ستراتیژیای ئەمریکا، کوردستان، گەمە سیاسییەکان

ھەر لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانییەوە ئەمریکا پلانی ستراتیژی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست داڕشتووە، یان ڕوونتر بڵێین کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست یەکێك بووە لە ناوچە گەرمەکانی ستراتیژیای سیاسی و ئابوری ئەمریکا بە تایبەتی دوای دۆزینەوەی نەوت لەم ناوچەیە بوو بە خالی یەکەم و ھەرە گرنگی سیاسەتی ئەمەریکا
PM:04:39:28/12/2018
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ئێمەى كورد وەک میللەتێکی ژێردەستەکراو، خاک داگیرکراو، کلتور شێوێندراو، لە ھەرشوێنک تروسکاییەکی ڕوناکی مافەکانمان ھەبووبێ، ئەوە پەنامان بۆ بردووە، ھەرچەندە ئەکەر زانیبێتیشمان سەرچاوەکەی ئەم تروسکەیە، لیخن و ناڕوونە

دكتۆر شوان عوسمان
مامۆستاى زانکۆ

ھەر لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانییەوە ئەمریکا پلانی ستراتیژی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست داڕشتووە، یان ڕوونتر بڵێین کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست یەکێک بووە لە ناوچە گەرمەکانی ستراتیژیای سیاسی و ئابوری ئەمریکا بە تایبەتی دوای دۆزینەوەی نەوت لەم ناوچەیە بوو بە خاڵی یەکەم و ھەرە گرنگی سیاسەتی ئەمریکا...

 

دۆزینەوەی نەوت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، سەرتاپای دەسەڵاتە سیاسییە باوەکانی گۆڕی. ئەم گۆڕینانەش بە ئەندازەی سەرەکی ئەمریکاو بەڕیتانیا ڕۆلیان تیایدا بینی و بە ڕێژەیەکی کەمتریش لەوان فەرەنسا، وەک ڕاماڵینی تەواوی دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی لە ھەموو ناوچەکانی شام و میزۆپۆتامیاو حیجازەو میسرو باکوری ئەفریقیا، دواجاریش لە نێو تورکیاش قەتیسیان کرد،  ئینجا بە ھاوکاری کردنی ئەتاتورک و حیزبە تازە دەستکردەکانی خۆیان، بە تەواوی کۆتاییان بەم خەلافەتە ئیسلامییە تورکییە ھێنا، لە ساڵی ١٩٢٤زاینیدا، چونکە ئەم خەلافەتەی عوسمانی جگە لەوەی لەبەر میحوەری ئەڵمانیای دژ بە بەریتانیاو ئەمریکاو فەڕەنسا بوو، ھاوکات دژی دامەزراندی دەوڵەتی نیشتیمانی جوولەکەش بوو، بە تایبەت "سوڵتان عەبدول حەمید" کاتێک ڕەدیکردەوە دەوڵەتی جولەکە لە فەڵەستین دابمەزرێنێت، کە لۆبی جولەکە و لە پێشیشیان بەڕیتانیا، کاریان لەسەردەکرد، ھەوڵی زۆریشیان دا لەگەڵ ئەم سوڵتانە .

 

ئەم دووھۆکارە سیاسی و ئابورییە، بوونە دوو خاڵی سەرەکی کۆتای پێهێنانی خیلافەتی عوسمانی، کە ناوچەیەکی  یەکجار فراوانی لە جیھاندا، لە ژێردەستدا بوو لە کیشوەرەکانی ئاسیا، ،ئەفریقیا، ئەورووپا. دابەشکردنی ئەم میراتە گەورەیە، لۆکاڵی نێوخۆی میللەتى دا بەلای ڕۆژئاوادا، دەیان دەوڵەتی جیاجیای لێکەوتەوە. ئەمیش بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و پلان بۆ داڕێژراو، دامەزران، چانسی کوردیش لەوەدا بوو لەم دابەشکارییە، دەوڵەتی خۆی بەرکەوێتەوە، بە تایبەت دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سیڤەر، بەڵام بەھۆی گۆڕانکاری  لە بەرژەوەندییەکان و پشکێنەی نێوان زلھێزەکان، ھەروەھا ئامادە نەبوونی کورد بۆ گۆڕانکارییەکی گرنگی لەم جۆرە ڕێککەوتنە، ڕێککەوتنەکە گۆڕا بۆ ڕێککەوتنێکی دیکە، ئەویش ڕێککەوتنى لۆزان بوو .

 

لە نێوان ھەردوو جەنگی جیهانى یەکەم ودووەم لە ساڵانى(١٩١٨-١٩٤٠)، ڕۆڵی سیاسی و ئابوری و سەربازی ئەمریکا گۆرانکارییەکی گەورەی بە خۆییەوە بینی، هەروەها بوو بە ھێزێکی جیھانی گرنگ و بە یەکلایکەرەوەی بەرە جیاوازەکانی دژبەیەک لەسەرئاستی جیھان، ئەوە بوو توانی تەرازووی جەنگ بەلای ھاوپەیمانان یەکلایی بکاتەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی ھێتلەر و ڕایەخی سێیەمی ئەڵمانیا بھێنێت، لە کاتێکدا تای تەرازووی جەنگ، بەلای ئەڵمانیا وھاوپەیمانانی دا بوو بەر لەبەژداریکردنی ئەمریکا.

 

بەشی دووەمی ستراتیژیای ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە دوای جەنگی دووەمی جیھانی دەستپێدەکات، گرنگترین ناوچەکانی کە ئەمریکا وەک گەورەترین و کاریگەرترین دەولەتی بلۆکی سەرمایەداری کاری لەسەرکرد، لیبیا و میسرو کەنداو و عێراق و ئەفغانستان و ئێران و تورکیا بوون، ھەریەکێک لەم وڵاتانە، ئاڕاستەی سیاسی و ئابوری و کلتوری، گۆرانکاری لێکەوتەوە، ھەندێکیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ھەندێکیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە لیبیا، میسر، عێراق، ئەفغانستان و سوریا، دواتریش ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو دیارن کە ئەمریکا چەند کاریگەری ھەبووە لەم گۆڕانکارییانە، بە شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دا بگونجێت و کەرەستەیەکی گرنگ بن بۆ پلانە ستراتیژییە سیاسی و ئابوری و شارستانییەتەکان، وردترببینەوە لەم ھاوکێشە سیاسییانەی کە ئەمریکا لەم ناوچەیەی جیھاندا پڕاکتیسی دەکرد، ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ، پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کوردستانی گەورەش ھەبوو، کە دابەشکرابوو بەسەر سوریاو تورکیاو عێراق و ئێراندا.

 

ھەموو گۆرانکارییەکانی کاتی جەنگ و دوای جەنگی دووەمی جیھانی لەو گۆڕانکاریانە؟ ئایا وەک پێکھاتەیەکی گرنگ و کاریگەرو خاوەن ماف و کارەکتەرێکی ھەڵسوراو لە ھاوکێشەکاندا، یاخود وەک دەستکەلاێکی سیاسی و سەربازی و جارجارەش کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵ کراوە؟ لەوانەیە بەبێ بیرکردنەوەیەکی قووڵ بڵێین وەک دەستکەلاو وەسیلە بەکارھێندرا، نمونەش زۆرە لەم بوارەدا. بەڵێ نمونە زۆرە، بەڵام بە ورد بوونەوەی زیاتر دووسەرنج دێتە پێش:

یەکەمیان، کورد بەشێوەیەکی بەردەوام مامەڵەیەکی ڕاستگۆیانەی لەگەڵ پرانسیپە نێودەوڵەتییەکان، مرۆڤایەتییەکان کردووە، باوەڕی پێھێناوە، ھەر لە ١٤ خاڵەکەی "ۆڵسن"ەوە، تا دەگاتە بنەما سەرەکییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕوسیا، بانگەشە سۆسیالیزمییەکەی، دواتریش جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ  لە ١٩٤٨، ئینجا پەیماننامەکانی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە سالی ١٩٦٦، تا دەگاتە بنەما دیموکراسییەکان و سۆشیال، کە ئەمانەی باسمانکردن دواین ترۆپکی پێگەشتنی شارستانییەتی کۆمەڵگای ڕۆژئاواییە، بە ئەورووپا و ئەمریکاشەوە
 .کاتێک ئەمانە لەگەل مەفاھیم و بنەماکانی پرانسیپی خۆیان ڕاستگۆنین، ھەمووی بە لاوە دەنێن لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان، کەواتە چەند جیاوازییەکیان لەگەڵ بنەماو مەفاھیمە سیاسی و ئەخلاقییەکانی میکیافیلیزم ھەیە؟ پرانسیپی و ئەخلاقی و سیاسییان جگە لە گۆزەیەکی بەتاڵ ھیچی تر نییە.

دووەمیان، ئێمە وەک میللەتێکی ژێردەستەکراو، خاک داگیرکراو، کلتور شێوێندراو، لە ھەرشوێنک تروسکاییەکی ڕوناکی مافەکانمان ھەبووبێ، ئەوە پەنامان بۆ بردووە، ھەرچەندە ئەگەر زانیبێتیشمان سەرچاوەکەی ئەم تروسکەیە، لیخن و ناڕوونە. بەڵام، دەرەتانی ترمان نەبووە. واتە سەرکردایەتی کوردستان، لە پارچە جیاوازەکانییەوە، لە سەردەمە جیاوازەکانیشیەوە، بە ئێستاشەوە، ئەم ڕاستییەیان باش زانییوە، بەڵام نارچاربوون مامەڵە لەگەڵ واقیعی سیاسیدا بکەن، ھەرچەندە زۆرجاریش خودی کورد، کارئاسانی تەواوی کردووە بۆ گەوجاندن، یاخود بەھۆی گرفتی ململانێ، کەوتوونەتە نێو گۆماوی پلان و پلانی نەیاران و گەمە سیاسییە گەورەکانی زلھێزکانی دونیاوە، پرۆسەکەیان سەرتاپا وێرانەکردووە، لەمەشیاندا نمونە زۆرە ھەر لە بەدرخان پاشا یەزدان شێرەوە، ھەتا ئێستا. ئەمریکا لە سەردەمی ئێستادا بوونی تەواوی لە کوردستاندا ھەیە، بە تایبەتی لە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستاندا، پەیوەندی باشی لەگەڵ ڕۆژھەڵات و پەیوەندی شاراوەشی لەگەل باکوردا ھەیە، وەک زاندراوە ستراتیژی سیاسی و ئابوری ئەمریکا پلان بۆ داڕێژراوە و دوورمەودایە، زۆرجار  تێکەڵییەک بۆ چاودێران دروست دەبێت، لە نێوان تاکتیک و ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکان و بوارە جیاوازەکاندا، پڕۆسەی بڕیاردان لە سیاسەتی ئەمریکادا پڕۆسەیەکی یەکجار قورس و ئاڵۆزە، بە چەندین فلتەری وردا تێپەردەبێت، زۆرجاریش کۆمەڵێک مەفاھیمی بڕیارەکە گۆرانکاری بەسەردا دێت، واتە بڕیار تەنھا بڕیاری تاکە کەس نییە، بە سەرۆکی ئەمریکاشەوە. بەڵام ئەوەی وتراوە و نەوتراوە بڵاوکرابێتەوە یان بڵاونەکرابێتەوە، لای ئەمریکییەکان، ئەمریکا لەسەرووی ھەمووانەوەیە. واتە ھەر سیاسەتێک، ھەر دۆست و دوژمن و نەتەوەیەک، ببێتە لەمپەر لە پێش بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبێت لابدرێت، تەنانەت نزیکترین ھاوپەیمانەکانیشی، نمونەش لەم بوارەدا یەکجار زۆرە، ھەر لە شای ئێران (حەمە ڕەزا شا)و سەرۆکی میسر (حوسنی موبارەک) وسەرۆکی یەمەن (عەلی عەبدوڵا سالەح) و سەرۆکی تونس (زەینولعابیدین بن عەلی) و تەنانەت (سەددام حوسێن). ئەمانە نەک ھەر خۆیان، بەڵکو دەسەڵاتەکەیان، حیزبەکانییان، جەماوەرەکانیان و...  ھتد.

 

سەبارەت بەدوژمنەکانیشیان، ئەوە ڕادەی دڕندەییان لە بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی لە (ھێرۆشیماو ناکازاکی)لە ژاپۆن، جینۆسایدکردنی گەلی ڤێتنام و کۆریاو لاوس و ....ھتد، نمونەی زەقن. بۆیە پێویستە ئەمریکا وەکو خۆی بناسرێتـ نەک وەک ئەوەی خۆمان دەمانەوێت، یان وەک ئەوەی ئەمریکییەکان لە ڕاگەیاندنەکانیان پەخشی دەکەن، بۆناساندنی خۆیان، یاخود دوژمنیان دەیانەوێت بیناسێنن .

 

ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت بەرامبەر کوردو ئەو دەوڵەتانەی کوردستان بەسەریدا دابەشکراوە، بە تەواوی بەندە بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانەوە بە تایبەتی سەرچاوەکانی وزە و ھاوکات ئەمنیەتی ئیسرائیل.

 

ئەم دووخاڵە دەبێت وەک خۆی و زۆر بە وردی خوێندەوەی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکرێت، ھاوشان بێت لەگەڵیدا و بەرکەوتن نەبێت، بۆ ئەوەی پلانی گەورەو وێرانکارانەمان لە دژدا ئەنجام نەدات، یاخود دوای خوێندنەوەی ورد لەگەڵ نەیارەکانی ئەمریکا مامەڵە بکرێت، وەک فشارێکی سیاسی و ئابوری، بۆ ئەوەی ڕەچاوی بوونی ئێمەو مافەکانمان بکات .

 

دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی وزە لە کوردستاندا، چۆنێتی گەیاندنی بە بازاڕەکانی جیهان، پاراستنی ئەم دووخاڵەی سەرەوە، زۆر گرنگن بۆ ئەمریکا، لە ھەردوو بواری سیاسی وئابوری، لە ڕووی سیاسی دەبێتە فشاڕێکی دیکەى گرنگ بۆسەر بەکارھێنەرانی لە ئەورووپا. ھەروەھا لەسەر ڕوسیاش دوولایەنە: لایەنێک گازی سروشتی ڕوسی کە بەشی یەکجار گرنگی سوتەمەنی وڵاتانی ئەورووپای لەخۆ گرتووە، نزیکەی ٤٠% ئابوری ڕوسیا لە سەرچاوەکانی وزەوەیە، بەم شێوەیە دەتوانرێ لەڕێی تورکیاوە پێکھاتەکانی وزەی کوردستان بگەیەنرێتە ئەورووپا و فشاری ڕوسیا لەسەر وڵاتانی ئەورووپا کەم بکاتەوە، ھاوکات زیانیش بە ئابوری ڕوسیا بگەیەنێت. بۆیە ڕوسیا زۆر ئیدراکی بەم ڕاستیانە کردووە، لە ڕێگای کۆمپانیاى "ڕۆزنەفت"ەوە، ھاوکاری حکومەتی ھەرێم، دەستی گەیشتووە بە سەرچاوەکانی وزەی ھەرێم، بەڵام گەیاندنیان و وەشاندنی بەندە بە ڕێگای گەیاندن، کە خاکی تورکیاو دەسەڵاتی تورکیایە، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی دا بۆ نزیکبوونەوە لە تورکیا و دابڕانی لە ئەمریکا وەک ھاوپەیمانییەکی دێرین و ئەندام لە ھاوپەیمانییەتی ناتۆ، لە بەرامبەردا گرنگیدانی ئەمریکا بە کوردانی ڕۆژئاوا بۆ سەرچاوەکانی وزە لە سوریاو بەکارھێنانی وەک کاتێکی فشارو دژی تورکیا، بە ڕوونی دەردەکەویت. بۆیە ھەرکاتێک تورکیا لە ھاوپەیمانییەتی ئەمریکا نزیک دەبێتەوە، ئاساییە ئەزمونی کوردانی ڕۆژئاوایان قوربان بکات، ھەر وەک ئێستا سەرەتاکانی ئەم سیاسەتە دەرکەوتووە، تەنانەت ئەمنیەتی ئیسڕائیلیش دەکەویتە ئەستۆی تورکیا لە خاکی سوریاوە، واتە دووبارە ڕۆڵی پۆلیسی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بە تورکیا دەدرێتەوە، لێرەدا دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری سیاسی کوردی و چۆنیەتی ھاوکاری و هەماھەنگی کردن لەگەڵ یەکتریدا، بۆ ئەوەی بتوانن لە بڕیارە سیاسییەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن، ئەزمونی پێشووتر پێمان دەڵێت ئەمە قورسە، نمونەی نییە، بۆیە دەبێت لە کەلێنەکانی نێوان وڵاتان و ململانێکانیان سوود وەربگیرێت و بقۆزرێتەوە و مامەڵەیەکی سیاسییانەی لەگەڵدا بکرێت، ئەویش پێویستی بە کارەکتەری سیاسی و ئازاو خاوەن بڕیار ھەیە، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ دروستکردنی نزیکبوونەوە لە ھاوھەڵوێستی کوردی لە پێناو دەربازبوون لەم گۆمە پڕلە پیلانانەی نێودەوڵەتی وئیقلیمی. 

 



ئه‌م بابه‌ته 796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر