کۆرۆنا: شۆکی ترەمپ و خێری نەیارەکانی

PM:01:40:13/03/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

نە بە خەیاڵی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا دەهات، نە بە خەیاڵی ڕکابەرە دیموکراتەکانیدا، کە ساڵی ٢٠٢٠ ساڵی مشتومڕ بێت دەربارەی پەتایەک کە تائێستا لە واشنتۆنی پایتەخت و ٣٦ ویلایەتدا بڵاوبووەتەوەو خەریکە ئابووری ئەمریکا ئیفلیج دەکات و واقیع و گۆڕاوی ئەوتۆ دەسەپێنێت کە هەردوو پارت (دیموکراتی و کۆمارییەکان) دەستەوەستانن لەئاستیدا.  

وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی، ترەمپ خۆی بۆ ساڵێک سازدەکرد کە باسی سەرکەوتنە ئابوورییەکان و سیاسەتی ڕاستڕەوانەو ڕێژەی دابەزیوی بێکاریی ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو بکات. کەچی ئەمڕۆ ئەم وێنەیە لەبەردەم داتاکانی کۆرۆنادا شێواوە! زیاتر لە هەزار کەس تووش بوون و زیاتر لە ٣١ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. پێدەچێت ژمارەکە لەوە زیاتریش بێت بەهۆی سنوورداریی پشکنینەکان و ئەو لۆدە زۆرەی لەسەر نەخۆشخانەکان و کەرتی تەندروستی هەیە. 

لەڕووی ئابوورییەوە، بازاڕی پشکەکان لە (وۆڵ ستریت) -کە ترەمپ وەک یەکێک لە سەرکەوتنەکان پشتی پێ دەبەست- لەم رۆژانەی دواییدا بەهۆی کۆرۆناوە داکشانێکی مێژوویی بەخۆوە بینیوە، لەکاتێکدا لەترسنادا کۆگاکانی خۆراک و پێداویستییە بنچینەییەکان چۆڵ بوون. تەنگژەکە زیاتر بووە بەهۆی بارگرژیی بازاڕی نەوت لەنێوان ڕوسیاو عەرەبستانی سعودیە و دابەزینی نرخی نەوتەوە.

دۆناڵد ترەمپ کە هیچکات دەستەوەستان نەبووە لە قسەکردن و خستنەڕووی سەرکەوتنەکانی، پێدەچێت هیچی بۆ نەوترێت لە بەرامبەر تەشەنەی کۆرۆنادا. ڤایرۆسەکە بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوەو خەریکە جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی پەکدەخات، جا ترەمپ تویت بکات یان نا! پێشبینی دەکرێت مانگی داهاتووش ژمارەی توشبووان بەرزبێتەوە بۆ ١٣٧ هەزار کەس. سەرباری ئەوەی کە هێشتا ڤاکسینێک دژی ڤایرۆسەکە نەدۆزراوەتەوە.  

ئەو بڵاوبوونەوەیە وایکردووە کۆرۆنا ببێتە ناونیشانی سەرەکی لە ئەمریکاو جیهاندا، بە چەشنیک کە ناونیشانی هەموو باسەکانی تری سڕیوەتەوە، لەوانەش: ڕێککەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان و دەستپێکردنی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و گوشار خستنەسەر ئێران و ڕێکەوتنی ئالوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ چین. 

پەیوەست بە کێبرکێی دیموکراتەکان لەنێوان جۆزیڤ بایدن جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بێرنی ساندرز، کۆرۆنا بووەتە مایەی گۆڕینی پێشکاری دەنگدەران، لەوانەشە ئەمە ببێتە مایەی یەکلاییکردنەوەی کێبرکێکە لە بەرژەوەندیی بایدن بەهۆی متمانەی بەرزیان کە ناوبراو خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندیی سەرکردایەتییەو توانای مامەڵەکردنی هەیە لەگەڵ قەیرانەکاندا، بەتایبەت کە پێشتر پرۆگرامی چارەسەری شێرپەنجەی بەڕێوەبردووە. 

کۆرۆنا، فۆرم و شێوازی کێبرکێی دیموکراتەکانیشی لە ناوخۆدا گۆڕی، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو کەمپەینی بایدن و ساندرز لە ئۆهایۆ، سەرباری ڕێگەنەدان بە جەماوەر بۆ ئامادەبوون لە دیبەیتی رۆژی یەکشەممەی ئەریزۆنا.  

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا گفتوگۆی گەرمی دیموکراتەکان لەسەر کۆنگرەیەکی بارگاوی بوو لە ویلایەتی ویسکینسۆن بۆ کاندیدکردنی کەسێک لەنێوان میانڕەوەکان و چەپڕەوەکاندا تا ببێتە ڕکابەری ترەمپ. کەچی ئەمڕۆ بەهۆی کۆرۆناوە قسەوباس لەسەر ئەوەیە کە کۆنگرەکە هەڵوەشێتەوە لەحاڵێکدا ئەگەر ڤایرۆسەکە بەردەوام بێت لە تەشەنە، بەمەرجێک کێبرکێکە کورت بکرێتەوە لە پشتیوانیکردنی دیموکراتەکان لە جۆ بایدن کە پەیامی گرنگی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا.

سەرهەڵدان و تەشەنەی ڤایرۆسەکە بووە هۆی ئاشکراکردنی کەلێنەکانی کەرتی تەندروستی ئەمریکی، سەرباری ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتوەکان لەڕووی زانستییەوە پێشەنگە. دواکەوتن لە پشکنینی توشبوان و کەم بایەخکردنی زیانەکانی لەلایەن ترەمپەوە، کاردانەوەی پێچەوانەی لێکەوتەوە کە بووە مایەی شکستهێنان لە کۆنترۆڵکردنی و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو ئەمریکییەکاندا. بەهۆی توشبوونی ژمارەیەک هاوڵاتی لە کڵێساو کۆنگرەکاندا، کۆمەڵێک گردبوونەوەی گەورەش هەلوەشێنرانەوە. هەروەها پێنج ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کە چواریان کۆمارین، ناچارکراون کە کەرەنتین بکرێن.    

پەیوەست بە پەیوەندییەکانی دەرەوەش، کۆمەڵێک گەشت و چالاکی لە واشنتۆن هەڵوەشێنراونەتەوە کە تایبەتن بە دۆسیەی سوریا، سەرباری کۆنگرەکان و کەرەنتینی لێپرسراوانی ئەمریکا لەنێویاندا (مارک مادوز) بەرێوەبەری نوێی ستافی کۆشکی سپی. هەموو ئەمانە وایان لە ئیدارەی ئەمریکا کردووە فۆکەسی دارایی و لۆجستی خۆی بخاتە سەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکەو وەلانانی کۆی دۆسیەکانی دەرەوە.

کۆرۆنا شۆکی ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، تەشەنەی ئەم ڤایرۆسە هەموو پێوەرەکانی کێبرکێی بەجۆرێک هەڵگێڕایەوە کە نە ترەمپ و نە بایدن چاوڕوانیان نەدەکرد. دووریش نیە داکشانی ئابووری و ڕەخنەکانی کە ڕووبەڕوی حکومەت دەکرێنەوە –کە کۆرۆنا هۆکاری سەرەکییە- ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕن بۆ بەرژەوەندی دیموکراتەکان لە ‌هەڵبژاردنەکانی ٣ی نۆڤەمبەردا.  

و/ سیڤەر
ژێدەر/ Alhurra


ئه‌م بابه‌ته 125 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر