عەفرین

AM:11:21:18/01/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

شارێکە لە سوریا و دەکەویتە بەرەى ڕۆژئاواى دەوروبەرى "حەلەب" ەوە، ئەم شارە لە لایەن "یەکینەکانى پاراستنى گەل" بەڕێوەدەبرێت.

 

پێگە

عەفرین دەکەویتە باکورى سوریا، نزیکەى شەست کیلۆمەتر لەباکورى ڕۆژئاواى حەلەبەوە دوورە، عەفرین و حەسەکە وکۆبانێ، سێ شارى هاوسنورى ویلایەتى هاتاى تورکیان.

 

بەپێچەوانەى کۆبانێ و جەزیرەوە، عەفرین کەمێک دوورترە لەو ناوچانەى کە کوردەکان زۆرینەى دانیشتوانەکەى پێکدەهێنن لە باکورى سوریا، ئەم شارە بەچەندین گوند وناوچەى دیکە دەورەدراوە کە عەرەب نشینن ولە سنورى تورکیاشەوە هیچ گوندێکى کوردنشین هاوسنورى نییە.

 

لەم شارەدا چەندین چیا وگرد هەیە، هەروەها بەناو عەفریندا ڕوبارى عەفرین تێدەپەڕێت کەبەسەرچاوەیەکى گرنگ دادەنرێت بۆ دابینکردنى ئاوى پیویست بۆ ئاودانى زەوییە کشتوکاڵییەکان لەسوریا، ئەم شارە ٧٠٠ بۆ ١٢٩٦ مەتر لەسەر ئاستى ڕووى دەریاوە بەرزە، هەروەها چەندین چیای بەرزى تیادایە وبەناوبانگ ترینیان چیای کەریەمازنە، عەفرین ٢% ى روبەرى سوریا پێک دەهینیت.

 

میژوو، دانیشتوان

 

سەرچاوە مێژوویەکان دەڵێن کە ناوە کۆنەکەى عەفرین بریتی بووە لە (چیاى کورمینج)، لەماوەى فەرمانڕەوایەتى عوسمانییەکاندا بە (کورداغ) ناوبراوە، لەدواى هاتنى فەرەنسییەکان لەدواى جەنگى جیهانى یەکەم، عەفرین کرا بەدوو بەشەوە، بەشێکیان لکێنرا بە دەوڵەتى تورکیاو بەشەکەى دیکە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە بەڕێوەدەبرا. دواى سەربەخۆیی سوریا ناونرا عەفرین.

 

سەرژمێرییەکان واى دەردەخەن کەپێش شۆڕشی سوریا دانیشتوانى شارى عەفرین گەیشتۆتە نیو ملیۆن کەس، ئەمانیش لە چەقی شارەکە وحەوت شارۆچکەى سەرەکى بەناوەکانى:شەران، شێخ حەدید، جندیرس، راجو، بلبل، مەرکز، مەعباتلیدا دابەش بوون، هەروەها ئەو شارە ٣٦٦ گوندى تیادا بووە. بەڵام دواتر بەهۆى کۆچى ئاوارەکانەوە دانیشتوانى شارەکە گەیشتۆتە نزیکەى یەک ملیۆن کەس.

 

ئابورى

 

عەفرین بەشارێکى بازرگانى وئیدارى دادەنریت، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کەئەو شارە چەندین کارگە ودامەزراوەى گەورەى تیادایە، بەتایبەتى ئەو کارگانەى کە بەرهەمى پیشەسازى کشتوکاڵی بەرهەم دەهینن وەکو زەیتى زەیتون، سەرەڕاى ئەمانەش، چەندین کارگەى دیکەى جل وبەرگ لە حەلەبەوە گواستراوە بۆ عەفرین، بەتایبەتى دواى ئەوەى کە حەلەب شەڕى تێکەوت.

 

چالاکى کشتوکاڵ لە عەفریندا پشت بەزەیتون دەبەستێت، چونکە ئەو شارە نزیکەى ١٨ ملیۆن دار زەیتونى تێدایە، لەگەڵ بوونى سی هەزار دار هەنار، هەروەها چەندین بەروبومى دیکەى وەک ترێ، شوتى، خەیار لە عەفریندا بەرهەم دێت، ئەم بەرهەمانەش پێداویستى ناوخۆیی عەفرینى پڕکردۆتەوە وبەڵکو لێشی هەناردە دەکریت.

 

گرنگى شارى عەفرین

 

شارى عەفرین لەڕووى سیاسییەوە بەڕێوەبەرایەتییەکى خۆجێیەتى هەیە، هەروەها لەڕووى سەربازییەوە لەلایەن یەکینەکانى پاراستنى گەلەوە کۆنتڕۆڵکراوە، لە کانونى دووەمى ٢٠١٤ پارتى یەکیتى دیموکراتى، سەربەخۆیی خۆجێیەتى بۆ کۆبانێ و جەزیرە وعەفرین ڕاگەیاند. ئەم شارە لەلایەن کوردەکانەوە گرنگییەکى ستراتیژى هەیە بەهۆى ئەوەى کە پردى پەیوەندى گرێدانى کوردەکانە بە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، بەڵام ئەمە تەواو لەلایەن تورکیاوە ڕەدکراوەتەوە، هەروەها ڕەجەب تەییب ئەردۆغانى سەرۆکى تورکیا لەتشرینى دووەمى ٢٠١٧ داوایکرد کە شارى عەفرین لەکوردەکان پاک بکرێتەوە.

 

لەساڵى ٢٠١٦ تورکیا پڕۆسەى قەڵغانى فوراتى ڕاگەیاند بەمەبەستى بەرگرتن لەتیرۆر لەسەر سنورى تورکیا وهێرشکردنە سەر ناوچەکانى ئەو هێزانەى کە تورکیا پێی وایە لەلایەن پەکەکە وە سەرپەرشتى دەکرێن.

 

سەرچاوە: الجزیرة



ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر