بای بای ئەمریكا ! بەم زوانە ماڵئاوایی دەكەیت

سەرنج بدەن! بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا بەیەك نوكە قەڵەم بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلاری چاپكرد. ئەو بڕەش دەكاتە دووبەرابەری ئەو پارەیەی كەلە پێش قەیرانەكەی 2008 لەبازاڕەكانی جیهاندا هەبوو! تەنانەت تاكو ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووش، تەنها بڕی 4.2 تریلیۆن دۆلار لەبازاڕەكانی جیهاندا هەبووە.
PM:05:53:15/03/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
داڕوخانی خێرای بازاڕەكانی بۆرسە، دەبێتە هۆی بەخێرایی كۆتایی هاتنی پرۆژەی عەولەمەی ئەمریكی،

ئەلیكسەندەر نازارۆڤ
پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئابوریناسی ڕووسی

داڕوخانی خێرای بازاڕەكانی بۆرسە، دەبێتە هۆی بەخێرایی كۆتایی هاتنی پرۆژەی عەولەمەی ئەمریكی، چونكە لەماوەی ساڵێك یان دوو ساڵی داهاتوودا ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریكا دەگاتە ئاستی ڕێژەی هەڵاوسان لەزیمبابۆی.

سەرەتا وەرن بەچەند داتایەك دەستپێبكەین

ئەو كارەساتەی ڕۆژی چوارشەممە 12/3/2020 ڕوویدا، زیاد لەهەر جێگەیەكی تر بازاڕەكانی بۆرسەی ئەورووپای گرتەوە، داشكانی پێنوێنەكانی ئەوروپا بووبە دیاردەیەكی گشتی، لەهەموو بازاڕەكانی فەرەنسا، بەریتانیا، بەلژیكا، نەمسا، هۆڵەندا، داكشانێكی مێژوویی تۆماركرا! لەئەڵمانیاش، ئەو ڕۆژە ڕەشترین ڕۆژ بوو لەماوەی 30 ساڵدا، واتە لەو ڕۆژە ڕەشەوە كەناونراوە "دوو شەممەی ڕەش" لە 19/10/1987!!.

بازاڕەكانی بۆرسەی ئەوروپا بەدرێژایی چوار ڕۆژ، بەڕێژەی 20-23% دابەزین. ئەو داكشانە زۆر خراپترو گەورەتربوو لەوەی لە 2008 ڕوویدا.لەماوەی سێ هەفتەدا، بۆرسەكانی ئەڵمانیا و فەرەنسا 33%ی نرخی خۆیان لەدەست دا.

لەبەریتانیا 30%، لەئەمریكا 26%. هەرچی بازاڕەكانی ژاپۆنە 28% نرخی خۆیان لەدەست دا. بەمانایەكی ڕوونتر: لەماوەی سێ هەفتەدا هەموو ئەو قازانجەی لە چوار ساڵی پێشوو كۆكرابووەوە، لەدەست درا.

 

ئاماژەیەكی تۆقێنەر

 

لەسەرو بەندی ئەو داڕوخانەدا، بانكی ناوەندی ئەمریكا بڕیاریدا بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلار بخاتە بانكەكانەوە. لەماوەی دوو ڕۆژدا ئەو پارەیەی خستە بانكەكانەوە، كەچی تەنها بۆ نیو كاتژمێر توانی پرۆسەی داكشانەكە دوابخات. چونكە دەستبەجێ داڕوخانەكە بۆ ڕێژەی 10% لەبۆرسەكانی ئەمریكادا دەستی پێكردەوە! ڕۆژی هەینی كە پارەكە گەیشتە بانكەكان، بۆ ماوەیەكی كەم پێنوێنی گەشەی بۆرسە هەستایەوە.

سەرنج بدەن! بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا بەیەك نوكە قەڵەم بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلاری چاپكرد. ئەو بڕەش دەكاتە دووبەرابەری ئەو پارەیەی كەلە پێش قەیرانەكەی 2008 لەبازاڕەكانی جیهاندا هەبوو! تەنانەت تاكو ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووش، تەنها بڕی 4.2 تریلیۆن دۆلار لەبازاڕەكانی جیهاندا هەبووە.

بەڵام ئەمە هەموو كێشەكە نیە!! چونكە بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی بانكی یەدەگی فیدراڵی، لەوانەیە بڕی چاپكراوی دۆلار تاكو كۆتایی مانگی 3/2020 بگاتە 4 تریلیۆن دۆلار. بەمانایەكی تر: ژمارەی ئەو كاغەزانەی دۆلار كەلە جیهاندا مامەڵەیان پێوە دەكرێت، تەنها لەماوەی 3 هەفتەدا دەبێتە دوو بەرانبەر، بەبێ ئەوەی هیچ زیادبوونێك لەقەبارەیكاڵادا هەبێت. بەپێچەوانەوە، ئابوری جیهان دادەڕوخێت. بەجۆرێك هەڵاوسان لەئەمریكا دەگاتە هەمان ئاستی زیمبابۆی و فەنزەویلا. ئەوەش تەنها لەسەر كات ڕاوەستاوە.

بەڵام پرسیار ئەمەیە: چ هۆكارێك هانی بانكی یەدەگی فیدراڵی دا، تاكو هەنگاوێكی خۆكوژیی لەو جۆرە بنیت؟ بۆچی داڕوخانی بازاڕەكانی بۆرسە بەو ڕادەیە تۆقێنەربوو؟.

لەڕاستیدا كێشە و قەیرانە قووڵەكە لە 2008ەوە وەك خۆی ماوەتەوە. ئەویش ئەوەیە كەجیهان لەناو قەرزدا دەژی. بۆ بیمەی قەرزەكانیش، تەنها "ئوسوڵ"ی دارایی بەكاردێنن. ئوسوڵیش زۆربەی جار تەنها پشكەكانە! بۆیە كاتێ ئەو داڕوخانە توندە ڕوودەكاتە بۆرسەكان، قەرزدەرەكان ڕوودەكەنە قەرزارەكان یان بۆ ئەوەی ئیفلاس بوونی خۆیان ڕاگەیەنن، یان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی پەلە ڕێژەی بیمەی قەرزەكان زیاد بكەن. دوای ئەوەش بیمەكان دەبنە موڵكی بانكەكان.

بانكەكانیش پێویستیان بەو بیمەو خانوبەرە و ئوسوڵانە نیە، بۆیە دەیان فرۆشن، بەوەش لەنێوان خستنە بازاڕو داواكاریدا ناهاوسەنگی ڕوودەدات،بۆیە نرخی كاڵاكان دادەڕوخێت. بەناچاری پاكتاوكردنی ئوسوڵ و زنجیرەی مایەپووچ بوون دەست پێدەكاتەوە. ئەوەش میكانیزمی كاركردنی ڕۆژە ڕەشەكانی بازاڕەكانی جیهانە.

ئەوەیش قەبارەی ڕاستەقینەی كارەساتەكە بەباشترین شێوە ڕوون دەكاتەوە، بریتییە لەداشكانی تۆقێنەری نرخی " پەناگە بێوەیەكانی دراو-واتە ئەو پەناو پشتیوانەی دراو كە نرخیان جێگیرە وەك ئاڵتون و زیو" كەچی ئاڵتون و زیویش بەڕێژەی 3% نرخیان دابەزی!! تەنانەت ئاڵتونیش نرخی دابەزی لەكاتێكدا خەڵك بەدوای ئەو پەناگەیەدا دەگەڕێت بۆ پاراستنی دراو كەپێی دەگوترێت ئاڵتون.

ئەوەش واتای چی؟ واتای ئەوەیە قەرزدارەكان هەموو ئەوەی هەیانبووە فرۆشتویانە، تەنانەت ئاڵتونیشان فرۆشتوە كە پێشتر خۆیان پێدادەپۆشی و متمانەیەكی بۆ دروستكردبوون بۆ دانەوەی قەرزەكانیان. بۆیە لەئێستادا هەموو بانك و كۆمپانیاكان هاواری نەبوونی پارەیان لێ هەستاوە. بەتایبەتی نەبوونی دۆلار، چونكە هەموو قەرزەكان بەدۆلارن.

هەنگاوی دووەمی داڕوخانی سیستەمی دارایی جیهان بریتی دەبێت لەنەمانی "متمانە" واتە ئەوكاتەی كەمرۆڤ متمانەی بەهاوبەشە بازرگانییەكەی نامێنێت و ، دڵنیا نابێت لەوەی ئایا مایەپووچ دەبێت یاخود نا؟. لێرەوە بانكەكان چیتر قەرز نادەن بەكۆمپانیاكان، لەنێو خۆشیاندا قەرز بەیەكتر نادەن، چونكە متمانە لەنێوانیاندا نامێنێت. لەئەنجامی ئەوەشدا هەموو چالاكییەكی ئابوری ڕادەوەستێت، ئیدی سیستەمی دارایی دادەڕوخێت.

نەمانی متمانە

 

شەپۆلێكی وەك ئەمەی ئێستا لە 2008دا، خەریكبوو ئابوری جیهان ئەسپەردە بكات. بەڵام لەوكاتەدا " بانكی یەدەگی فیدراڵی" چەند تریلیۆن دۆلاری لەنەبووەنە هێنایە بوون و چاپی كرد. بەوەش بازاڕەكانی جیهانی نوقمی دۆلار كرد.بانكەكان هیچ بوارێكی ئەوەیان نەما مایەپوچ بوون ڕاگەیەنن. پرۆسەی داڕوخانەكەش بۆماوەیەك دواكەوت.

لەدوای قەیرانی ئابوری 2008، ژمارەی كاغەزەكانی دۆلار لە 0.8 تریلیۆن دۆلارەوە، بەرز بووەوە بۆ 4.5 تریلیۆن دۆلار!! كەچی ئێستا لەماوەی كەمتر لەدوو هەفتەدا، چوار تریلیۆن دۆلاری دیكە زیاد دەكات. ئەوەشتان لەبیر نەچێت كە بانكە ناوەندییەكانی ئەورووپا و ژاپۆنیش هەمان كاریان كردووە.

دەكرێ كەسێك بپرسێت: هیچ ڕوونادات، لە قەیرانی 2008 بڕی 4 تریلیۆن دۆلاریان چاپكرد و هیچ هەڵاوسانێك ڕووی نەدا. ئێستاش بەهان شێوە دۆلار چاپكراوەو بۆرسەكانیش دەبوژێنەوە.

لەڕاستیدا نرخ واتە هاوسەنگی لەنێوان بڕی دراو لەگەڵ بڕی كاڵا. ئەگەر تۆ هەستیت دووبەرانبەر زیاتر دراو چاپ بكەیت، بێگومان نرخی كاڵاكان بەرز دەبێتەوە! هەرچەند زیاتر دراو چاپ بكەیت، بێگومان وەك لەزیمبابۆی ڕوویدا، هەڵاوسانێكی گەورە ڕوودەدا.ئەوەش یاسای ئابورییە. هاوكات یاسای پاراستنی وزەیە، كەلە فیزیا دەخوێندرێت.

دوو هۆی زۆر گرنگ

 

بەڵام، بۆچی تا ئێستا لە سیستەمی دۆلاردا ئەو هەڵاوسانە هەستی پێناكرێت؟.

دەڵێین: هەڵاوسانەكە هەیە، بەڵام لەسێكتەری جیاجیادا، نەك لە كاڵا بەكارهێنراوەكانی ڕۆژانەدا، ئەویش لەبەر دوو هۆی سەرەكی:

یەكەم،ئەو بڕە زۆرەی دۆلار و یەن و یۆرۆ كەلە قەیرانەكەی پێشوودا چاپكران، بوونە هۆی هەڵاوسان لەو سێكتەرانەدا كە داخوازی زۆریان لەسەر بوو.

بەمانایەكی تر: ڕۆژئاوا بەگشتی ئاستی ژیانیان بەرزە، ئەوان تێربوون لە بەكارهێنانی كاڵاكانی ڕۆژانە. بەواتایەكی زۆر ڕوونتر: هاوڵاتییەكی ئەمریكی لەهەموو بارودۆخێكدا هەر هەمان ئەو ژمارە هامبەرگرە دەخوات و هەمان ئەو كوپە شەربەتە دەخواتەوە كەئێستا دەیخوات و لەوەزیاتر ناتوانێت بخوات، لەئێستادا بەو مووچەی هەیەتی، ژمارەیەك هامبەرگر دەخوات كە تەواو تێربووە پێی، واتە ئەوپەڕی توانای خۆی دەخوات! موچەی هەرچەندە زیاتر بێت، ناتوانێت یەك هەمبەرگر زیاتر بخوات یان یەك پەرداخ شەربەتی زیاتر بخواتەوە!!. تەنانەت ئەگەر هەزار دۆلار بخرێتە سەر موچەكەی، ناتوانێت یەك هەمبەرگر زیاتر بخوات! ورگی نایگرێت.

ئەمەش یانی، چاپكردنی 4 تریلیۆن دۆلار، نابێتە هاندەری ئەوەی ئەمریكاییەكان 4 تریلیۆن هامبەرگری زیاتر بخۆن، چونكە پێش ئەو چاپكردنە ئەوان ئەوپەڕی توانای خۆیان هامبەرگریان خواردووە و چیتر ناتوانن بخۆن و داوای بكەن و فشار بكەوێتە سەر بازاڕەكان.لەوەوە تێدەگەین، چاپكردنی دۆلاری زیاتر، نابێتە هۆی بەرز بوونەوەی خواست لەسەر كاڵای بەكارهێنراوی ڕۆژانە. بەڵام لەسێكتەرەكانی تر داخوازی زیاد دەكات. وەك بوارەكانی خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێكردن، بازاڕەكانی دراو، لەم سێكتەرانەدا نرخەكان دەفڕن. لەساڵانی ڕابردوودا نرخی هەموو شتێك لەو سێكتەرانەدا دووبەرانبەر زیادبووە.

ڕێك و ڕەوان ئەوەیە جیاوازی نێوان ئەمریكا و زیمبابۆی. لەزیمبابۆی ئەگەر 100 دۆلار بدەیتە هەر كەسێك، ئەوا خواست لەسەر هامبەرگر 100 جار زیاد دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی هەڵاوسانێكی زۆر گەورە. بەڵام ئەگەر هەمان 100 دۆلار بدەیتە ئەمریكییەك، ئەوا یەكسەر وەبەرهێنانی پێدەكات لەبازاڕەكانی بۆرسەدا.بۆیە لەبۆرسەكان هەڵاوسان ڕوودەدات.

هۆكاری دووەم، مادەم هیچ كەم بوونەوەیەك لە خستنە بازاڕی كاڵاكانی بەكارهێنانی ڕۆژانەداڕوونەدات، ئەوا خستنە بازاڕی ئەو تریلیۆنە دۆلارانە، نابێتە هۆی هەڵاوسان و داخوازی زیاتر لەسەر كاڵای ڕۆژانە.

لێرەدا ڤایرۆسی كۆرۆنا دێتە پێشەوە. كارگەكان لەجیهاندا ڕادەوەستن، چێشتخانەكان درگاكانیان دادەخەن، زنجیرە بازرگانییەكان دەچڕێن. بۆ نمونە: لەمانگی 2/2020 بڕی پیشەسازی ئۆتۆمبیل لەكۆریای باشوربەڕێژەی یەك لەسەر چوار دابەزی. تاكو ئێستاش هیچ داتایەك بڵاونەكراوەتەوە سەبارەی بە كاریگەری ڤایرۆسەكە لەسەر كەرتەكانی بازرگانی و پیشەسازی.

 دواجار

 

زۆر بەكورتی، بۆیەكەمجار لەماوەی چەندین دەیەدا، ڕۆژائاوا و جیهانیش لەدوایەوە، دووچاری كەمی كاڵا دەبن. لەهەمان كاتدا، ئەوان دەست دەكەن بەخستنە بازاڕی بڕێكی زۆری پارە، تاكو زووبەزوو دەستاودەستی پێوەبكرێت.

بەو جۆرەش، جیهان پێ دەخاتە نێو قۆناغی پێش كۆتایی داڕوخانی سیستەمی دارایی جیهان. ئەویش لەڕێی خستنە بازاڕی تریلیۆنەكانی دۆلار و یەن و یۆرۆوە. لەئەنجامدا بۆماوەیەكی كورت پشكی بۆرسەكان بەرز دەبنەوە، جێگەی سەرسوڕمانیشە كە لەو ماوە كورتەدا پشكی ئەو كۆمپانیاو كارگانەش بەرز دەبنەوە كەڕاوەستاون لەكاركردن!!.

چاپكردنی دۆلار دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ ماوەیەكی كاتی دۆلار بەهێز ببێتەوە، چونكە زۆربەیقەرزەكان بەدۆلار حساب دەكرێن.هەمووان پێویستیان بەدۆلار دەبێت.

بەڵام دواتر، كاتێ بازاڕەكان كەمێك هێوردەبنەوە، وەبەرهێنەكان دەبینن پارەیەكی زۆریان لاخڕ بووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ قازانجێكی لێ بكەن، ناشتوانرێت ئەو پارەیە لەهیچ شوێنێك وەبەرهێنانی پێوە بكرێت. ئیدی هەموو سەنەد و كەمپیالە و قەواڵەكان دەبنە زیان. بەوەش نرخی ئوسوڵە مادییەكان بەرز دەبنەوە، هەموو شتێك كە دەستی لێ بدرێت و بخرێتە ناو گیرفان، وەك ئاڵتون، زیو، دانەوێڵە، نەوت...هتد.

بەهەمان شێوەی ئەوەی ئەو چەند تریلیۆنە دۆلاری لە 2008 چاپكرا، نەیتوانی ڕێگەبگرێت لە داڕوخانە گەورەكەی پێنج شەممەی ڕەش 12/3/2020، بێگومان ئەو تریلیۆنە زۆرەی ئێستاش چاپكراوە، ناتوانێت ڕێگە بگرێت لەداڕوخانە چاوەڕوان كراوەكە. ئەو دەمەش، پەیكەری قەرزی جیهانی و سیستەمی دارایی هەرەس دێنێت و، هەڵاوسانێكی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەووە.

ژێدەر: rt.



ئه‌م بابه‌ته 1759 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر