كه‌لێنه‌ یاسایی وسیاسییه‌كانی لیستی تیرۆری سوری و مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر ئاسایشی ده‌ولی

یه‌كێك له‌نه‌ریته‌كانی وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری له‌جیهاندا، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ری یاساییان پارێزراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ ناوبه‌ناو، یان به‌شێوه‌ی ساڵانه‌، لیستێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌تیایدا پاڵپشت به‌چه‌ندین پێوه‌ری یاسایی و ئیجرایی، ئه‌و كه‌سایه‌تی و قه‌وارانه‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و ده‌یان پۆلێنن كه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به‌تیرۆر، یان هاوكاری تیرۆر، یان سپی كردنه‌وه‌ی دراو، یاخود هه‌ر دۆسیه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌له‌ گۆشه‌نیگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، به‌مه‌ترسییان ده‌زانن.
AM:12:20:31/12/2018
دۆسیە: شیکار
ئایا ئه‌و لیستی تیرۆره‌ی حكومه‌تی سوریا بڵاوی كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی 1267 و1373ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌گونجێت؟ یان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ و سیاقی گشتی هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌یه‌؟ مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی حكومه‌تی سوریا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی لیسته‌كه‌ له‌م كاته‌دا چییه‌؟ مه‌ترسییه‌كانی لیسته‌كه‌ له‌سه‌ر ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی چین؟

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
سه‌رۆكی ناوه‌ندی چاوی كورد بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی


تایبه‌ت به‌چاوی كورد

هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانی ئه‌مریكا، ڕووسیا، یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، ئیسرائیل، به‌م دواییانه‌ش وڵاتانی كه‌نداو، هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌یه‌مه‌ن، وه‌كو سعودیه‌و ئیمارات..هتد، لیستی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌و، به‌شێوه‌ی ساڵانه‌ لیسته‌كه‌ ئه‌پده‌یت ده‌كه‌نه‌وه‌.

لیستی سوری بۆ پشتیوانانی تیرۆر

ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ڕژێمی سوریاش له‌سه‌ره‌تای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه‌ له‌مانگی 3/2011 تاكو ئێستا، یه‌كێك له‌و ستراتیژه‌ ده‌رونییانه‌ی پێڕه‌وی ده‌كات، بریتییه‌ له‌ دروستكردنی لیستێك بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تی و قه‌وارانه‌ی كه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان پشتیوانی شۆڕشی خه‌ڵكی سوریایان كردووه‌، یاخود له‌سه‌ر بنه‌مای دیدگای ڕژێمی سوریا به‌مه‌ترسی بۆسه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وان ده‌بینرێن.

ئه‌گه‌رچی نه‌ریتی دروستكردنی لیسته‌كه‌ نه‌ریتێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌، به‌ڵام له‌سوریا له‌وكاته‌وه‌ پێڕه‌و ده‌كرێت كه‌ شۆڕشی گه‌لانیسوریا له‌دژی ئه‌سه‌د به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو په‌ره‌ی سه‌ند.

كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی لیسته‌كانی تیرۆر له‌سوریا

یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه‌ لیسته‌كه‌ی ڕژێمی سوریا له‌هه‌ر لیستێكی تری هاوشێوه‌ی جیاده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جگه‌له‌ ڕێكخراوه‌كانی "داعش و به‌ره‌ی نوسره‌" و چه‌ند ڕێكخراوێكی تر، ئیدی پێوه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌سه‌ر لیسته‌كه‌ی سوریادا ناچه‌سپێت. به‌تایبه‌تی ئه‌م لیسته‌ی كه‌ دوێنێ له‌میدیاكانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌.

بۆنمونه‌: له‌ مانگی شوبات/2016دا، حكومه‌تیسوریا لیستێكی بڵاوكرده‌وه‌ به‌ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تی و گروپ و قه‌وارانه‌ی كه‌ به‌تیرۆریست یان به‌پاڵپشتیكردنی تیرۆر ناوزه‌دی كردبوون. كه‌چی هیچكام له‌وڵاتانی دنیا له‌گه‌ڵ لیسته‌كه‌دا هاوڕانه‌بوون.

هه‌ر بۆ به‌رچاو ڕوونی ئاماژه‌ ده‌ده‌م به‌وه‌ی له‌نێو لیسته‌كه‌ی حكومه‌تی سوریادا، ته‌نها سێ قه‌واره‌ هه‌بوون كه‌ وڵاتێكی وه‌كو "كۆماری چین" دان بنێت به‌وه‌دا كه‌ پاڵپشتی تیرۆریان كردووه‌. له‌كاتێكدا له‌ناو لیسته‌كه‌دا 163 گروپ و قه‌واره‌ ڕیزكرابوون.

پێچه‌وانه‌ی پێوه‌ره‌كانی خودی سه‌رۆكی سوریا

یه‌كێك له‌و ڕه‌خنه‌ پیشه‌ییانه‌ی كه‌ئاراسته‌ی لیسته‌كه‌ی سوریا ده‌كرێن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كی تێدا ڕه‌چاو نه‌كراوه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دنیاو ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، بگره‌ ڕه‌چاوی پێوه‌ره‌ باوه‌كان نه‌كراوه‌. به‌ڵكو سوریا به‌گوێره‌ی به‌ندوباوی خۆی لیسته‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی دیاریكردووه‌.

دیپلۆماتكارێكی ڕۆژئاوایی له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی لیسته‌كه‌ی ساڵی 2016دا به‌ سایتی "به‌وابه‌"ی
ڕاگه‌یاندووه‌: " شتێكی ئه‌سته‌مه‌.. هیچ شتێك به‌ناوی لیستی تیرۆر له‌ئارادا نیه‌، ڕه‌نگه‌ ڕووسه‌كان زۆر باسی بكه‌ن، به‌ڵام من ته‌حه‌دایان ده‌كه‌م بتوانن لیستێك دروست بكه‌ن كه‌ هه‌موان له‌سه‌ری كۆك بین".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: " مشتومڕه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وكه‌سه‌ی هه‌ندێك به‌تیرۆریستی ده‌زانن لای هه‌ندێ كه‌سی تر شۆڕشگێڕه‌".

به‌ڵام لێره‌دا سه‌رۆككۆماری سوریا "به‌شار ئه‌سه‌د" دێته‌ پێشه‌وه‌و، وه‌ڵامێكی كۆنكرێتی پرسیاری: كێ تیرۆریسته‌؟ ده‌داته‌وه‌و، ده‌ڵێت: هه‌ركه‌س چه‌كی له‌دژی حكومه‌تی سوریا هه‌ڵگرتبێت، ئه‌و كه‌سه‌ تیرۆریسته‌".

دیسانه‌وه‌ لیژنه‌ی ئاماده‌كردنه‌وه‌ی لیسته‌كه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی كوشنده‌وه‌، به‌جۆرێك له‌و پێناسه‌و سنوره‌ش درده‌چن كه‌خودی سه‌رۆكی سوریا بۆ "تیرۆریست" دایناوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ناو لیسته‌ تازه‌كه‌دا كه‌ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر كه‌سایه‌تی "سوننه‌"ی ناوچه‌كه‌ی تێدایه‌، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وكه‌سایه‌تییانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ چه‌كیان له‌دژی حكومه‌تی سوریا به‌رزكردبێته‌وه‌.

پسپۆڕان ده‌ڵێن: له‌ناو لیسته‌كه‌دا چه‌ندین ناوی تێدایه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ره‌كانیان به‌سه‌ردا ساغ نابێته‌وه‌، بۆ نمونه‌ ناوی هونه‌رمه‌ند عه‌بدولحه‌كیم قوته‌یفان هاتووه‌ كه‌ ئه‌گه‌رچی به‌حوكمی ناوه‌كه‌ی زووتر ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ لایه‌نگری ئۆپۆزسیۆنه‌، به‌ڵام ‌له‌ دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌وه‌ نیه‌.

لیستی نوێی سوریا بۆتیرۆر و نه‌خشه‌ی ململانێێه‌كی نوێ

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، ڕژێمی سوریا له‌تازه‌ترین پۆلێنكاریدا لیستێكی به‌ناوی 615 كه‌سایه‌تی و 105 قه‌واره‌ی مه‌عنه‌وی بڵاوكردۆته‌وه‌... ده‌سته‌ی "قه‌ڵاچۆكردنی سپی كردنه‌وه‌ی دراو و باربوكردنی تیرۆر" كه‌ ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌ ڕژێمی سوریایه‌، پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لیسته‌كه‌ پشت به‌هه‌ردوو بڕیاری"1267 و 1373"ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌به‌ستێت.

زۆرینه‌ی ناوه‌كانی ناو لیسته‌كه‌ به‌ڕێژه‌ی 58% هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی سوریین. ئه‌وانی تر سه‌ربه‌ نزیكه‌ی 30 وڵاتی جیهانن. هاوكات قه‌واره‌كانیش سه‌ربه‌ نزیكه‌ی 12 وڵاتی جیهانن.

له‌دوای سورییه‌كان، هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی سعودی دێن كه‌ كه‌ 67 كه‌سایه‌تییان ناویان له‌ناو لیسته‌كه‌دایه‌، كه‌ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 10.8% . دوای ئه‌وانیش لوبنانییه‌كان دێن كه‌ 42 كه‌سیان ده‌گرێته‌وه‌ به‌ڕێژه‌ی 6.8%. كوه‌یتییه‌كان به‌پله‌ی چواره‌م 31 كه‌سایه‌تی به‌ڕێژه‌ی 5%.

پسپۆڕان ده‌ڵێن: ته‌نانه‌ت هاوڵاتیی ئاسایی ناویان له‌ناو لیسته‌كه‌دایه‌، كه‌ئه‌وه‌ش له‌ڕووی یاسایی و نه‌ریتییه‌وه‌ له‌به‌ها و نرخی لیسته‌كه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

سه‌ره‌تای ململانێیه‌كی مه‌زهه‌بی

گومانی تێدانیه‌ له‌دوای ئاڵوگۆڕه‌كانی ناوچه‌كه‌، ڕژێمی سوریا ته‌ندروستی خۆی وه‌رگرتۆته‌وه‌، به‌جۆرێك له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌مانگێكدا "به‌شار ئه‌سه‌د" پێشوازی له‌دوو سه‌رۆككۆماری عه‌ره‌بی ده‌كات" یه‌كه‌میان عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر" سه‌رۆكی سودان و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌رۆكێكی تری عه‌ره‌بیش سه‌ردانی دووه‌م ئه‌نجام بدات.

هاوكات چه‌ند باڵیۆزخانه‌یه‌كیش سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دیمه‌شق كه‌به‌باڵیۆزخانه‌ی ئیماراتی عه‌ره‌بی ده‌ستی پێكردووه‌و، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ر له‌م مانگه‌دا كوه‌یت و به‌حره‌ینیش كونسوڵخانه‌كانیان له‌ دیمه‌شق بكه‌نه‌وه‌، له‌دوای ئه‌وه‌ی له‌ 2011 دایان خستبوون.

چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌م پێشهاتانه‌ جۆرێك له‌غروریان بۆ ڕژێمی ئه‌سه‌د دروستكردووه‌، بۆیه‌ نایه‌وێت ده‌رفه‌ته‌كه‌ له‌ده‌ستبدات، به‌ڵكو له‌ڕێی دروستكردنی لیستێك بۆ 615 كه‌سایه‌تی ناوچه‌كه‌، خه‌ریته‌ی ململانێیه‌كی مه‌ترسیداری سوننی – شیعی ده‌كێشێت.

شاره‌زایانی سایكۆلۆژیای بڕیاره‌ سیاسییه‌كانی سوریا، به‌پشت به‌ستن به‌پێدراوی پێشوه‌خته‌، ده‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی لیسته‌كه‌ له‌م كاته‌دا مه‌رامێكی شاراوه‌ی مه‌ترسیداری هه‌یه‌.

ئه‌وان ده‌ڵێن: له‌ساڵی 2016دا، كاتێك له‌ژێرچاودێری مه‌رجه‌عیه‌تی "ژنێف"دا، به‌ناوه‌ندگیری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بڕیاربوو گفتوگۆی ئاشتی له‌سوریا ده‌ست پێبكات، به‌ڵام ئه‌و ڕژێمه‌ لیستێكی به‌ناوی تیرۆر بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌سایه‌تیی تێدابوو، به‌شێك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ له‌وانه‌بوون كه‌ئه‌ندامی شاندی ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ گفتوگۆكانی "ژنێف". ئه‌وه‌ش بوویه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌می ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكاندا، حكومه‌تی سوریا خۆی له‌و ئیستیحقاقه‌ دزییه‌وه‌.

له‌ئێستاشدا كاتێ سه‌رنجی ئه‌و لیسته‌ ده‌ده‌ین، چه‌ندین ناوی میحوه‌ری تێدایه‌ له‌وانه‌: دكتۆر یوسف قه‌رزاوی، وه‌لید جونبوڵات، سه‌میر جه‌عجه‌ع، سه‌عد حه‌ریری، ئه‌ردۆگان، داود ئۆغڵۆ، حارس زاڕی، مه‌سرور بارزانی، شێخ محه‌مه‌د عه‌بده‌ ئیبراهیم...هتد".

كاتێ سه‌رنجی ئه‌و ناوانه‌ ده‌ده‌ین، هه‌ست ده‌كه‌ین ڕژێمی سوریا هێڵێكی پانی كێشاوه‌ بۆ ده‌ستكردن به‌ ململانێیه‌كی ئاشكرا له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی سوننه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، چونكه ته‌واوی ئه‌و ناوانه‌ی هاتوون، سه‌ربه‌ مه‌زهه‌بی سونین، یان لایه‌نگری سیاسه‌ته‌كانی كامپی سوننه‌ن له‌ناوچه‌كه‌دا.

كێشانی ئه‌و هێڵه‌ش، ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانی تایبه‌ت به‌ئارامكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌یه‌، بگره‌ پێچه‌وانه‌شه‌ به‌ بڕیاره‌كانی " 1267و1373 " كه‌ حكومه‌تی سوریا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كات ئه‌و دوو بڕیاره‌ی كردۆته‌ مه‌رجه‌ع و پاڵپشتی ئاماده‌كردنی لیسته‌كه‌.

بڕیاره‌كانی1267 و 1373چی ده‌ڵێن؟

سه‌ره‌تا بۆ ئه‌و توێژه‌رانه‌ی ده‌یانه‌وێت بزانن ئه‌و دووبڕیاره‌ باسی چی ده‌كه‌ن و، سه‌باره‌ت به‌چ كه‌یسێك ده‌رچوون، پێشنیار ده‌كه‌م سه‌ردانی ئه‌م لینكه‌ بكه‌ن(http://www.un.org/ar/terrorism/sc-res.shtml)

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ بڕیاری 1267 له‌ساڵی 1999 له‌دژی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانستان ده‌رچووه‌. ئه‌گه‌رچی چه‌ند بڕگه‌یه‌كی تێدایه‌ كه‌به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رپێی باس له‌ كێشه‌ی تیرۆرده‌كه‌ن. به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌فغانستان و دۆسیه‌ی تالیبانه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌ژێر تایتڵی" ڕێوشوێنه‌كانی دژی تاڵیبان"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

بڕیاری 1373ش كه‌له‌دوای هێرشه‌كانی سه‌ر "نیویۆرك و واشنتۆن" بریاری لێدرا، ڕاسته‌ تیایدا زیاتر جه‌خت له‌وشككردنی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی تیرۆر كراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها باس له‌ئاڵوگۆڕی زانیاری ده‌كرێت له‌نێوان وڵاتاندا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ "ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامی جیهان" به‌ڵام ئه‌وه‌ی لیسته‌كه‌ی سوریا جیاده‌كاته‌وه‌ له‌و سیاقه‌ یاساییه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دیاری كردووه‌، چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كییه‌:

یه‌كه‌م: له‌هه‌موو بڕگه‌و خاڵه‌كانی بڕیاره‌كه‌دا باس له‌هه‌ماهه‌نگی وڵاتان ده‌كات له‌كاتی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌دا، به‌ڵام حكومه‌تی سوریا به‌بێ هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك لیسته‌كه‌ی بۆ مه‌رامی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی بڵاوكردۆته‌وه‌.

دووه‌م: هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ باس له‌ تیكدان/به‌رقه‌راركردنی ئاسایشی جیهانی ده‌كه‌ن. واته‌ كۆمه‌ڵێك سیاقیان داناوه‌ بۆ دیسپلینكردنی ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی جیهانی. هه‌موو ئه‌و كار و كاره‌كته‌رانه‌ش مه‌به‌ست كه‌به‌كاره‌كانیان ئاسایشی جیهانی تێك ده‌ده‌ن.

لێره‌شدا لیسته‌كه‌ی سوریا پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری 1373دا، چونكه‌ گریمان ناوه‌كانی ناو لیسته‌كه‌ش باربوی تیرۆریان كربێت، به‌ڵام دواجار ئه‌و پێناسه‌ی سوریا بۆ تیرۆری ده‌كات له‌زاری سه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌و پێناسه‌یه‌ نیه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌دووبڕیاره‌كه‌دا جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌و، پێی وایه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی ئارامی و ئاسایشی جیهان.

لێره‌دا هه‌ست ده‌كه‌ین، حكومه‌تی سوریا، به‌تۆبزی ده‌یه‌وێت ئاسایشی سوریا وه‌ك ئاسایشی جیهان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بناسێنێت.

سێیه‌م: له‌بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك له‌ تێكستی هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌، مه‌به‌ست له‌و میكانیزمانه‌ی باسكراون، دروستكردنی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی ئاماژه‌ی پێدراوه‌، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی جیهانه‌، به‌ڵام ئه‌و لیسته‌ی كه‌ حكومه‌تی سوریا دروستی كردووه‌و، زۆرینه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكانی سوننه‌ مه‌زهه‌بن، نه‌ك ئاسایشی ده‌ولی ناپارێزێت، به‌ڵكو دوورنیه‌ ببێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌مسه‌رگیرییه‌كی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی له‌دوای هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی دوو ڕه‌گه‌زی نوێ بۆ كایه‌كه‌:

1-ئه‌مریكاییه‌كان باس له‌هێزێكی عه‌ره‌بی به‌ڕابه‌رایه‌تی سعودیه‌ ده‌كه‌ن بۆ جێگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كه‌یان له‌ سوریا. یان هه‌ندێ له‌ سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی نێوان "ئه‌ردۆگان" و "ترامپ" ده‌كه‌ن، ترامپبه‌ئه‌ردۆگانی گوتوه‌:" ئێمه‌ له‌سوریا ده‌چینه‌ده‌رێ، سوریا هه‌مووی بۆتۆ" پرسیاره‌ بێزاركه‌ره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: سوریا به‌دانانی ئه‌ردۆگانله‌و لیستی تیرۆره‌دا و، بڵاوكردنه‌وه‌ی لیسته‌كه‌ له‌ئێستادا، ده‌یه‌وێت ڕێگه‌ بگرێت له‌و ئه‌گه‌ره‌، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت هه‌ر جوڵه‌یه‌ك به‌و ئاراسته‌ ئیحتیوا بكات.

2- شاگه‌شكه‌بوونی سوریا به‌سه‌ركه‌وتنه‌كانی، قۆناغی ته‌سفیه‌ حساب له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ سونییانه‌دا دێنێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ڕژێمی سوریا به‌ پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆن تۆمه‌تباری كردوون و، زۆرینه‌یانی له‌لیسته‌كه‌دا داناوه‌. لێره‌دا ئه‌گه‌ر ورد سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین: بۆنمونه‌ كاریگه‌ری لیسته‌كه‌ له‌سه‌ر وڵاتێكی وه‌كو لوبنان كه‌ له‌بنه‌ره‌تدا ماوه‌ی زیاتر له‌هه‌شت مانگه‌ به‌ده‌ست پێكنه‌هێنانی حكومه‌ته‌وه‌ ئیفلیج بووه‌، ئێستا به‌دانانی "سه‌عد حه‌ریری" له‌و لیسته‌دا، به‌ته‌واوی قوفڵ ده‌درێت له‌درگاكانی چاره‌سه‌ر بوونی كێشه‌كه‌ی لوبنان و، دوور نیه‌ كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بته‌قنه‌وه‌.

جائایا لیسته‌كه‌ی سوریا له‌سیاقی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشدایه‌؟ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی؟.

دواجار

گومانی تێدانیه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای بوژانه‌وه‌ی ڕژێمی سوریاداین، ئه‌و ڕژێمه‌ش ده‌ست بۆ هه‌موو ئه‌و كارتانه‌ ده‌بات تاكو هه‌بوون و كاریگه‌ری خۆی بسه‌لمێنێت و، جڵه‌وی موباده‌ره‌ بگرێته‌وه‌ ده‌ست.

ئه‌و لیسته‌ی بڵاوكرایه‌وه‌، یه‌كێك له‌و كارتانه‌یه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی زیاتر سه‌لماندنی مانه‌وه‌ی ڕژێمه‌كه‌یه‌، هاوكات مه‌به‌ست لێی به‌هێزكردنی پێگه‌ی دیپلۆماتی سوریایه‌ له‌سه‌ر مێزی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌كانیدا، به‌كورتی سوریا ده‌یه‌وێت كێشه‌ به‌كێشه‌ چاره‌سه‌ر بكات، كێشه‌یه‌ك دروست ده‌كات، پاشان ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر مێزی دانوستان و له‌به‌رانبه‌ر ده‌ستكه‌وتدا كێشه‌ی ئه‌و لیسته‌ چاره‌سه‌ر بكات.

له‌كۆی هه‌موو كایه‌كه‌شدا، ڕه‌هه‌ندێكی جه‌نگی ده‌رونی ده‌بینرێت كه‌ بڕیارده‌رانی دیمه‌شق، به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانیان، ده‌یانه‌وێت له‌ناوچه‌كه‌دا به‌رپای بكه‌ن. ده‌یانه‌وێت بڵێن: له‌ پێگه‌ی به‌رگری له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیدیمه‌شقه‌وه‌، ئێستا له‌پێگه‌ی هێرشداین بۆسه‌ر كامپی سونی.. له‌مه‌شدا نیه‌تێكی مه‌ترسیدار بۆ دروستكردنی ململانێیه‌كی مه‌زهه‌بی له‌ ناوچه‌كه‌دا ئاماده‌گی هه‌یه‌.. ململانێیه‌ك، دوورنیه‌ ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ بسوتێنێت!.

******                       ******

ژێده‌ری زانیارییه‌كان:
1-سایتی ئه‌لبه‌وابه‌.
2-سایتی روسیا الیوم.
3-ئاژانسی سپۆتنیك.
4-سایتی فه‌رمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان-به‌شی بڕیاره‌كان.


ئه‌م بابه‌ته 20587 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر