک دێتە دەسەڵات، یان تەنانەت کاتێک لە حیزبەکەی خۆیشیدا بەرپرسیاریەتێکی دەست دەکەوێت، دیسان هەموو ئەو سیمبولانەی بیردەچێتەوە کە ساڵەهایە بانگەشەیان بۆ دەکات، ئەویش وەك هەر بەرپرسێکی تری ئاسایی، هەمان ئەتەکێت و ڕەفاهیەتەی ئەوان پەیڕەو دەکات، ئەو دەبێتە خاوەنى خانوی بەرز و ئۆتۆمۆبێلی گرانبەهاو باخی چەند دۆنمی و هەژارەکانیش هەروەك خۆیان دەمێننەوە، ئەوانەی هەموو قورسایی بانگەوازیان لەسەرە، تەنانەت سەرانی ئیسلامی شەرم دەکەن وەك کەسی دینی و بانگخواز ناو ببرێن، کە ئەوە ئەرکی سەرەکی خۆیان بووە، پێش ئەوەی ببێتە بەرپرس.


٧-پەرتبوونی ئیسلامییەکان


لەسەرەتاوە کاتێک ئیسلامییەکان هاتن، خۆیان وەك براو یەک دەست دەناساند بە خەڵك، بێگومان لەو ساتە وەخەتشدا هەرشتێك نەبووە بەناوی برایەتییەوە، لە لایەکیترەوە ئەوان خۆیان وەك نوێنەری ئیسلام و خودا دەخستەڕوو، ئەمەش ئەو پرسیارەی دەورژاند، ئێ باشە خودا یەک خوداو ئایین یەك ئایین و مەزهەبیش یەک مەزهەب، ئەدی ئەوهەموو شەبنگە ئیسلامییە چییە؟ کە هەریەکەشیان ئەوانیتر بە خراپ وەسف دەکات. دەنگدەر ئاسایی لەڕاستیدا بێ ئەوەی هیچ بڕوایەکی بەوە بێت ئیسلامییەکان بتوانن خزمەتی بکەن، بەڵام بەگیانی دینییەوە و لەترسی ئەو قیامەتی ئیسلامییەکان دەیانبەستەوە بە پرسی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە، ناچار بوون لەترسی ئاگر دەنگ بەوان بدەن، کەچی دواجار ئەوان خۆیشیان بوونە دژی یەکتر.

 

٨-نەبوونی کاریزمایەکی مێژوویی لەناو ئیسلامییەکاندا چ لە مێژوودا چ لە ئێستادا.


کاریزما لە دونیای ئێمەدا دەوری سەرەکی دەبینێت بۆ کۆبوونەوەی خەڵک بەدەوری حزبێکدا، چونکە خەڵک بەزۆری لەڕووی عاتیفییەوە دەنگ دەدەن و پشتیوانی دەکەن، کاتێکیش ئیسلامییەکان خاوەنی کاریزمایەك نین کە خەڵکی ئاسایی لەسەرى هاودەنگ بن، کەواتە ڕەگەزێکی گرنگی هاوسۆزی خەڵکیان تێدا نییە.

نەبوونی کاریزماش بەزۆری بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە یەکەمیان ئەوەیە ئیسلامیی سیاسی نەیتوانیوە خەیاڵدانی جەماوەر بوروژێنێت، ئەوەش واتە خاوەنی خەونەکانی خەڵک نییە. دووەمیشیان ئەوەیە کە ئیسلامیی سیاسی مێژوویەکی قووڵی نییە لە دونیای ئێمەدا، دەتوانین بڵێین مێژووی ئیسلامیی لە دوای ڕاپەڕینەوە دەست پێدەکات. ئەوەش مێژوویەکی کورتە، لەو مێژووەشدا نەیتوانیووە کاریزمایەکی پەسەندکراو لەلایەن خەڵکەوە پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات


باسی سێهەم

 

ئاییندەی ئیسلامی سیاسی


هەموو حیزبێک ماوەیەکی هەیە بۆ گەشەکردن، ئەگەر لەو ماوەیدا تەواو گەشەی نەکرد و دوایی نەیتوانی بەردەوامی بەو گەشەکردنە بدات، ئەوە ئیدی جارێکیتر ناتوانێت بەرز بێتەوە، هەرچەندە لە سیاسەتدا شتێکی نامومکین نییە، بەڵام فاکتەکە وا دەڵێت.


بەڵام وەك دەردەکەوێت ئیسلامیی سیاسی، وەك گروپێکی ئایدیۆلۆژی لەسەر ئەو ستایلەی تا ئێستا هاتووە ،جارێکیتر ناتوانێت بەرەو هەڵکشان بچێت.

ئیسلامیی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ناتوانێت ببێتە خاوەنی پێگەی بەهێز لە ئاییندەدا، بەڵکو تا ئاستێکی دیاریکراو دەمێنێتەوە بەڵام ناتوانێت ئەو ئاستە تێپپەڕێنێت.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئیسلامییەکان توانییان ئەو دیدە نەریتییەی خۆیان سەبارەت بە ئایین و کۆمەڵگەو دونیا بگۆڕن، وەك حیزبێکی ئاسایی و مەدەنی بێنەوە مەیدان ئەو کاتە دەتوانین بڵێین هاوکێشەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەڵام لەو کاتەشدا چیتر شتێك نامێنێتەوە بەناوی ئیسلامیی سیاسی.


بەندە  پێم وایە لە ئاستی بینراودا  ئیسلامییەکان لەبەر چەندین هۆی بابەتی و خودی ناتوانن جارێکیتر ببوژێنەوە، بەڵام ئیسلامیی کۆمەڵایەتی گەشەکردن بەخۆوەی دەبینێت. من لێرەدا هۆکارە خودییەکانی هەناوی ئیسلامیی سیاسی خۆی باس دەکەم:


١- وەك دەردەکەوێت لە ئاستی بینراودا ئیسلامیيەکان ناتوانن لە ئایدیۆلۆژیای شمولیی سەلەفیزم دەرباز ببن، ئەڵبەت مەبەستم لە سەلەفیزم لەوە فراوانترو قووڵترە کە لە تێرمی باودا  سەیر دەکرێت.


٢- لە ئاستی بینراودا ئیسلامیيەکان ناتوانن ببنە خاوەنی خەونی خەڵک، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا ئیسلامی وەک کەسانێک کە ئامۆژگاری ئایینی بکرێن سەیر دەکرێن نەک وەك ئەربابی دەسەڵات، هەربۆیە ئەوانیش هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا چەند شتێك دەکەن:


أ- گوتار بێژو بانگخوازە دیماگۆگی و جەماوەریيەکان دێننە ناو لیستی کاندیدەکانەوە.

ب- گوتارێکی توندی ئایینی دەست پێدەکەن،  لەنێوان ئیسلامیی و عەلمانیدا شەڕێکی ساختە دروست دەکەن تا هەڵبژاردن تەواو دەبێت. ئەوان لەو کاتەدا هەموو کەسێک دەترسێنن بە سزای قیامەت؛ ئەگەر دەنگ بدەن بە حیزبی تری غەیری ئیسلامیی.


لەڕاستیدا لەئێستادا ئەو سیاسەتەش ڕەونەقی خۆی لەدەستداوە، چونکە حزبەکانیتریش- یەکێتی،پارتی، گۆڕان - هەمان گەمە دەکەنەوە.


٣- ئەوەی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردودا بازاڕی ئیسلامیی گەرم کردبوو چەند خاڵێک بوون، کە ئێستا هیچیان نەماون، لەوانە:



أ-شەڕی ناوخۆ و بێزاربوونی خەڵک لەو حاڵەتە.

ب- لەو کاتەدا ئایدیای ئیسلاميی سیاسی ئایدیایەکی تازە باو بوو، خەونی خۆشیان دەدا بەخەڵک، بەڵام دواجار ئەویش بەرەو کۆنبوون و پوان چوو.

ج- لەو سەردەمەدا دەزگا خێر خوازیەکان- ڕابیتە، فریاکەوتن- ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو، چونکە بژێوی خەڵکی بەهۆی گەمارۆی ئابوریەوە لەژێر سفردا بوو، بەڵام ئێستا ئەو دەزگایانە خۆیان پوکاونەتەوە. بەوەش چەکێکی گەورەی ئیسلامیی باوی نەما.


٣- پێدەچێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا چەندین گروپی تری پاشخان ئیسلامیی دەربکەون، وەک ئەکەپەی تورکی، بەڵام ئایا ئەوانە دەتوانن دیسان ببنە ئەلتەرناتیفێك بۆ ئیسلامیی سیاسی تەقلیدی، ئایا دەتوانن  گۆڕانکاری بکەن لەزەینی خەڵکدا؟ ئایا دەتوانن  ببنە جێگەی متانەی خەڵك؟ ئەوانە پرسیار گەلێکن دەبێت ئاییندە وەڵامیان بداتەوە

 

دەرەنجام

 
ئیسلامیيەکان بەخێرایی هاتن و بە زوویی تێپەڕبوون، ئەوان نە لەڕابووردو نە لە ئێستاو نە لە ئاییندەی بینراودا نەیانتوانی و ناتوانن لەو ڕێژەیە زیاتر ببن کە بوون، بەڵکو وەك پێشبینی دەکرێت ئاستی گەشەیان ڕۆژانە لە دابەزیندا دەبێت. ئەڵبەت ئەمە پەیوەندی نیيە بە دینداری خەڵکە سادەکەوە، بەڵکو توێژەر پێی وایە دینداری نەریتی هەڵکشانی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.


هۆی گەشەنەکردنی ئیسلامییەکانیش چەندین هۆکاری مێژووی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی  گەلی کوردستانە بەگشتی.....

 



ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر