ئاو لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھۆکارێک بۆ ئاشتی دوو ھۆکار بۆ جەنگ

ئاو، یەکێکە لەسەرچاوە گرنگەکانی ژیان و تەندروستی،.بەڵام کەمی ئاوی پێویست بۆ پێداویستیەکانی ڕۆژانە، بۆتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەرژیانی سێیەکی دانیشتوانی زەوی.
PM:03:05:30/12/2018
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
ئاو لەم سەردەمەدا بۆتە یەکیک لەو چەکانەى کەوڵاتان لەململانێکانیاندا بەکارى دەهێنن، ڕۆژهەلاتى ناوەڕاست لەم گریمانەیە بەدەر نییە.

نه‌وزادی موهه‌ندیس
نوسه‌ر و ڕاگه‌یاندنكار



ئاو، یەکێکە لەسەرچاوە گرنگەکانی ژیان و تەندروستی،.بەڵام کەمی ئاوی پێویست بۆ پێداویستیەکانی ڕۆژانە، بۆتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ژیانی سێیەکی دانیشتوانی زەوی
.

کەمی ئاو چیە؟



چەند پێناسەیەکی جیاوازی ھەیە لەوانە
:

بریتییە لەناھاوسەنگی لە نێوان، بوون و داواکاری لەسەر ئاو، بۆ دابینکردنی پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکان. یان بریتییە لە زیادبوونی داواکاری لەسەر ئەو بڕە ئاوەى کە ھەیە. یان بریتییە لە تێکڕای بەکارھێنانی بەرز، ئەوەش بەراورد بەو بڕە ئاوەى کە ھەیە، بە تایبەتی کاتێک دەسکەوتی ئەو بڕە گرانە یان زۆری تێدەچێت.

ئەم دیاردەی کەمی ئاوە،ھەموو جیھانی گرتۆتەوە، بەھۆی فراوان بوونی شارەکان، گەشەکردنی دانیشتوان، زیادبوونی بەکارھێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵ، هەروەها بەهۆی پیشەسازیشەوە.



بەکارھێنانی ئاو لە جیھاندا زۆر زیادیکردووە، تێکڕا بەدوو ھێندەی زیادبوونی گەشەی دانیشتوان مەزەندە دەکرێت. لەم سەدەی کۆتاییەدا و کەمی ئاویش کاریگەری دەبێت لەسەر ھەموو کیشوەرەکان، بە شێوەیەک ڕێژەی،٤٠% ى دانیشتوانی گۆی زەوی دەگرێتەوە. بە ھاتنی ساڵی ٢٠٢٥، بڕی ١,٨ملیار دانیشتوانی گۆی زەوی، لە وڵاتانێکدا دەبن، کە بە دەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن، سێیەکی دانیشتوانی زەویش، بە دەستی کەمی ئاوەوە گیرۆدە دەبن
.



کاریگەری گەورەی نەبوونی ئاو، ھەر بەوەوە ناوەستێت کە ئاو بۆ خۆی کەم دەبێت، بەڵکو دەبێتە ھۆی ئەوەی کە نەتوانرێت خواردنی پێویستیش دابینبکرێت، ھەروەھا دەبێتە ھۆی دابیننەکردنی وزە و جوڵەی ماکینەی پیشەسازیش.
ئەمە سەرەڕای دەستنەکەوتنی ئاوی خاوێن و پاراستنی تەندروستیش، کە ناتوانرێت ڕێگە لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانیش بگیرێت، وەکو نەخۆشی ئایدز. ڕۆژانە ٣٨٠٠ منداڵ دەمرن لەبەر نەبوونی یان کەمی ئاوی خواردنەوە، یان بەھۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی و پاک وخاوێنی
.


ھۆکارەکانیکەمی ئاو

گەلێک ھۆکار ھەن کەکاردەکەنە سەر کەمبونەوەی ئاو لەوانە:

١-زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیھان، ساڵی ٢٠٠١ بەڕێژەی ٣% دانیشتوان زیادی کردووە بە بەراوورد بە ساڵی ٢٠٠٠.
٢ - پیسبوونی ژینگەیی.

٣- خراپ بەکارھێنانی ئاو، بە تایبەتیش سیستەمی ئاودێری، کە دەبێتە ھۆی بەفیڕۆدانی ٣٠-٧٠% لە ئاو.

٤-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی، کە ناودەبرێت بە دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمی"Global Warmingکە دەبێتە ھۆی زیادبوونی ڕووبەرەکانی وشکانی و بەبیابانبوون.


کاریگەری کەمبونەوەی ئاو



کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، گەلێک کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر ژیان و گوزەران و ژینگەی سەر زەوی، لەوانە
:

١-تێبینی دەکرێت کە کەمی ئاو تەنانەت لەو ناوچانەش سەرھەڵبدات کە ڕێژەی بەرزی بارانیان لێدەبارێت، یان ئاوی شیرینیشیان ھەیە، ئەوەش بەھۆی خراپی ڕێوشوێنەکانی ھەڵگرتن وبەکارھێنان ودابەشکردنی ئاوەوە لەلایەن کۆمەڵگا ناوخۆییەکانەوە.

٢- کەمی ئاو، زیان دەگەیەنێت بەتەواوی دانیشتوانی گۆی زەوی، ئەمەش بەھۆی زیادبوونی پێداویستی دانیشتوانەوە، بەھۆی گەشەی دانیشتوان و فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی قەوارەی بەکارھێنانی ئاو لە ماڵ، یان کارگە پیشەسازییەکاندا.

٣-بە نزیکەی پێنج یەکی دانیشتوانی دونیا، ( ٢,١) ملیار کەس، لەو ناوچانە دەژین کە ئاویان کەمە. ھەروەھا چواریەکی خەڵکی، لەو ناوچانە دەژین کە بەوڵاتی گەشەکردوو دەناسرێن. کە ئەوانیش، بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن. بە ھۆی نەبوونی ژێرخانی پێویست، بۆ بەکارھێنانی ئاوی ڕووبار و ئاوەکانی ژێر زەویەوە.

٤-کەمی ئاو، پاڵ بەخەڵکانەوە دەنێت کە پشت ببەستنە سەر سەرچاوەی ئاوی ناخاوێن بۆ خواردنەوە. ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە نەتوانن: پاکوخاوێنی خۆیان، ماڵ و جلوبەرگەکانیان، بپارێزن.

٥-بەھۆی خراپی جۆری ئاو و پیسبونیەوە، نەخۆشییەکانی سکچوون بڵاودەبێتەوە وەک: کۆلێرا و لەرزوتا و ...ھتد. ھەروەھا، کەمی ئاو، دەبێتە ھۆکار بۆ توشبوون بە نەخۆشی تەراخوما و تاعوون و تیفۆئیدو ....ھتد.

٦-کەمی ئاو، دەبێتە ھۆکار بۆ گلدانەوەی ئاو لەماڵاندا، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی پیسبوونی ئەو ئاوانە و زیادبوونی مێشوولە، کە نەخۆشیەکانی لەرزوتا و مەلاریا و ...ھتد، دەگوێزێتەوە.

٧-کەمی ئاو، دەبێتە ھۆی بیرکردنەوە لە باشترکردنی ئیدارەدانی ئاو، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی ڕێگەگرتن لە زیادبوونی مێشوولە و بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان و ڕێگەگرتن لەو نەخۆشیانەی کە بەھۆی ئاوەوە دەگوێزرێنەوە وەک: بەلھارزیا و نەخۆشیە مەترسیدارەکانی دیکە.

٨-کەمی ئاو، دەبێتە ھۆی بەکارھێنانی ئاوی بەکارھاتوو بۆ مەبەستی کشتوکاڵ لە گوند و شارەکاندا.١٠% دانیشتوانی جیھان، ئەو خۆراکانە بەکاردەھێنن کە لە ئاوی بەکارھاتوەوە بەرھەم ھاتوون. کە توخمی کیمیاوییان زیندەییەکان لەخۆدەگرن، کە دەبنە ھۆی نەخۆشی.



بەم شێوەیە کەمی ئاوی پاک، مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر تەواوی ژیان و ئاوەدانی گۆی زەوی. ئەوەتا بەھاتنی ساڵی ٢٠٢٥، چلو ھەشت وڵات بە دەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن. نیوەی گۆی زەوی، ئاوی پاکیان دەستناکەوێت. وڵاتە ھەژارەکان، لە ھەمووان زیاتر زیانیان پێدەگات. لە کاتێکدا بەشی ھەر تاکێک ئاو لە بەریتانیا یەکسانە بە ١٥٠ لیتر / ڕۆژانە، ئەوا کەسانێک ھەن کە دەژین بەپشکی ئاوێک کە یەکسانە تەنھا بە ٩٠ چرکە خۆشۆردن
.



چارەسەری کێشەی کەم ئاوی



دەتوانرێت لە ڕێگەی گرتنەبەری ھەندێک ڕێوشێونەوە چارەسەری کەمی ئاو بکرێت، لەوانە
:

١-بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، کە ڕێگە دەگرێت لە بەفیڕۆدانی ئاو، چاککردنی سیستەمی ئاودێری، گلدانەوەی زیادەی ئاو.

٢-ڕێکەوتنە سیاسیەکان لە نێوان وڵاتاندا، کە زۆر پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابەشکردنی ئاو.

٣-ھوشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان بە بەکارھێنانی باشی ئاو، لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و ڕێکخراو و کۆمەڵەکانەوە.

٤-بەرزبوونەوەی وەبەرھێنانی ئاو لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە ٧٠-٨٠ ملیۆن دۆلار ساڵانە بۆ نزیکەی ١٨٠ ملیۆن دۆلار ساڵانە.


کێشەی ئاوو ململانێکانی ئایندە

لەگەڵ زیادبوونی خێرایی داواکاری لەسەر ئاوی شیرین، ھەڵگرتنی ئاو لەسەر زەوی ناجێگیر دەبێت، چونکە سەرچاوەکانی ئاو مەترسیان لەسەرە لە ئەنجامی زیادبوونی داواکاری لەسەر ئاو لە چەندین لاوە.



زیادبوونی دانیشتوان، پێداویستیان بۆ ئاوی خاوێنی خواردنەوە، تەندروستی گشتی و بەرھەمھێنانی خۆراک و پیشەسازی، ھەروەھا گۆڕانی کەشوھەوا، زیادبوونی ماوەی وشکە ساڵی، سەرەڕای ئەمانەش زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، کە دەبێتە ھۆی تێکچوونی چۆنێتی دابینکردنی ئاو لەگەڵ چۆنێتی بەکارھێنانی لەسەر ئاستی جیھان، پێکەوە چەند هۆکارێکن بۆ ڕوو لەکەمبوونەوەى سەرچاوەکانی ئاوی شیرین بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار
.



ئەمانەش زەنگێکن بۆ، " شەڕی ئاو"لە ساڵانی داھاتوودا. بە تایبەتى لەم سەدەیەدا، مەترسی ململانێ لەسەر ئاو زیاد دەبێت. چونکە، داواکاری جیھانی لەسەر ئاو، بەڕێژەی ٤٠% ، بە ھاتنی ساڵی ٢٠٣٠ بەرزدەبێتەوە. لە کاتێکدا، وڵاتانی گەشەکردوو، باشتر ئاویان دەستدەکەوێت بەھۆی چین وھندستانەوە. چونکە، پێشکەوتنیان نزیکە لە نیوەی پێشکەوتنی ھەموو دونیاوە بەرەو ئامانجی ئاوی خواردنەوە.

بەڵام ناوچە عەرەبیەکان، لە پێشەوەی ئەو ناوچانە دێن کە گەورەترین زیانیان پێدەگات. بەھۆی کێشەی ئاوەوە، زۆرێک لە لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، وای بۆ دەچن کە زیاتر لە کێشە وململانێیەک سەرھەڵدەدەن، لە ماوەی ٤٠ ساڵی داھاتوودا. بەشێوەیەک زەویە عەرەبیەکان، ھەموو سیمایەکی بەپیتی، بە ھاتنی ساڵی ٢٠٢٥ لە دەست دەدەن ، ئەوەش بەھۆی کەمی ئاوی ڕووبارەکانەوە. ھەروەھا بەھۆی بەرزبونەوەی ڕۆخی دەریاکانەوە، ھەرکاتێک گەیشتنە بەرزی ١ مەتر، ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ٤١ ھەزار کم چوارگۆشە لە زەویەکانی کەنار دەریاکان. بە تایبەتیش لەمیسر، تونس، مەغریب، جەزائیر، کوێت،قەتەر، بەحرەین و ئیمارات.



بەم شێوەیە، لە پەراوێزی کێشەی ئاودا، جیھان پێویستی بە مامەڵەی نوێ ھەیە لەگەڵ ئاودا، بە شێوەیەک، وڵاتە پیشەسازیەکان، بە شێکی ئەم لێپرسراوێتییەیان دەکەوێتە ئەستۆ لەم کێشە جیھانیەدا. ئەوەش بەھۆی خراپی بەکارھێنانیەوە، ھەربۆیە داوادەکرێت کە یاسای زۆر توند دەربکرێت، بۆ ڕێگەگرتن لە پیسبونی ئاو. ھەروەھا دامەزراندنی وڵاتەکان بۆ وێسگەکانی پاکردنەوە و چارەسەری ئاو لە پاشەڕۆ و پیسییەکان. کەمکردنەوەی بڕی فڕێدانی پیسییەکان بۆ ناو ئاوەکان، بۆ پاراستنی سەلامەتیان. بەرپاکردنی ھەڵمەتێکی فراوانی سەرتاسەری جیھانیش، بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوى خاوێن وشیرین.



کێشەی کەمی ئاو دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ململانێیەکی جیھانیی



ڕاپۆرتێکی ھەواڵگری ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە، پێداویستیەکانی دونیا لە ئاوی شیرین، تا ساڵی ٢٠٤٠ ناھاوسەنگ دەبێت. ئەمەش زەنگێکە بۆ زیاتر ناجێگیری سیاسی، بەرگرتن لەگەشەی ئابوری، بازاڕەکانی خواردنی دونیا دەخەنە بەر مەترسییەوە
.



ھەمان ڕاپۆرت ئاشکرای دەکات کە، ناوچەکانی باشووری ئاسیا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە لە چارەسەری کێشەی ئاودا، کە دەبێتە ھۆی ڕێگر لە بەردەم بەرھەمھێنانی خۆراک و وزەدا
.

ھەروەھا لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوودا، ململانێکان لەسەر ئاو زیاد دەبن. بە ھاتنی ساڵی ٢٠٣٠، داواکاری لەسەر ئاوی شیرین بە ڕێژەی ٤٠% زیاد دەکات. مەترسیەکانیش زیاتر دەبن و لە ڕابردووشدا چەندین ململانێ لە نێوان وڵاتاندا ڕوویان داوە لەسەر ئاو. وەک: ھندستان و پاکستان و ئیسڕائیل و فەلەستینیەکان و سوریا و عێراق.

ھەروەھا، بەکارھێنانی ئاوە ھاوبەشەکانی ژێر زەوی، وەکو چەکێک یان ئامانجێکی تیرۆریستی نوێ، گریمانەیەکی بەھێزن. چونکە بەکارھێنانی ئەو سەرچاوانەی ئاو، ئامانجێکی سانا و زۆر کاریگەرن. ھەمان ڕاپۆرت دەریخستووە کە، گەورەترین مەترسی ڕووبەڕووی ڕووباری" براھمابوترا" دەبێتەوە، کەلە ھندستان و بەنگلادیشەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕووباری"ئامۆداریا" ش، لە ئاسیای ناوەڕاست. کێشەی زیادبوونی دانیشتوان، گۆڕانی کەشوھەوا، گەشەی ئابوری، ھۆکارێکن بۆ زیاتر داواکاری لەسەر ئاو، بە تایبەتی تاھاتنی ساڵی ٢٠٤٠. ھیچ ڕێگا چارەیەکی ئاسانی تەکەنەلۆژیاش، لە ئاسۆدا نییە بۆ باشترکردنی ئیدارەدانی ئاو. بەڵام باشترین ڕێگا بریتییە لە: بەکارھێنانی بەتواناتر بۆ مەبەستی کشتوکاڵی، کە بەڕێژەی ٧٠% ئاوی شیرین بەکاردەھێنێت.



کۆڕبەندە جیھانیەکانی تایبەت بە ئاو



لە کۆڕبەندی جیھانی لە مەڕسیلیا "باشوری ڕۆژھەڵاتی فەڕەنسا" بۆ ئاو، ١٣٠ وڵات بەڵێنیاندا کە، ھەرچی زووە یاسای جیھانی جێبەجێبکەن بۆ دەسکەوتنی ئاوی خواردنەوە و تەندروست، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمى، لە تەموزی ٢٠١٠ دا، دانیپێدانراوە لە ڕاگەیاندنی وەزیرەکاندا لە مەرسیلیا
.



ھەروەھا لە کۆڕبەندی ساڵی ٢٠٠٩ی ئەستانبوڵیشدا، دانیپێدانراوەتەوە و دەسکەوتنی ئاوی خواردنەوە، بۆتە پێداویستیەکی زۆر گرنگ و بەبێ بوونی ئاو ھیچ گەشەکردنێک ڕوونادات
.



ھۆکارەکانی کێشەکە

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە نوێیانەی کە لەلایەن چەندین ڕێکخراوی جیھانیەوە دەرچوون - کە گرنگی دەدەن بەکاروباری ئاو لە جیھاندا-دەریدەخەن کە کێشەی ئاو ھەیە لە جیھاندا، ئەوەش بەھۆی گۆڕانەکان لە کەشوھەوادا کە جیهان لەم دواییانەدا بەخۆیەوەى بینیووە لە:پەنگخواردنەوەی گەرماوشکبوونەوە. ھەروەھا دەریانخستووە کە ژمارەیەک لە ڕووبارە سەرەکیەکان، پێدەچێت وشک ببن لە پەنجا ساڵی داھاتوودا. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتواندا بۆ ٩ ملیار کەس لە نیوەی سەدەی بیست ویەکەمدا، ئەوا کێشەکە بەتەواوەتی زەق دەبێتەوە.لەبەرئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە وڵاتانی ئەندامی دەکات کە بکەونە خۆیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و بەکارھێنانی ڕێگای زانستی بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو، چارەسەری کەمی ئاو و مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ھاوکاری ھاوبەش لەسەر دابەشکردنی ئاو لەنێوانیاندا.


سەرچاوەکانی ئاو لەناوچەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

١-ئاوی باران،زۆربەی وڵاتانی عەرەبی دەکەونە ناوچەیەکی وشکەوە، یان نیمچە وشکەوە. کە تێکڕای باران بارین لەو ناوچەیەدا، کەمترە لە ٣٠٠ ملیمەتر ساڵانە. ئەگەری زیادبوونی کشتوکاڵ بەڕێژەی ٧٠%بەرزتر دەبێت بە بەرزبوونەوەی تێکڕای باران بارینەوە کە کەمتر نەبێت لە ٤٠٠ ملم ساڵانە و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دابەشببێت، ھەروەھا ھۆکاری دیکە وەک: ڕشتنی داوودەرمان و پەین و پاککردنەوە لە گژوگیا بۆ ئەوەی جووتیار بەرھەمێکی زۆرو باشی دەسکەوێت.

ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە دەکەونە بەشی ڕۆژھەڵاتەوە وەک:عێراق،سوریا، لوبنان، فەلەستین و ئوردون، پێش کۆتایی ئەم سەدەیە، سەرچاوەی ناردنە دەرەوەی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان بوون وەک: دانەوێڵە، لۆکە و ...ھتد. چونکە، لە شێوەی کشتوکاڵی دێمی و بەراو بوون. بەڵام لە ئێستادا، بەھۆی دیاردەکانی بە بیابانبوون و پلەی گەرمای بەرزەوە، بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن. لەبەرئەوە و بەھۆی گەردەلوولە لمیەکانەوە، دانیشتوان ناوچەکە چۆڵ دەکەن بەرەو دەوروبەری شارە گەورەکان. بەمەش کەرتی کشتوکاڵی، زیانی گەورەیان بەردەکەوێت.

ھۆکارەکانی گۆڕانی کەشوھەوا، دابەزینی ئاستی ئاو، کەمی باران، وشکبوونەوە، لە ڕووی زانستی سیاسیەوە، دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستن و گەندەڵی ئیداری و ململانێ سیاسیەکانی نێوان ھەریەکە لە: تورکیا، سوریا و عێراق، بەھۆی گۆڕینی ئاڕاستەی بەردەوامی ڕووبارەکانەوە لەناو خۆی تورکیادا.


٢-ئاوی ڕووبارەکان،بەپێی سەرچاوەکان، لە ئێستادا ژمارەی ڕووبارە بەردەوامەکان لە وڵاتانی عەرەبیدا لە پەنجا ڕووبار تێپەڕ ناکەن، لە ناویشیاندا ڕووباری دیجلە و فوراتیش ھەیە.

لەو ڕووبارانە: ڕووباری "نیل" ە کە درێژترین ڕووباری عەرەبیە، دواتر ڕووباری "فورات" کەلە کوردستانی تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت، ٤٤٠ کم لە ناو تورکیا و ٦٧٥کم لە سوریادا و ٢٩٠٠ کم لە عێراقدایە. دواتر ڕووباری "دیجلە" یە، کەبە ھەمان شێوە لە کوردستانی باکورەوە سەرچاوە دەگرێت، ٣٠٠کم لە ناو تورکیا و ١٧٣٠ کم لە عێراقدایە، ماوەیەکی کورتیش دەچێتە ناو خاکی سوریاوە. دواتر لەگەڵ فورات یەکدەگرن و دەڕژێنە ناو کەنداوی عەرەبیەوە.



ڕووباری "عاصی" لە لوبنان سەرچاوە دەگرێت، دواتر دەچێتە سوریا و بۆ لیوای ئەسکەندەرونە و دەڕژێتە ناو دەریای سپی ناوەڕاستەوە. تورکیا داوا دەکات کە ئەم ڕووبارە، بە ڕووبارێکی نێودەوڵەتی ناوببرێت، چونکە بە ٣ وڵاتدا تێپەڕدەبێت. بەڵام ڕازی نییە، ھەردوو ڕووباری: دیجلە و فورات، بە ڕووباری نێودەوڵەتی ناوببرێن
.

ڕووباری ئوردون، کەلە سێ سەرچاوەوە ھەڵدەقوڵێت، سێ ڕووباری لێپێکدێت"بانیاس، دان لە سوریا، حەصەبانی لە لوبنان"، ھەرسێکیان یەکدەگرن لە بەشی باکوری دۆڵی حۆلە،ڕووباری سەریعە پێکدێنن. دواتر دەڕژێتە ناو دەریاچەی تەبەریەوە و لە دوای دەرچوونی ڕووباری یەرموکی لە سوریا لێدەبێتەوە، لە لوبنانیشدا ڕووباری لیتانی لێجیادەبێتەوە.

٣- ئاوی ژێر زەوی،بریتییە لەو ئاوەی کە لە ڕێگەی ھەڵکەندنی بیرەوە دەستمان دەکەوێت، کە پارێزراوە لە ھەندێ چینی بەردیدا لە ژێر زەویدا، ئەم ئاوە لە ئەنجامی کۆبونەوەی باران و بەفر لەو حەوزانەدا پێکدێت.ئاوی ژێر زەوی، بە بەردەوامی نوێ دەبێتەوە، ئەویش بە بەردەوامی چۆڕاندنی باران و بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.



ئاوی ژێر زەویش بەگۆڕانکاریە کەش و ھەواییەکان کاریتێدەکرێت وەک: کەمی ئاو و باراناو، وشکبوونی ئەو حەوزە ئاویانەی ژێر زەوی، دەبێتە ھۆی داڕمانی زەوی ناوچەکە
.


ئاو و یاسا نێودەوڵەتییەکان



ئاماژە بە نەریت ویاسا نێودەوڵەتیەکان، ھەڵھێنجراو لە ڕێککەوتننامەی ھێلسنکی ساڵی ١٩٩٣،ھەر ڕووبارێک، سنوری نێودەوڵەتی وڵاتێک ببڕێت و بە وڵاتی دووەمدا تێپەڕ ببێت و دواتر بڕژێتە کەنارەکانیەوە یان وڵاتی سێیەمەوە، ئەوا ئەو ڕۆخە ئاوییە بەڕووبارێکی نێودەوڵەتی دادەنرێت
.



لەبەرئەوە ئەو وڵاتانەی ڕووبارەکەی لێھەڵدەقوڵێت و ئەو وڵاتانەی پیایدا تێپەڕ دەبێت و ئەو وڵاتەشی دەڕژێتە کەنارەکانییەوە، ھەرسێکیان مافیان لەو ڕووبارەدا ھەیە. ئەمەش لە ڕێگەی لیژنەی پسپۆڕەوە، بەشی ھەریەکەیان دیاریدەکرێت
.


ئاو ھۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ جەنگەکان


ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناونیشانی"ئاو لە جیھانێکی گۆڕاودا"ھاتووە کە: بەھاتنی ساڵی ٢٠٣٠، نیوەی دانیشتوانی سەرزەوى، لەو ناوچانەدا دەژین، کە ئاویان کەمە، کەلە نێوان ٧٥ – ٢٥٠ ملیۆن کەسیان بە تەنھا لە کیشوەری ئەفریقادایە. سەرەڕای ئەوەی کەکەمی ئاو لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکاندا، دەبێتە ھۆی کۆچکردنی ٢٤٠-٧٠٠ ملیۆن کەس، بەھۆی وشکبوونی سەرچاوە ئاویەکانەوە، کە دەبێتە ھۆی دروستکردنی کێشەیەکی جیھانی بۆ ھەر تاکێک. لە ئێستادا یەک ملیار کەس، واتە شەش یەکی دانیشتوانی سەر زەوی، ڕۆژانە ڕووبەڕووی کەمییەکی توندی ئاو دەبنەوە. بە تایبەتی لە ناوچە قەرەباڵغەکاندا، بەھۆی بەکارھێنانی ئاوێکی زۆرەوە. کە ئەمەش دەبێتە كەمبوونی سەرچاوەکانی ئاو، لە ماوەی ٢٠ ساڵدا
.



ھەروەھا، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینیدەکات کە، سی وڵات، بەدەست"کەمی ئاوەوە" دەناڵێنن لە ساڵی ٢٠٢٥دا. لە کاتێکدا، لە ساڵی ١٩٩٠دا تەنھا ٢٠ وڵات بوون. کە ١٨ وڵاتیان دەکەونە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقاوە. میسر و لیبیا، خرانە ئەو لیستەی ساڵی ١٩٩٠وە. بەھەمان شێوە، ئیسڕائیل و صۆمالیش خرانە ھەمان لیستەوە. کەمی ئاو، بریتییە لەوەی کە: ھەر تاکێک نەتوانێت بڕی ١٠٠٠ مەتر سێجا یان کەمتر، لە ساڵێکدا، دابینبکات
.


بەھەمان شێوە وڵاتانی: مۆریتانیا، کوێت، ئوردون و میسر، لەو وڵاتانەن کە پارێزراونین لە ڕووی سەرچاوەی ئاوەوە. بەپێی پۆلێنکردنێک کە لەلایەن "گروپی مایلکرۆفتی بەریتانیا" وە ئامادەکراوە بۆ شیکردنەوەی مەترسییەکان، ھەمان گروپ ئەوەیان دەرخستووە کە کەمی ئاو لە: ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا، ڕەنگە ببێتە ھۆی سەرھەڵدانی کێشە و گرفتی سیاسی و بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت. ھەربۆیە، ئامۆژگاری کۆمپانیاکان دەکەن، کە لەکاتی وەبەرھێناندا، حسابی وورد بۆ بوونی ئاو و دەسکەوتنی بکەن. ئەوەش بەھۆی زۆری دانیشتوان و داواکاری لەسەر ئاوو ھۆکارە کەش و ھەواییەکانیشەوە
.

ڕایانگەیاندووە کە مۆریتانیا، لە مەترسیدارترین وڵاتەکانە لە ڕۆژئاوای ئەفریقادا، بەھۆی کەمی سەرچاوەکانی ئاوەوە لەناو ١٦٠ وڵاتدا کە لێکۆڵینەوەکە گروتونیەتیەوە. دوای ئەویش، ھەریەکە لە کوێت، ئوردون، میسر، ئیسڕائیل، نەیجەر، عێراق، سەڵتەنەی عومان و ئیمارات دێن.


بێگومان سەدەی بیست ویەکەم، گەلێک کێشە و ململانێی سیاسی بەخۆوە دەبینێت، لە زۆر ناوچەی ئاسیا و ئەفریقاو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا،بە تایبەتی کە ھەمووشیان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و حەوزە ئاویەکان دەبێت، لە پێناو دابینکردنی پێداویستییە زۆرەکانیاندا، کە کێشە سیاسی و سنوریەکانیش ھێندەی تر ھانیان دەدات
.

بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان، ململانێ لەسەر سامانە سروشتیەکان، ھەر لەکۆنەوە تا ئێستا، یەکێکبووە لە نیشانەکانی سایکۆلۆجیەتی مرۆڤایەتی. بەڵام لەسەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر، شێوازەکانی گۆڕدراوە. لە سەدەی بیستدا، سیماکانی پێشبڕکێ و ململانێ دەرکەوتن، بەجۆرێک کە جیهان بەخۆیەوە نەبینیووە، بۆ دابینکردنی سامانە سروشتیەکان و سەرچاوەکانی وزە و دەستبەسەراگرتنی بازاڕە جیھانیەکان.

زۆر ڕێگەی تێدەچێت کە وڵاتان ئاو، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی ژیان بەکاربێنن، وەک ئامڕازێک و ئامانجێکیش بۆ ھەڵایسانی جەنگەکان، کە ڕەنگە ببێتە تێکدان و ھەڵتەکاندنی جێگیری و ئاسایشی جیهان.


بۆ نموونە، وڵاتانی وەکو" میسر، ئۆگەندا، ئەسیوبیا" لە ئاوی ڕووباری نیلدا بەشدارن. "عێراق، سوریا، تورکیا " لە ئاوی ڕووباری فوراتدا بەشدارن. ھەریەکە لە "ئوردون، لوبنان، سوریا، فەلەستین" دەناڵێنن لەبەردەست
بەسەرداگرتنی
"ئیسڕائیل" بەسەر ڕووباری ئوردوندا، ڕووباری یەرموک و ھەردوو ڕووباری "لیتانی و وەزانی و ڕووباری جەلیل" لە جۆلاندا.



ھەروەھا ژمارەیەک لە کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاستیش وەک "قرغیستان، کازاخستان، ئۆزباکستان، تاجیکستان، تورکومانستان" بەشدارن لە ژمارەیەک ڕووباردا. ھەروەھا ھەریەکە لە"پاکستان، ھندستان، بەنگلادیش، نیپاڵ"بەشدارن لە ژمارەیەک ڕووباری بچووکدا
.


ھەربۆیە، زۆرێک لە وڵاتان، ڕووبەڕوویململانێی توندی سیاسی یان پێکدادان و جەنگی خوێناوی دەبنەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیاندا، یان بەشدار لەگەڵیاندا لە سەرچاوەکانی ئاو و ڕووبارەکانەوە. لەو وڵاتانەی کە پێشبینی دەکرێت کە ئاو ببێتە ھۆکاری ھەڵایسانی جەنگ، بریتین لە:


١-میسر،دوای ئەوەی حەوت وڵاتی ئەفریقی بەبێ میسر و سودان، ڕێککەوتنێکیان واژۆکردووە لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی پشکەکانیان لە ئاوی ڕووباری نیل، کە ئەوانیش ھەریەکە لە وڵاتانی"ئۆگەندا، کینیا، ئەسیوبیا، تەنزانیا، کۆنگۆ، ڕواندا و بۆرۆندی"بوون.

میسر، بە حوکمی مێژووی دێرین و زۆری ژمارەی دانیشتوانی، لە سەردەمی دەسەڵاتی "جمال عەبدول ناسردا" وەک ڕابەرێکی کیشوەری ئەفریقیا، پشکی خۆی مسۆگەربوو لە ئاوی نیلدا، ھیچ پڕۆژەیەکیش نەدەکرا بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی میسر لەسەر ڕووباری نیل لە پڕۆژەی کارەبا و بەنداو و ...ھتد.


بەڵام، لە ئێستادا بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا سیاسی و ئابوریەکانی کیشوەری ڕەشەوە،گەرمبوون و سەرھەڵدانی ململانێکان لەلایەک لە نێوان میسر و سودان، لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ هەشت وڵاتی ئەفریقی، کاڵبونەوەی ڕۆڵی ڕابەرایەتی میسر لە ناوچەکەدا، وایکردووە کە ئەو وڵاتە ئەفریقیانە گوێ نەدەنە داواکاریو پێداویستیەکانیمیسر لە ئاوی نیل. ھەروەھا سەربەخۆبونی باشوری سودانیش لە ساڵی ٢٠١٢دا ،ھێندەی تر کێشەکانی نێوان میسر و سودانی زەقکردەوە و بە دەستێوەردانی ئیسڕائیلیش لە کاروباری باشوری سودان، بە تایبەتیش کاری فشاری ئاوی نیل دژی سودان و میسر، ھێندەی تر مەترسی ھەڵایسانی جەنگ لە نێوان میسر و سودان و ئەو وڵاتە ئەفریقیانەدا ھێنایە گۆڕێ لەسەر پشک و بەشیان لە ئاوی نیل
.


٢-ئیسڕائیل،تەپڵی ھەڵایسانی جەنگ لە زۆر جێگە لێدەدرێت بەھۆی "ئاوە"وە، ئیسڕائیل بەھێز و زۆرەملێ دەستیگرتووە بەسەر بەشی ھەرە گەورە لە ئاوی وڵاتانی عەرەبی ھەریەکە لە: ڕووباری ئوردون و لیتانی و دەریاچەی تەبەریەدا.

ئیسڕائیل ھەر لە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردووە وە، لە ھەوڵی دەستبەسەراگرتنی سەرچاوەکانی ئاودایە، کاتێک کێشەی کەمی ئاو سەریانھەڵدا. دوای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر جولەکە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، پڕۆسەی نیشتەجێکردن و ئاوەدانیان دەستیپێکرد، ھەر ئەمەش بوو کە ئیسڕائیل ھەریەکە لە بەری ڕۆژئاوای فەلەستین و بەرزاییەکانی جۆلانی سوریای داگیرکرد.



ھەروەھا ئیسڕائیل، لە کیشوەری ئەفریقیاشدا، لە ململانێیەکی توندایە، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەسیوبیا، کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی ڕووباری نیل بۆ دروستکردنی بەنداوی کارۆئاوی و گلدانەوەی ئاو. بۆ زیانگەیاندن بە میسر و سودان و کێشە و ململانێی عەرەب- ئیسڕائیل لەسەر ئاو، گەیشتۆتە ئاستێک ناتوانرێت بەرگە بگیرێت، زوو بێت یان درەنگ، جەنگێکی خوێناوی ھەڵدەگیرسێت لە نێوان عەرەبەکان و ئیسرائیلدا لەسەر ئاو
.


٣-سوریا وعێراق،ھەردوو وڵاتدەناڵێنن بەدەست کێشەی کەمی ئاوی ھەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە، ئەوەش بەھۆی گلدانەوە و دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەنداو لەلایەن تورکیاوە. کەمی و دابەزینی ئاستی ئاوی ھەردوو ڕووبارەکە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانلەھەریەکە لە: سوریا و عێراقدا.

دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات لە بەنداوی فوراتدا



زۆربەی شارەزایان وای بۆ دەچن کە جەنگەکانی ئایندە لە ناوچەکەدا، زۆربەیان لەسەر دابینکردنی ئاوی پێویست دەبێت بۆ خواردنەوە وکشتوکاڵ. وڵاتانی عەرەبیش، زۆربەی سەرچاوەی ئاوەکانیان لە دەرەوەی سنورەکانیانەوەیە، لەوڵاتانی دراوسێدا. چونکە زۆربەی ڕووبارەکان، بەلانی کەم بەسێ وڵاتدا تێدەپەڕن "وڵاتی سەرچاوە، ڕاگوزەر، ڕۆخ"، بەمەش بە ڕووباری نێودەوڵەتی دەناسرێن. چونکە، ناکەونە ژێر سەروەری نیشتیمانییەوە. لەبەرئەوە، زۆر کات ئاوی دیجلە و فورات، وەک کارتی فشار لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بەکاردەھێنرێن دژی عێراق وسوریا. تورکیاش تا ئێستا ڕازی نییە دیجلە و فورات، بە ڕووباری نێودەوڵەتی، بناسێت. بۆ ئەوەی مافی دەستبەسەرداگرتنیان بەخۆی بدات، دوور لە بەشداریکردنی ھەریەکە لە عێراق وسوریا
.



بەڵام لە ھەمانکاتدا، داوادەکات کە ڕووباری "عاصی"، کەلە شاخەکانی لوبنانەوە ھەڵدەقوڵێت و بەسوریادا تێپەڕدەبێت، لە لیوای ئەسکەندەرونەی داگیرکراو، لەلایەن تورکیاوە دەڕژێتە ناو دەریای سپی ناوەڕاستەوە، بە ڕووبارێکی نێودەوڵەتی بناسرێت. ئەمەش لەبەرئەوەیە ئەگەر ئەو ڕووبارە بە ڕووبارێکی نێودەوڵەتی بناسرێت، ڕاستەوخۆ مانای دانپیادانانی سوریایە بە داگیرکردنی لیوای ئەسکەندەرونە لەلایەن تورکیاوە، هەروەها دەبێتە بەشێک لە خاکی تورکیا
.


تورکیا، لە مێژە کار لەسەر دروستکردنی بەنداو و گۆڕینی ئاڕاستەی ڕووبارەکان - کە ژمارەیانزیاد لە سەد ڕووبار دەبێت جگە لە دیجلە و فورات - دەکات بۆ ناو خاکی تورکیا. ئەوەش بە مەبەستی فشار خستنە سەر ھەریەکە لە: سوریا وعێراق، بەمەش ئەگەری ھەڵایسانی جەنگی خوێناوی ھەیە لە ئایندەدا لە نێوان ھەریەکە لە: تورکیا، سوریا، عێراق لەلایەک، هەروەها لە نێوان سوریا وعێراق لەلایەکی ترەوە
.


٤-وڵاتانی کەنداو،وڵاتانی کەنداو لە بنچینەدا بەدەستی کەمی ئاوی شیرینەوە دەناڵێنن، نەکبۆ کشتوکاڵ بەڵکو بۆ خواردنەوەش. بەڵام بەھۆی پاڵاوتنی ئاوی دەریاوە، توانراوە ئاوی خواردنەوە دەستبخەن، بەڵام بە نرخێکی زۆر گران. لەگەڵ ئەوەشدا، تاکو ئێستا نەتوانراوە ئاوی کشتوکاڵ دابین بکەن. چونکە ئاوی پاڵاوتەی دەریا، بۆ کشتوکاڵ ناگونجێت. لەبەرئەوە، ئاسایشی خۆراکی وڵاتانی کەنداو، نەتوانراوە بپارێزرێت. لە کاتێکدا کەلە ھەوڵی بەردەوامدابوون، بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک، بۆ وڵاتانی کەنداو لەھەموو کات و بەنرخێکی ھەرزانیش.



پلانی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو

بەھۆی دیاریکراوی، کەمی و کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت، ھەروەها بەھۆی کەش و ھەوا و ژینگەیی و کەمی بارانبارین، گەشەکردنی بەردەوامی پێداویستیەکانی ھەردوو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی، بۆ بڕێکی زۆر لە ئاو،کاری دانانی پلانێکی ستراتیژی گشتگیری ئاو، دەسەپێتە سەر وڵاتانی ناوچەکە. ئەوەش لە پێناو،پارێزگاریکردن بۆ ئاسایشی ئاو، لەگەڵ کەمبوونەوەی سەرچاوەکان. چونکە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیی ھەیە بە: ئاسایشی خۆراکییەوە و پلانی گەشەکردن و خۆش گوزەرانی و بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێوە و سەرچاوەکانی تری جێگرەوە وەک وزەی خۆر و ئەتۆمی، ئاستی پاڵاوتنی ئاوی دەریا و لێدانی بیری ئیرتیوازی و دروستکردنی بەنداو، زۆرترین کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و باران و گلدانەوەیان بۆ کاتی پێویست، چارەسەر و دووبارە بەکارھێنانەوەی ئاوی بەکارھاتوو، دامەزراندنی بنکەی لێکۆڵینەوە و پێشخستنی سەرچاوەکانی ئاو، پێگەیاندنی کادری نیشتیمانی و کەڵک وەرگرتن لە شارەزایی زانستی.


ئاو بۆمبێکی مەترسیدار و تەوقیتکراو لە نێوان عێراق وئێراندا



ئاو بەھۆکارێکی سەرەکی دیاریکردنی پەیوەندییە
نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، بە تایبەتیش لەبەشی باشوری گۆی زەویدا، ھەروەھا لە وڵاتانی وەکو تورکیا، ئێران، عێراق، کوردستان، وڵاتی شام و میسر، باکوری ئەفریقیاشدا. ئایا دەکرێت " ڕێگای ئاوریشمی " بگۆڕدرێت بۆ " ڕێگای مردن"، لەو وڵاتانەدا؟ لە ئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی سەرچاوە ئاویەکانەوە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ڕووبارە نێودەوڵەتیەکان بۆناو وڵاتەکانیان، دواتریش ڕفاندن و دەستبەسەراگرتنی ئاوی ئەو ڕووبارە نێودەوڵەتییانە.

ئایا ئاوی ڕووباری دیجلە وشک دەکات؟



ئەو ئاگاداریەی کە لەلایەن " ڕێکخراوی ئاوی ئەورووپاوە" ڕاگەیەنرا لە کۆتایی سەدەی بیستدا، دەربارەی وشکبوونی ئاوی ڕووباری دیجلە، بەتەواوەتی بەھۆی پڕۆژەکانی تورکیا وئێرانەوەیە، کە ھەریەکەیان پاڵنەری سیاسی و ئابوری خۆیان ھەیە.
ھەروەھا لێکۆڵینەوەیەکی دەزگای فەزای ئەمریکیش"ناسا"، جەختی لەسەر هەمان بابەت کردۆتەوە کە بەھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی کالیفۆرنیاو سەنتەری نیشتیمانی بۆ لێکۆڵینەوەی بەرگەھەوا ئەنجامدراوە. بە ھەمانشێوە، ئەو مەترسیانە دووپات دەکەنەوە کە لەلایەن دەزگای ھەواڵگری ئەمریکاوە" سی ئای ئەی" وە بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا ھاتووە کە سێ ناوچە کاندیدن بۆ پێکدا ھەڵپژان و ململانێی سەربازی بەھۆی کەمی ئاوەوە ئەوانیش
:



گروپی یەکەم : ھەریەکە لە میسر و سودان و ئەسیوبیا و زائیر و بۆرۆندی و تەنزانیا و ڕواندا دەگرێتەوە، کە ھەموویان بەشدارن لە حەوزی ڕووباری نیلدا
.



گروپی دووەم : ھەریەکە لە تورکیا و سوریا و عێراق دەگرێتەوە، دەربارەی ھەردوو ڕووباری دیجلە و فورات
.


گروپی سێیەم: ھەریەکە لە فەلەستین و ئوردون و لوبنان و سوریالەلایەک، ئیسڕائیلیش لەلایەکی ترەوە دەگرێتەوە، کە بەشدارن لە ڕووبارەکانی ئوردون و یەرموک و لیتانی و حەصەبانی و وەزاندا
.



زۆر جاران ململانێ سیاسیەکان، بە ئاڕاستە جیاوازەکانیانەوە لە " نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی" ، دەبنە ھۆکار بۆ بەکارھێنانی ئاو وەکو چەکێک لەو جەنگ و ململانێیانەدا.وەک ئەوەی لە عێراقدا و لەناوخۆی ھەندێک پارێزگاکاندا ڕوویاندا لەنێوان نەتەوە و ئاین و مەزھەبە جیاوازەکاندا، لە سونە و شیعە. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەم ململانێ ناوخۆییانە لەلایەن ململانێ نێودەوڵەتیەکانەوە کۆتاییان پێدەھێنرێت، وەک ئەوەی ئێران دژی ھەندێک لە پارێزگا شیعە نشینەکان و کوردستان کردى، ئەوەش بە بڕینی ئاوی ڕووباری ئەڵوەن لە خانەقین
.

کوردستان وئاوی شیرین

کوردستانی گەورە لە ئێستادا دابەشبۆتە سەر چوار وڵاتی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،لەھەریەکە لە: تورکیا وئێران وعێراق وسوریادا، خاوەنی گەورەترین بڕی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەویە، لە ھەموو ناوچەکەدا. کە ئەم ھۆکارەش یەکێکە لەو ھۆکارانەی کەوڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیەکانیش ڕێگە نادەن بە یەکگرتن و گەورەبوون و بەھێزبوونی، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نەتەوەییدا، کە فراوانترین ڕووبەری جوگرافی نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە و گەورەترین چڕی دانیشتوان کە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس و دەوڵەمەندترین ناوچەشە بەھەردوو سەرچاوەی وزە " زێڕی ڕەش" لە نەوتی خاو و غازی سروشتی، زێڕی ڕۆیشتوو یان سپی " ئاوی شیرین".



ھەربۆیە جارێکی تر کورد و کوردستان، لە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی و داگیرکردنێکی تردان، بەھۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی شیرینەوە و جەنگ و داگیرکارییەکانی ناوچەکە، کە بەدڵنیایی کوردستانیش دەگرێتەوە لەسەر ئاو و کەمی ئاو دەبێت
.



ئاشکراشە کوردستان و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،کۆمەڵگەلێک کێشەی مێژوویی و جوگرافی لەمێژینە و ئاڵۆزیان ھەیە، ھەر لە کێشەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و سنور و کێشەی سیاسی و ئابوری و ..ھتد. لە ئێستاشدا و لە ئایندەشدا کێشەی ئاو و ژینگەشی دێتەسەر
.

ھەربۆیە دەکرێت سەرجەمی ئەم کێشانە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، لە ڕێگەی دانوسانی سیاسی و ڕیکەوتن و بەسەرداچونەوەی ڕیکەوتنامە دوو قۆڵی و نێودەوڵەتیەکانەوە، ئەنجامبدرێت، دوور لە جەنگ و ململانێی خوێناوی، ئەویش لەلایەک بە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد و دیاریکردنی چارەنوسی لە ناوچەکەدا، دواتریش بە گفتوگۆی شارستانییانە لەسەر تەواوی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە. چونکە ھیچ کات جەنگ و ململانێکان نەبونەتە ھۆی چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی ھەتاھەتایی لە ناوچەکە و دونیاشدا، تەنھا بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتن دەتوانرێت سەرجەم کێشەکان و لەناویشیاندا کێشەی کەمی ئاو چارەسەر بکرێت.


عێراق و کوردستان و ھەردوو ڕووباری دیجلە وفورات

لەدێر زەمانەوە ئەم وڵاتی " عێراق"ەی ئێستا بەناوی " وڵاتی نێوان دوو ڕووبار"ەوە ، واتە ھەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە ناسراوە، مێژوو، جوگرافیایەکی دێرین و ناسراوی ھەبووە. پشت دەبەستێتە سەر ئاوی ئەو دوو ڕووبارە کە فورات لە بەیەک گەیشتنی ھەردوو لقی "فورات صۆ و قەرەصۆ"دروست دەبێت، لە مەڵاتیا، لە بەرزاییەکانی ناوچەی وان، لە کوردستانی باکور. کە درێژی ڕووباری فورات ٢٨٨٠کم دەبێت و ١٠٠٠ کم لە تورکیا و ٦٧٥-٦٨٠کم لەسوریا و ١٢٠٠کم لە عێراقدایە.ڕووباری دیجلەش درێژییەکەی ١٨٩٩کم و ٤٤کم لەسوریا و ١٤١٥ کم لە عێراقدایەو ٤٤٠ کم لە تورکیادایە. ھەروەھا لە ئێرانیشەوە ژمارەیەک لقی دەچێتە ناو.

کێشەکە لەوەدایە کە تاکو ئێستا ڕێکەوتنێکی تەواو نییە لەسەر ڕێکخستنی بەشداریکردن لە ئاوی فوراتدا بۆ بەکارھێنانی، بێجگە لە ھەندێک ڕێکەوتن کە بنەما سەرەتاییەکانی بەشداریکردن و مافی ئەو وڵاتانەی دانپیاداناوە. ڕووباری دیجلەش تورکیا دایدەنێت بە ڕووبارێکی نیشتیمانی خۆی و تەنھا تێپەڕدەبێت بە سنورەکانیدا و دەڵێت، مافی تەواوی ھەیە لە بەکارھێنانیدا، ئەوەی دەیداتە ھەریەکە لە سوریا و عێراق ئەوە تەنھا قوربانیدانە و پیاوەتییە نەک ئەرک و مافی خۆیان بێت.


سیاسەتی ئێران بۆ ئاو

ھەڵوێستی ئێرانیش ھیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ ھەڵوێستی تورکیادا، بەھەمان شێوە ئێران لە ھەوڵدایە بۆ گۆڕینی زۆربەی لقە ئاویەکان کە دێتە سەر ڕووباری دیجلە، ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ھاتوو بۆ خاکی عێراق، هەروەها دەبێتە ھۆی خراپبوونی جۆری ئاوەکە و ڕێژەی پیسبوونیشی زیاد دەکات.


ئەم ھەڵوێستانەی ئێران دەربارەی عێراق و ھەرێمی کوردستان، بونەتە مایەی ئاگادارکردنەوەی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی گەشەپێدان بە جۆرێک ڕایگەیاند کە: کارەساتێکی ژینگەیی گەورە لە ھەندێ لە پارێزگاکانی ڕۆژھەڵات و باشوری عێراق ڕوودەدەن. ئەگەر ئێران سووربێت لەسەر بڕین و گرتنەوەی ئاوی ھەندێ لە ڕووبارەکان، وەک: ڕووباری ئەڵوەن لە خانەقین، کە ماوەی ٤ ساڵە ئێران ئاوەکەی دەگرێتەوە. ئەوەش بۆتە مایەی زیانێکی گەورە بە کشتوکاڵی ئەو ناوچەکە، هەروەها دەبێتە ھۆیکەمبوونەوەی ڕێژەی ١٠% ی زەویە بە پیتەکان و بۆتە ھۆی کۆچکردنی زۆرێک لە دانیشتوانی گوندی ناوچەکە بەھۆی وشکبوونەوەی زەوی و ڕەز و باخەکانیانەوە، هەروەها بۆتە کەمبوونەوەی ھەندێک بەروبوومی کشتوکاڵی لە عێراقدا بەڕێژەی ٨٠% لەگەڵ خراپی لە جۆرەکانیشیدا
.



ھەربۆیە پێویستە کە دەوڵەتی عێراق ھەستێت بە گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێک بۆ بەرگرتن لە دیاردەی بە بیابانبوون و وشکبوونەوە. ئەویش بە دروستکردنی بەنداو لە کوردستان، کەلە کۆتاییدا بە بەرژەوەندی دانیشتوانی ناوەڕاست و عێراق تەواو دەبێت. ھەروەھا بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە ئاوداشتن و بەکارھێناندا و وەبەرھێنانی ناوخۆیی و دەرەکی لە کەرتی ئاودا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بۆشایی ئاوی، کۆمەڵ گەلێک کارن، کە دەبنە ھۆی چارەسەر و کەمبوونەوەی کێشەی ئاو، لە عێراق و کوردستاندا
.


بەنداوی موێڵ

یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کە بڕی ١٧٥٠٠ مەتر سێجا/چرکە ئاوی لێدەردەچێت و لە ساڵی ١٩٨٠ دەستکراوە بە دامەزراندنی، ساڵی ١٩٨٦ تەواوکراوە. بەکاردەھێنرێت بۆ مەبەستی ئاوگلدانەوە و کۆنتڕۆڵکردنی و بەرھەمھێنانی کارەبا و ئاودانی ڕووبەری ٥,٣ ملیۆن دۆنم زەوی، لە ئێستادا مەترسی ڕووخاندنی لێدەکرێت.

لە بارێکدا کە ئەم بەنداوە دابڕمێت،ئەوا کارەساتێکی گەورەڕوودەدات بەھۆی بەرزی ئاستی ئاوەکەیەوە و پلەی لێژی ڕووباری دیجلە لە موێڵەوە بەرەو باشوور - جیاوازی بەرزی ڕۆیشتنی لە نێوان دیجلە و فوراتدا ٧ مەترە –ئەوەشکە دەبێتە ھۆی ڕوودانی لافاوی وێرانکەر کە زیان بەدامەزراوە ئاوی و خزمەتگوزاریەکانیش دەگەیەنێت لەخوار بەنداوەکەوە و دەبێتە ھۆی ئاوارەبوونی ٤-٥ ملیۆن کەسیش.

ھەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بۆ ڕێگەگرتن لەو داڕمانە، چارەسەری ڕیشەیی نین کە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی بەیتونی گران بەھا، و نزمکردنەوەی ئاستی ئاو لە بەنداوەکەدا، بەڵکو چارەسەری ڕیشەیی بریتییە لەو پێشنیازانەی کە کۆمپانیا ڕاوێژکاریەکان داویانەتە وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق. لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە کاربکرێت بۆ دامەزراندنی بەنداوی بەخمە و بەنداوی تر لەسەر ڕووباری زێی گەورە.



کارەساتی عێراق لەوەدا نییە کەلە ساڵانی ڕابردوودا بە ملیارەھا مەتر سێجا ئاوی بە فیڕۆداوە، بەڵکو کارەساتەکە لەوەدایە کەلە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ھەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لەبەر ھەڕەشەی وشکبووندان بەھاتنی ساڵی ٢٠٤٠. لەو ڕێکخراوانەش " ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە" و " کۆڕبەندی عەرەبی بۆ ژینگە و گەشەپێدان" و" ڕێکخراوی ئاوی ئەورووپی" کە ھەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕووباری دیجلە بەرەو وشکبوون دەچێت
.


ئەم کێشەیەش کێشەیەکی تەکنیکی و سیاسییە، لەڕووی تەکنیکیەوە ھەریەکە لە سوریا و تورکیا و ئێران دەستبەسەر ڕێژەی ٨٥% سەرچاوە ئاویەکانی عێراقدا دەگرن. بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە، بریتییە لە نەبوونی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەکارھێنانی ئاو و بەکارھێنانی بەشێوەیەکی یاسایی کەمافی ھەموو وڵاتانی" سەرچاوە و ڕاگوزەر وتێڕژاو" بپارێزرێت
.


چارەسەری کێشەی ئاو لەعێراق و ناوچەکەدا



دەتوانرێت ئەم کێشە گرنگ و کاریگەر و ھەستیارە لەناوچەکە و عێراقیشدا چارەسەر بکرێت لە ڕێگەی
:

١-بەڕێوەبردنێکی تەواو بۆ سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و کوردستان، لە ناویشیاندا "دورینەوەی ئاو". ئەمەش بۆ پارێزگاریکردن لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، لەسەر زەوی و ژێرزەوی و باشترین و زۆرترین سوود وەرگرتن لێیان.

٢- کێشەکانی ئاو لەناوچەیڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، چی دەبێت لە میانەی پڕۆسەیەکی چارەسەری گشتگیر بۆ کێشە ژێرخانییەکان کە سیاسی و ئابوری و ژینگەیی لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.

٣- ھاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ڕێککەوتننامەی یاسایی و نێودەوڵەتییەکان ھەبێت لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا دەربارەی ئیدارە و دابەشکردن و وەرگرتنی ئاو و پشکی ئاوی ھەریەکەیان و ھیچ وڵاتێک زیادەڕەوەی نەکاتە سەرپشکی وڵاتانی بەشدار لە ڕووبارە نێودەوڵەتیەکاندا.
چونکە بەبێ چارەسەری کێشە ئاویەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا سەردەکێشێت بۆ ململانێ و توندبوونی کێشە و گرفتەکان و ئەنجامیش جەنگ و داگیرکردنی لێدەکەوێتەوە
.


دیاردەی بە بیابانبوون و وشکبونەوە ھەڕەشە لە عێراق و کوردستانیش دەکەن!!

کێشەی ئاو لە نێوان سوریا و عێراق و تورکیادا، دۆخێکی بێوێنە نییە لەگەڵ ئەوەی کە تایبەتمەندی خۆشی ھەیە، چونکە ھەمیشە ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان لەو جۆرە کێشانە دروست دەکەن لە نێوان وڵاتانی جیھاندا. بەھۆی تێکپڕژانی بەرژەوەندییەکانیان و پێداویستی زۆریان بۆ ئاو، بە تایبەتیش لەسەدەی بیست و یەکەمدا، ئاو بۆتە نەوت و بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگی داھات بۆ ئەو وڵاتانەی کە لێیەوە ھەڵدەقوڵێت، ھەروەک بۆ ئەو وڵاتانەشی کە تێیدەڕژێن.( لەم سەدەیەدا نەک نەوت ،بەڵکو ئاو دەبێتە کێشەی مەترسیدار لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەدوای ساڵانی ٢٠٠٠)وە.



بەپێی ڕاپۆرتەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ئابوری لە واشنتۆن، کە زیاد لە جارێک ڕایگەیاندووە کەلە جیھاندا نزیکەی ٧٠ ناوچە ھەن کە دەبنە خاڵی ململانێ و گرژی و ئاڵۆزی کە ھۆکارەکەشی ئاو
ه، کە دەبێتە دایکی ھەموو ئاڵۆزیەکانی ئایندە.

بۆشاییئاوی

"گرفت و کێشەی ئاو بەوە دەناسرێت کە بریتییە لە تێکچوونی ھاوسەنگی لە نێوان سەرچاوە ئاوییە تازە بوەکان و ئەوەی لەبەردەستدا ھەیە لەگەڵ داواکاری زۆریش لە سەری، کە خۆی لە دەرکەوتنی کورتھێنان لە تەرازووی ئاودا دەبینێتەوە، کە بە بەردەوامی لە زیادبوندایە و دەبێتە ھۆی ڕێگری لە پێشکەوتن. ئەو کورتھێنانەش بریتییە لەوەی کە زۆر گەورەترە لە قەوارەی پێداویستی ئاو تیایدا لە بڕی سەرچاوە ئاوییە نوێکان و ھەبووەکانیش".


بەو کورتھێنانی ئاوەش دەوترێت "بۆشایی ئاوی"، ھەرکاتێکیش کورتھێنانی ئاوی بەڕێژەیەکزیادی کرد کە ببێتە ھۆی زیانگەیاندن بە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ھەڕەشەش لە ژێرخانی وڵات بکات، ئەوا لەو کاتەدا ناودەبرێت بە "کارەساتی ئاوی"، کە ئەمەش لە ئێستادا ڕوودەدات بەھۆی دیاردەی وشکبوونەوە، بەھۆی کەمبونی پشکی عێراق لەئاو لە ھەریەکە لە ڕووباری دیجلە و فورات و گرتنەوەی ئاوی لقەکانی کە لە ئێرانەوە دێنە ناو دیجلەوە لە ھەریەکە لە ڕووبارەکانی " ئەڵوەن لە خانەقین لەساڵی ٢٠٠٥، زێی بچووک لە پارێزگای سلێمانی لەمانگی ٦ى٢٠١٧"دا. بەھەمان شێوە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و بەو پێیەش ھاوڵاتیانی عەرەبی زەرەرمەندی گەورەن لە جیھاندا لەڕووی کەمی ئاوەوە
.


ھەندێک ئامار دەربارەیپشکی ئاوی ھاوڵاتیان لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا


لەساڵی ١٩٩٦دا پشکی ئاوی تاکی عەرەبی بریتی بووە لە ١٠٢٧ مەترسێجا، ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە ٣٠% ھاوڵاتیانی عەرەبی ئاوی پاکیان بۆ خواردنەوە دەستناکەوێت، لە کاتێکدا پشکی تاک لە جیھاندا لە نێوان ٧١٨٠-٧٥٠٠ مەترسێجادایە لە ساڵێکدا.


پشکی ھاوڵاتیانی کیشوەری ئەفریقیا، پێنج ئەوەندەی پشکی ھاوڵاتیانی عەرەبە، کە ڕێژەی ١٥% یە و بە لیتریش یەکسانە بە ٣٠ لیتر ئاو بۆ بەکارھێنانی ڕۆژانە. لە کاتێکدا ئەمریکیەک پشکی ٦٠٠ لیتر و ئەوروپیەک ٢٠٠ لیتر پشکی ئاوی ھەیە.


ئامارە جیھانیەکان ڕایدەگەیەنن کە پشکی تاکی عەرەبی لە ١٠٢٧ مەترسێجاوە لەساڵی ١٩٩٦وە کەم دەبێتەوە بۆ ٤٦٤ مەترسێجا لە ساڵی ٢٠٢٥دا. لە کاتێکدا بڕی ١٠٠٠مەتر سێجا ئاوی خاوێن دۆخێکی ناجێگیری ئاوە بۆ ھەر تاکێک.


جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژەی ٥٠% سەرچاوەکانی ئاوی عەرەب، لە دەرەوەی سنورەکانیەوە ھەڵدەقوڵێن. بەڵام لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێوەیەکی گشتی بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٦٠ ژمارەی دانیشتوانی ٢٨٤ ملیۆن کەس بووە کە ئەم ژمارەیە ڕێژەی ٥% ی دانیشتوانی جیھان پێکدێنێت " بەنزیکەیی" و ئاوی کەمتر لە ١% ھەیە کە یەکسانە بە ٣٥٥ ملیار مەترسێجا، لەکاتێکدا لەساڵی ١٩٩٠دا ژمارەی دانیشتوانی بۆتە دوو ھێندە، واتە نزیکەی ٥٦٨ ملیۆن کەس، بەڵام بڕی ئاو کەمی کردووە بۆ ١٢٥ ملیار مەترسێجا، کە ئەمە بۆخۆی ھەڕەشە و مەترسیەکی گەورەیە.

بۆچارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لەم ناوچەیەدا، پێویستە بڕی ٤٥ ملیار دۆلار دابینبکرێت بۆ ماوەی ١٠ ساڵ. لە کاتێکدا لەم ناوچەیەدا، ڕێژەی ٨٧% ئاو بۆ کشتوکاڵ و ٧% بۆ پیشەسازی و ٦% بۆ بەکارھێنانی مرۆڤەکان بەکاردێت. لە کاتێکدا د. وەلید رەزوان لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی " کێشەی ئاو" ئاشکرای کردووە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ساڵانە ڕووبەڕووی کەمی ئاو دەبنەوە، بە بڕی ١٠٠ ملیار مەترسێجا. لە عێراقدا، ڕێژەی ٦٥% ئاو بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و پیشەسازی بەکاردێت و ڕێژەی ٨٠% بۆ بەکارھێنانی ماڵان بەکاردێت، کە ھەمووشیان سەرچاوەکانیان ھەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتن.

"سەنتەری دۆکۆمێنتاری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا" ڕوونیدەکاتەوە کە عێراق دەبێتە وڵاتێکی نیمچە بیابانی، لە ئێستادا ڕووبەری بیابان نزیکەی تێکڕای نیوەی ڕووبەری گشتی عێراقە، سەرەڕای بوونی ھەردوو ڕووباری دیجلە و فورات. وەزیری کشتوکاڵ لەساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، کە عێراق ڕێژەی ٧٠% لە بەروبوومە کشتوکاڵیەکانی لە دەستداوە بەھۆی وشکە ساڵی و بەبیابان بوونەوە، ئەمەش بەھۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان، بە شێوەیەک بەڕێژەی ٤٥% ئاستی ئاویان دابەزیووە. ھەندێک ڕووباریش ڕووبەڕووی وشکبونی نیمچە تەواو بونەتەوە، وەک ھەردوو ڕووباری خالی و دیالە، کە زۆر ناوچەی کشتوکاڵی پشتیان پێدەبەستن. ھەروەھا بە ڕێژەی ٢٠% زەویە کشتوکاڵیەکان، لەکار وەستاون. لێپرسراوانی عێراق زۆر مەترسیان ھەیە لەو کۆمەڵە بەنداوەی کە تورکیا بەنیازە دروستیان بکات کە ژمارەیان "٢١" بەنداوە لەسەر ڕووباری فورات. کە بەھۆیەوە سوریا ڕێژەی ٤٠% لە پشکی ئاوەکەی کەم دەکات، زیانی گەورەتریش بەر عێراق دەکەوێت و دەگاتە ڕێژەی ٩٠%، کە ئەم ژمارەیە جێگەی مەترسی و تۆقاندنە. بەھەمان شێوە بەھۆی دروستکردنی ٣ بەنداویش لەسەر ڕووباری دیجلە، ھەمان مەترسی دروستدەکەن لەسەر عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە. کە کۆی ئەم پڕۆژانە دەبنە ھۆی کەمبونەوەی پشکی تاکی عێراق لە ئاو لە ٣٠٦٨ مەترسێجاوە ساڵانە بۆ ١٠٢٥ مەترسێجا.

ھەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن کە ئاستی ئاوی دیجلە لە ئێستادا، لە کەمترین ئاستیدایە لەماوەی ٧٥ ساڵدا. ھەربۆیە لێکۆڵەرەوان لەبواری ژینگەدا، داوای دانانی پلانێک دەکەن، بەھاوکاری ڕێکخراوی (( فاو )) و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە، بۆ ڕزگارکردنی ناوچەی تر لە عێراق، کە پاڵێوراون بۆ بوون بە بیابان، و دەرکردنی ھەندێ ناوچەی تر لە بیابانیەوە بۆ بوژاندنەوە و گەشەکردن، و چاودێری بەردەوامی پڕۆسەی بە دارستانکردنی وڵات.

سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە ژمارە

١- سەرەتا سەرچاوەکانی دیجلە و فورات لە تورکیادا نین، بەڵکو دەکەونە نێوان دەریاچەی وان لە کوردستانی باکورو چیای ئارارات لە ئەرمینیا.
٢- سەرچاوەکانی دیجلە و فورات لە خۆرھەڵاتی تورکیادان واتە لە ناوچە کوردییەکاندان.

٣- بڕی ئاو لە دیجلەدا زۆرترە وەک لە فوراتدا.

٤-درێژی فورات لە عێراقدا زیاترە وەک لە دیجلە، درێژی فورات ٢٧٠٠کم و پانیەکەی ٢٠٠م و لە جێگەی ڕێژنەکەیدا دەگاتە ٢٠٠٠م لە کاتێکدا ڕووباری دیجلە درێژیەکەی ١٧١٨کم.

٥-ئاستی دیجلە لەسەروو شاری بەغدادەوە بەرزترە لە فورات بە تێکڕای ٧م بەڵام لە باشوری بەغداد دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە و فورات بەرزتر دەبێت لە دیجلە.

٦-ڕێژەی سوێری لە فوراتدا زیاترە وەک لە دیجلە و بەتایبەتیش خۆێیەکانی کبریتات.

٧-کەناڵێک ھەیە کە دیجلە بە فوراتەوە دەبەستێتەوە کەلە سامەڕاوە دەستپێدەکات بەھۆی قۆڵێکەوە دەچێتە ناو فوراتەوە کە بریتیە لە قۆڵی سەرسار- فورات.

٨-لە عێراقدا ٥ لق دەڕژێنە ناو دیجلەوە بەڵام ھیچ لقێک ناڕێژێتە ناو فوراتەوە.

٩-تاکە لقێک کە دەڕژێتە ناو دیجلەوە لەناو عێراقدا بریتییە لە لقی عوزێم کە ڕوبارێکی وەرزیە.

١٠- لە پەڕتوکى پیرۆزدا ناوی ڕووباری فورات ھاتووە بە یەکێک لە ڕووبارەکانی عەدەن. و پێغەمبەریش فەرموویەتی ڕووباری نیل و فورات دوو ڕووباری بەھەشتن لەگەڵ ھەردوو ڕووباری " سیحان و جیحان".
١١- زۆرجاران لافاو لە خاکی ئێرانەوە دەھاتەوە ناو خاکی عێراقەوە لە ناوچەی ((کوت و شێخ سەعد و عەلی غەربی )) و ھەندێکیشی دەچووە ناو دیجلەوە و بەشەکەی تری ئەو ناوچانەی دەکردە خاکی بەپیت بۆ کشتوکاڵ.
بەڵام لەکاتی جەنگی عێراق-ئێراندا ڕێگریان بۆ دروستکردن
.

١٢- ئەو لقانەی کە لە ئێرانەوە دێن و دەڕژێنە ناو دیجلەوە بریتین لە(( ١٦ )) لق،٧ لقیان لە پارێزگای سلێمانیدان و ئەوانیتر٢ لق لە پارێزگای واست و لە عەمارە و بەسرەش لقەکانی (( گیب و دوێرج و شگالاعمی و کەرخە و کارون))ن.



ئاشکرایە لە ئێستادا کێشە ئاویەکان بەسراونەتەوە بە کێشە سیاسیەکانەوە لە نێوان وڵاتانی دراوسێدا، وەک ئەوەی تورکیا ئاو بەکاردێنێت وەک مەرجی سیاسی بەسەر سوریادا و لەبەرامبەر پێدانی ئاو بە سوریا،تورکیا داوا دەکات کە سوریا دانبنێت بە:

١.دەستھەڵگرتن بە لیوای ئەسکەندەرونەدا.

٢.ڕێگە لە ھێزە کوردیەکان بگرێت لە خاکی سوریاوە ھێرش نەکەنە سەر تورکیا.

٣.واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئاوی بەمەرجێک ڕووباری عاسیش بگرێتەوە بەوەی کە ڕووبارێکی نێودەوڵەتییە.

ھەربۆیە ئاو بۆتە بەشێک لە کێشە سیاسی و ئابوریەکان و پێدەچێت دوای تەواوبونی نەوت، ئاو ببێتە جێگەی کێشە و ململانێ سیاسیەکان و ببێتە ھۆکاری ھەڵایسانی شەڕ و کوشتارەکان.
ئەوەتا لێپرسراوێکی تورکی دەڵێت : " بۆ دەبێت ئێمە ئاویان پێبدەین بێبەرامبەر، بەڵام ئەوان نەوتمان بدەنێ بە پارە". ھەروەھا دروشمی " ئاو بەرامبەر نەوتیان بەرزکردۆتەوە" بەھەمان شێوە دەڵێن " ئاو ،نەوتی ئایندەیە
".

لە پێشدا ڕووباری فورات بە ڕووبارێکی نیشتیمانی ناودەبرا، چونکە تەنھا بەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا تێپەڕدەبوو، تاکۆتایی جەنگی جیھانی یەکەم و لە ساڵی ١٩١٨دا بووە ڕووبارێکی نێودەوڵەتی، چونکە بەسێ وڵاتی تورکیا و سوریا و عێراقدا تێپەڕدەبوو.



لە ئێستادا عێراق و پشکی ئاوی لە دیجلە و فوراتدا زۆر کەمیکردووە، بەشێوەیەک لە ڕووباری فوراتدا پشکی بۆتە یەک لەسەر سێی ئەوبەشەی پێش دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیا و سوریا، کە ئەم کەمبونەش بۆتە گەیاندنی زەرەروزیانی گەورە بە کشتوکاڵ و بەرھەمی کارەبا
.



ھەروەھا دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلەش لە ٩٣,٢٠ ملیار مەترسێجاوە بۆ ٧,٩ ملیار مەترسێجا لە ساڵێکدا. کە ڕێژەی ٤٧% دەکات لە پێداویستی ساڵانە لەو ڕووبارە. کە بەمەش عێراق ڕێژەی ٤٠% زەویە کشتوکاڵیەکانی لەدەست دەدات کە ڕووبەرەکەی ٦٩٦ ھەزار دۆنم زەوی دەبێت
.


ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان

لەساڵی ١٩٤٧دا عێراق و تورکیا ڕێککەوتننامەی دۆستایەتی و دراوسێیەتی باشیان واژۆکردووە، دواتریش ٦ پاشکۆی تری لەخۆگرت، کە ڕێکخستنی سوود وەرگرتنی لە ئاوی ھەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، لە ئەستۆنەگرتنی زەرەروزیانی لافاوەکان و دامەزراندنی پڕۆژەکان، بۆ پارێزگاری لەسەر ئاو، بەشێوەیەک پێویستە تورکیا ڕەزامەند بێت لەسەر دامەزراندنی ھەر پڕۆژەیەک لە عێراقدا کە بە پێویست بزانرێت و زانیاری تەواویش بداتە عێراق، دەربارەی ئەو پڕۆژانەی کە تورکیا بە نیازە دایبمەزرێنێت لەسەر ھەردوو ڕووبارەکە، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات ڕەچاوبکات، ئەمەش بە ڕێککەوتنیان.بەم شێوەیە ھیچ کێشەیەکی یاسایی لە نێوان ھەرسێ وڵاتدا ڕووینەدا، تا ئەو کاتەی تورکیا و دواتریش سوریا دەستیان کرد بە پڕۆژە ئاویەکانیان و بەکارھێنانی ئاوی فورات، بەبێ گوێدانی بەرژەوەندی مافەکانی عێراق، کە ئەوکاتە شارەزایان بە ١٨ ملیار مەتر سێجا لە ئاوی فوراتیان خەمڵاندبوو. عێراق زۆر ھەوڵیداوە کە لەگەڵ تورکیا و سوریادا بگاتە ڕێککەوتن، بۆ دیاریکردنی مافی ھەرسێ وڵات لە ئاوی فوراتدا بەڵام ھەموو ھەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.



بە ئاشکرا ھەریەکە لە تورکیا و سوریا مافی عێراقیان پێشێلکردووە و سەرپێچی ھەموو ڕێکەوتنامەکانیشیان کردووە. ھەروەک چۆن بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتیەکانیشیان پێشێل کردووە، تایبەت بە سوود وەرگرتن لە ئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتیەکان، بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان پێش ئەوەی عێراق ئاگاداربکەنەوە
.



دوای پەیوەندییە ئاویە ئاڵۆزەکانی لە نێوان سوریا و عێراقدا، لە کۆتاییدا لەساڵی ١٩٩٠، گەیشتنە ڕێککەوتن دەربارەی دابەشکردنی پشکی ئاوی ڕووباری فورات لە نێوانیاندا، بەشێوەیەک لە خاڵی سنوری تورکیا و سوریاوە ٥٨% بۆ عێراق و ٤٢% بۆ سوریا بێت
.

ھۆکارەکانی کێشە ئاویەکانی عێراق

١-دەستبەسەر دانەگرتنی تەواوەتی عێراق بۆ سەرچاوە ئاویەکان، چونکە عێراق وڵاتی سێیەمە کە ڕووباری دیجلە و فوراتی تێدەڕژێت و وڵاتی سەرچاوە نییە.

٢-زیادبوونی ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتوان و دابەزینی ھوشیاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی بۆشاییەک لە نێوان گەشەکردنی دانیشتوان و بڕی ئاوی ھەبوو.

٣-لق لێبونەوەی بەکارھێنانی جیاواز بۆ سەرچاوە ئاویەکان، لێدانی بیری ژێر زەوی بەڕێژەیەکی زۆر، بەکارھێنانی ئاو بەشێوەیەکی خراپ و ئیدارەی ئاویش زۆر خراپترە لە ڕووی ئاودێریەوە.

٤-گەورەبوونی پیسبوونی ژینگەیی و مەترسیەکانی بۆسەر ھاوسەنگی ژینگەیی.

٥-عێراق کەوتۆتە ناوچەیەکی نیمچە وشکەوە.

٦-ڕژێمی سیاسی ڕابردوو بەھۆی گرنگیدانی زۆری بە لایەنی سەربازی و جەنگە یەک لەدوایەکەکانیەوە، لایەنی ئاوی فەرامۆشکردبوو.

٧-دواکەوتوویی ھۆکارە ئیداریەکان و نەبوونی سیاسەتێکی ئاوی.

٨-گرژی و ئاڵۆزی سیاسی و نەبونی ھاوکاری ناوچەیی.


لە ئێستادائاو بۆتە توخمێکی ستراتیژی، کە خراوەتە یان دەخرێتە خزمەت سیاسەتەوە، ھەربۆیە ھەر کەس و لایەنێک، سەرچاوەکانی ئاوی لەلابێت، ئەوا سەرچاوەکانی کارتێکردنی لەلا دەبێت. لە ساڵانی نەبوونی ڕێکخراو و یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانەوە، کە مافی وڵاتان دەپارێزن لە ئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکاندا
.



ھەردوو ھۆکاری جوگرافی و سیاسی "جیۆسیاسی"، کاریگەریان ھەیە لەسەر عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە. بەشێوەیەک تورکیا و سوریا بەڕێژەی ٨٥% کۆنتڕۆڵی سەرچاوە ئاویەکانی عێراق دەکەن
.



ئەوەی کێشەکەشی ھێندەی تر ئاڵۆزترکردووە لە نێوان تورکیا و عێراقدا، ئەو پڕۆژە ئاویە گەورەیە بوو کە تورکیا لە کوردستانی باکور دەستیپێکردووە کە ناودەبرێت بە پڕۆژەی پێشخستنی باشوری خۆرھەڵاتی ئەنازۆل "گاپ".ئەم پڕۆژەیە ٢١ بەنداوی ئاوی و ١٧ وێسگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە خۆدەگرێت. کە بۆتە ھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی سوریا و عێراق، ئەمەش بۆتە ھۆکاری سەرھەڵدانی کێشەیەکی ڕاستەقینە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی دیمەشق لەساڵی ١٩٨٧دا. کە ڕێگە بە تورکیا ئەدات کە بڕی ٥٠٠مەترسێجا لە چرکەیەکدا بنێرێت بۆ سوریا بەشێوەیەکی کاتی
.

بەم شێوەیە کێشەی ئاو لە نێوان عێراق و دراوسێکانیدا لە تورکیا و ئێران و سوریا، بەبێ چارەسەرکردنی ڕیشەیی، دەبێتە ھۆکاری گەلێک کێشەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ژینگەیی. هەروەها دەبێتە ھۆکاری فراوانبوونی دیاردەی بە بیابانبوون و دووبارەبونەوەی ڕەشەبای لمی و خۆڵ بارین و کۆچی دانیشتوان لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان و وەستاندنی وێسگەی کارۆئاویەکان لەسەر بەنداوەکان و وێسگەکانی پاڵاوتنی ئاو و وەستاندنی ھەر پڕۆژەیەکی پیشەسازی، کە پێویستی بە ئاو ھەبێت. لەناوچوونی ئاژەڵەکان لە مانگا و مەڕ و بزن و بڵاوبونەوەی نەخۆشی لەناویاندا.



ھەربۆیە داوا دەکرێت کە ئەو وڵاتانە و بەتایبەتیش تورکیا ھەڵوێستێکی باشی ھەبێت دەربارەی عێراق و وێستگەکانی لە ئاوی ھەردوو ڕووباری دیجلە و فورات و داوادەکرێت لە یەکێتی ئەوروپا، کە تورکیا بە ئەندام وەرنەگیرێت تا کێشەکانی ئاوی لەگەڵ عێراقدا چارەسەر نەکات. چونکە بەکەمکردنەوە و دابەزینی ئاوی ھەردوو ڕووبارەکە و پشکی عێراق لە ٢٣ ملیار مەترسێجاوە بۆ ٥,٣ ملیار مەترسێجا، عێراق ڕووبەڕووی کارەساتێکی مەترسیدار دەبێتەوە لە ئایندەدا
.


میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە ئاوییەکان

چارەسەری کێشەی ئاو لە ڕوانگەی کەسانی پسپۆڕەوە و لە بواری سەرچاوە ئاویەکاندا خۆی لەچەند خاڵێکدا دەبینێتەوە لەوانە:



یەکەم :دەبێت عێراق ھەوڵی بەردەوام بدات لە ڕێگەی گفتوگۆی سێ قۆڵییەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن کە پشکی ئاوی ھەریەکەیان زامنبکات، بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکان و ڕێککەوتنە دوو قۆڵیەکانەوە. لە ئێستادا گفتوگۆکان لەگەڵ سوریادا باشە، بەڵام لەگەڵ تورکیادا گفتوگۆکان بەردەوامە بە ئامانجی تێگەیاندنی لایەنی تورکیا، بەوەی کەمکردنەوەی ئاوی دیجلە و فورات دەبێتە ھۆی گۆڕانی ملیۆنان دۆنمی زەوی کشتوکاڵی بۆ زەوی وشک و بێکەڵک، بەتایبەتیش کە جۆری خاکی عێراق پێویستی بە بڕی زیاتر لە ئاو ھەیە، پێویستە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیادا بەشێوەیەک بێت، کە پشکی عێراق لە ئاو لە ڕووباری فورات لەسنوری ٥٨% و پشکی سوریاش ٤٢% بێت.


دووەم :بریتیبە لە سیاسەتی ئاوی بۆ بەکارھێنانی ئەو سەرچاوانە لە چوارچێوەی پلانەکانی داھاتوودا و گرنگیدانی زیاتر بە ئاوی ژێر زەوی، بە مەبەستی وەبەرھێنانی درێژخایەن لە چوارچێوەی بەکارھێنانی بڕی وەبەرھێنانی ئاو، کە جێگیرکردنی فشار یان ڕێژگەی چینی ئاوی بۆ ماوەی درێژ ئەوەش لە چوارچێوەی ھەڵکەندنی بیر بە پێی بنەما پراکتیکیەکان، کە پشت دەبەستێتە سەر قەوارەی بەرھەم و جۆر و وەبەرھێنانی بێویژدان لە ناوچە دوورەکان لەسەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی، سەرەڕای زیادکردنی توندکردنی کۆنتڕۆڵ بۆ سەرچاوە ئاویەکان
.



ھەروەھا، پڕۆسەی چارەسەری کێشە ئاویەکان دەکرێت سەرکەوتووبێت، بەھۆی دەستگرتنەوە بە بەکارھێنانی ئاوەوە لە ڕێگەی وشیارکردنەوەوە و ڕێ وشوێن و ئیدارەی سەرچاوە ئاویەکان، لەوانەش گرتنەبەری شێوازی ئاودان وەک ئاودانی خاڵبەندی و پیادەکردنی سیستەمی وەشاندن لە پڕۆژە ئاودێریەکان و لابردنی زیادە ڕەویەکان و سەرپێچیەکان، سەرەڕای دانانی پلانی وورد بۆ ئیشپێکردنی سیستەمی بەنداوەکان و حەوزەکان بۆ سوود وەرگرتنی ئەوپەڕی لە ھەڵگرتنی ئاو لەو بڕە ئاوەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی ھاویندا دەستبکەوێت، بە مەبەستی تێپەڕاندنی وەرزەکە بە کەمترین زیان و کەمکردنەوەی ھەندێک ڕووبەری ئاوداشتن بۆ ئەو جێگایانەی کە بێکەڵکن و چڕکردنەوەی ھەڵمەتەکانی ڕاگەیاندنی جیاواز، بە ئامانجی دەستگرتنەوە لە بەکارھێنانی ئاودا و وەبەرھێنانی عەقڵانی بۆ ئاو و سنوردانان بۆ بەھەدەردان
.



ھەموو ئەم ڕێوشوێنانە عێراق دەخاتە خانەی دوور لە ناوچەی بە بیابان بوون و وشکبونەوە، کە پێدەچێتعێراق ڕووبەڕووی ببێتەوە، سەرەڕای ئەمانەش دەکرێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەردوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئاو ھاوبەشیان پێبکرێت بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی کە وڵاتانی دراوسێ پابەند بکات بە پیادەکردنی دۆزینەوەی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکانەوە تایبەت بە ئاو بۆ وڵاتانی سەرچاوە و ڕاگوزەر و ڕێژگە.


لەکۆتاییدا، جوگرافیای عێراق ئەوەمان پێدەڵێت کەعێراق لەبواری سەرچاوە ئاوییەکانەوە، پەیوەستە بە ژمارەیەک لە وڵاتانەوە، سەرچاوە سەرەکیەکانی دیجلە و فوراتیش لە بنەمادا لە تورکیاوە دێن و ھەندێک لقی دیجلەش لە ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە، ھەربۆیە ھەر پڕۆژەیەکی ئاودێری و بەنداو و دەریاچە و فراوانکردنی زەوی کشتوکاڵی لە تورکیا یان لە سوریادا، کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر پشکی ئاوی عێراق.



عێراق لە مێژە ھەوڵی خۆی دەدات و بەردەوامیشە لەگەڵ ھەریەکە لە سوریا و تورکیادا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. پێدەچێت لە ئایندەدا ئاوی شیرین لەلایەن تورکیاوە بەرامبەر بەنەوت و غازی سروشتی ئاڵوگۆڕی پێبکرێت لەگەڵ عێراقدا، سیاسەتی"نەوت بەرامبەر بە ئاو" پیادە بکرێت، لە کاتێکدا کە ٧٠% نەوت و غازی سروشتی تورکیا لە عێراقەوە چنگی دەکەوێت
.


ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی گشتی کێشەی ئاو لە جیھاندا و بەتایبەتیش ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست باسدەکات و دواتریش بە ووردتر باس لە کێشە ئاویەکانی عێراق دەکات، ئاشکراشە کە ھەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە کۆماری عێراقی فیدڕاڵ ھەمان کێشە و گرفتەکانی ئاوی عێراقی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، چونکە یەکێک لە ڕووبارە سەرەکیەکان کە ڕووباری دیجلەیە لە سنوری تورکیاوە تا نزیکەی باکوری شاری بەغدادی پایتەخت، ڕاستەوخۆ دێتە خاکی ھەرێمی کوردستان و بەردەوام دەبێت و چەندین لقی تریشی تێدەڕژێت، کە زۆربەیان دەکەوێتە سنوری ھەرێمی کوردستان وسەرچاوەکانیان لە ئێران و تورکیاوە ھەڵدەقوڵێن.

ھەرێمی کوردستان بەبێ بوون و بەردەوام بوونی ڕووباری دیجلە و لقەکانی دەبێتە خاکێکی بێ ئاو و بێ پیت و بەرەکەت و ڕووبەڕووی دیاردەکانی بە بیابانبوون و وشکبونەوە دەبێتەوە، لەگەڵیشیدا ھەموو کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و کشتوکاڵیەکانیش، توندتر و مەترسیدار تر دەبن. کاریگەری زۆر خراپ بەجێدێڵن، لەسەر ئایندەی ھەرێمی کوردستان. کە ھەمووانیان بە زیانی گەورە دەشکێتەوە بەسەر پشکی ئاوی تاک و ئاوی کشتوکاڵی و پیشەسازیشدا.

بۆیە دەکرێت بەھەمان شێوەی عێراق لە کوردستانیشدا، لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریەوە ھەوڵی جدی بدرێت لەگەڵ ھەریەکە لە تورکیا و ئێراندا، کە چیدیکە ئاو وەک کارتێکی فشاری سیاسی و ئابوری بەکارنەھێنن دژ بە ھەرێمی کوردستان، و پڕۆژەی ئاودێری و دروستکردنی بەنداو و عەمباراو و دەریاچە جێبەجێنەکەن و ئاو نەگرنەوە لە ھەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی چەند ساڵێکە لەلایەن ئێرانەوە جێبەجێدەکرێت لە ڕووباری ئەڵوەن لە خانەقین ٢٠٠٥ و ئێستاش لەگەڵ ڕووباری زێی بچووک لەساڵی ٢٠١٧ و بە ئارەزوو و مەرامی خۆیان و لەھەرکاتێک کە بیانەوێت ئەو ئاوانە بگرنەوە و بەریدەنەوە.

دەکرێت ھەرێمی کوردستانیش، لەلایەک گرنگی بداتە لایەنی تەکنیکی و سیاسەتی ئاو بۆ ئایندە و لەلایەکی تریشەوە ھانی ھاوڵاتیان بدات و ھوشیاریان بکاتەوە لە مەترسیەکانی کەم ئاوی، دەستگرتن بە بەکارھێنانی ئاوەوە. و کێشە و گرفتەکانی ئاویش بەھاوبەشی لەگەڵ عێراقدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا چارەسەر بکات.

بە پێچەوانەوە ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی ھەمان چارەنوسی پڕ مەترسی دەبنەوە لە بێ ئاویدا و ھەمیشەش دەکەونە بەر بەزەیی وڵاتانی دراوسێوە لە تورکیا و ئێران و سوریاوە.


ھەربۆیەش ئاو لەم سەدەیەدا دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئاشتی، بەڵام دووھۆکار بۆ ھەڵایسان و سەرھەڵدانی جەنگ و ململانێی سیاسی و سەربازیەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و دونیاشدا، و ئیدی ئەو دروشمەی کەلە مێژە بەرزکراوەتەوە و ھەمیشە دووبارە دەکرێتەوە کە دەڵێت "ئاو و ئاوەدانی"، یان " ئاو سەرچاوەی ژیانە"، پێدەچێت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانکاریەکانی کەش و ھەوا و زۆربوونی پێداویستیەکانی کۆمەڵگاکان بۆ ئاو، ھێواش ھێواش کاڵببێتەوە و لەجیاتی ئەو دروشمانەی پێشووبگوترێت " ئاو سەرچاوەی جەنگ و ململانێکانە". بەوھیوای ئاو ھەمیشە بۆ کوردستان و ناوچەکە و دونیاش مایەی ژیان و پێشکەوتن و ئاوەدانی بێت نەک جەنگ و ململانێ و وێرانکاری
.

سەرچاوەکان:

١ . حقائق عن دجلة و الفرات،للباحث طالب الصفار.

٢.شحة المیاە فی العراق الاسباب و الحلول للباحث د. عصمت موجد الشعلان.

٣.مشکلة المیاە المزمنة، د. ولید رضوان،سوریا.

٤.نقص المیاە فی العراق تنذر بکارثة،للباحث بھاء الموسوی.

٥.بحث للسیدة نبراس المعموری.

٦.المعاھدات و الاتفاقات الدولیة بین العراق و ترکیا حول المیاە.

٧.بعض الابحاث البیئیة.




ئه‌م بابه‌ته 1171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر