سوپای دادگه‌ریی

PM:09:35:13/02/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - حیزب و رێکخراوەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

*گرووپێكی سوننه‌ مه‌زه‌بی چه‌كداریی ئێرانییه‌ و، له‌سنوره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران هاوسنوری پاكستان جموجوڵ ده‌كات.

*گرووپه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ خراوه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌.

*به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یانراوه‌كانی گرووپه‌كه‌، ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌نگاری ده‌سته‌ڵاتی ئێستای ئێران ببێته‌وه‌.

*له‌دوای ئه‌وه‌ی "عه‌بدولسه‌لامی ڕیگی" له‌فڕۆكه‌یه‌كدا كه‌گه‌شتی بۆ پاكستان ده‌كردو، له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری ئێرانه‌وه‌ ده‌ستگیركراو دواتر له‌ مانگی 6/2010 له‌سێداره‌درا، ئه‌و گرووپه‌ش جموجوڵی چه‌كداری ده‌ستپێكرد.

*گرووپه‌كه‌ له‌یه‌كگرتنی نێوان هه‌موو ته‌وژمه‌كانی به‌تایبه‌ت گرووپی "مه‌لازاده‌" و گرووپی" عه‌بدولڕه‌حیم ڕیگی" و چه‌ند گرووپێكی تر پێكهات.

*ساڵی 2012 په‌یمان به‌"مه‌لازاده‌" دراوه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كه‌.

*له‌ئێستادا سه‌ركرده‌ی ئه‌م گرووپه‌ كه‌سێكه‌ به‌ناوی" عه‌بدولڕه‌حیم مه‌لا زاده‌" كه‌به‌" سه‌لاحه‌دینی فاروقی" ناوده‌برێت. ئه‌م له‌سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی چواره‌می ته‌مه‌نیدایه‌ و له‌دایكبووی ساڵی 1979ی زاینییه‌و، له‌شارۆچكه‌ی ڕاسكی هه‌رێمی بلوچستان له‌دایكبووه‌.

دیارترین ئامانجه‌كانی گرووپه‌كه‌

به‌گوێره‌ی ئه‌ده‌بیات و بڵاوكراوه‌كانی گرووپه‌كه‌، چه‌ند ئامانجێكی هه‌یه‌، له‌وانه‌:

*به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌یداخی یه‌كتاپه‌رستی و پاككردنه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رزه‌مینی بلوچستان له‌ هه‌موو ڕواڵه‌ته‌كانی هاوبه‌شپه‌رستی.

*لێدان و لاوازكردنی ده‌زگا سه‌ربازییه‌كانی ئێران. سه‌رقاڵكردنی كۆماری ئیسلامیی به‌كێشه‌ی ناوخۆییه‌وه‌.

*به‌رگریی كردن له‌ سوننه‌كان له‌هه‌موو جیهاندا.

* به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه‌ زه‌تكراوه‌كانی بلوچ.

جێی ئاماژه‌یه‌، هه‌رێمی سیستان و بلوچستان، به‌درێژایی قۆناغه‌كانی مێژوو، له‌لایه‌ن چه‌ند وه‌چه‌یه‌كی مه‌غۆلییه‌كانه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایی كراوه‌، تاكو له‌سه‌رده‌می ئیمپریالیزمی به‌ریتانیدا له‌ئه‌فغانستان دابڕێنراوه‌و، لكێنراوه‌ به‌ئێرانی ئێستاوه‌.

ساڵی 1928 به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌شێك هه‌رێمه‌كه‌ لكێنراوه‌ به‌ئێرانه‌وه‌، له‌ئێستاشدا گه‌وره‌ترین پارێزگای ئه‌و وڵاته‌یه‌ و هاوسنوری نێوان "ئێران، ئه‌فغانستان، پاكستان"ه‌.هاوكات به‌شه‌كه‌ی تری بلوچستان، لكێنراوه‌ به‌ پاكستانه‌وه‌و، چواره‌م هه‌رێمی ئه‌و وڵاته‌ پێكدێنێت.

په‌یكه‌ری گرووپه‌كه‌

گرووپه‌كه‌ له‌ڕووی دابه‌شبونی ئۆرگانییه‌وه‌، له‌سێ به‌ش پێكدێت كه‌بریتین له‌:

یه‌كه‌م: كه‌تیبه‌كانی عه‌بدولمه‌لیك مه‌لازاده‌.

دووه‌م: كه‌تیبه‌كانی نیعمه‌توڵای ته‌وحیدی.

سێیه‌م: كه‌تیبه‌كانی شێخ زیائی.

هاوكات كه‌تیبه‌یه‌كی هه‌واڵگرییشی هه‌یه‌ كه‌ئه‌ركی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌ بۆ گرووپه‌كه‌. بۆ پشتیوانی لۆجیستیكی پشت به‌ بلوچه‌كانی پاكستان ده‌به‌ستێت. ته‌نانه‌ت چه‌ندین ساڵ سه‌ركرده‌ی ئه‌م گرووپه‌ له‌ناو هۆزه‌كانی بلوچی پاكستان ژیاوه‌و، ئه‌وان به‌كه‌سوكار و قوڵایی خۆی ده‌زانێت، ئه‌وانیش پشتیوانی ته‌واوی لێده‌كه‌ن.

باكگراوندی فیكری

له‌ڕێی ئه‌ده‌بیات و بڵاوكراوه‌كانیه‌وه‌، گرووپه‌كه‌ خۆی وه‌ك "بزاڤێكی جیهادی له‌وڵاتی فارس" له‌قه‌ڵه‌مده‌دات. هه‌وڵه‌كانی بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی و دامه‌زراندنی حوكمی شه‌رعی" به‌تێگه‌یشتنی خۆیان" خستۆته‌كار.

له‌كۆی دیداره‌ ده‌گمه‌نه‌ میدیاییه‌كانیدا "كه‌به‌زۆری له‌گه‌ڵ میدیاكانی كه‌نداو به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ میدیاكانی سعودیه‌دا ئه‌نجامی داون" سه‌ركرده‌ی ئه‌و گرووپه‌ باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت مافه‌كانی سوننه‌ و بلوچه‌كان به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی كاری چه‌كدارییه‌وه‌.

دیارترین كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیان

*له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ر 2013 له‌كرده‌وه‌یه‌كی چه‌كداریدا 14 كه‌سیان له‌سوپای پاسداران كوشت.

*مانگی 3/2014 سه‌ربازێكی سوپای پاسدارانیان له‌سێداره‌دا.

*مانگی 2/2016 پێنج هاووڵاتیی ئێرانییان به‌ره‌و پاكستان ڕفاند.

*له‌مانگی 4/2017 له‌ناوچه‌ی "میرجاوه‌" كرده‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا و ده‌كه‌س له‌ سوپای پاسدارانیان كوشت كه‌ سیانیان ئه‌فسه‌ربوون.

له‌دوای ئه‌و كرده‌وه‌یه‌، سه‌ركرده‌ی سوپای پاسداران هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یكرد كه‌ئه‌گه‌ر پاكستان به‌ره‌وڕووی ئه‌و گرووپه‌ نه‌وه‌ستێت، ئه‌وا ئێران خۆی بنكه‌و مۆڵگه‌كانیان وێران ده‌كات.

*ئه‌مڕۆش 13/2/2019 له‌كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیدا نزیكه‌ی 30 كه‌سیان له‌سوپای پاسداران كوشت.



ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر