چین، كوردستان، ئەزمونەكانی ڕاوەستان دژی كۆرۆنا

هەنگاوەكانی چین دەكرێ وەك قوتابخانەیەك سەیر بكرێن بۆ قەڵاچۆكردنی ڤایرۆسەكە. بەڵام هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستانیش، لەپێش زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكەوەیە و لەمەدا هەمووان گەواهی بۆ حكومەتی كوردستان دەدەن
PM:09:07:15/03/2020
دۆسیە: دەوڵەت سازی
قەڵاچۆكردنی كۆرۆنا ئەزمونێكی تازەیە، هەر هەنگاوێك پێڕەو دەكرێت، شایستەی لێوە فێربوونە. لەم دۆسیەیەدا هەموو دەوڵەت و نەتەوەكان وەك یەكن و ئەزمونەكە بۆ هەموو لایەك تازەیە. چین و كوردستان دوو ئەزمونی سەركەوتوون تا ئیستا لە گرتنە بەری ڕێوشوێنەكانی قەڵاچۆكردنی ڤایرۆسەكەدا.

بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد


لەوڵاتی چین پەتای كۆرۆنا دەركەوت، دەستبەحێ حكومەتی چین چەند هەنگاوێكی نا كە هەموو جیهانی سەرسام كرد، جارێكی تر جیهانی سەرسام كردەوە بەوەی توانی ڕەفتار و جوڵەی ملیارێك و چوارسەد ملیۆن هاوڵاتی بەوپەڕێ ئاسانی دیسپلین بكات، ئەویش لەڕێی حوكمی ڕەشید و بڕوا بوون بەزانستەوە.

-گەلی چین، گەلێكی بێدەنگ و هێمنە، لەڕێگەی چارەسازییەوە ڕووبەڕووی كێشەكان دەبێتەوە، دەستبەجێ دەست بۆ ڕێگەچارە زانستییەكان و توێژینەوەی زانستی دەبات، نەك لەڕێی قیژەقیژ و هاتوهاوار و وتار نوسین و بەرنامەی كەناڵە فەزاییەكانەوە. چونكە هیچكام لەو ڕێگایانە ناتوانن چارەسەر بدۆزنەوە.

-لەزۆرینەی شارەكاندا هاتوچۆ ڕاگیرا، بچوكترین شار كەهاتوچۆ تیایدا ڕاگیرا ژمارەی دانیشتوانی 12 ملیۆن كەسە! دەستبەجێ چینیەكان پابەندی ڕێوشوێنەكان بوون، فڕۆكەخانەكان داخران، ئۆتۆمبیلەكان وەستان، چینییەكان چوونە ماڵەوە، درگا و پەنجەرەكانیان داخست، خواردنیان بۆماوەی دوو هەفتە لای خۆیان گلدایەوە.

-نەمانبیست ئۆپۆزسیۆنێكی چینی پەتاكە بقۆزێتەوەو، دەستبكاتە هاتوهاوار و خەڵك هان بدات پابەندی ڕێنماییەكان نەبن، یان دەستبكاتە موزایەدە!.

-لەماوەی چەند ڕۆژێكی كەمدا، چینییەكان گەورەترین نەخۆشخانەیان كردەوە، لەدووری 9 كیلۆمەتر لە گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوون! ڕاستەوخۆ پێداویستی پزیشكی و تاقیگە و پزیشك و تیمی پەرستاری پێویستی بۆ دابینكرا.

-ڕاستەخۆ زانایانی چین، دەستیانكردە توێژینەوە بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و تێگەیشتن لە ڤایرۆسەكە، چاوەڕوانی ئەوەیان نەكرد ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بڕیار بدات یان چارەسەریان پیشان بدات.

-حكومەتی چین، لەهەموو ڕستەیەكیدا ڕاستگۆبوو، وەك نهێنییەكی سەربازیی مامەڵەی لەگەڵ هۆكاری نەخۆشییەكە نەكرد، بەگەواهی هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، چینییەكان گەلێكی ڕاستگۆن و كارەسات و هەڵوێستە مرۆییەكانیش تێكەڵ ناكات.

-شارو ئاوەدانییەكان، دابەش دەبن بۆ چەند یەكەو گەڕەكێكی زەبەلاح، هەریەك لەو گەڕەكانە چەند ملیۆنێك دانیشتوانی هەن، بەرپرسێكی ڕاستەوخۆیان هەیە، دانیشتوانی گەڕەك دەتوانن بەدرێژایی 24 كاتژمێر بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەخودی بەرپرسەكە بكەن، هەر پێویستییەكیان هەبێت داوای بكەن، بەبێ ئەوەی هیچ واسیتەیەكیان پێویست بێت، یان ناچار بن بڵێن خزمی فڵان كەسین، یان سوێند بخۆن سەربەكام حیزبن. هەر كەمتەرخەمییەك لەلایەن بەرپرسەكەوە، بەرەو دادگاییكردنی دەبات كە سزاكەیشی تاڕادەی لەسێدارەدان دەڕوات.

- هەر هاوڵاتییەك لەماڵەوە خواردنی لێ ببڕێت، پەیوەندی دەكات بەنوسینگەی بەرپرسەوە، دەستبەجێ كۆمپانیای تایبەتی حكومی خۆراك دەگەیەنێتە ماڵی هاوڵاتییەكە، خۆراك بۆماوەی دوو هەفتەی تەواو! كرێكارەكان زەنگ لەدرگای ماڵەكە دەدەن، خۆراكەكە جێدێڵن و دەڕۆن، خێزانەكە خۆراكی خۆیان دەبەنە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی خاوەن ماڵ ناچار بێت سوێند بخوات كە خواردنی لێ بڕاوە! یان هیچ لەماڵەكەیدا نیە!.

-بناغەی بەڕێوەبردنەكە، بریتییە لە ڕەفتاری ڕاستگۆیانە، هەركەس لەم جۆرە حاڵەتانەدا، ڕەفتارێكی نابەرپرسانە دژی بەرژەوەندی گشتی بكات، سزایەكی دەدرێت كە هەرگیز بیری لێنەكردۆتەوە!.

-خاوەن ئۆتۆمبیلەكان، هەوڵی ئەوە نادەن قەدەغەی هاتوچۆ بشكێنن، یان ڕێگەی قاچاغ بدۆزنەوە بۆ هاتوچۆ! لەشەقامەكاندا تەنها ئەو خۆبەخشانە دەبینرێن كە گیانی خۆیان بەختكردووە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە. پزیشكەكان و پەرستاران، هەروەها ئەو توێژەرانەی كە پسپۆڕی بوارەكە، ئەمانیش داوا لە بەرپرسی گەڕەك دەكەن، مۆڵەت دەدرێن تاكو بەشداربن لەڕزگاركردنی كۆمەڵگەكەیان.

-هیچ كەس و لایەنێك گومان ناخاتە سەر ئەو زانیارییانەی كە حكومەت ڕایان دەگەیەنێت، هاوڵاتییان بەوپەڕی متمانەوە گوێدەگرن بۆ ئەو زانیاری و ڕێوشوێنانەی حكومەت ڕایان دەگەیەنێت. هیچ هاوڵاتییەكی چینی نابینی ڕابكات بۆ كەناڵی فەزایی ئەولا، تاكو پێچەوانەی زانیارییەكانی حكومەت بڵاو بكاتەوە، یان گومان لەسەر زانیارییەكانی حكومەت بڵاو بكاتەوە! هەموو ڕاگەیاندنەكانی چین وەكو شانەی هەنگ كاریان كرد، لەپێناوی ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی لەوپەتایە!.

-ڕەفتاری چینیەكان، وەك دەوڵەت و حكومەت، وەك گەل و لیژنەی گەڕەكەكان و هاوڵاتیی، بەتەواوی لەگەڵ یەك ئامانجدا دەگونجێتة ئەویش بریتییە لە پێشگیریكردن لەو پەتایە. هەر كاتێ حكومەتێكی بیانیش كەپێی وابووە خۆیان لەچین باشترن، هەوڵی دابێت هاوڵاتییەكانی لەچین بكێشێتەوە، چین بەشێوەیەك سەیری ئەو داوایەی نەكردووە كە لەكەداركردنی ناوبانگی ئەو بێت، بەڵكو ڕاستەوخۆ داواكەی جێبەجێكردووە!.

-چین سەدان زیانی گیانی هەبوو، سەدان ملیار دۆلار زیانی ماڵی كرد، بەڵام چین دەستەوسان نەبوو، دەستبەجێ سەیری پێشەوەیان كرد، گەڕان بۆ چارەسەر، ئەگەرچی ئەگەری هەبوونی پیلانێك لەدژی چین هەبوو!.

-دواجار، لەئێستادا 200 ملیۆن قوتابی چینی دەستیان كردۆتەوە بەخوێندن، بەڵام نەك بۆ هۆڵەكان، بەڵكو لەڕێی ئایپاد و مۆبایلەكانیانەوە، لەڕێی ئینتەرنێتەوە وانەكانیان وەردەگرن.تاكو بیسەلمێنن بۆ جیهان كەلەهیچ بارودۆخێكدا دەست لەفێربوون هەڵناگرن.

- لەمڕۆدا لەهەرێمی وەهان، دەست بەكشتوكاڵی بەهارەكرایەوە... ئەوەش سەرەتای كۆتایی قەیرانەكەیە.. پیرۆزە لەمرۆڤایەتی.

بەمەش دەڵێن: زانست و هونەری بەڕێوەبردن، بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تێپەڕاندنی قەیرانەكان.

لەهەرێمی كوردستانیش، وێڕای ئەوەی ئەزمونێكی كورتی ئیدارەدانی قەیرانێكی لەو جۆرە هەیە، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا، حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی چستوچالاك و بەگوێرەی ستانداردە نێودەڵەتییەكان هاتە مەیدان.

ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستنی دژ بەكۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، هێندە جێگەی ڕەزامەندی بوون، كونسوڵی وڵاتان و میدیا جیهانییەكان و تەنانەت هاوڵاتییان و ڕەوەندی كوردیش لەئەورووپا و هەندەران، ستایشیان كرد.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەرباری ڕاگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ، بەڵام هیچ قەیرانێكی سوتەمەنی و خۆراك و خزمەتگوزاریی كارەبا زەق نەبووەوە. بەڵكو ژیان ئاسایی دەڕوات و توانراوە كۆنترۆڵی سێكتەرەكان بكرێت.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەپەیامی خۆیدا گوتی: پاراستنی ئێوە ئەركی ئێمەیە، ئێوەش خۆتان پێویستە ئاگاتان لەتەندروستی خۆتان و خۆشەویستانتان بێت. پێویستە پابەندی ڕێنماییەكان بن!.

كەواتە پرسەكە دووبەشە، لەلایەكەوە حكومەت بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەكان كاری كردووەو هەمووان گەواهی بۆ دەدەن. لەلایەكی تریشەوە هاوڵاتیان پێویستە بەوشیارییەكی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن. واتە پرسەكە تەنها بەڕێوشوێنی فەرمی كۆتایی نایەت، بەڵكو پێویستی بەوشیاری زیاترە و لەوەشدا هەموومان ئەركمان لەسەر شانە.

ئەزمونی هەرێمی كوردستان بەبەراورد بەوڵاتانی دەوروبەر و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لەم كەیسەدا شیاوی هەڵوێستە لەسەركردنە. ڕەچاوكردنی شەفافیەت لەمەڕ ژمارەی توشبوان، هاوكات بەخێرایی كردنەوەی نەخۆشخانە و كەرەنتیینە و ڕێوشوێنەكانی تر، ئەزمونی وردی نوێن بۆ هەرێمی كوردستان و لەدۆسیەی هاوشێوەی ئایندەدا سودیان لێوەردەگیرێت.

ئەگەرچی هێشتا سەرەتای قەیرانەكەیە لەهەرێمی كوردستان، بەڵام سەرەتاكانی سەركەوتنی ئەزمونی حكومەت لەم دۆسیەیەدا دەركەوتوون و، ئەوەش خاڵێكی گەش دەبێت لەڕەوتی حوكمداری كوردستاندا.

ئەزمونی چین و كوردستان لەمامەڵەكردن لەگەڵ كۆرۆنادا، لەو ئەزمونە سەركەوتوانەن كە هەموان گەواهی بۆ دەدەن. لەئایندەشدا دەبنە گرێی چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی.



ئه‌م بابه‌ته 5702 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر