ئەو پەتایانەی کە مرۆڤایەتییان شەکەت کرد

ساڵی ١٩١٨ ئەنفلۆنزای ئیسپانی، جیهانی گرتەوەو بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی پەنجا ملیۆن کەس.
PM:10:02:06/03/2020
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ساڵانی ١٣٤٨و ١٣٤٩ ئەوروپا، تاعوونی ڕەشی بەخۆوە بینی کە بووە هۆی لەناوچوونی نزیکەی بیست ملیۆن کەس.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
ماڵپەڕی چاوی کورد

بە وتەی (تیدیرۆس گیبریسۆس) بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە قۆناخی یەکلاکەرەوەو ئەگەری ئەوەش هەیە ببێتە پەتایەکی گشتی. لەڕاستیدا ڤایرۆسی کۆرۆنا، تازەترین ئەڵقەی زنجیرەیەک پەتایە کە لەمێژوودا سەرانسەری جیهانیان گرتووەتەوەو بەهۆیانەوە ملیۆنەها کەس گیانیان لەدەست داوە. 
لێرەدا دیارترینی ئەو پەتایانە دەخەینەڕوو کە لە مێژوودا مرۆڤایەتییان شەکەت کردووە:

تاعونی ئەنتۆنی
ساڵی ١٦٥ی میلادی ئەم تاعوونە بڵاوبووەتەوە. بەپێی گێڕانەوەکانی (کاسیۆس دیو) مێژوونووسی ڕۆمانی، بەهۆی ئەم پەتایەوە ڕۆژانە لانیکەم دوو هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە. هەندێک لە توێژینەوە هاوچەرخەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاعوونی ئەنتۆنی پەتای ئاوڵە بووە، لەسەر بنەمای ئەو نیشانانەی کە کاسیۆس دیو باسی کردوون، ئەم نەخۆشییە دیاری کراوە. بەگوێرەی ئینسایکلۆپیدیای مێژووی دێرین پەتاکە تا ساڵی ١٨٠ی میلادی بەردەوام بووەو قوربانییەکی بێشوماری لێکەوتووەتەوە. 

تاعوونی جیستینیان
لەنێوان ساڵانی ٥٤١و ٥٤٢ی میلادیدا، لە سەرانسەری ناوچەی قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی لە ئاسیاو ئەفریقاو ئەوروپا بڵاوەی کردووە. بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، ئەم پەتایە سەرەتا لە میسر سەری هەڵداوەو گوازراوەتەوە بۆ قوستەنتینە. لەو سەردەمەدا ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە پزیشکییەکانی پشتی بە میسر بەستووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ریکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەو پەتایەش هەزاران کەسی کوشتووە.

تاعوونی ڕەش
ساڵانی ١٣٤٨و ١٣٤٩ ئەوروپا، تاعوونی ڕەشی بەخۆوە بینی کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی بیست ملیۆن کەس. توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجام دراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە مرۆڤ هۆکاری سەرهەڵدانی پەتاکە بووە نەک مشک.

تاعوونی گەورەی لەندەن
لەنێوان ساڵانی ١٦٦٥و ١٦٦٦دا لەندەن پایتەختی بەریتانیا پەتای ناسراو بە تاعوونی گەورەی لەندەنی تێدا بڵاوبووەوە کە سەرچاوەکەی هۆڵەندا بوو. بەهۆی پەتاکەوە سەد هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە لەو سەردەمەدا چارەکێکی کۆی داینشتوانی شارەکە بوون. ساڵی ٢٠١١ زاناکان توانییان جیناتی پەتاکە بدۆزنەوە، ئەویش لەڕێی دەرهێنانی چەند بەشیکی وردی (DNA)ی بەکتریاکە لە ددانی هەندێک مردووی چاخەکانی ناوەڕاست لە لەندەن. زاناکان دووپاتیان کردەوە کە ئەو بەکتریایە هۆکاری سەرهەڵدانی تاعوونە تازەکە بووە.

ئاوڵە
ئەم پەتایە ساڵی ١٧٩٣ لە ناوچەی فیلادیلفیای ئەمریکا سەری هەڵدا. بەگوێرەی ماڵپەری (History.com) بەهۆیەوە نزیکەی ٤٥ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

تاعوونی گەورەی شاری مارسیلیا
ساڵی ١٧٢٠ تاعوونێکی کوشندە بە شاری مارسیلیای فەرەنسادا بڵاوبووەوە کە بووە هۆی کوژرانی ١٠٠ هەزار کەس. 

کۆلێرا
ساڵی ١٨٢٠ پەتای کۆلێرا ناوچەکانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیای گرتەوەو بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. پەتاکە لە شاری کالکۆتا-ی هندستانەوە سەری هەڵداو پاشان بە باشووری ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کەنارەکانی دەریای سپیی ناوەڕاستدا بڵاوبووەوە تا گەیشتە چین.

تاعوونی مەنشوریا
لەنێوان ساڵانی ١٩١٠و ١٩١١ لە ناوچەی مەنشوریای چین بڵاوبوەوە. بەگوێرەی ماڵپەری (Disasterhistory.org) بەهۆی ئەو پەتایەوە نزیکەی ٦٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە. 

ئەنفلۆنزای ئیسپانی
ساڵی ١٩١٨ ئەنفلۆنزای ئیسپانی، جیهانی گرتەوەو بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی پەنجا ملیۆن کەس. 
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠١٨ لە (BBC) بڵاوبووەتەوە، ژمارەی قوربانییەکان زۆر بووە، چونکە لەو ساڵەدا تازە ڤایرۆسەکان دۆزرابوونەوە. 
ویندی بارکلای لە زانکۆی ئیمپریال کۆلیژ لە لەندەن دەلێت: "لەو سەردەمەدا پزیشکەکان درکیان بەوە نەدەکرد کە ڤایرۆسەکان هۆکاری پەتاکانن". هەربۆیە ڕێگاکەی بەردەمیشیان هێشتا درێژ بوو بۆ دۆزینەوەی دەرمانی دژە ڤایرۆس و پێکوتە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکان و چارەسەری خێرای توشبووان.

ئەنفلۆنزای ئاسیایی
لەنێوان ساڵانی ١٩٥٧و ١٩٥٨ ئەم پەتایە لە چین سەری هەڵدا، پاشان لە سەنگافورەو هۆنگ کۆنگ و دوای ئەوانیش لە ئەمریکا بڵاوەی کرد. قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.

ئایدز
بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٦دا لە کۆنگۆ سەری هەڵداو پاشان بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، ژمارەی توشبووان گەیشتە ٣٦ ملیۆن کەس. 
ساڵی ٢٠١٤ زاناکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردودا لە شاری کینشاسای پایتەختی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی ئایدز سەری هەڵداوە. ئەوان ڕایانگەیاند: "کۆمەڵێک ڕووداو بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (H1N1)ی ناسراو بە ئایدز، لەوانە: گەشەی دانیشتوان و بازرگانی سێکس و جووڵەی هێڵی ئاسنین".

ئەنفلۆنزای بەراز
ساڵی ٢٠٠٩ پەتای ئەنفلۆنزای بەراز بڵاوبووەوە، سەرەتا لە مەکسیک دۆزرایەوە بەرلەوەی بە جیهاندا بڵاوبێتەوە. بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەنفلۆنزای بەراز لە ترسناکترین ڤایرۆسەکانە کە توانای خێرای خۆگۆڕینی هەیە بۆ هەڵاتن لەو پێکوتەیەی لە جەستەی توشبوو دەدرێت. 
ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕایگەیاند کە بەهۆی پەتاکەوە ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە. 


ئیبۆلا
کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ ئەم پەتایە لە گینیاوە سەری هەڵداو گەیشتە وڵاتانی دراوسێی وەکو لایبیریاو سیرالیۆن. دوای ئەوە ناوی "ڤایرۆسی ئیبۆلای خۆرئاوای ئەفریقا"ی بەسەردا بڕا، کە بەو هۆیەوە هێندەی نەمابوو ئابووری ئەو سێ وڵاتە داڕوخێت. هەر هەمان ساڵ نزیکەی شەش هەزار کەس بەو پەتایە مردن. ساڵی ٢٠١٨ جارێکی دیکە پەتاکە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی گرتەوەو بەهۆیەوە ٢٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا.  

کۆرۆنا
ساڵی ٢٠٢٠ ڤایرۆسی کۆرۆنا بە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەوە کە سەرەتا لە شاری (ووهان)ی چینیەوە سەری هەڵداو تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ژمارەی قوربانیەکانی بەم شێوەیەیە: لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی سەد هەزار کەس تووش بوون. لەوانەش زیاتر لە سێ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوەو زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیش چاک بوونەتەوە. تەنها لە چین ٢٧٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە. لە ئیتالیا زۆرترین ڕێژەی توشبوون لە کیشوەری ئەوروپا تۆمار کراوە. لە ئەمریکا دوو کەس گیانیان لەدەست داوە. 
لە عیراق نزیکەی ١٠ حاڵەتی توشبوون تۆمار کراوە. لە شاری سلێمانی چوار حاڵەت تۆمار کراوە. ڕۆژی سێشەممە ٣ی٣ی٢٠٢٠ مامۆستایەکی ئاینی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد کە بەشێک لە کەناڵەکانی میدیا بڵاویان کردەوە گوایە ئەو کەسە توشبووی کۆرۆنا بووەو بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

ئا/ سیڤەر


ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر