ترامپ له‌عێراق بوو! چی ڕووده‌دات له‌ عێراق؟ شرۆڤه‌ وپێشبینی وزانیارییه‌ نهێنییه‌ دزه‌ پێكراوه‌كان

شێوازی سه‌ردانه‌كه‌ی دۆناڵد ترا‌مپ سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ عێراق له‌ شه‌وی جه‌ژنی له‌ دایكبوونی ساڵی ٢٠١٨دا، سوپڕایزێك بوو بۆ عێراقیه‌كان وئه‌مریكیه‌كان وژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی تری جیهانیش، هه‌تا ئێستایش ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌لای زۆرێك ناڕوون وشاراوه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌و ناواخنانه‌ی كه هه‌یبوون وئه‌و په‌یامه‌ سیاسیانه‌ی له‌خۆیدا ‌هه‌ڵیگرتوون.
PM:11:18:05/01/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی
وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، داهاتوویەکى ناسەقامگیرى دەوێت لەعێراق، بەجۆرێک کەتەنیا بە هەژمونى خۆى بتوانێت عێراق سەرلەنوێ دروستبکاتەوە.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد


نوسینی: دكتۆر مظفر قاسم حسین، مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌كان" په‌یوندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی

 

وەرگێڕانى: دڵشاد نامیق

 

شێوازی سه‌ردانه‌كه‌یدۆناڵد ترا‌مپ سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ عێراق له‌ شه‌وی جه‌ژنی له‌ دایكبوونی ساڵی ٢٠١٨دا، سوپڕایزێك بوو بۆ عێراقیه‌كان وئه‌مریكیه‌كان و ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی تری جیهانیش، هه‌تا ئێستایش ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌ لای زۆرێك ناڕوون وشاراوه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌و ناواخنانه‌ی كه هه‌یبوون وئه‌و په‌یامه‌ سیاسیانه‌ی له‌خۆیدا ‌هه‌ڵیگرتوون..

 

ئه‌م په‌یپه‌ره‌ كورته‌ لێكدانه‌وه‌یه‌ك وپێشبینیه‌كه‌ بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ داهاتوودا له‌ عێراق ڕووده‌دات...

 

بێگومان ترا‌مپ پێشتر‌ وبه‌ر‌له‌م واده‌یه‌ ویستبووی سه‌ردانی عێراق بكات به‌ڵام داوای كردبوو كه‌ كاتی سه‌ردانه‌كەی‌ ئاشكرا نه‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی دزه‌ی پێكراو بڵاوكرایه‌وه‌ ئیتر ترا‌مپ بڕیاریدا سه‌ردانه‌كه‌ی له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ وپاشان بڕیاریدا‌ دوا سه‌ردانی به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت، چونكه‌ حكومه‌تی عێراقی پێشتر نه‌یتوانی نهێنی واده‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی یه‌كه‌می بپارێزێت، چونكه‌ له‌ ئه‌مریكا پاراستنی ئاسایشی سه‌رۆك وه‌ك پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا وایه‌ وله‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌ پله‌ی یه‌كه‌م داده‌نرێت.



دیارترین په‌یامه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی ترامپ ئه‌مانه‌بوون:

 

په‌یامی یه‌كه‌م: سه‌رۆكی ئه‌مریكا مافی خۆیه‌تی كه‌ بچێته‌ هه‌ر وڵات وسه‌رزه‌مینێك كه‌ سه‌ربازانی ئه‌مریكای لێبێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات ئیزن له‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و وڵاته‌ وه‌ربگرێت.

په‌یامی دووه‌م: سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاریدا چاوی به‌سه‌ركرده‌كانی عێراق نه‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تیان پێنه‌دات(شه‌رعیه‌تی ئه‌مریكی)، به‌و پێیه‌ی كه‌ خودی ئه‌و سه‌ركردانه‌ به‌رهه‌می سیاسه‌تی پێشوتری ئه‌مریكان كه‌ ترا‌مپ خۆی له‌ كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانیدا ڕه‌خنه‌ی له‌و سیاسه‌تانه‌ گرتووه‌، ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگه‌ په‌یوه‌ندی به‌و پێشبینیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌مێكی تر ده‌یخه‌ینه‌ڕوو.


په‌یامی سێیه‌م: سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ ئه‌وه‌ی ده‌زانی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق "عادل عه‌بدولمه‌هدی" نایه‌ت بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین لئه‌سه‌د، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وامبوو له‌ ئه‌نجامدانی سه‌ردانه‌كه‌ی چونكه‌ ویستی ئه‌و دوو په‌یامه‌ی پێشووتر بگه‌یه‌نێت وپاشان ویستیشی به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی خۆیدا بمێنێته‌وه‌ كه‌ له‌و بنكه‌یه‌ن، بۆئه‌وه‌ی چه‌ند فه‌رمانێكی نهێنیان پێبدات، كه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و پێشبینیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م په‌یپه‌ره‌ ده‌یخاته‌ ڕوو.



پێشبینی وده‌ره‌نجامه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌:

 

له‌و خاڵانه‌ی پێشوه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد ترا‌مپ بڕیاری ئه‌وه‌ی داوه‌ فایله‌كانی عێراق ڕێكبخاته‌وه‌ به‌پێی پێویستیه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی نوێی خۆی، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ سیاسه‌تی سه‌رۆكه‌كانی پێشوتری ئه‌مریكا به‌رهه‌می هێناوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م سیاسه‌تێكی نوێی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاداین به‌ سه‌ركردایه‌تی ترا‌مپ، پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه دۆناڵد ترامپی‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا سیاسه‌تی (هه‌نگاوی چاوه‌ڕوان نه‌كراو) پیاده‌ ده‌كات له‌ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، به‌م پێیه‌ش ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م پێشبینیانه‌ی خواره‌وه‌داین:

 

1. پێویسته‌ ئه‌وه‌ ڕوون بێت كه‌ كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز به‌ڕووی هاوڵاتیاندا له‌م كاته‌دا له‌خۆوه‌نییه‌ ونه‌بووه‌، به‌ڵكو شتێكی دیراسه‌كراوبووه‌ له‌لایه‌ن ترا‌مپه‌وه‌، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستی مندان ئه‌وه‌ ئه‌مریكا بووه‌ كه‌ فه‌رمانی كردووه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت بڕیاره‌كه‌ بڕیارێكی عێراقی بوبێت‌ وباڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكاش هۆشیاری دابێت له‌ كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز، به‌ڵكو ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌، بڕیاره‌كه‌ به‌ ته‌واوی ئه‌مریكییه‌ وبه‌مه‌به‌ست له‌به‌ر چه‌ند ئامانجێك بووه‌ كه‌ دواتر ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

 

2- دۆناڵد ترامپ چوار ڕاستی گرنگ له‌باره‌ی عێراقه‌وه‌ ده‌زانێت:

 

ڕاستی یه‌كه‌م: زۆربه‌ی هاوڵاتیانی عێراق توڕه‌ وناڕازین‌ له‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ خزمه‌تگوزاری وژیانی شایسته‌یان بۆ دابین بكه‌ن.

 

ڕاستی دووه‌م: زۆرینه‌ی گه‌لی عێراق ناڕازی و توڕه‌یه‌ له‌ حیزبه‌سیاسییه‌كان كه‌ تایه‌فه‌گه‌ری وبه‌شبه‌شێنه‌یان به‌رهه‌مهێناوه‌.

 

ڕاستی سێیه‌م: زۆربه‌ی هاوڵاتیان ناڕازی وتوڕه‌ن له‌ گه‌نده‌ڵكاران وچاوه‌ڕوانی ئه‌و ساته‌یه‌ كه‌ تیایدا تۆڵه‌یان لێبكه‌نه‌وه‌.

 

ڕاستی چواره‌م: گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ نێوان حیزبه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا بوون و ئاماده‌یی هه‌یه‌، هه‌رحیزبێك چاوه‌ڕوانی ئه‌و ساته‌یه‌ كه‌ بدات به‌سه‌ر ئه‌وی تردا.

 

3- كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز به‌ڕووی هاوڵاتیاندا واته‌ هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز بۆ ئه‌و هاوڵاتییه‌ توڕه‌ وناڕازیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناویه‌وه‌ بۆ ڕوودانی ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی كه‌ ترا‌مپ ویستی له‌سه‌ریه‌تی، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی فایل وكارته‌كان له‌ عێراق به‌پێی ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه‌ ترا‌مپ كێشاویه‌تی له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی نوێیدا، بێگومان ترامپ بڕیاری دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی فایل وكارته‌كانی داوه‌ له‌ عێراقدا كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌می داهاتوودا ده‌ستپێده‌كات وده‌ستپێكیش به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و لێدوانانه‌ی ده‌بێت كه‌ تایبه‌ت ده‌بن به‌عێراق  به‌مه‌ش ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی خۆی.

 

4- چاوپێنه‌كه‌وتن وكۆنه‌بوونه‌وه‌ی ترا‌مپ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی عێراقدا وه‌ك په‌یامێكی ڕوون وڕاشكاو ویه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ بۆئه‌و سه‌ركردانه‌ كه‌ پێیان ده‌ڵێت به‌دڵنیایی ئێوه‌ نامێنن.

 

5- له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ترا‌مپ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانیدا له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین لئه‌سه‌د، چه‌ند فه‌رمانێكی نهێنی پێداون‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن كه‌: هه‌ركاتێك هاوڵاتیان وگه‌لی عێراق هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز ئه‌ركی ئێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌له‌ دوای ٤٨ كاتژمێر ئینجا زاڵببن به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا وبیخه‌نه‌ ژێركۆنترۆڵی خۆتانه‌وه‌، به‌مه‌رجێك كه‌له‌ ماوه‌ی ئه‌و ٤٨ كاتژمێره‌دا وازیلێبهێنن بۆ ئه‌وه‌ی تاڵانی وتێكدان و ڕاوڕووت ڕووبدات، بۆئه‌وه‌ی جیهان ڕاده‌ی ناڕه‌زاییه‌كانی گه‌لی عێراق له‌ ده‌سه‌ڵات بزانێت و ببینێت و هاوسۆزبێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی سه‌وز ودواتریش داخستنی ناوچه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ وته‌واو.

 

6- ترا‌مپ له‌ بنكه‌ی عه‌ین لئه‌سه‌د هێزه‌كانی خۆیی ئامۆژگاری كردووه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خۆیان تێنه‌گه‌یه‌نن له‌و ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ چه‌كداریانه‌ی كه‌ ڕووده‌دات له‌ نێوان حیزبه‌كاندا له‌ شه‌قامی عێراقیدا، وازله‌حیزبه‌كان بهێنن شه‌ڕبكه‌ن ویه‌كتری پاكتاوبكه‌ن، ئیتر هه‌ركه‌س لێیان هه‌ڵهات ئه‌وه‌ هه‌ڵدێت وهه‌ندێكیشیان به‌سه‌رده‌ستی هاوڵاتیان ده‌كوژرێن وله‌كۆڵانه‌كاندا ڕاده‌كێشرێن ونابوت ده‌كرێن، ئه‌مه‌یش ئائه‌وه‌یه‌ كه‌ من ده‌مه‌وێت ڕووبدات له‌ عێراقدا، چونكه‌ من عێراقێكی نوێم ده‌ویت كه‌ هیچ كه‌سێك ده‌ستی تیایدا نه‌بێت بێجگه‌ له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵئه‌وه‌ش پارێزگاری له‌ ناوچه‌ی سه‌وزبكه‌ن له‌هه‌ركه‌سێك كه‌ بیه‌وێت نزیكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ببێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی پارێزگارییه‌كی ئاسمانی سه‌ربازی ئه‌مریكی.

 

7- هه‌رێمی كوردستان له‌ داهاتوودا سود له‌‌م ئاژاوه‌یه‌ ده‌بینێت وده‌ستبه‌جێ كه‌ركوك ده‌خاته‌وه‌ پاڵ هه‌رێم وداخستنی سنوره‌كانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش هه‌لێكی زێڕین ده‌بێت بۆی بۆئه‌وه‌ی جیاببێته‌وه‌ له‌عێراق ئه‌گه‌رچی ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ ته‌نها به‌شێوه‌یه‌كی سیاسیش بێت وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م، پاشانیش هه‌رێم ده‌بێته‌ ناوچه‌یه‌كی دابڕاو وهێمن بۆ هێزه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ ئه‌مریكا خاكی هه‌رێم ده‌كاته‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆخۆی بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئاسایش وسه‌قامگیری بۆ هه‌موو عێراق دابین بكاته‌وه‌.

 

8- دوای ئه‌وه‌ی كه‌ عێراق ده‌چێته‌ بازنه‌یه‌كی بێكۆتایی شه‌ڕی چه‌كداریه‌وه‌ وده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌رپارێزگاكاندا نامێنێت ووێنه‌كانی تاڵانی وڕاوڕووت و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌رباره‌گای حیزبه‌كان ده‌گه‌ڕینه‌وه‌ به‌رچاوان، ئیتر ئێستا كاتی هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵی فه‌رمانڕه‌وایه‌كی ئه‌مریكیه‌ بۆعێراق، بۆ ئه‌وه‌ی داوای چه‌كدانان بكات وبه‌زۆر هێمنی وئاسایش بسه‌پێنێت.

 

9- وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ توندی ڕووبه‌ڕووی هه‌رحیزبێك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ چه‌ك هه‌ڵبگرێت، هەروەها ئه‌مریكا هه‌ڵده‌ستێت به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی چه‌ك وچه‌كداری بە شێوه‌یه‌كی ‌ته‌واوه‌تی، ئه‌مه‌ش له‌پێناو بنه‌بڕكردنی هێزوگروپه‌ چه‌كدارییه‌كان، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ پێویستی به‌كاولكردنی عێراقیش بێت هه‌رده‌یكات، چونكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جارنییه‌ عێراق ڕووبه‌ڕووی كاولكاری ببێته‌وه ‌به‌ڵكو كاولكاری چه‌ند باره‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌ عێراقدا، پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ لێره‌دا چه‌ند گروپێكی چه‌كداری له‌گه‌ڵ یه‌كتر یه‌كده‌گرن بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا  لە ئەمەریكا، ئه‌مریكایش ئه‌وه‌ به‌ یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئێران داده‌نێت چونكه‌ ئه‌مریكا بڕیاریداوه‌ كه‌ ئێران و كاریگه‌ری ئێران له‌ عێراق به‌ته‌واوی بنه‌بڕبكات... تره‌مپ بڕیاری كۆتایی داوه‌ كه‌ عێراق پێویسته‌ به‌ ته‌واوی خاڵیبێت له‌ هه‌ر كاریگه‌ریه‌كی ئێرانی، بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ خاڵی ده‌ستپێكی ڕاست ودروست (به‌پێی ڕوانگه‌ی ترامپ) بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئاڵنگاریه‌كانی ناوچه‌كه‌، سه‌ره‌تا حیزبوڵا وپاشان ئێران و دوایش گۆڕینی سیسته‌م له‌ سوریا.

 

10- وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆئه‌وه‌ی بتوانێت زاڵبێت به‌سه‌ر ئاژاوه‌دا له‌ عێراق، هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابه‌شكردنی عێراق لەسه‌ر ‌شێوه‌ی ناوچه‌ ناوچه‌ وه‌ك ئاماده‌كاریه‌ك بۆ دابه‌شكردنی عێراق له‌ داهاتوودا، ئه‌گه‌رچی ئه‌و دابه‌شكاریه‌ ته‌نها له‌ ڕووی ئیداریشه‌وه‌ بێت وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م به‌بیانوی سه‌پاندنی ئاسایش له‌ ناوچه‌كاندا یه‌ك له‌دوای یه‌ك.

 

11- بابه‌تێكی گرنگ ده‌مێنێته‌وه‌ به‌نیسبه‌ت وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ كه‌ ئه‌ویش حسابكردنه‌ بۆ كارتی مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینی له‌ عێراقدا وڕۆڵی ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته‌ له‌م ڕووداوانه‌دا كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ فتوایه‌ك ده‌ربكات ویاریه‌كه‌ هه‌ڵبگێڕێته‌وه‌ وحساباتی ئه‌مریكاش تێكبدات، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مریكا لێره‌دا بیرله‌ بارودۆخێكی ئاڵۆز ده‌كاته‌وه‌ له‌ عێراقدا كه‌وابكات له‌ مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی فتوای ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا نه‌دات، چونكه‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌بێته‌ هۆی خوێن ڕشتنی زیاتری هاوڵاتیان و زیاتربوونی ئاژاوه‌كه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مریكا هه‌وڵی هێنانه‌ كایه‌ی دۆخێكی كاره‌ساتاوی زۆر بێزاركه‌ر ده‌دات له‌ عێراقدا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینی فتوای شه‌ڕكردن به‌رانبه‌ریان نه‌دات، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌كاتی ڕوخانی صه‌دام ڕوویدا له‌ ساڵی ٢٠٠٣.

 

12- دوای ئه‌وه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڵده‌ستێت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ودووباره‌ پێكهێنانه‌وه‌ی سوپایه‌كی نوێ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی خۆیدا.

 

13- دوای ئه‌وه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڵده‌ستێت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و حیزبه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ به‌شداربوون له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا له‌ ساڵی ٢٠٠٣ وه‌ هه‌تا ئه‌مساڵ،  هەروەها‌ داوای پێكهێنانی حیزبی نوێ ده‌كات وهه‌موو ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی كه‌ فه‌رمانڕه‌وایی عێراقییان كردووه‌ دووریان ده‌خاته‌وه‌ و ڕۆڵ ده‌دات به‌ سه‌ركرده‌ گه‌نج و نوێیه‌كان له‌ عێراقدا.

 

14- دوای ئه‌وه‌ به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ پسپۆڕه‌ عێراقییه‌كاندا ئه‌مریكا هه‌ڵده‌ستێت به‌ نوسینه‌وه‌ ودانانی ده‌ستورێكی نوێ بۆ عێراق، له‌ جێگه‌ی ئه‌م ده‌ستوره‌ی ئێستا كه‌ عێراقییه‌كان له‌ سایه‌یدا یه‌كتریان كوشتووه‌.

 

15- دواتر وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات له‌ عێراقدا له‌ژێرسه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانداUN، به‌مه‌ش ڕێگه‌ده‌دات به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ پیاده‌كردنی به‌شێك له‌ ڕۆڵ وشه‌رعیه‌تی خۆی له‌ عێراقدا بۆئه‌وه‌ی ترامپ وه‌هاده‌رنه‌كه‌وێت كه‌ ده‌یه‌وێت نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان UN و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش په‌راوێزبخات، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیش چرای سه‌وز بۆ ئه‌مریكا هه‌ڵده‌كات بۆئه‌وه‌ی ئه‌من وئاسایش له‌ عێراق بسه‌پێنێت وده‌سه‌ڵاتی له‌ عێراقدا بگێڕێته‌وه‌ دوای ئه‌و ئاڵۆزی وئاژاوه‌یه‌ی كه‌ ڕووده‌دات وهه‌موو وڵات ده‌گرێته‌وه‌.

 

ئه‌م ڕووداوانه‌ نزیكه‌ی ساڵێك تا دووساڵ ده‌خایه‌نێت له‌ سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ترا‌مپدا، بۆئه‌وه‌ی له‌ ساڵی كۆتایی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌یدا به‌ جیهان بڵێ: " ته‌ماشای عێراق بكه‌ن چۆن بووه‌ وئێستا چی لێهاتووه‌؟" ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ڕێگه‌خۆشكردن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جاری دووه‌م سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.

 

پێش نزیكه‌ی مانگێك نامه‌یه‌كم ئاراسته‌ی مه‌رجه‌عی ئاینی كرد و وتم كه‌ ئه‌مریكا هه‌رچی ویست له‌ ماوه‌ی ١٥مانگی ڕابردوودا جێبه‌جێیكرد، وه‌ عێراق له‌ داهاتوودا ڕووبه‌ڕووی پلانێكی نوێی ئه‌مریكی ده‌بێته‌وه‌ وعێراق ده‌كه‌ویته‌ به‌رده‌م دوو ئۆپشنه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت یه‌كیكیان هه‌ڵبژێرێت: یان ده‌بێت گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی بكرێت وكاروباره‌كان له‌ عێراقدا ڕاست بكرێنه‌وه‌ به‌ ده‌ستی خودی عێراقییه‌كان وبه‌شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك كه‌له‌ ده‌ست ده‌رنه‌چن و به‌دوورله‌ ئاژاوه و ئاڵۆزی، یاخود ئۆپشنی دووه‌م كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م گۆڕانكاریه‌كی تره‌وه‌ ئه‌مه‌یان‌ ئه‌مریكا خودی خۆی سه‌ركردایه‌تی و پێشه‌وایه‌تی ده‌كات... ئه‌وه‌تا ئێستا له‌ ئۆپشنه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ نزیكده‌بینه‌وه‌... وادیاره‌ حیزبه‌كان له‌ عێراق هه‌ستیان به‌ترس كردووه‌ وهه‌ندێ دڵه‌راوكێ دایگرتوون بۆیه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌هه‌ندێ هه‌نگاوی پێشوه‌خته‌ ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ڕووه‌و گۆڕانكارین، له‌ نموونه‌ی لێدوانه‌كانیان بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌و بابه‌تانه‌...، به‌ڵام بڕیاری ئه‌مریكی بڕیارێكی كۆتاییه‌ وگه‌ڕانه‌وه‌ی نییه‌.

 

 

سەرچاوە: سایتى ئەلقوڕەیش

 



ئه‌م بابه‌ته 7583 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر