کۆمارى كوردستان

PM:02:35:22/01/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا-دەوڵەتەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

نوسینى : د. نەجدەت عەقراوى

 

لەسەدەى بیستەمدا کورد دوو ئەزمونى حوکمڕانى سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆى بەخۆیەوە بینیوە، یەکەمیان ئەزمونى کۆمارى مەهاباد لە ئێران، دووەمیان ئەزمونى حوکڕانیکردنى کوردەکان لە لایەن خۆیانەوە لە کوردستانى عێراق لە ساڵى ١٩٩٢ ەوە، هەریەک لەو دوو ئەزمونە چەندین پەند وئامۆژگارى وماناى تایبەتى هەیە لەلاى کوردەکان، کەبەردەوام لە خەباتى نەپساودا بوون لە پێناو بەدەستهێنانى مافی چارەى خۆنووسین وڕەدکردنەوەى ئەو داواکارییەیان لەلایەن ئەو سیستەمە سیاسییانەى کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە.

 

لەدواى کۆتایی جەنگى جیهانى دووەم، بەهۆى هەلومەرجى نێودەوڵەتییەوە، کۆمارى مەهاباد لەدایکبوو، هۆکارە نێودەوڵەتییەکان لە ململانێی نێوان هەریەک لە بەریتانیا و سۆڤییەتدا خۆى دەبینییەوە، کە کێبڕکێیان دەکرد بەمەبەستى پاوانخوازى هەژمونیان لە ئێراندا، بۆ ئەوەى دەست بگرن بەسەر ئەو ناوچانەى کە نەوتیان تیادایە، هۆکارە نێوخۆییەکانیش لە بێبەشبوونى کوردەکانەوە سەرچاوەى گرتبوو لە بەدەست هێنانى مافی چارەى خۆنووسین ومافە سیاسییەکانیان لە ئێراندا بەهۆى دەستورى ساڵى ١٩٠٦ ەوە.

 

کوردەکان لە ئێراندا سێیەمین زۆرینە پێک دەهێنن دواى هەریەک لە فارس وئازەرییەکان دێن، بەوەش شەش یەکى ژمارەى دانیشتوانى ئێران کوردن، لەگەڵ ئەوەشدا لەدواى سییەکانى سەدەى بیستەوە بەردەوام هەوڵى تواندنەوەیان دەدرا لە ئێراندا، ئەوەش لە ڕێگاى یاساغکردنى خوێندنى زمانى کوردى لە قوتابخانەکان ودامەزراوەکان وڕاگواستنیان وگۆڕینى ناوى شارە کوردییەکان، ئەو ڕێکارانەش بوو بەهۆى سەرهەڵدانى بزووتنەوەیەکى سیاسی کوردى لە سەرەتاى چلەکانى سەدەی بیست، دواتر پارتى دیموکراتى کوردستان/ئێران بە ڕابەرایەتى "قازى محەمەد" ڕاگەیەنرا.

 

ئەم چالاکییە سیاسییە بووە هۆى ڕاگەیاندنى کۆمارى مەهاباد، وەک دەستکەوتێک کە کوردەکان لەو کاتەدا سودیان لە هاتنە ناوەوەى هەریەک لە هێزەکانى یەکێتیی سۆڤییەت و بەریتانیا وەرگرت، کە لە سەرەتاکانى هاوینى ساڵى ١٩٤١ و لەکاتى گەرمەى جەنگى جیهانى دووەمدا چەند ناوچەیەکى خاکى ئێرانیان داگیر کرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیەى کە لە نیوان یەکێتیی سۆڤییەت و ئێراندا لە ساڵى ١٩٤٢ واژۆکۆابوو، دەبوایە یەکێتیى سۆڤییەت دواى کۆتایی هاتنى جەنگى جیهانى دووەم دەست بەجێ خاکى ئێرانیان چۆڵ بکردایە، بەڵام سۆڤییەت لەدواى ئەوەى کە جەنگى سارد لەنیوان هەردوو بلۆکى ڕۆژهەڵات بە سەرۆکایەتى یەکێتیی سۆڤییەت وڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەڵگیرسا، ئامادە نەبوو کە خاکى ئێران چۆڵ بکات، هەر لەو کاتەدا یارمەتى سەرهەڵدانى دوو کۆمارى دا کە یەکێکیان کۆمارى ئازەربایجان و ئەوى دیکەیان کۆمارى مەهاباد بوو لە ناوچە کوردییەکان.

 

لە ٢٢ ى کانونى دووەمى ١٩٤٦ کۆمارى گەلى دیموکراتى مەهاباد لەلایەن قازى محمەمەدى ڕابەرى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە لە ئێران ڕاگەیەنرا، شارى مەهاباد بوو بەپایتەختى ئەو کۆمارە، ڕوبەرى ئەو کۆمارە ٣٠% ى ڕوبەرى ناوچە کوردییەکانى ڕۆژهەلاتى کوردستانى گرتبوویەوە. ڕاگەیاندنى کۆمارى مەهاباد دواى چەند ڕۆژێک لەو شکاتە هات کە ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبووى لە یەکیتىى سۆڤییەت بەوەى کە لایەنى دووەم دەست وەردەداتە کاروبارى ناوخۆى ئێرانەوە وهەروەها پابەند نابێت بە بەندەکانى ڕێککەوتننامە وپەیماننامەى واژۆکراوى نێوانیان لە ساڵى ١٩٤٢.

 

لە ئەنجامى ئەوەى کە ئێران سەرکەوتوو نەبوو لە چارەسەرکردنى کێشەکانى لەگەڵ سۆڤییەتدا حکومەتەکە دەستى لەکار کێشایەوە، لە ٢٧ ى کانونى دووەمى ١٩٤٦ حکومەتێکى نوێ بە سەرۆکایەتى " قەوامول سەڵتەنە" پێکهێنرا، ناوبراو هەوڵى دا کەبەشیوەیەکى سیاسییانە کێشەى وڵاتەکەى لەگەل مۆسکۆدا چارەسەر بکات، نزیکەى یەک مانگ لە پایتەختى سۆڤییەت مایەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەوەدا کە بروا بە سەرکردەکانى کرملین بهێنێت بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەى وڵاتەکەى لەگەڵ مۆسکۆدا.

 

هەرەس هێنانى کۆمارى مەهاباد

 

لە ڕووبەڕوو بونەوە سیاسییەکەیدا لەگەل مۆسکۆ، ئێران توانى پشتگیرى هەریەک لە ئەمریکاو بەریتانیا بەدەست بهێنیت، بەڵام لە ناکاو گرێ کوێرەى ئەو ململانێیە کرانەوەیەکى بەخۆیەوە بینى، چەونکە یەکیتیی سۆڤییەت بڕیاریدا کەتەواوى هێزە سەربازییەکانى لە خاکى ئێران لەماوەى شەش هەفتەدا بکێشێتەوە ئەوەش پاش ئەوەى کە توانى چەندین ئیمتیازاتى نەوتى بەدەست بهێنیت، ئەو ئیمتیازاتانەى کە هەرگیز ڕۆشناییان بەخۆیانەوە نەبینى چونکە ئەنجومەنى نوینەرانى ئیرانى ڕەدی دەکردنەوە.

 

دواى کشانەوەى یەکێتیی سۆڤییەت، ئێران بوو بەناوچەیەک کەهەژمونى بەریتانیا وئەمریکا تیایدا بەهێزتر دەبوو، هەروەها پاکتاوکردنى هەرەیەک لە کۆمارەکانى ئازەربایجان و مەهاباد یەکێک بوو لە ئەنجامەکانى ئەو گۆڕانکارییانە، پاش ئەوەى کە قەوامول سەلتەنە دڵنیابوو لە هەڵوێستى هەریەک لە بەریتانیا وئەمەریکا کە پشتگیرى ئێران دەکەن، هەروەها پاش ئەوەى کە دڵنیا بوویەوە لەوەى کە یەکێتیی سۆڤییەت هیزەکانى دەکشێنیتەوە، لەسەرەتاکانى کانونى یەکەمى سالى ١٩٤٦ هێرشی کردە سەر ئازەربایجان ودواتر بەچەند ڕۆژێک هێرشی بۆ کۆمارى مەهاباد برد وبەوەش ئەو کۆمارە ساوایە هەرسی هینا، پاشان لە ئازارى ١٩٤٧ هەڵسا بەلەسیدارەدانى قازى محەمەد و چەند کەسایەتییەکى دیکەى کۆمارى مەهاباد.

 

کۆمارى مەهاباد دروشمى جیابوونەوەى بەرزنەکردبوویەوە، بەڵکو دەیویست خودموختارى لەچوارچێوەى ئێراندا بەدەست بهێنێت. ئەم ئەزمونە کە ماوەى نزیکەى دە مانگى خایاند، کابینەیەکى وەزارى بە سەرۆکایەتى قازى محەمەدى بەخۆیەوە بینى، هەروەها لە ئەزمونى کۆمارى مەهاباددا پێکهاتەیەکى سەربازى بەسەرۆکایەتى مەلا موستەفا بارزانى دروستکرا (لەو کاتەدا مەلا موستەفا بارزانى لە کۆمارى مەهاباد بوو لەبەر ئەوەى لە ساڵى ١٩٤٥ لەلایەن حکومەتى پاشایی عێراقەوە شۆڕشەکەى هەرەسی پێهینرابوو).

 

کۆمارى مەهاباد خالى وەرچەرخان بوو لە شێوازى دەربڕینى داوا نەتەوایەتییەکانى گەلى کورد، بەتایبەتى لە بوارى داواکردنى شیوەیەک لە شیوەکانى ئیدارى وسیستەمى سیاسی، ئەم ئەزمونە بوو بەهۆى سەرهەڵدانى یەکەمین شانۆى کوردى، هەروەها بەکارهێنانى زمانى کوردى لە خوێندندا، کردنى زمانى کوردى بە زمانى فەرمى، دروستکردنى سوپایەکى یەکگرتوو، رادیۆى کوردى، دامەزراندنى سەندیکا پیشەوەرییەکان، دەوڵەمەندکردنى ڕۆژنامەى کوردى، ئەنجام دانى چاکسازى لەبوارى کشتوکاڵ و ئیدارى، مافی ژنان، گەشەپیدانى هونەرى کوردى، هەروەها کۆمارى مەهاباد بۆ یەکەم جار بوو بەهۆى پێشخستنى کێشەى کورد لەبوارى نێودەوڵەتیدا، هەروەها چەندین دەستکەوتى دیکەى لێ بەرهەم هات.

 

بێگومان چەندین هۆکارى نێودەوڵەتی و هەرێمایەتى و نێوخۆیی هەبوون کە پێکەوە بوونە هۆى هەرەس هینانى کۆمارى مەهاباد، لەسەروو ئەو هۆکارانەوە، ململانێی نیوان یەکێتیی سۆڤییەت بوو لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژئاوا، ئەو ململانێیەى کە ئیران توانى زۆر بەباشی سوودى لیوەربگریت، هەروەها کێشە نێوخۆییەکانى هۆزە کوردەکان لەنێو خۆیاندا بەهۆى جیاوازى بەرژەوەندییەکانیانەوە، سەرەراى ئەم هۆکارانەش کۆمارى مەهاباد ڕوبەرێکى بچوکى کوردستانى ڕۆژهەڵاتى گرتبووبەوە، هەروەها نەبوونى دیپلۆماسییەتیکى ستراتیژى پارتى دیموکراتى کوردستانى ئێران سەبارەت بە چۆنییەتى مامەڵەکردنى لەگەڵ بەشەکانى دیکەى کوردستان لە تورکیا و عێراق و ئێران، لەگەڵ ئەمانەشدا کۆمارى مەهاباد بەشیوەیەکى بەرنامە بۆ دارێژراو دروست نەبوو، بەڵکو لەئەنجامى هەست وسۆزى نەتەوەییەوە هاتبووە بوون.

 

سەرچاوە: الجزیرة   



ئه‌م بابه‌ته 286 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر