بڕیاری ترا‌مپ بۆ کشانەوە لەسوریا پاساوەکانی، چوارچیوەکەی، لێکەوتەکانی

سەرکردە سیاسيی وسەربازیەکانی واشنتۆن مەترسی ئەوەیان ھەیە کە بڕیاری کشانەوە لەسوریا بۆشاییەک دروست بکات کە ڕکابەرەکانی ئەمریکا پڕی بکەنەوە، بەتایبەتیش ڕوسیا وئێران، ھەروەک دەرچوونی پێشوەختەی ئەمریکا لەوانەیە ببێتە ھۆی ژیانەوە وزیندوبوونەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام "داعش".
PM:03:58:22/01/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی
بڕیاری ترامپ بۆکشانەوە لەسوریا، بەھێمایەکی تری ئەوپەشێویيە دێتەھەژمار کەستراتیژیيەتی ترامپ بۆ ئاسایشی نیشتمانی دەیوروژێنێت

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد


ئامادەکردنی: المرکز العربی للأبحاث ودراسة السیاسات

وەرگێڕانی: دڵشاد نامق فەرەج


پێشەکی

 

دۆناڵد ترا‌مپی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٩ی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٨ بڕیاریدا بەکشانەوەی "ھەموو" ھێزەکانی ئەمریکا لەسوریا بەشێوەیەکی"خێرا"، ئەم بڕیارە کە ترامپ لەڕێگەی تویتێکەوە بڵاویکردەوە شۆکێکی گەورەی لێکەوتەوە لە واشنتۆن ولەلای ھاوپەیمانەکانی ئەمریکایش، بەتایبەت کە ئەم بڕیارە ھاوکاتبوو لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە کە سەرۆک نیازی ھەیە ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بۆ نیوە کەمبکاتەوە.

 

سەرکردە سیاسيی وسەربازیەکانی واشنتۆن مەترسی ئەوەیان ھەیە کە بڕیاری کشانەوە لەسوریا بۆشاییەک دروست بکات کە ڕکابەرەکانی ئەمریکا پڕی بکەنەوە، بەتایبەتیش ڕوسیا وئێران،  ھەروەک دەرچوونی پێشوەختەی ئەمریکا لەوانەیە ببێتە ھۆی ژیانەوە وزیندوبوونەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام "داعش".

 

بڕیارەکەی ترامپ، کە وەک دیارە لەبەر چەند ھۆیەکی پەیوەست بە ناوخۆ سەرچاوەی گرتووە کەپەیوەندی بەئاستی جەماوەری ترامپەوە ھەیە، بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی بووە، ‌یەکەم لێکەوتەکانی بریتی بوو لە دەست لەکارکێشانەوەی "جیمس ماتیس"ی وەزیری بەرگری و"برێت ماکگۆرک"ی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی"داعش"، ئەمەش وەک ناڕەزایەتیيەک بەرامبەر بڕیارەکەی ترامپ، ھەروەھا ھەریەک لە وەزیری دەرەوە "مایک پۆمپیۆ" وڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییش "جۆن بۆڵتۆن" دژایەتی بڕیارەکەیان کردووە بەڵام ھەوڵەکانیان بۆ پەشیمانکردنەوەی ترامپ سوودی نەبوو.

 

پاساوەکانی ترامپ

 

بەبڕوای سەرۆک ترامپ، دوای تێکشکان وکەوتنی داعش ئیدی ھیچ پاساوێک بۆمانەوەی ئەمریکا لە سوریا نەماوە، هەروەها نابێت ئەمریکا ببێت بە "پۆلیسی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست" و قوربانی پێشکەش بکات لەپێناوی پاراستنی ئەوانی تر. کە ئەم قسانە دەنگۆیەکى باشی ھەیە لە شەقامی ئەمریکادا بەوپێیەی کە لەوێ پێشینە بۆ ئابوریيە وھەروەھا ترامپ چەند دروشمێکی بەرزکردوەتەوە لەنمونەی دروشمی "ئەمریکا پێش ھەموان – أمریکا أولا " یاخود "ئەوەی دەیەوێت بپارێزرێت دەبێت حەقەکەی بدات" کە ئەمانە ڕەواجیان ھەیە.

 

ترامپ ئەو ڕەخنانەی ڕەتکردەوە کە لەبڕیارەکەی دەيگیرێت لەو ڕووەوە گوایە بۆشاییەک دروست دەبێت  لە سوریا کە ڕوسیا وئێران وداعش سوودی لێ ببینن، ترامپ بەوە ڕتیکردەوە کە "ڕوسیا وئێران وئەوانی تریش دڵخۆش نین بەکشانەوەی ئەمریکا، چونکە ئەمە وادەکات ئەو لایەنانە ناچار‌بن خۆیان دژی داعش بجەنگن"، ھەروەک لەمیانەی پاساوھێنانەوەی بۆ بڕیارەکەی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لەگەڵ "ڕەجەب تەیيب ئەردۆغان"ی سەرۆکی تورکیا ڕیکەوتووە کە تورکیا ئەرکی لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش بگرێتە ئەستۆ ولەھەمانکاتدا سعودیەش لەبری ئەمریکا، ئەرکی دابینکردنی خەرجی پێویست بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سوریا بگرێتە ئەستۆ، ترامپ وتی: سعودیە ڕازیبووە کە لە بری ئەمریکا پارەی پێویست تەرخان بکات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سوریا، ھەروەھا وتی : "واباشترە دەوڵەتانی ڕەزیلی لەڕادەبەدەر دەوڵەمەند یارمەتی دراوسێکانیان بدەن لەبری ئەوەی کە دەوڵەتێکی زلھێز لەدووری پێنج ھەزار میلەوە بێت وبەم کارەھەستێت" کە بیگومان ‌مەبەستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکابوو، لەکۆتاییشدا وتی سوپاس بۆ سعودیە.

 

ئەم لێدوانانەی ترامپ لەبارەی ئەو دوو ڕۆڵە چاوەڕوانکراوەی ھەریەک لەتورکیا وسعودیە،‌ یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو بیروڕا پێشتر ڕاگەیانراوەی ترامپ کە دەڵێت: بێگومان ئەو ھاوپەیمانانەی ئەمریکا کە پشت بەچەتری پارێزگاری ئەمریکا دەبەستن پێویستە لەسەریان نرخەکەی بدەن لەبەرانبەر ئەم پاراستنەیاندا، یاخود بڕی تێچوونەکەی لەگەڵ ئەمریکادا بەشبکەن، یاخود باخۆیان ئەرکی پاراستنی خۆیان بگرنە ئەستۆ!

           

چوارچێوەی بڕیارەکە

 

ئەو بیرۆکەیەی ترامپ کەدەڵێت نابێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبێ بەرامبەر لێپرسراوێتی پاراستنی خەڵکی تر بگرێتە ئەستۆ یان خزمەتی بەرژەوەندیيەکانی ئەوانی تر بکات، ئەم بیرۆکەیە وادەرەکەوێت کە سەرھەڵدانی بیرۆباوەڕێکی ستراتیژی نوێ بێت، بەڵام لەڕاستیدا ھەڵسوکەوتێکی سیاسیيە کەسەرچاوەی گرتووە لەچەند ھۆکارێکی ناوخۆیی وپەیوەستە بەحساباتی ھەڵبژاردنەوە، ئەگەرچی جێکەوتەکانی وەک جێکەوتی بیروباوەڕێکی ستراتیژی نوێ دەربکەوێت. ئەوەیش ڕوونە کەکشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەسوریا بەشێکە لە بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن کە ترامپ پێشتر دابوی بەخەڵک لەکاتی کاندیدبوونیدا. ھەروەھا چەند ھەوڵێکی ڕوونی ترامپ ھەیە بۆ کۆکردنەوەی بنکەی ڕاستڕەوە پشتیوانەکانی وبەھێزکردنیان لەبەرامبەر ئەو کێشە یاسایی وسیاسیيانەی کەبەرەبەرە ‌ڕووبەڕووی دەبنەوە وپەیوەندیان ھەیە بە لێکۆڵینەوەکانی لێکۆڵەری تایبەتیی "ڕۆبەرت مۆلەر"ەوە دەربارەی دەنگۆی ھەبوونی پەیوەندی لەنێوان ڕوسیا وھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی ترامپ لەھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦.

 

مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوو بەیەکێک لە مانگە ھەرەخراپەکانی سەرۆکایەتی ترامپ دادەنرێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی لێکۆڵێنەوە لەگەڵ خودی خۆی وخێزانەکەی وکارەکانی، ئەمە سەرەڕای بەردەوامی ناجێگیری لە ئیدارەکەیدا کە خۆی دەنوێنێت لە شەپۆلەکانی لەسەرکارلابردن ودەستلەکارکێشانەوەکان، مانگی نۆڤەمبەری ساڵی٢٠١٨ سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی دیموکراتەکانی بەخۆیەوە بینی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەمیانەی ھەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی ئەنجومەنەکە. ئەمەش واتە ڕاوەستانی ئەجێندا ناوخۆییەکانی ترامپ، ئەمە سەرەڕای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی خودی خۆی ولەبارەی دەوروبەرەکەی وخێزانەکەیەوە ولەبارەی ئیدارەکەیشیەوە، جا لەبەرئەوەی کەدەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا لەبواری سیاسەتی دەرەوەدا فراوانترە ھەتا بواری سیاسەتی ناوخۆیی، لەوانەیە ترامپ بەم بڕیارەی ویستبێتی دەستپێشخەری بکات و وەبەرھێنان لەسیاسەتی دەرەوەدا بکات پێش ئەوەی دیموکراتەکان کەزۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانن سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بگرنە دەست لەسەرەتای ٢٠١٩دا.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە بڕیارەکەی ترامپ لەمیانەی پەیوەندیيەکی تەلەفۆنیدا ھات کە لەنێوان خۆی وڕەجەب تەیيب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیادا ھاتە کایەوە لە ١٤/١٢/٢٠١٨ کە "مایک پۆمپێو"ی وەزیری دەرەوە بۆی ڕێکخستبوو، ئەمە لەکاتێکدا کە پێشتر ئەنقەرە ھەڕەشەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازیی کردبوو لە باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا لە ‌دژی ھێزە چەکدارە کوردەکان کەئەمریکا پشتیوانیيان دەکات، بێگومان ھەریەک لە "جیمس ماتیس" و "مایک پۆمپیۆ" و خەڵکی تریش بەشداریان کردبوو لە ئامادەکردنی چەند تێبینیەک بۆ سەرۆک ترامپ کە بەرچاوڕوونی دەدەنێ بۆ ئەوەی لەمیانەی پەیوەندیيە تەلەفۆنیيەکەيدا ڕووبەڕووی ئەو پرۆسە سەربازيیە بوەستێت کە تورکیا ھەڕەشەی ئەنجامدانی دەکات لە ڕۆژھەڵاتی فورات. بەڵام پێش ئەوەی کە ئەردۆغان گلەیی ئەوەی لەلابکات کە ئەمریکا ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەخاتە مەترسیيەوە بەوەی پشتیوانی وھاوکاری کورد دەکات، پێش ئەمە ترامپ وەک وەڵامێک بۆ ئەم گلەییەی کە ھێشتا پێی نەگەیشتبوو، دڵنیایی دایە ئەردۆغان کەئەمریکا نایەوێت لەسوریا بمێنێتەوە وئیتر بڕیاری کشانەوەیدا وتێبینیيەکانی ڕاوێژکارەکانی پشتگوێ خستن.

 

بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، ترامپ دوای ئەوەی کە ئەردۆغان دڵنیای کردۆتەوە کە وڵاتەکەی ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەگرێتە ئەستۆ، بەئەردۆغانی وتووە "کەواتە ئەوە سوریا بۆ تۆ، تەواو"، لەھەمان ئەوڕۆژەدا کەترامپ بڕیاری کشانەوەی لەسوریا دەرکرد وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕازیبووە بەفرۆشتنی سیستەمی موشەکی پاتریۆتی ئەمریکی بەئەنقەرە بە بەھای سێ ملیار و نیو دۆلار، بەبێ ئەوەی ئەم بابەتە ببەستێتەوە بە پێوسیتبوونی وازھێنانی تورکیا لە کڕینی سیستەمی موشەکی ڕوسی، ھەروەک پێشتر ئەو مەرجەی دادەنا بۆ فرۆشتنی ئەو سیستەمە بە تورکیا.

 

لەدوای دوو ڕۆژ لە بڕیاری کشانەوە لەلایەن ترامپەوە، ئەردۆغان ڕایگەیاند کە تورکیا جەنگی دژی داعش لەسوریا دەگرێتە ئەستۆ لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، ئەوەشی بۆ زیادکرد کە تورکیا "یەکینەکانی پاراستنی گەل" یش دەکاتە ئامانج" کە ئەمانە ھێزی کوردین وئەمریکا پشتیوانیان دەکات".

 

ئیتر تورکیا دەستیکرد بە ناردنی ئامادەکاری وکەرەستەی سەربازی بۆ سنوری خۆی لەگەڵ سوریا لە٢٣ی دیسەمبەری ٢٠١٨، بەشێوەیەک کەواخوێندرایەوە ئەمە جێبەجێکردنی ڕێكکەوتننامەی نێوان ھەردولابێت(ترامپ وئەردۆغان).

 

کاردانەوەکان دەبارەی بڕیارەکەی ترامپ

 

بڕیاری کشانەوەی ترامپ لەسوریا دڵەڕاوکێ وکاردانەوەی سەیر وسەرسوڕھێنەری بەدوای خۆیدا ھێنا لە ناو ئەمریکا ولەدەرەوەی ئەمیرکایش، لەسەر ئاستی ناوخۆیی ناڕەزایی ژمارەیەک سەرکردەی پارتی کۆماری لە ناو کۆنگرێس لێکەوتەوە ولەپاڵ دیموکراتەکاندا بڕیارەکەیان ئیدانەکرد، لەسەر ئاستی دەرەوەش بڕیارەکەی ترامپ کەھیچ ھەماھەنگيیەکی پێشوەختەی بۆنەکرابوو لەگەڵ ھاوپەیمانە نێودەوڵەتی وھەرێمیيەکاندا (بێجگە لەتورکیا) ترسی ئەوەی لێکەوتەوە لای ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا کە ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ترامپدا پەیڕەوی سیاسەتی خۆپارێزی بکات وئیتر ئەو ھێزە نەبێت کە پشتی پێ ببەسترێت وپەنای پێ بگیرێت، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی سیاسەتە فراوانخوازیەکانی ڕوسیا وچیندا، کە ئەمەش بووە بەھۆی سەرھەڵدانەوەی ئەو دەنگانەی کە داوای بنیادنانی توانای خۆپاراستنی خودیی لەدەوڵەتەکانیان دەکەن، بۆنمونە لەئەورووپا ئەم دەنگە بوونی ھەیە. نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی "جیمس ماتیس"ی وەزیری بەرگری بەوردی باسی ئەو لێکەوتانەی کردووە کەبڕیارەکەی ترامپ دایدەنێت لەسەر ئەورووپای دۆستی ئەمریکا ولەسەر ئاسایش وسەقامگیری نێودەوڵەتیش، ئەم نامەیەی ماتیس بە سەرزەنشتێکی بێ وێنە دادەنرێت لە ئیدارەی ئەمریکادا کە لەوەزیرێکی گەورەوە بۆ سەرۆکەکەی خۆی کرابێت.

 

گرنگترین مەترسیەکانی بڕیاری کشانەوە لەسوریا ئەمانەن

 

١- کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی نفوزی ڕوسیا وئێران لەسوریا، بەھۆی ئەو دەستکەوتانەیشی کە ڕژێمی سوریا لەم ماوەیەی دواییدا لەسەر زەوی بەدەستی ھێناون بەیارمەتی ڕوسیا وئێران، ئیدی کشانەوەی ئێستای ئەمریکا واتە نەمانی پێگەی ئەمریکا لەسەر مێزی دانوستان و ڕیكکەوتنەکانی داھاتووی تایبەت بەسوریا، هەروەها ئەو ھاوسەنگیە تێک دەدات کە ئێستا ھەیە.

 

٢- بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە ھۆی ئەوەی ئێران نفوزی بەھێز وفراوان بکات لەناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەی کە ئیدارەی ترامپ گەمارۆدانی ئێرانی وەک ستراتیژی لەپێشینە وھەرەگرنگی خۆی داناوە ‌لە سوریا و‌ناوچەکەدا، پێشتریش لە ئەیلولی ٢٠١٨دا "جۆن بۆڵتۆن" وتویەتی بێ گومان ئەمریکا لەسوریا ناکشێتەوە مەگەر کاتێک کە ھێزەکانی ئێران ومیلیشیاکانی سەربەئێران بکشێنەوە لەسوریا، لەوانەیە ھەر ئەمە یەکێک لە ھۆکارەکانی نەیاری "جۆن بۆڵتۆن" و "مایک پۆمپیۆ" بێت لەگەڵ بڕیارەکەی ترامپ، کە ھەردوکیان لەھەڵۆکانی ئیدارەی ترامپن بۆ ھەرشتێک کە پەیوەندی بەئێرانەوە ھەبێت، بەرپرسێک لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کەواشنتۆن ڕەگەزەکانی تری ھێز لەبەرانبەر ئێراندا بەکاردەھینیت، لەناویشیاندا سزائابوریەکان وفشاری دیبلۆماسی، بەڵام ئەم ڕەگەزانەی ھێز بەتەنھا سەرکەوتن مسۆگەرناکات بۆ لەقاڵبدانی نفوزی ئێرانی کە لەناوچەکەدا ڕوو لە ھەڵکشانە.

 

٣- ھێزە چەکدارە کوردیيەکان ولایەنگرەکانیان لە ئەمریکا، لە نمونەی "برێت ماکگۆرک"، مەترسی ئەوەیان ھەیە کە کشانەوەی ئەمریکا واتە لەناوبردنی ئەمان لەلایەن تورکیاوە، بەپێی قسەی بەرپرسێک لە ئیدارەی ترامپ، برێت مەکگۆرک ھەوڵیداوە گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ترامپ بھێنێتە سەر ئەو ڕایەی کە ھێزە کورديیەکان ڕێگەیان پێ بدرێت پەیوەندیان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا ھەبێت، ئەمەش وەک ھەوڵێک بۆ گەیشتن بەڕێکكەوتنێک کەبیانپارێزێت لەپرۆسەیەکی سەربازی تورکیا لەدژیان، بەڵام وادیارە ھەوڵەکانی مەکگۆرک سەرکەوتنێکی واگەورەی بەدەست نەھێناوە کە شیاوی باسبێت، ھەرئەمەش وایلێکرد کە وادەی خانەنشینبوونی خۆی پێشبخات بۆ کۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠١٨، ھێزەکوردیەکانیش بڕیارەکەی ترامپ وەک خەنجەرلێدان لەپشتەوە تەماشا دەکەن.

 

٤- داعش تێکشکان ونشوستی گەورەی بەرکەوتووە وزۆربەی ئەوخاکەی کە بەدەست داعشەوەبوو گێردراونەتەوە، بەشێوەیەک کە داعش ئێستا تەنھا ١% ی ئەو ناوچانەی بەدەستەوەیە کە پێشتر بەدەستیەوەبوو، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەم ڕێکخراوە بەتەواوی کۆتایی ھاتووە لەسوریا وتەنانەت لەعێراقیش. بەپێی مەزەندەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ھەتا ئێستا نزیکەی ٢٠٠٠ شەڕکەری داعش لەشارۆچکەی ھەجینی سەربەپارێزگای دێرەزووری سوریادا ھەن، ئەگەری ھەیە ئەم ژمارەیە بگاتە ٨٠٠٠ شەڕکەر ئەگەر ئەوچەکدارانەش ھەژماربکرێن کەخۆیانیان شاردوەتەوە لەو بیابانانەی کە دەکەونە خوارووی ڕوباری فوراتەوە.

 

بەڵکو بەپێی ڕاپۆرتی پشکنەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ژمارەی شەڕکەرەکانی داعش لە سوریا وعێراق بەنزیکەی چل ھەزار چەکدار مەزندە دەکرێت!، بەپێی مەزەندەکانی جەنەراڵ "جۆزیف دانفۆرد"ی سەرۆکی ھەیئەی ھاوبەشی ئەرکانی ئەمریکا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیویستی بە ڕاھێنانی ژمارەیەک لە ھیزە خۆجێیەکان ھەیە کە ژمارەیان لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٠ ھەزار سەربازدابێت لە باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا، لەپێناو پاراستن وپارێزگاریکردنی ئاسایشی ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژ وبۆ ڕێگریکردن لەداعش ھەتا‌دەست بەسەر ئەوناوچانەدا نەگریتەوە کەلەدەستی داون، بەڵام تەنھا لەسەدابیستی ئەوژمارەیە ڕاھێنانیان پێکراوە، ھەر ئەمەیش وایکرد لەژمارەیەکی زۆر لەکارەکتەرە سەربازی وسیاسیيەکان کە ھۆشداری بدەن لەبارەی بڕیارەکەی ترامپەوە.

 

پوختە

 

ئێستا بەتەواوی بڕیاری کشانەوە لە سوریا دراوە، بەڵام ئەمە بەومانایە نیيە کە یەکسەری وبەخێرایی جێبەجێ دەکرێت، بەجێگەیاندنی ئەمە چەندین حەفتەی پێدەچێت، ئەگەر چەند مانگێکیش نەخایەنێ. لەوانەیە دامەزراوەی سەربازی بەپێی توانا پەنا بباتە بەر خاوکردنەوەی شێوازی کشانەوەکە، بێگومان ئەو دامەزراوەیە بۆ پاساو وبەڵگەھێنانەوە دانامێنێت لەم بارەیەوە، ئەمە سەرەڕای پێداگری سەرۆک لەسەر تەواوکردنی لەکاتێکی تاڕادەیەک خێرادا.

 

لەئێستادا وەزارەتی بەرگری لە ئۆپشنی ئەلتەرناتیڤ وجێگرەوەی ڕاستەوخۆی خۆی دەکۆڵێتەوە لەسەر خاکی سوریا، جا سەرەڕای ھێرشە ئاسمانیيەکان کە بەردەوامیيان دەبێت، لێرەدا باس لە پێکێنانی چەند تیمێکی کۆماندۆز دەکرێت کە لەودیوی سنورەوە جێگیربکرێن وھەستن بەئەنجامدانی پرۆسەی تایبەت لەکاتی پێویستدا، ئەمەش ھەرئەوەیە کەترامپ ئاماژەی بۆکرد لەکاتی سەردانە نھێنی وچاوەڕوان نەکراوەکەیدا بۆعێراق. لەعێراقیش نزیکەی ٥٠٠٠ سەربازی ئەمریکی ھەیە، بەڵام ئەمانە ھەمووی ناتوانێت قەرەبوی نەمانی کرداریانەی ئەمریکا بکاتەوە لەخاکی سوریادا، بەتایبەتی ئەگەر کێببەکێیەکە گەرم ببێت لەنێوان ئەو ھێزانەی کە دەیانەوێت بۆشاییەکە پڕبکەنەوە.

 

بەکورتی، بڕیاری ترامپ بۆکشانەوە لەسوریا، بەھێمایەکی تری ئەوپەشێویيە دێتەھەژمار کەستراتیژیيەتی ترامپ بۆ ئاسایشی نیشتمانی دەیوروژێنێت، ئەمەش سەرچاوەی گرتووە لە دروشمی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەیەوە (ئەمریکا پێش ھەموان)، کە ئەم بڕیارەی کۆتایی لەبارەی سوریاوە وئەوەیشی چاوەڕوان دەکرێت لەبارەی ئەفغانستانەوە بیدات ئەو کەلێنە دەردەخەن کەھەیە لەنێوان تێگەیشتنی خودی ترامپ بۆ ئەم ستراتیژیيەتە لەگەڵ تێگەیشتنی (دامەزراوەکە) بۆ ھەمان ستراتیژيیەت. دەتوانرێت بوترێت کە ترامپ وەھا دەردەکەوێت وەک کەسێک کەستراتیژی تایبەت بەبواری ‌ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارەکەی خۆیی نەخوێندبێتەوە،  چونکە ھەمیشە جەخت دەکاتەوە لەسەر ‌بایەخدان بەپاراستن وپارێزگاریکردن لە بنکەی جەماوەریی لایەنگر وپشتیوانی خۆی بەشێوەیەک کەھەتا کێشە وئاڵنگاریە یاسایی وسیاسيیەکانی بەردەمی زیاترببن، بایەخ وگرنگی ئەو بنکە جەماوەریەی خۆیی لەلا زیاتر دەبێت.

 

سەرچاوە: المرکز العربی للأبحاث ودراسة السیاسات



ئه‌م بابه‌ته 262 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر